بەرەو لەدەستدانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هەنگاو دەنێین!

وتار/ 28/09/2019 611 جار بینراوە

ئاکام وەزیری

بەرەو لەدەستدانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان هەنگاو دەنێین!

نووسینی:ئاکام وەزیری
لەئێستادا هەمووان بیریان لەلای ئەوەیە، کەچۆن کارێک بکەن تاوەکو کورد لەکەرکوک بگەڕێتەوە بۆدەسەڵات و بەڵام بێ ئاگا لەوەی وردە وردە بەرەو لەدەست دانی کەرکوک هەنگاو دەنێین.

نزیکەی مانگێک بەرلەئێستا لەڕێی پەیوەندییەوە لەگەڵ هاوڕێیەکی کوردی کەرکوک قسەم کرد، کەماوەی ۹مانگە لەوڵاتی سوید دەژیت و بارودۆخی ئایندەی کەرکوک و ناوچەکەمان باس کرد.

ئەو هاوڕێیەم کۆمەڵێک شتی ترسناکی بۆباس کردم، کەئێستا نیشانەکانی بەدەرکەوتوون و پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد لەسەر ئەو پلانگێڕییەی لەدژی شاری کەرکوک لەئارادایە بێتە دەنگ، گەرنا ئیتر بۆهەتا هەتایە کەرکوک لەدەست دەدەین و چیتر ناتوانین بڵێین کەرکوک کوردستانییە.

کاتی خۆی، کەجوڵانەوەی نەخێر لەئێستادا بۆڕیفراندۆم ڕاگەیاندرا دژایەتی زۆری دەکرا و ئەندامەکانی بۆخۆفرۆش و ناپاک لەقەڵەم دەدران بەڵام دواتر لەکۆتاییدا ئەوان ڕاست بوون.

من لەم وتارەدا پەیامێک ئاراستەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەکەم، کەلەکاتی نووسینی ئەم وتارەم دا سەرقاڵی کۆبوونەوەن دەربارەی پرسی کەرکوک و یەکلیستی کورد لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی۲۰۲۰ـی کەرکوک دا، پێیان دەڵێم ئێستا کەرکوک لەمەترسی دایە؟ چونکە ئێستا ماوەیەکە کرداری بەعەرەب بوون لەکەرکوک جێبەجێ دەکرێت بەبێ ئەوەی ڕێگری لێبکرێت، باشترین بەڵگەم بۆقسەکانم بڕیارێکی ڕاکان سەعید بوو، کەڕێگەی دا کەسوکاری چەکدارانی داعش لەکەمپەکانی کەرکوک نیشتەجێ بکرێن و پاشانیش ڕێگەدرا، کەئەو خێزانانە فۆڕمی خۆراکی کەرکوکیان بۆدەربهێندرێت.

مەترسییەکانی ئەو بڕیارە بۆسەر کەرکوک
۱-بەوبڕیارە کەرکوک ڕادەستی بیری تووندڕەوی داعش کرا چونکە خێزانی چەکدارە داعشەکان خۆیان ڕایان گەیاند، کەئەوان منداڵەکانیان بەجۆرێک پەروەردەدەکەن تۆڵەی باوکیان بکەنەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی بەرنامەیەکی دۆکیۆمێنتاری کەناڵێکی ڕاگەیاندن دا، کەلەشاری دێرەزووری سوریا تۆمارکرابوو، بەوەش وردە وردە بیری تووندڕەوی داعش لەناو شاری کەرکوک زیاد دەکات و دەبێتە هۆکارێک بۆئەوەی ئەو بیرە تووندڕەوییە بەشێوەیەکی ترسناکتر سەرهەڵبدات هەروەک چۆن ئێستاش لەناو نەچووە.
۲-دەسەڵاتی عەرەبی شاری کەرکوک دەتوانێت بەدەرهێنانی ناسنامەی ساختە و بەکارهێنانی ناسنامەکانی ئێستاشییان ئەو خێزانانە بەکاربهێنێت بۆئەنجام دانی ساختەکاری هەڵبژارن لەکاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ئایندەی کەرکوک، هەوەک چۆن لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامییان دا.
۳-لەساڵی ئایندەدا جگلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، لەمانگی (دە)ـی هەمان ساڵیش سەرژمێری بۆشاری کەرکوک  بەڕێوە دەچێت ئەوەش وادەکات ڕێژەی عەرەب زۆر زیاتر بێت لەڕێژەی کورد و نەتەوەکانی تر چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئاوارە هەڵساون بەکڕین و بەکرێ گرتنی خانو و لەکوچە و کۆڵانی گەڕەکە جیاوازەکانی کەرکوک و بەدیاری کراویش لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە درووست کردنی خانووی زیادڕۆ و دەرهێنانی بەڵگەنامەی تاپۆکردنی زەوی و خانووەکان بەشێوەی نایاسایی و ساختە وایکردووە لەساڵی ئایندەدا ئەوخێزانانە بەخێزانی کەرکوکی ڕەسەن هەژمار بکرێن چونکە خاوەنی خانووی تاپۆ و فۆڕمی خۆراکی کەرکوکن، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری کوردە ڕەسەنەکانی کەرکوک خاوەنی خانووی تاپۆ نین.

جگە لەو هۆکارانەی، کەباسکران هۆکارێکی تری شاراوە هەیە، کەئێجگار مەترسییەکی شاراوەی بۆسەر ناسنامەی کوردبوونی کەرکوک، ئەویش پاش ئەوەی حکومەتی عێراقی بۆی دەکەوت لەهەڵبژاردنەکان و سەرژمێرییەکەی ساڵی ئایندەی شاری کەرکوک ڕێژەی عەرەب زۆر زیاترە لەڕێژەی کورد و نەتەوەکانی تری شارەکە، ئەوکات بەشێوەیەکی فەڕمی بۆدیاری کردنی چارەنووسی شاری کەرکوک داوا لەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کەئامادەکاری بکات بۆگشتپرسییەکی چارەنووساز دەربارەی ئایندەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، کەلەپارێزگایەک و ۱٦قەزا و ۳۳ناحیە پێکهاتوون، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەپێناو یەکلاکردنەوەی ئەوپرسە داواکەی عێراق قبوڵ دەکات و گشتپرسییەکی فەڕمی ئەنجام دەدات بەوەش کورد بۆهەتاهەتایە ئەو ناوچانە لەدەست دەدات، کەڕێژەی ٥۱٪ـی خاکی باشوری کوردستان پێکدەهێنێت.

من ئەم شینەم تەنها بۆکەرکوک نییە بەڵکو بۆتەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکانە ئەو ناوچانەی چوارساڵی بەردەوام پێشمەرگەی کوردستان خوێن و ئارەقەی ماندوویەتی تێکەڵی خاکەکەی کرد، بەهیوام سەرکردایەتی کورد بەزووترین کات بێنە سەرخەت.

نوێترین نوسینەکانی ئاکام وەزیری

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌