توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت

وتار/ 11/11/2016 719 جار بینراوە

جزا احمد فارس

توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت

 
جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس
حكومه‌تی‌ توركیا له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا هه‌ڵمه‌تی‌  گرتنی‌ چالاكوان و ئه‌ندامانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لانی‌ ده‌ست پێكردووه‌ به‌بیانووی‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان ئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ باكوری‌ كوردستان دژی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ فراوانتر بێت .
ده‌سه‌لاَتدارانی‌ توركیا به‌ده‌ستگیركردنی‌ چالاكوانانه‌وه‌ نه‌وه‌ستان چه‌ندین  سه‌رۆك شاره‌وانیان ده‌ستگیر كرد،پاشان هاوسه‌رۆكه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان ( سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یۆكسكداغ) و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ كورده‌كانی‌ ئه‌م پارته‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناشارستانیانه‌ راپێچی‌ گرتووخانه‌ كرد  به‌مه‌ش توركیا ئه‌و په‌یامه‌ی‌ به‌گوێی‌ جیهان دا كه‌ توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ئه‌نێت و ناتوانێت جیاوازییه‌كان قبوڵ بكات.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ توركیا سه‌ره‌تاكانی‌ شه‌ڕی‌ هه‌ڵگیرسانده‌وه‌ و هیواكانی‌ بۆ ئاشتی‌ جارێكی‌ تر له‌ناوبرد و له‌ سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیش  به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات ببێت به‌ وولاَتێكی‌ نه‌خوازرا و دور ده‌كه‌وێته‌ له‌ به‌دیهێنانی‌ خه‌ونی‌ بوون به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا.

زه‌نگی‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕ له‌ توركیا لێدرا
به‌دروست بوونی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان جارێكی‌ تر ئه‌و ئایدیا گه‌رایه‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت ئاشتی‌ بێته‌ ئاراوه‌و خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ پێبنێته‌ قۆناغێكی‌ نوێوه‌ و ئه‌و كوشتارو خوێنڕێژیه‌ی‌ كه‌ سه‌پێنرابوو به‌ سه‌ر واقعی‌ باكوری‌ كوردستان سنور دار بكرێت و هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كورد بنرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م پارته‌ ته‌نها نماینده‌ی‌ كوردی‌ نه‌ ده‌كرد به‌ڵكو خۆی‌ به‌نماینده‌كاری‌ سه‌رجه‌م دیموكراتی‌ خوازه‌كانی‌ توركیا داده‌نا كه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ پرسی‌ كورد و كه‌مینه‌كانی‌ تر ده‌كه‌ن.
به‌لاَم به‌ ده‌ستگیر كردنی‌ سه‌رانی‌ ئه‌م پارته‌ جارێكی‌ تر زه‌نگی‌ ده‌ست پێكردنی‌ شه‌ڕ  لێدرا و واقعی‌ توركیا به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات كه‌ جارێكی‌ تر شه‌ڕ له‌ناو باكوری‌ كوردستان  دروست ببێت.
هه‌موو پێشهاته‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ شه‌ڕێكی‌ خوێناوی‌ دروست ئه‌بێته‌وه‌ له‌ نێوان پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان و سوپای‌ توركیادا .
 له‌حاڵه‌ته‌ی‌ بوونی‌ شه‌ڕدا  جارێكی‌ تر رۆحی‌ دوژمنكاری‌ له‌ نێوان كورد و تورك دروست ده‌بێته‌وه‌، مه‌له‌فی‌  چاره‌سه‌ر كردنی‌ پرسی‌ كورد داده‌خرێت و توركیا به‌ره‌و دواوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زه‌نگی‌ شه‌ڕ لێدرا جارێكی‌ تر شه‌قامه‌كانی‌ باكوری‌ كوردستان ده‌بنه‌وه‌ به‌ گۆڕه‌پانی‌ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دژی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ توركیا و ئه‌گه‌ری‌ پێك هه‌ڵپژان له‌ نێوان پۆلیسی‌ توركیاو خۆنیشانده‌ران هه‌یه‌.
 
توركیا وولاَتانی‌ جیهان نیگه‌ران ده‌كات
ئه‌م واقعه‌ی‌ كه‌ توركیای‌ پیادا تێده‌په‌ڕێت ئه‌و وولاته‌ ئه‌كات به‌ وولاَتێكی‌ نه‌خوازرا و له‌ سه‌ر ئاستی‌ نێوه‌وڵه‌تی‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك خۆی‌ به‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ دیموكرات بزانێت نابێت به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناشارستانیانه‌ نوێنه‌رانی‌ گه‌ل رابكێشێت بۆ به‌ندینخانه‌كان به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت.
وویلایه‌ته‌ یه‌كگتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا و  وولاَتانی‌ ئه‌وروپا به‌توندی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ لۆمه‌ كردنی‌ توركیا بۆ ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ی‌ و  ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندوه‌ كه‌ نیگه‌رانن سه‌باره‌ت به‌و رووداوی‌ گرتی‌ هاوسه‌رۆكه‌كانی‌ یارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی‌  و داوای‌ ڕاگرتنی‌ ئه‌م گرتنانه‌  ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌  به‌ پێی‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراسی‌ پێویسته‌ رێز له‌ جیاوازیه‌كان بگیرێت و ناكرێت نوێنه‌رانی‌ گه‌ل دوور له‌ بنه‌ماكانی‌ مافی‌ مرۆڤ راپێچی‌ گرتووخانه‌ بكرێن.
 به‌ به‌رده‌وام بوونی‌ توركیا له‌ سه‌ر ئه‌م ره‌فتارانه‌ی‌ ئه‌وه‌ خه‌ونی‌ بوون به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌و روپا  له‌ ده‌ست ده‌دات له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ وولاَتانی‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌یان له‌ توركیا گرتووه‌ كه‌ ره‌وشی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ توركیا له‌ بارودۆخێكی‌ خراپدایه‌ و بۆ بوون به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیه‌كه‌یان  پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن بۆ باشكردنی‌ ره‌وشی‌ مافی‌ مرۆڤ و چاره‌سه‌ركردنی‌ پرسی‌ كورد به‌ رێگه‌ی‌ ئاشتیانه‌.

پارته‌كانی‌ باشوری‌ كوردستان یه‌ك هه‌ڵوێستن سه‌باره‌ت به‌ گرتنی‌ سه‌رانی‌ هه‌ده‌په‌
له‌باشوری‌ كوردستان په‌رته‌وازه‌ییه‌ی‌ باڵی‌ كێشاوه‌ به‌ سه‌ر سه‌رجه‌م كایه‌كاندا و یه‌كتر قبوڵ نه‌كردن و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ یه‌كتری‌ بووته‌ سیمایه‌كی‌ باو به‌لاَم سه‌باره‌ت به‌گرتنی‌ سه‌رانی‌ هه‌ده‌په‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ناره‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ به‌شێوه‌ی‌ جیاجیا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نیگه‌رانن له‌م ره‌فتاره‌ی‌ توركیا و ده‌بێت رێز له‌ نوێنه‌ره‌كانی‌ خه‌ڵك بگیرێت .
له‌راستیدا هاو هه‌ڵوێست بوونی‌ پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌باره‌ت به‌ گرتنی‌ هاوسه‌رۆكه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان  ئه‌و راستیه‌ ده‌رده‌خه‌ن له‌پاڵ جیاواز بوونی‌ دیدگای‌ پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان ئه‌كرێت كه‌ هه‌موان هاوهه‌ڵوێست بن سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ كوردو  هه‌ندێك بابه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ .
له‌مه‌ی‌ سه‌ره‌ وه‌ ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی‌ هه‌رچه‌ند ناكۆك بین له‌ناوخۆدا ئه‌كرێت له‌ پێناوی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كان هاوراو هاو هه‌ڵوێست بین.

نوێترین نوسینەکانی جزا احمد فارس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌