ئەو هەنگاوانەی دەسەڵات دەیگرێتەبەر بەرامبەر جەماوەر لەبەرژەوەندی خۆیەتی!.

وتار/ 02/06/2020 592 جار بینراوە

د. ادریس كاریتانی

(نامەیەكی كراوەی ئامۆژگاری بۆ دەسەڵات)
ئەو هەنگاوانەی دەسەڵات دەیگرێتەبەر بەرامبەر جەماوەر لەبەرژەوەندی خۆیەتی!.

د. ادریس كاریتانی
شۆڕشی ڕزگاریخوازی كورد نزیكەی سەدەیەكە قوربانی دەدات، بۆ گەیشتن بەمافی ڕەوای خۆی وەك گەلانی ناوچەكە، شۆڕش و ململانێ و شاخ و دەشت و دەری بینیوەو هەزاران ڕۆلەی ئەم گەلەی كردووەتە قوربانی، لەكۆتاییدا ئەم حكومەتی هەرێمی لێهاتووەتە بەرهەم، ئێستاش ئەم دەسەڵاتە بەدەستی خۆی دەیەوێ‌ ئەوەی كۆی كردووەتەوە لەنزیك بەسەدەیەك لەناوی ببات، مێژووێكی رەشیش بۆ خۆی تۆمار بكات، زۆر بەداخەوە دەسەڵات ئەوەی دەیكات لەبەرژەوەندی خۆیشی نیە، چۆن؟:

1- خۆ ئەگەر دەسەڵات ئاوڕ لەمێژووی سەرەتای ڕاپەڕین بداتەوە، جەماوەر %100  لەپشتی بوو- ئیستا بەدڵنیاییەوە % 20 بەحەقیقی لەگەڵی دا نیە.
2- دلسۆزی و ئینتیما بۆ نیشتیمان لە لوتكە بوو- ئێستا ئینتیمای نیشتیمانی زۆر لاوازە.
3- خەڵك ئەوانی بە تاكە سەركردە دەزانی - ئێستا ڕۆژانە داوای لادانیان دەكەن.
4- متمانەی تەواو لە نێوان سەركردەكان و خەڵك هەبوو– ئێستا هیچ متمانەیەك نەماوە.
5- خەڵك بڕوای بەقەزیەی كوردی هەبوو–ئێستا ئەم بابەتە كاڵ بۆتەوە.
6- هەر كات ترسێك لەسەر هەرێم هەبوایە خەڵك ئامادەبوو خۆی فیدا كات – ئێستا كەم ئامادەیە.
7-  میللەتی كورد یەك پارچە بوو – ئێستا پارچە پارچەیە.
8- ناوبانگی كورد لەهەموو جیهان بەرزو بڵند بو– ئێستا شەرمە باسی خۆمان بكەین.
9- دەوڵەتی عێراق بەكورد نەبایە پێك نەدەهات و دەستوری بۆ نەدەنوسرا – ئێستا رۆژ بەرۆژ پێگەی لەعێراق و دەستور لاواز دەبێ‌.
10- ناوچە دابڕێندراوەكان هەوڵی گەڕانەوەیان دەدا بۆ سەر هەرێم – ئێستا خەڵك بۆ خۆی قەبوڵی نیە بێتەوە سەر هەرێم.
11- ڕاستی و وەفاو ئازایەتی نیشانەو سیفەتی تاكی كورد بوون – ئێستا گەندەڵی و ناڕاستی بڵاو بۆتەوە.
12- چاران بەرەی كوردستانی هەموو حیزبە سیاسیەكانی لەخۆ كۆكردبۆوە، یەك ڕیزی سیاسی هەبوو– ئێستا هیچ یەك ڕیزیەك نەماوە، تەنها ئەگەر پارەو پەرژەوەندی كەسی و حیزبی كۆیان بكاتەوە.
13- حكومەتی هەرێم خاوەنی ژێرخانێك بوو – ئێستا هەمووی بۆتە موڵكی كەسی و حیزبی.
14- حكومەتی هەرێم یەك بریارو یەك دەسەڵات بوو – ئێستا بە ڕۆژی روناك بۆتە دوو زۆن، بڕیار لەلایەك پەیڕەو دەكرێ‌، لەوی تر پەیڕەو ناكرێ‌.

ئامۆژگاریم بۆ دەسەڵات:

گومانم هەیە كەدەسەڵات گوێ‌ بگرێ‌ت، بەڵام وەك بەرپرسیاریەتیەك، هەروەها وەك دلسۆزێك بۆ میللەتەکەم دەڵێم ئامۆژگاریم بۆ تۆ دەسەڵات:

1- چارەنوسی هەموو ئەو دەسەڵاتدارانەی گەلیان لەگەڵ بێ‌ درێژە دەكێشێ‌، بەبێ‌ خەڵك و جەماوەری خۆت دڵنیابە تەمەنت زۆر كورت دەبێ‌.
2- میللەتی كورد خاوەنی لێبوردەییە و عاتیفەی بەهێزە، بەئاسانی لەگەڵت ئاشت دەبێتەوە، هیچی خۆتی مەدێ‌، تەنها مافەكەی خۆی بۆ بگێڕەوە.
3- حاكمەكانی عەرەب زۆربەیان گەندەڵن، بەڵام بەشی خەڵكی خۆیانیش دەدەن، ئەوەتا كوێت و قەتەرو تۆش ئەم هاوسەنگیە ڕابگرە.
4- ئاشتەواییەكی گشتی ڕِابگەینە هەر ئێستا، گەل هەمو رابردوت لەبیر دەكات و بۆت دەسڕێتەوە.
5- دور كەوە لەهەڕەشە لەگەلی خۆت، چونكە رۆژانە هەرەشەی توند دەكەی، هیچ دەسەڵاتێك نەیتوانیوە بەسەر كوتكردنی گەلەكەی خۆی سەركەوتوو بێ‌، لەكۆتاییدا هەر گەل سەر كەوتو بووە.
6- بانگەوازێك بۆ عاقلمەندان و خاوەن پسپورەكان ڕابگەیەنە، بەسەدان خەڵكی دلسۆز بەبێ‌ بەرژەوەندی لێت كۆدەبێتەوە، بۆ دەرباز بون لەقەیرانەكان و دانانی نەخشەی داهاتوو.
7- گەندەڵ و ماستاو چی و پەرژەوەند خوازەكان لەخۆت دورخەوە، پلانێكی دڵسۆزانە بۆ داهاتو دابنێ، چۆنكە بەرژەوەندی خواز تەنها خۆی دەیەوێ‌ ڕاستیت لێ‌ دەشارێتەوە.
8- حكومەتێكی شەفاف دروست بكە باخەڵك بزانێ‌ چ باسە.
9- بڕیارێكی ڕاستەقینە بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی دەركە، چونكە مۆرانەو ڤایرۆسی ئەم حكومەتە گەندەڵكارانن.
10- بزانە خەڵكانێك كەرەخنەت لێ‌ دەگرن دڵسۆزن بۆت، ئەوانەی هەر بەهەڵەكانت دا هەڵدەڵێن ئەوانە دڵسۆزی تۆ نین ، بەرژەوەندی خوازی خۆیانن، خۆ چارەنوسی تەواوی دەسەڵاتدارەكانی دەورو بەرتان لێ دیارە دڵسۆز نەبوون تاچارەنوسیان كۆتایی بوو.

دلسۆز بۆ خاك و گەل و نیشتیمان

نوێترین نوسینەکانی د. ادریس كاریتانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌