تێکەڵى خەڵک بۆ دەرمانى دەرد..!

وتار/ 10/01/2020 642 جار بینراوە

كۆچه‌ر محمد عارف

تێکەڵى خەڵک بۆ دەرمانى دەرد..!

کۆچەر محمد عارف
دۆزینەوەى خەم و ژارو ژنگى خەڵک و، ژووان و ژیارو ئاسوودەى خەڵک لە تێکەڵى و ئاوێتەبوونى نێوخەڵک هەست بەو دەردو دەرمانە دەکرێت، چ بۆ خۆت و چ بۆ دەوروبەرى خۆت. کارەکتەرى سیاسى و کۆمەڵایەتى بۆ زانینى بەهاى خۆى پێویستى بەو ئاوێتە بوونە هەیە، چونکە سەرئەنجام بەو شکڵ و نەخشە نەبێت ، نابێت نەخشەسازو ئاوێزانى دەرمانى دەردى خۆى وخەڵک.

سەروەرمان(صلى الله علیەوسلم) دەفەرمووێت( خیرالناس انفعهم للناس) باشترینتان ئەوانەن کە باشن بۆ خەڵک . بۆ تێگەیشتن لەفەرموودە دەبێت بڕوانین بۆ ژیانى سەروەرمان(صلى الله علیەوسلم) لە هاوسێەتى ، لە هاوڵێتى، لە خزمایەتى ، لە مامەڵە وکڕین و فرۆشتن، لە گەشت و سەفەرکردن، لە کێشە و چارەسەرکردن، لەگەڵ خەڵکى بەگشتى نەک تەنها هاوەڵانى .
هاوسێیەتى جولەکە دەکات و دەڕوات ماڵى و دوعاى شیفا بۆ منداڵى دەکات، هێندە بە متمانە و بە هیمەتە موشریک لە هاوڵێتى متمانەى پێ دەکات و عباسى مامى هاوەڵێتى دەکات لە عەقەبەى دووەم و وە موشریکینى قوڕیش بە هۆى تێکەڵ و ناسینیان متمانەى پێ دەکەت و ئامانەتى سەروەت و سامانى لا دادەنێن، بۆ خزمایەتى سیلەى ڕەحمى بەسەر هەموانەوە هەیەو سەردانى باوەڕدار و بێ باوەڕان دەکات و کۆششى هیدایەتیان بۆ دەدات ، بە هۆی پاکێتى و سەرڕاستى پێش پێغەمبەربوونى لە سەفەرى مامەڵە و کڕین و فرۆشتن بۆ شام و سەرسوڕمانى هاوەڵانى و پاشان دەبێتە هۆى ئەوەى دایکمان خەدیجە(خوداى لێ ڕازى بێت) نەفەر بنێرێت بۆ لاى سەروەرمان بۆ ئەوەى بیخوازێت، لە کێشە و گرفتى نێوان سەرانى قوریش بۆ دانانى بەردە ڕەشەکە(حجرالأسود) دادوەرى پێغەمبەر(صلى الله علیە وسلم) قبوڵ دەکرێت، کاتێک کابراى خاوەن قەرز دێت و یەقەى سەروەرمان(صلى الله علیە وسلم) دەگرێت و داواى قەرزەکەى خۆى دەکات، بەڵام مۆڵەتى ئیمامى عومەرنادات کەلێ بدات و دەفەرمووێت ڕاست دەکات، بڕۆن و قەرزەکەى بدەنەوە، لەگەڵ پیرەژن سوعبەت دەکات و لەگەڵ منداڵ یارى و وازى ...هتد

ئەم ئەزموونگەلە پێمان دەڵێت: ئەگەر بتەوێت بانگخوازبیت، ئەگەر بتەوێت کارکتەرى سیاسى بیت، ئەگەر بتەوێت چالاکوانى مەدەنى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئەندامى حیزبى ئیسلامى بیت، بتەوێت لەگەڵ شاى و شیوەنى کۆمەڵگەکەت بیت ، دەرزى ئاژنى ژانەکان بیت ، ئەوە نابیتە دکتورو حەکیم و شوان و سەرپرشتیارى کۆمەڵگە، تا نەبیتە بەشێک لە ژان و ژووانى کۆمەڵگە، نابیتە سەروسەوداو سەداى کۆمەڵگە .

ئەو خەسڵەت و سیفەتى ئاوێتە بوونەى سەروەرمان(صلى الله علیەوسلم) هەر کەسێکى دى، با لە دەرەوەى بازنەى ئیسلامیش بێت، کاتێک پیادەى بکات هەر سەرکەوتوو دەبێت، چونکە تێکەڵى و ئاوێتە بوون خواستى فیترەتى خودى مرۆڤە، کاتێک ئەو ئاوێتە و تێکەڵیە دەکات، لەهەمبەر سلوک و ئەدەبیاتى کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، بەوچەشنەى دەیەوێت کۆمەڵگە ئاڕاستە بکات، ئیدى ناوت مسوڵمان و کارەکتەرى ئیسلامى و مامۆستا و مەلاو زانا بێت، ناوت دیموکراسى خوازو ئازادى خوازى و نەتەوە پەرست و هەرچیەکى دیکەبێت، ئەوە ناتوانیت حکومى دروستى کۆمەڵگە بکەیت لە نێو ڤێلاو خەڵوەت و خانەى دوور لە کۆمەڵگە.

کاتێک بەو چەشنە هەڵە، دورپەرێزبوویت، ئەوە بڕیارى هەڵە و هەڵەشە و هەرزە دەدرێت و لەگەڵ خودى کۆمەڵگە پێکدادانى دەروونى و فەلسەفەى پەڕگیرى و دوورگیرى و خۆبەهەمووشتزانین  بێ ئەوەى هیچیش بیت، جا ئەگەر بۆ خەڵکى دیکەى دوور لە ئیسلام بتوانێت کەڵک لەو سونەت و سیرەتەى پێغەمبەر(صلى الله علیە وسلم) وەرگرێت، ئەوە بۆ من و تۆى شوێنکەوتەى ئەو ڕابەرە(صلى الله علیە وسلم) فەرز و واجبە، بەم هەنگاوە گەورەش نەبێت، ناتوانین گۆڕانکارى لە خودى خۆمان و کۆمەڵگەشدا بکەین ..!

نوێترین نوسینەکانی كۆچه‌ر محمد عارف

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌