ئه‌ردۆغان كوده‌تای ئه‌نجامدا. كێ دیكتاتۆر نییه‌ با یه‌كه‌م به‌ردی تێبگرێت

وتار/ 21/08/2019 718 جار بینراوە

فازل قه‌ره‌داغی

ئه‌ردۆغان كوده‌تای ئه‌نجامدا. كێ دیكتاتۆر نییه‌ با یه‌كه‌م به‌ردی تێبگرێت
فازڵ قه‌ره‌داغی

پاساوه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان‌و حزبه‌كه‌ی بۆ له‌سه‌ركارلابردنی سێ سه‌رۆك شاروانییه‌ كورده‌كه‌ كه‌ گوایه‌ تێوه‌گلاون به‌ تیرۆر كوده‌تایه‌و درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌ هه‌روه‌كو تۆمه‌ته‌كانی رژێمه‌كه‌ی سیسی (كه‌ ئه‌ردۆغان له‌دژی قسه‌ ئه‌كات چونكه‌ كوده‌تاچییه‌) كه‌ به‌ پاساوی تیرۆر ئیخوانی گرتووه‌‌و كوشتووه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو له‌ هه‌ڵبژاردن پووچه‌ڵ بووه‌وه‌‌و ئێستا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی كوده‌تاوه‌ ده‌ستی بكه‌وێته‌وه‌ بێئه‌وی حساب بۆ ئه‌وه‌ بكات به‌م چه‌ند كارێكی له‌م جۆره‌ خۆی له‌ كه‌وتن نزیك ئه‌خاته‌وه‌.

به‌ڵام وه‌نه‌بێت هه‌موو دژه‌ ئه‌ردۆغانه‌كان له‌و باشتربن. سه‌ره‌تا رۆژائاوا كه‌ ره‌خنه‌ی له‌م هه‌نگاوه‌ گرت‌ درۆ ئه‌كات چونكه‌ هه‌ر ئه‌و رۆژئاوایه‌یه‌ كه‌ پشتیوانی دیكتاتۆر‌و كوده‌تاچییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه‌. په‌كه‌كه‌ باوه‌ڕی به‌ دیموكراسی نییه‌ مه‌گه‌ر به‌شێوه‌ ستالینییه‌كه‌ی.
خودی هه‌ده‌په‌ش كه‌ ئه‌م سته‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ی لێكراوه‌ له‌و جۆره‌ حزبانه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر باڵا ده‌ست بن به‌هه‌مان شێوه‌ی په‌كه‌كه‌ ئایدیۆلۆجیاكه‌ی خۆیان ئه‌سه‌پێنن.
هه‌موو حزبه‌كانی خۆشمان به‌بێ جیاوازی له‌وه‌ باشتر نابن ئه‌گه‌ر له‌جێگه‌ی ئه‌ردۆغان بن. له‌بیریشمان نه‌چووه‌ كه‌ پارتی وه‌كو ئه‌ردۆغان رێزی له‌ ده‌نگی خه‌ڵك نه‌گرت‌و رێگریی له‌ سه‌رۆك په‌رله‌مان كرد كه‌ گۆڕان بوو بچێته‌ هه‌ولێر‌و ته‌نانه‌ت زیا له‌ دوو ساڵ په‌رله‌مانی داخست.
زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵكیش نازانن كه‌ یه‌كێتی هاوشێوه‌ی كاره‌كه‌ی ئه‌ردۆغانی كردبوو ئه‌ویش ساڵی ٢٠٠٣ ‌و پاش لێدانی باره‌گاكانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كاتێك به‌گونده‌یی سه‌رۆك شاره‌وانیی خوڕماڵی لابرد كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٠ ی شاره‌وانییه‌كان پۆسته‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتبوو.

به‌كورتی: ئه‌ردۆغان كوده‌تایه‌كی به‌سه‌ر دیموكراسی ئه‌نجام دا‌و سته‌می له‌ هه‌ده‌په‌ كرد به‌ڵام پێویست ناكات حزبه‌كانی توركیا‌و هه‌رێمی كوردستان‌و ناوچه‌كه‌‌و ئه‌ورووپا فرمێسكی درۆیینه‌ بۆ قوربانییه‌كه‌ بڕێژن.

ئینجیل باسی ئه‌كات زاناكانی جووله‌كه‌ له‌شفرۆشێكیان هێنا خه‌ڵك له‌كاتی زیناكردن گرتبوویان. له‌ مه‌سیحیان پرسی: له‌ شه‌ریعه‌تی مووسا پێویسته‌ به‌ردباران بكرێت ئه‌ی تۆ چی ئه‌ڵێیت؟ ئه‌ویش پێی وتن: كێتان هیچ گوناهێكی نه‌كردووه‌ با یه‌كه‌م به‌ردی تێبگرێت.

نوێترین نوسینەکانی فازل قه‌ره‌داغی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌