درۆی کۆرۆنا یان درۆی دەسەڵات
وتار/
09/06/2020
747 جار بینراوە
جەبار ئەحمەد
درۆی کۆرۆنا یان درۆی دەسەڵات
جەبار ئەحمەد
هەرگیز بڕوام بە پەرۆشبوونی دەسەڵات نییە بۆ خەڵکی کوردستان، ئەسڵەن هاوڵاتیان بەلای دەسەڵاتەوە وەکو مەڕ و مێگەلن، هەرکات بەرپرسان پێویستیان بەخەڵک هەبوو ئەوا ڕێگەلەمردنیان دەگرن و هەوڵی زیندوو مانەوەیان دەدەن، ئەمەش نەک لەبەر پێویستی خەڵک بەژیان، بەڵکو لەبەر پێویستی دەسەڵات بە زیندوو مانەوەی ئەو خەڵکە، هاوشێوەی شوانێک چۆن پارێزگاری لە زیندوومانەوەی مەڕەکانی دەکات بەڵام هەرکات حەزیکرد ئەوا دەیانکاتە قوربانی، واتا کردنە قوربانی مەڕەکان تەنها لەپێناو تێرکردنی حەزی شوانەکەیە، ئەوا دەسەڵاتیش هەمان بەها بەخەڵک دەدات، هەربۆخۆشی دەسەڵاتداران خۆیان، لەپێناو کەمترین دەستکەوتدا دەیان و سەدان جار بینومانە کە خەڵکی هەژار و هاوڵاتیانیان کردووەتە قوربانی، زۆر خوێنساردانە هەزاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتەیان کوشتووە و بەکوشتداوە.
لەم دۆخی کۆرۆنایەش دا، دەسەڵات ئەوەندەی حوکمێکی پۆلیسیانەی کردووه، هەرگیز ئەوەندە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی نەحۆشیەکە نەبووە، ئەوەندەی هەوڵیداوە دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی خۆی بسەپێنێت ئەوەندە لەخەمی تەندروستی خەڵکدانەبووە، ئەوەندەی ویستویەتی جێ پێی خۆی قایمبکات ئەوەندە هەوڵی پاراستنی ژیانی خەڵکی نەداوە، ئەسڵەن زیندووبوونی خەڵک بۆ دەسەڵات بەهای یەک دۆلار، بەهای یەک بەرمیلە نەوت، بەهای خوێنی جەندرمه و پاسدار، بەهای ڕەزمەندی ئاغای ئەردۆگان و مەلا خامەنەیی نییە.
من پابەند نابم کاتێک دەزانم دەسەڵات درۆدەکات و لەغەمی ژیانی مندا نییە، موچەی خەڵک دەدزێت، موچەی ئەو پزیشکەی دزیوه کە ئەرکی پاراستنی منی لەئەستۆگرتووە. مادام پزیشکان بۆ موچە ماندەگرن و دەسەڵات موچەکانیان ناداتێ، کەواتە دەسەڵات درۆدەکات و پەرۆشی من نییە، مادام ئامێرە پزیشکیەکانی وەک هەناسەدانی دەستکرد ناکڕێت و لەبەرامبەردا پارە بەسەر سۆزانی و کادیری درۆزن و سەماکار و بەندبێژ و...هتد دا دابەش دەکات، کەواتە دەسەڵات درۆزنه و لەغەمی تەندروستی مندا نییە. مادام بەرپرسان زۆر نائینسانانە ئەو ئامێرە پزیشکیە کەمەی هەیە دەدزن و دەیانبەنە ماڵەکانی خۆیان، ئەوا دەسەڵات درۆ دەکات و منی هاوڵاتی بەهای مریشکێکم نییە لای ئەو.
هەموومان شاهێدی مەرگی سەدان هاوڵاتی بەگشتی و مناڵی پەپولەئاسا بەتایبەتی بووین کە لە ڕێگای ڕۆیشتن ڕووەو ئەوروپا و هەڵاتن لەستەمی دەسەڵاتی کوردی دەمردن و هەموو جیهان بۆیان دەگریا، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان بەجۆرێک نوقمی سەفا و ڕابواردن بوون هیچ سۆزێکیان بۆیان نەبوو، تەنانەت مردنی مناڵان لە ئاوی ئیجەدا ئەوەندەی مردنی سەگە ئەوروپیەکەی مناڵەکەیان غەمباری نەدەکردن، کەواتە دەسەڵات درۆدەکات و لەغەمی ژیانی خەڵک نییە.
لەپێناو بەرژەوەندی خێڵەکیانەی خۆیان ڕیفراندۆمیان کرد و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیان کردە قوربانی و تەواوی ووڵات و هاوڵاتیانیان خسته دۆخی برسیەتی و ڕیسوایی و پاشانیش خۆیان چوونەوە بەغداد و لەبەردەم حەشد و عەرەبی ئیحتلال دا(ئیحتیلال بەقولی خۆیان) چەمانەوە و شانیانی ماچکردن و سوێندی پاراستنی یەکپارچەیی عیراقیان ووتەوە، بۆیە من متمانەم بەدەسەڵات نییە.
ئێستاش ئەگەر بەرپرسان بزانن ئەم پەتا و ڤایرۆسە خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان ناخاتە مەترسیەوە، ئەوا دڵنیام سەرشەقامەکان پڕببن لە تەرمی خەڵک، ئەوان باکیان نابێت و نییە.
نوێترین نوسینەکانی جەبار ئەحمەد
-
جەبار ئەحمەد
11/03/2021
-
جەبار ئەحمەد
21/07/2020
-
جەبار ئەحمەد
30/06/2020
-
جەبار ئەحمەد
24/06/2020
-
جەبار ئەحمەد
18/06/2020
-
جەبار ئەحمەد
15/06/2020