حكومەت و حیزبەكانی ئێمە چیان كردوە و چیان پێدەكرێ‌ بۆ دەربازبونمان لە پەتای كۆرۆنا؟

وتار/ 24/03/2020 518 جار بینراوە

د. ادریس كاریتانی

حكومەت و حیزبەكانی ئێمە چیان كردوە و چیان پێدەكرێ‌ بۆ دەربازبونمان لە پەتای كۆرۆنا؟

لەهەموو دونیا حكومەت و حیزب وەسیلەن بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان، بەتایبەتیش بۆ بەهانا وەچوونی گەل و میللەت لەكاتی لێقەومان و تەنكەتاوی، بەڵام ئەوەی سەیرە لەو هەرێمەی ئێمە كە بۆماوەیەكی زۆرە كەمو کوڕی لە دابەشکردنی مووچە و خزمەتگوزاری و هەژاری و نەخۆشی و ملاملاجێی ناشەریفانەی سیاسییەکان بەرۆكی ئەم میللەتەی گرتووە، ئێستاش بەهۆی كۆرۆناو كەرەنتینەكردن حاڵی هەژارو لێقەوماوو نەخۆش و بێكارەكان زۆر خراپتر بووە، كەچی نەحكومەت و نەحیزبەكان لە غەیری بەیاننامەو ڕونكردنەوەو ڕاگەیندراو هیچی تریان نەكردوە ، لەوانەیە بڵێن ئێمە چیمان پێ‌ دەكرێ‌ لەوەڵامدا دەڵًێم:

1- واللە ماڵ تەلەفونیان بۆ من كردووە بۆ یەك سەلەی خواردن! خۆی نابینایە! خێزانەكەی تێكچووە! واللە خوشك و برایەكیشی نابینان، باوكیان ئیش كەریان بووە مردوە! ئێستا لەلای دایكیان دەژین، نانی رۆژانەیان نیە، دوای چ وەڵامی خودا دەدەنەوە، ئەگەر بڕواتان نیە! چ وەڵامی مێژوو ویژدان و مرۆڤ بوون و كوردایەتی دەدەنەوە.

2- ئەرێ‌ خاوەن حیزب و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیەكان ئەم هەموو ماڵ و سەروەت و ڤێللاو نەخۆشخانەو بەنزینخانەو پارەی بانکەكانی دەرەوەتان لەكوێ هێنا، ئەدی هەمووی بەناوی قەزیەی میللەتی كورد دەست تان نەكەوت.

3- حكومەت لەهەموو دونیا مووچە پێش خراوە، نەك نەدرابی، چگە لەزیاد كردن و دابین كردنی خواردن و هەندێ پێداویستی، تۆ تەنها خەڵكت كەرەنتینە كردووە، ئێ خۆ مردن هەر مردنە، چ برسیەتی چ كۆرۆنا، دەزانین دەساڵی تر ئێوە نێنە دەرەوە هەر دەژین، چونكە سەروەتتان زۆرە ئەی ئێمە چی بكەین.

4- ئەگەر میلەت نەما ئێوە حكومەت و حیزب و پارە چ لێ دەكەن، دەوەرنە مەیدان ئەمڕۆ رۆژی كوردایەتیە بەعەمەل نەك بەقسەی زل و بەیاننامە.

5- ماڵ و پارەی شەخسیتان بێننە دەرەوە، ئەم میللەتە هەژارە رزگار كەن، وەك وڵاتانی دەورو بەرتان، باخەڵك لەبرسان نەمرێ‌ دوای مێژوو بەماڵ و سامانەكەتانەوە دەتان خاتە زبڵدانەوە. ئەگەر هەندێ حیزب دەڵێ خێرم كردووە ئەمە بەپارەی خێرخوازان بووە من باسی پارەی خۆتان دەكەم.

6- مرۆڤ لەهەموو كەل و پەل و حیزب و حكومەت گەورەترە، دە تۆزێك بارەگاو پاسەوان و نەسریەو مەزرەعە و میوانخانەكانتان كەم كەنەوە بۆ هاوڵاتیانی نەدار سەرف كەن باخەڵكیش تەنها بتوانی ژیانی رۆژانەی هەبێ‌.

7- كورد گوتویانە (برسیەتی ڕێگایەكی لەهاریە)!، دەزانم ئێوە هەر دەوڵەمەند و سیاسەتمەدارو پیاوانی پلە باڵاتان لایە، هەست ناكەن هەژار هەبێ‌، بەڵام دڵنیابن هەژاری لەم مانگەدا زۆر زیادی كردوە، زوو وەرنە سەر خەت و خۆتان ومیللەتیش رزگاركەن با ڕزگارتان بێ‌.

8- شەرمە لەوڵاتێك هاوئایین و هاونیشتیمان و هاوزوبانت، نان نەبێ‌ بیخوات تۆش لەسەر حیسابی ئەم هاونیشتیمانە دەوڵەمەند بوی، ئێستا رەسیدی بانکیت هەبێ‌،  سەروەتت بوتە زیادبونی ژمارەی زەبەلاح، ئەویش لەپرسا سکی بگوشێ‌ و لەبەر كۆرۆناش نەتوانی نان پەیدا بكات، هەروەک لە راپرسییەکەی دەستەی ئاماری هەرێم هاتووە کە بەهۆی کۆڕۆناوە لە ۷۳٪ی خەڵکی هەرێمی کوردستان بواری ئابووریان خراپ بووە.

9- ئەگەر 1 لەسەدی پارەی پەرپرسە دەوڵەمەندەكان سەرف بكەن هیچ هەژارێك سکی برسی نابێ‌،  توانای ڕۆبەڕوبونەوەی كۆرۆناشی دەبێ‌ .

10- دەزانم نارەحەتن بەم نوسینەی بەندە! بەڵام بەخودا ئەگەر ئەوەی ئێمە لەنێو تەلەفۆن و خەڵكی هەژار و نەخوش هەستی پێدەكەین، هیچ عوزرێكم ناداتێ تا لێی بێ‌ دەنگ بم ئەگەر سەریشم تیا بچێ‌.
د. ادریس كاریتانی،

نوێترین نوسینەکانی د. ادریس كاریتانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌