كێشەكانمان لە گەڵ بەغداد لە سەر پرسی نەتەوەین یان پارە و پۆست

وتار/ 20/11/2016 566 جار بینراوە

جزا احمد فارس

كێشەكانمان لە گەڵ بەغداد لە سەر پرسی نەتەوەین یان پارە و پۆست
جەزا ئەحمەد فارس
ئەم قەیرانەی كە ڕوو بەڕووی هەرێمی كوردستان كرایەوە  زۆر شتی بۆ ڕونكردینەوە یەكێك لەو بابەتانە بریتی بوو لە كێشەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ.
 سەركردە سیاسیەكانمان ئێمەیان بەوە هەڵدەخەڵەتاند كە كێشەی كورد لە گەڵ بەغداد لە سەر پرسە نەتەوەییەكانە و ئەوان تا دوا هەناس دەجەنگن لە پێناو ناوچە جێناكۆكەكان و بە دیهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد.
بە تێپەڕبوونی كات دەستی سەركردەسیاسیەكانمان كەشف بوو كە ئەوان بۆ پارە و پۆست لەوێن مەبەستیانە كە پرسە نەتەوەییەكان تەنها وەك كاڵایەك و بیفرۆشنەوە  بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان.
  بۆیە لە  (2003 ) ەوە تەنانەت یەك ناوچەی جێناكۆكیش نەتوانراوە بگەڕێنرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و یەك پرسی نەتەوەیش نەتوانراوە بەرەو پێشەوە ببرێت.
سەركردە سیاسیەكانمان لە بەغداد نمونەیەكی ناشیرینیان پێشكەش كرد چونكە ئەوان ئەوەندەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و بنەماڵەكەیان ،یان حیزبەكەیان لەوێ‌ بوون نیو هیندە بۆ خەمی هاوڵاتیان نەچوبوونە بەغداد.
لەپاڵ ئەوەی دەسەڵاتداری كورد لە بەغداد خەریكی پارە كۆكردنەوە و بەدەست هێنانی پۆست بوون لە ناو خۆشیاندا هەمیشە لە ململانێیە كی سەختدا بوون بۆ ئەوەی زۆر ترین پارە و پۆست بەدەست بیەنن بۆیە نەتوانرا ئامانجی نەتەوەی بەدەست بیەنرێت لە بەغداد.
ئە گەر سەركردەكانی كورد  بە عەقڵیەتێكی واقعی و دور لە خۆپەرستی خۆیان و حیزبەكانیان بچونایەتە بەغداد ئەوە بێگومان پێگەی هەرێمی كوردستانیانی بە هێز دەكرد و دەیان توانی سود لە وداهاتە زۆرەی عێراق  وەربگرن بۆئەوەی كە ئابورییە كی بەهێز درست بكەن بۆ هەرێمی كوردستان.
بەڵام بەداخەوە سەركردە سیاسیەكانی كورد لە سەرەتای چونە بەغدادیانەوە لە پاڵ ئەوەی كە داهاتوو پۆستی گرنگیشیان بە دەست هێنا نەیاتوانی پرسی نەتەوەی كورد بەرەو پێشەوە بەرن لە بەر ئەوەی خەرقی گەندەڵیەكی گەورە بوو بوون.
كاتێك كە بوین بە بەشێك لە عێراقی فیدراڵ زۆر پۆستی گرنگ و پارەمان بە دەستهێنا بەڵام لە بەر ئەوەی نەمانتوانی بە شێوەیەكی عاقڵانە مامەڵە بكەین پێیانەوە ئەو پۆست وپارانە بونە مایەی ماڵوێرانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.
سەركردایەتی سیاسی كورد لەپاڵ ئەوەی بۆ پۆست و پارە چونە بەغداد خەڵكیان كردە قوربانی چونكە بە بەردەوامی كاریان لە سەر چەواشەكاری خەڵكی هەرێمی كوردستان كردووە كە ئەوان بۆ دەست كەوتی نەتەوەی چونەتە ئەوێ‌ .
كاتێك عەرەبەكان بە سونەو شیعەوە تێگەشتن كە سەركردایەتی سیاسی كورد سەركدەیەكی خۆپەرستی گەندەڵن كەوتنە پەراوێز خستنی هەریمی كوردستان ، بەمەش پێگەمان لاواز بوو و ئەو سەنگ و قورسایەی كە هەمان بوو لەدەستماندا.
ئەوە پیاوە سیاسیەنەی كە لەدوای  رووخانی حكومەتی بەعسی عێراقیەوە چونە بەغداد وەك نمایندەی كورد نەیان توانی سیاسەتێكی دروست بكەن بە ئاڕاستەی خزمەت كردنبێت بە پرسە نەتەوەییەكان بەتایبەتی لە بەدێهێنانی خەونی گەڕانەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

 بۆیە  خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكانیش كرانە قوریانی بەرژەوەندیەكانی گروپێكی بچوك لەسەركردەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار كە زۆر نەهامەتیان توشكردین.
لەكۆتایدا دەگەینە ئەوڕاستیەی كاتێك كێشەمان لە گەڵ بەغداد بووە ئەوە كێشەكانمان لە سەر پۆست و پارە بووە نەوەك لە سەر پرسی نەتەوەی ، هەمیشە پرسە نەتەوەییەكان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكار هێنراون لەلایەن سەركردە سیاسیەكانمانەوە.

نوێترین نوسینەکانی جزا احمد فارس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌