دەربارەی ئەم ساتەوەختەی کوردستان
وتار/
24/05/2020
658 جار بینراوە
جەبار ئەحمەد
دەربارەی ئەم ساتەوەختەی کوردستان
جبار احمد
لەوانەیە ئیتر گۆڕان لەحکومەت بکشێتەوە، یاخود بەشێک لەکادیرانیان هەڵوێست وەربگرن، بەڵام چیتر گۆڕان ئەو فیگەرە نییە کە هیوای لەسەر هەڵبچندرێت و ئەو ڕۆڵ و پێگە و کاریگەرییەشی نەماوە هەم لای پارتی هەمیش لەناو خەڵکدا، بەڵام ئەرکەکە لەئەستۆی یەکێتیە، یەکێتی دوای گۆڕانکاری لەئەدا و سیاسەت و هەڵوێستیدا هەم لەمەڕ پرسە کوردستانیەکان هەمیش لەهەمبەر دۆزە جیاوازەکان ناو عیراق، ئێستا چاوی گۆڕانکاریەکان و خواستی ناڕەزایەتیەکانی بەرەو خۆی کێشکردووە، بۆیە لەئێستادا یەکێتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگدایە، لانیکەم هاوسەرۆکان لەبەردەم دووڕیانی پشتیوانی خەڵک و پشتیوانی وەکخۆمانەوەی دەسەڵاتی باڵای پارتی لەناو حکومەتدان، پێویسته بەئاڕاستەی لایەنێکیاندا ساغ ببنەوە.
ئەو دۆخەی ینک دەخاتە بەردەم پێویستی بڕیاردان تەنها فەشەلی دارایی و سیاسی حکومەت نییە، بەڵکو پێویستی گۆڕانی ئەم مۆدێلەی حکومەتداری و جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد و فۆڕمی کیانی هەرێم و ئەجێندا و فەلسەفەکەشیەتی. وێڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم لەڕووی ئابوری و داراییەوە شکستی هێناوە بە ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ و هەرزان فرۆشکردنی نەوت کە تەنیا چەند کۆمپانیایەک و چەند کەسایەتییەک سودمەند بوون و تەواوی تاکەکانی تری کۆمەڵگا باجی گەورەیاندا، هەروەها هاوڵاتیانی خستە ژێر باری قەرزێکی گەورەوە کە تا نەوەکانی داهاتووشمان توشی نەهامەتی دەکات، بەجۆرێک زۆری و گەورەیی قەرزەکە لەتوانای کەم دەوڵەتیشدا هەیە بیداتەوە.
لەڕووی سیاسیشەوە کوردستان و حکومڕانیەکەی تەواو خزێندراوەتە خزمەتی ماڵباتی بارزانیەوە و ئەوانیش وەکو ئامرازی خزمەتی خۆیان لەلایەک و ئامرازی ململانێکانی ناو عەشیرەتەکەی خۆیان لەلایەکی تر، بەکاری دەهێنن، هەروەها هەر ڕۆژە و بەجۆرێک بۆ دۆستایەتی یان دوژمنایەتی کەس و هێزە عیراقیەکان بەپێی پێویستی داخوازیەکانی ماڵبات، بەکاری دەهێنن، بەجۆرێک نازانین کام کەس و هێزی عیراقی دۆستە و کام کەس و هێزی عیراقی دوژمنە.
بێجگە لە فەشەلی ئیداری و دارای و سیاسییانەی حکومەتی هەرێم، هاوکات هەم فۆڕمی کیانەکە و هەم دیدگا قومییەکانی کەلەسەری بنیاتنراوە پێویستی بە گۆڕین و پێداچونەوە هەیە، چیتر بوونی قەوارەیەکی بەوچەشنەی ئێستا پێویست و جێبایەخی خەڵک نییە، خواستی خەڵک بەرەو دروستکردنی کیانی بچوکە کە نەتوانێت ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک قوتبدات و نەتوانن داوا و داخوازیەکانیان بگەیەننەجێی خۆی، بەڵکو دروستکردنی کیانی بچوک، یاخود ئیدارەی بچوک، گرنگ نییە ئەو کیانە بچوکانە لەژێرناوی هەرێمی فیدرالی دابن یاخود لامەرکەزی ئیداری، بەڵام ئەوەی گرنگە هیچ هەرێمێک لەوەی تر باڵاترنەبێت و کۆنترۆڵی دەسەڵاتەکان نەکات. هەروەها پێویستە ئەو یەکە و ئیدارانە لەسەربنەمای جیۆگرافی بن نەوەک نەتەوە و تائیفە و هەرشتێکی تر.
خاڵێکی تری گرنگ و جێباسی ئەم دۆخ و قۆناغەی ئێستا بریتییە لەڕزگارکردنی ئابوری ووڵات لەدەست کۆمپانیا حیزبییەکان و ڕێگەگرتن لەو کۆمپانیایانە کە چیتر ئابوری ئەم ووڵاتە هەڵلوشن، واتا دروستکردنی ئەو یەکە ئیداریە بچوکانە، بەمانای ڕادەستکردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە و بژێوی و چارەنوسیان نەبێت بە کۆمپانیا حیزبییەکان، بەڵکو تەواو دەستی ئەو کۆمپانیایانە کورت بکرێنەوە و ئیدارەی ئەو هەرێمانە بەشێوەیەکی یاسایی و دەستوری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێت.
نوێترین نوسینەکانی جەبار ئەحمەد
-
جەبار ئەحمەد
11/03/2021
-
جەبار ئەحمەد
21/07/2020
-
جەبار ئەحمەد
30/06/2020
-
جەبار ئەحمەد
24/06/2020
-
جەبار ئەحمەد
18/06/2020
-
جەبار ئەحمەد
15/06/2020