قەیران و دەستلەكاركێشانەوە

وتار/ 14/05/2020 708 جار بینراوە

عەبدولحەكیم زراری

قەیران و دەستلەكاركێشانەوە

عەبدولحەكیم زراری
بە داخەوە دوای هەر داڕمان و ئاریشە و قەیرانگەلێكی تاقەتپڕوكێنەر كە لەلایەك دەبێتە مەترسی و هەڕەشەیەكی جیددی  لەسەر ئایندەی وڵات و لاوازبوونی قەوارەكەی  و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆ و پێشێڵكردنی سەروەرییەكەی لەلایەن وڵاتانەوە،و لەلایەكی تریش كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵات و كاربەدەستانییەوە بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنی  سیستمی حوكمڕانی و وەڵام نەدانەوە بە ماف وخواست و ویستەكانیان كە دواجار سەردەكێشێت بۆ لاوازی ئینتیما و خۆشنەویستنی نیشتیمان، جا سەرەتای دەرچەی دەربازبوون لەم قەیرانانە و گەڕانەوەی ئاسۆی ئومێد لەلای خەڵكی، دەستەلەكاركێشانەوەی كەسانی بەرپرسە لە هەر ئاست و پلەیەكی وەزیفی بێت كە بوونەتە مایەی خوڵقاندنی قەیرانەكان و دەستەپاچەییان لە ئاست دۆزینەوەی چارەسەری ریشەییان.
كەواتە ئەو بەرپرس و حوكمڕانانەی ناتوانن ئەدای بەرپرسیاریەتییەكانیان بەشێوەیەكی رێك مومارەسە بكەن و حكومەتیكی رەشید و تەندروست دامەزرێنن كە پایەكانی لە نێو هێنانەدی بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتییان و خۆشگوزەرانییان داكوترابێ، كە بریتین لە دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووری بەهێز و پتەو و بەڕێوەچوونی دامودەزگاكانی دەوڵەت لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و پیشەیی بوون و سەروەربوونی یاسا و یەكلایی كردنەوەی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، باشترین چارەسەر بۆ ئەمانە و رووسوور مانەوەیان بەرامبەر گەل و نیشتیمان، وازهێنانیانە لەو پۆستەی پێیان دراوە و دەستلەكێشانەوەیەتی لە هەر بەرپرسیارییەتیەك كە سەرچاوەی سەرهەڵدانی قەیرانەكان و ئیفلیج بوونی دامەزراوەكانە.
لە بەرەنجامی هەڵتروكانی گەرای قەیرانە یەك لە دوای یەكەكان و هێشتنەوەیان بە بێ چارەسەر و شكستهێنان  لە بەرامبەر گەشەكردن و گەورەبوونیان، دەتوانین باشترین ناونیشانێك كە بدەین بەم قۆناغەی ئێستای كە هەرێمی كوردستانی پێیدا دەگوزەرێ  بریتییە لە قۆناغی هەراش بوون و گەورەبوونی  قەیرانەكان، بەداخەوە لەم هەرێمەی خۆمان و لەسایەی حكومڕانییەتی  بیست و نۆ  ساڵەی دەسەڵاتی كوردی و لە بەرامبەر ئەو هەموو وادە و بەڵێنانەی دراون  و ئەو دروشمە زەقانەی لە بۆنە جیاوزەكاندا بەرزكراونەتەوە كە تەنها ناوی بە تاڵ لە ناوەڕۆك بوون و گاڵتەكردن بووە بە عەقڵی خەڵك و هیچی ئەوتۆی لەسەر ئەرزی واقیعدا لێ سەوز نەبووە كە هاونیشتمانییان دڵیان پێ خۆش بێ و لەبەری بحەسێنەوە، بەداخەوە لەنێو جەرگەی هەموو ئەو رووداوە ورد و درشتانەی كە ئاوساون بە قەیران و كێشە و گرفتی سیاسی و ئابووری كە بە بێ چاكسازی كردن و چارەسەركردن ماونەتەوە و هیچی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و مووچەخۆران دانییە، كەچی ئەوەی كە روونادا و غائیبە و دواجار لەبەرژەوەندی هاوڵاتییانە، بریتییە لە دەستلەكاركێشانەوە وەكو دیاردە و مۆدیلێكی سیاسی تەندروست لە كاتی قەیران و شكستەكاندا، دیارە لاوازی یان نەبوونی كەلتووری دەستلەكاركێشانەوە تا ئاستی گاڵتە پێهاتن لەلایەن كاربەدەستەكانەوە ئەوانەی رێشمەی  گەورە و بچووكی جومگەكانی حكومڕانی ئەم هەرێمەیان بەدەستەوەیە لە هەموو ئاستەكانی ئیدارەداندا هەر لە بەڕێوەبەری ناحییەكەوە بگرە تا دەگاتە بەرزترین پلەی هەڕەمی ئیداری، هەروەها نەبوونی پێشینەی دەستلەكاركێشانەوە لە مێژووی حكومڕانی هەرێمدا لە ناو نوخبەی حوكمڕانان بەرامبەر كەمتەرخەمییەكان و چاوپۆشی لێكردنیان، وای كردووە هەستی لێپرسراوەتی و خەمخۆریان و خۆنەویستیان لەلا كاڵ ببێتەوە و ترسی ئەوەیان نەبێت كە رۆژێك رووبەرووی دادگا و لێپرسینەوە دەبنەوە، ئەمەش بێگومان زیاتر خستووینیەتە نێو قوڕ و لیتاوی گەندەڵی و پیسخۆری و دەربەستی هیچ لێپرسینەوە و سزادانێك نەبن و بەردەوام بن لە كارە بەد و بەرژەوەندخوازییە تایبەتییەكانیان و زیاتر و باشتر لە هەوڵی توندتركردنەوەی تۆڕی بەیەكەوەبەستنی گەندەڵییەكانیان بن و  سامان و دەسەڵاتیش بۆ قازانجی كەسی خۆیان بەكاربهێنن. 

نوێترین نوسینەکانی عەبدولحەكیم زراری

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌