دیسانه‌وه‌ بێ منه‌تیی له‌ جه‌ماوه‌ر !!

وتار/ 18/11/2016 560 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

دیسانه‌وه‌ بێ منه‌تیی له‌ جه‌ماوه‌ر !!
شوان هه‌ورامی
به‌ڵێنه‌كانی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ژماره‌ نایه‌ن ، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی نه‌وت و غاز و به‌ سه‌ربه‌خۆیی فرۆشتنیه‌وه‌ ، كه‌ به‌پێی به‌ڵێنه‌كانیان ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌ك داهاتی هه‌رێم زۆر زیاتر ده‌كات له‌ بڕی " 17% "ی بودجه‌ی ناوه‌ندیی ، به‌ڵكو ده‌بێته‌ بناغه‌یه‌كی به‌هێزیش بۆ بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی . به‌ڵام كورته‌ی ئه‌نجامی به‌ڵێنه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیی كه‌ هه‌موانی به‌شدار ده‌كرد له‌ داهاتی نه‌وتی هه‌رێمدا و ئه‌وه‌ش كه‌ وه‌زیری سامانه‌ سرووشتیه‌كانی رایده‌گه‌یاند تازه‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ قۆناغێك هه‌ڵه‌یه‌ بگه‌رێینه‌وه‌ به‌غداو له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا به‌رهه‌م هێنانی هه‌رێم له‌ سنووری یه‌ك ملیۆن به‌رمیل تێده‌په‌ڕێت ، كه‌چی دوای ئه‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆیان به‌رنامه‌كه‌یان جێبه‌جێ كرد ، ئاشتی هه‌ورامیی رایده‌گه‌یه‌نێت : قه‌یرانی ئابووریی كوردســــتان به‌ فرۆشتنی نه‌وت و غاز چاره‌سه‌ر ناكرێت ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رمیلی نه‌وت بگاته‌ ســــه‌د دۆلاریش !!
به‌ پێی ده‌ستووری فیدراڵیی عێراق ، هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌یه‌كی سیاسییه‌ له‌ عێراق ، پێنج وه‌زاره‌ت له‌ وڵاتدا ناوه‌ندین ، كه‌ بریتین له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی : دارایی ، ده‌ره‌وه‌ ، به‌رگریی ، ناوخۆ و پلان دانان . واته‌ به‌ پێی ده‌ستووری عێراقیی هه‌موو داهاته‌كان ( نه‌وت و غاز و گومرگه‌كان و داهاته‌ ناوخۆییه‌كان ) ناوه‌ندین و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوه‌ند و به‌ پێی یاسای بودجه‌ی ساڵانه‌ به‌شی هه‌رێم دیاریی ده‌كرێت و جێبه‌جێ ده‌كرێت ، ته‌نانه‌ت دامه‌زراندنی وه‌زاره‌تی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نایاساییه‌ ، ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌ سیاسیانه‌ش كه‌ حیزبین و به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ وڵاتانی جیهاندا كراونه‌ته‌وه‌ ، به‌ پێی هه‌مان ده‌ستوور نایاسایین ، نابێ هاوشێوه‌ی ئه‌و پێنج وه‌زاره‌ته‌ له‌ هه‌رێمدا هه‌بن . ئه‌مه‌ قسه‌ی شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواری یاساو ده‌ستووره‌ و هه‌رێمی كوردستانیش به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت ، ته‌نانه‌ت كه‌ هه‌رێم به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند – كه‌ زیاتر له‌ 11 هه‌زار شه‌هید و برینداری له‌ شه‌ڕی داعشدا پێشكه‌ش كردووه‌ - تا ئێستا له‌ كۆنگره‌ جیهانیه‌كانی شه‌ڕی دژه‌ تیرۆردا به‌شداریی پێناكرێت ، چونكه‌ به‌ پێی لێدوانی "جۆش ئارنست"ی وته‌بێژی كۆشكی سپی : " هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عێراق و نوێنه‌ری عێراق نوێنه‌ری هه‌رێمیشه‌ " !!
جا له‌ كاتێكدا فرۆشتنی نه‌وت فه‌شه‌لی هێناوه‌ ، ئه‌وه‌ش لێدوانی وه‌زیره‌ داناكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ كه‌ هیچ رێگه‌یه‌ك شك نابات بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م قه‌یرانه‌ ، مه‌سعود بارزانیی بۆ وه‌ڵامی خۆپیشاندانی فه‌رمانبه‌ران و هه‌وڵه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره بێ منه‌تانه‌ ده‌ڵێت با بچن هه‌ڵپه‌ڕن ، سه‌رۆكی حكومه‌تیش ده‌ڵێت " چیی ده‌كه‌ن با بیكه‌ن " . ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕی بێڕێزییه‌ به‌ مافی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كه‌ نه‌ مافیان بۆ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ و نه‌ ئاسۆیه‌كی روونیش بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافیان ده‌بینرێت .
له‌ وه‌ها حاڵه‌تێكدا په‌رله‌مانتارانی كوردی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غدا ، ده‌یانه‌وێت له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا رێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ مافی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بدۆزنه‌وه‌ ، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایه‌ ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ، به‌ڵگه‌شیان ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم یه‌كه‌یه‌كی سیاسییه‌ به‌ پێی ده‌ستوور و نابێ پارێزگاكانی جیا بكرێته‌وه‌ ، به‌ڵام ئایا تا ئێستاش هه‌رێم بۆ خۆی دوو زۆنی زه‌رد و سه‌وز نیه‌ ؟ منداڵێكیش هه‌ست به‌و پارچه‌ پارچه‌ییه‌ ناكات ؟ جگه‌ له‌وه‌ش كام یاسا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا رێزو حورمه‌تی ماوه‌ ؟ ئایا به‌ بڕیاری مه‌كته‌بی سیاســــیی پارتی به‌رزترین ده‌زگای یاســــــادانانی كوردســــتان ( په‌رله‌مان ) دانه‌خراوه‌ ؟ هه‌ر به‌ هه‌مان فه‌رمانی سیاســیی چوار وه‌زیر له‌ حكومه‌ت ده‌رنه‌كراون ؟ ئایا له‌ هه‌موو راپۆرته‌كانی هیومان رایتس ۆچ و مافی مرۆڤدا به‌رده‌وام هه‌رێم له‌ لیســـتی ره‌شدا ناوی تۆمار نه‌كراوه‌ ؟ له‌ هه‌رێمدا یاساكانی حیزبی خاوه‌ن چه‌ك جێگه‌ی یاساكانی په‌رله‌مانی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌ ، كه‌ ته‌نانه‌ت یاساكانییش له‌ ژێر هه‌ژموونی خۆیاندا ده‌رنه‌كراون ؟!
به‌ر له‌ بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم شاندێكی حیزبه‌ كوردستانیه‌كان چوونه‌ به‌غدا ، كه‌ فازل میرانی و مه‌لا به‌ختیار سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كرد ، چونكه‌ كورد بۆ سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ش كۆك نه‌بوون ، كاتێ باسی ماده‌ی 140 و گوشاره‌كانی به‌غدایان كرد بوو له‌سه‌ر داهاتی هه‌رێم ، نووری مالیكی وتبووی : فه‌رموون با بچینه‌ لای مام جه‌لال ، من به‌پێی یاسا بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراوم بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و ماده‌یه‌ ته‌رخان كردووه‌ ، به‌ڵام مام جه‌لال ده‌ڵێت " له‌به‌ر تێكنه‌چوونی بارودۆخی عێراق با جێبه‌جێ كردنی دواكه‌وێت " ، ئه‌وه‌ كێشه‌ی خۆتانه‌ نه‌ك من ، له‌باره‌ی داهاتیشه‌وه‌ وتبووی : به‌پێی ده‌ستوور هه‌موو داهاته‌كان ناوه‌ندین ، به‌ڵام له‌ 2003 وه‌ تا 2013 – كه‌ مێژووی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووه‌ - ئێوه‌ ته‌نیا دینارێكتان له‌ داهاتی هه‌رێم به‌ داهاتی نه‌وت و گومرگ و داهاتی ناوخۆوه‌ ، نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدا ، كه‌چی 17% ی بودجه‌ی عێراقیشتان وه‌رگرتووه‌ ، من ده‌زانم ئێوه‌ چه‌نده‌ نه‌وتتان به‌ ئێران و ئه‌فغانستان و توركمه‌نستان و ئه‌رده‌ن فرۆشتووه‌ ، له‌و وڵاتانه‌وه‌ بڕه‌كه‌مان وه‌رگرتووه‌ ، كه‌ به‌ تاڵانیش فرۆشتووتانه‌ ، بڕی داهاتی گومرگ و ناوخۆش ده‌زانین ، ته‌نانه‌ت داوای ئه‌و لیسته‌شمان كردووه‌ كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ چیدا خه‌رجكراوه‌ ، ئێوه‌ ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و لیسته‌شمان بۆ بنێرن - چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین كوردستان وێران بووه‌ و ویستوومانه‌ چاوپۆشیی بكه‌ین له‌ جێبه‌جێ كردنی ده‌ستووریش - ئه‌وه‌شتان نه‌كردووه‌ ، پێم ناڵێن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ شوێنی من سه‌رۆك وه‌زیری ئه‌م وڵاته‌ بونایه‌ چیتان ده‌كرد ؟ ئێوه‌ نه‌وتی خۆتان ده‌فرۆشن و ده‌تانه‌وێت من له‌ نه‌وتی به‌سره‌ بودجه‌ی 17% بۆ هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌م !!
بیستوومه‌ له‌ یه‌كێ له‌ ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ ، له‌‌ دوای قسه‌كانی مالیكی - ده‌مداره‌كانی شانده‌كه -‌ ده‌میان بووه‌ به‌ ته‌ڵه‌ی ته‌قیو ، هیچیان پێنه‌وتراوه‌و ملیان شۆڕ كردووه‌و له‌خوایان ویستووه‌ كه‌ زووتر كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌واو ببێت ، ئه‌مه‌ به‌رگریی نیه‌ له‌ تاوانبارێكی مافیایی وه‌كو مالیكی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ راستیه‌كه‌ له‌ زاری شه‌یتانه‌وه‌ ده‌رچووه‌و جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ خۆیان رۆژانه‌ شاهیدی ئه‌و حاڵه‌ته‌ن كه‌ مالیكیی باسی كردووه‌ . به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ران داوای چاره‌سه‌ری بژێوییان بكه‌ن ، به‌ قه‌وانی سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌نووس تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ ، كه‌ تا ئێستاش بۆ خۆیان شانه‌خڕێ ده‌كه‌ن بۆ پۆستێكی بچووكی به‌غداش ، به‌ڵام خه‌ڵك به‌ خاوه‌نی ماف نازانن كه‌ داوای شایسته‌ داراییه‌كانیان بكه‌ن !!
له‌وانه‌یه‌ ئه‌م بێ منه‌تیه‌ی مه‌سعود بارزانیی و برازاكه‌ی له‌ خه‌ڵك بۆ جارێكی تر گره‌و بێت له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی دۆناڵد ترامپ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا ، هه‌روه‌كو پێشتریش گره‌ویان له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ی جۆبایدن ده‌كرد بۆ دابه‌شكردنی عێراق بۆ سێ هه‌رێم یا وڵاتی جیا ، بۆیه‌ بێ مه‌رج و به‌ نانه‌سكیی و رۆمانسیانه‌ بوونه‌ هاوپه‌یمانی جۆرج بۆش، به‌ڵام له‌ماوه‌ی 8 ساڵی جێگرایه‌تی بایدن له‌ كۆشكی سپیدا ته‌نیا هه‌نگاوێكیشی بۆ ئه‌و تێزه‌ی هه‌ڵنه‌گرت ، ناكرێ له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ی ترامپ كه‌ ده‌ڵێت پێشمه‌رگه‌ ئازاو دلێرن له‌ شه‌ڕی داعشدا وا بزانین ئه‌وه‌ پشتیوانیه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان ، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكادا ئه‌وه‌ ستراتیژه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رووسیا و توركیادا چاكده‌كاته‌وه ، له‌و سیاسه‌ته‌شدا ئاســـــۆیه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تی كوردســـتانیی نابینرێت ، ته‌نانه‌ت مه‌ترسیی تۆختر بوونه‌وه‌ی دابه‌شــــبوونی نه‌وه‌ده‌كانی ســــــه‌ده‌ی رابردووی هه‌رێمی كوردســـتان به‌سه‌ر دوو زۆنه‌كه‌دا نزیكتره‌ نه‌ك ئه‌م خه‌ونه‌ خۆشه‌ی پارتی !!

ته‌نانه‌ت دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی فاشیلی وه‌كو باشــــووری ســــودان كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ قاتوقڕیی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كات و زیاتر له‌ داگیركه‌ران ده‌یانچه‌وسێنێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش حاڵی ده‌وڵه‌تداریی و رێزگرتنیه‌تی له‌ یاسا و بنه‌ما دیموكراتیه‌كان ، ده‌بێ خه‌ڵكی برسیی و ئازادیی زه‌وتكراو چۆن بتوانن خۆیان به‌ خه‌ڵكی ئه‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌ بزانن ؟!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌