دیاره‌ سۆران سێوكانی هێشتا پیسیی ته‌ویله‌ كۆنه‌كه‌ی پێوه‌ ماوه‌

وتار/ 10/08/2018 1528 جار بینراوە

فازل قه‌ره‌داغی

دیاره‌ سۆران سێوكانی هێشتا پیسیی ته‌ویله‌ كۆنه‌كه‌ی پێوه‌ ماوه‌
فازڵ قه‌ره‌داغی


له‌كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان بابه‌تێكم نووسی به‌ناوونیشانی (وسڵخانه‌ی كۆنه‌ به‌عسییه‌كان)‌و باسی ئه‌و به‌عسییانم كردبوو كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كێتی‌و پارتی كردبوو و هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر ئیسلامییه‌كان تا ئه‌و دوو حزبه‌ له‌خۆیان ڕازی بكه‌ن‌و به‌حسابی خۆیان غوسڵی شه‌رمه‌زاریی خۆیان ده‌ربكه‌ن. غوسڵخانه‌یه‌كی تریش هه‌یه‌ كه‌ هی كۆنه‌ ئیسلامییه‌كانه‌ ئه‌ویش كه‌ هه‌ندێك ئیسلامی ده‌زانن پارتی‌و یه‌كێتی‌و ده‌زگا ئیعلامییه‌كانیان به‌ چاوێكی گومانه‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كه‌ن بۆیه‌ ئه‌و شه‌ره‌مه‌زارییه‌ی خۆیان به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسلامییه‌كان داده‌پۆشن.
سۆران سێوكانی له‌ نووسینه‌كانی فه‌یسبووكی هه‌ر خه‌ریكی جووكه‌جووكه‌‌و شتێكی ئیجابی ناڵێت كه‌ خزمه‌ت به‌و به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیونییه‌ بكات كه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش كرانه‌وه‌. عه‌قڵیه‌تی ئه‌و كه‌سه‌ كرانه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو سڕینه‌وه‌یه‌‌و له‌مه‌ كه‌سێكی ده‌گمه‌ن نییه‌ به‌ڵكو هاوشێوه‌ی زۆری هه‌یه‌ له‌ كوردستان‌و له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان.
له‌ باسی دانپیانانه‌كه‌ی مه‌لا ئیسماعیل سووسه‌یی‌و به‌ده‌ر له‌وه‌ی سۆران یه‌كسه‌ر باوه‌ڕی به‌ قسه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كردووه‌ كه‌سێك به‌شێوه‌یه‌كی عاقڵانه‌ گومانی خستۆته‌ ئه‌و دانپیانانه‌‌و هێرشه‌كه‌ی سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر‌و كه‌ ئه‌گه‌ر داعش له‌پشتی هێرشه‌كه‌ بوایه‌ به‌ به‌یاننامه‌ ده‌یگرته‌ ئه‌ستۆی خۆی، سۆرانیش ئه‌مه‌ی بۆ نووسیوه‌:
((ئه‌وه‌ زۆر پێویستی به‌ رۆشنبیری نیه‌ به‌ڵكوو پێویستی به‌ئه‌زموونه‌ من ده‌زانم چی ئه‌ڵێم هیچ گرفتی من له‌ پارێزگا‌و شتدا نیه‌ به‌ڵكوو ته‌نیا به‌قسه‌كردندا ئیسلامی ده‌ناسمه‌وه‌ كه‌ سه‌ر به‌چ ته‌ویله‌یه‌كه‌)).
كۆمێنته‌كه‌ی سۆرانم وه‌كو خۆی نه‌قڵ كرد.
كه‌واته‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان لای سۆران ته‌ویله‌ن. سۆرانیش ده‌ڵێت خۆی ده‌زانێت چی ده‌ڵێت كه‌ وا نییه‌ چونكه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ خزم‌و براده‌ری هه‌یه‌ له‌ حزبی ئیسلامی‌و به‌و قسه‌یه‌ به‌و خزمانه‌ ده‌ڵێت ئێوه‌ له‌ فڵانه‌ ته‌ویله‌ن.
باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ پارتییه‌كی ده‌مارگیر هه‌بێت به‌م جۆره‌ ناوی حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی كردبێت، ئاواش‌و به‌گشتگیری بۆ هه‌موویان چونكه‌ ئه‌گه‌ر پارتییه‌كی ده‌مارگیر قسه‌ی ناشیرین بكات ئه‌وه‌ دژی حزبێكی ئیسلامیی دیاریكراو ده‌یكات. تا ئێستاش نه‌مبیستووه‌ ڕق ئه‌ستوورترین كه‌سی حزبێك به‌ هه‌موو حزبه‌كانی تر بڵێت ته‌ویله‌. ئه‌مه‌شه‌ ده‌ردی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ چه‌ند ده‌كه‌ن هێشتا هه‌ست ده‌كه‌ن غوسڵیان ده‌رنه‌چووه‌. ئه‌وانه‌ هێشتا هه‌ست ده‌كه‌ن به‌چاوێكی گومانه‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرێن كه‌ كۆنه‌ ئیسلامین. كه‌واته‌ سۆران كاتی خۆی له‌ ته‌ویله‌یه‌ك كاری كردووه‌‌و خه‌ڵكی بۆ ئه‌و ته‌ویله‌یه‌ بانگ كردووه‌ به‌ڵام ئێستا هه‌ست ده‌كات چڵكی ئه‌و ته‌ویله‌یه‌ی پێوه‌یه‌‌و جارێ ماوێتی پاك بێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی كۆنه‌ به‌عسییه‌كان ده‌یانكرد بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی خۆیان بوو، ئه‌وه‌ی به‌شێكی كۆنه‌ ئیسلامییه‌كانیش ده‌یكه‌ن دیسان به‌رژه‌وه‌ندییه‌ به‌ڵام لای به‌شێكی تریان نه‌خۆشییه‌. ته‌ماشا بكه‌ كۆنه‌ ئیسلامییه‌كان تووشی چ كێشه‌یه‌ك ده‌بن كاتێك له‌گه‌ڵ پارتی‌و یه‌كێتی كارده‌كه‌ن‌و چۆن ئه‌و كێشه‌یه‌یان نییه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تر، سه‌ره‌تا گۆڕان ئینجا هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی دوكتۆر به‌رهه‌م (ئاگام له‌ نه‌وه‌ی نوێ نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سانی ئیسلامیی تیا هه‌بن بێگومان به‌هه‌مان شێوه‌ی دوانه‌كه‌ی ترن). ئه‌م حزبانه‌ دژایه‌تیی ڕه‌وتی ئیسلامی ناكه‌ن بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ئیسلامی كاریان له‌گه‌ڵ بكات ناچار نییه‌ پاكانه‌ بكات یان هه‌ست بكات غوسڵی له‌سه‌ره‌، بگره‌ به‌شێكیش له‌وانه‌ هێشتا خۆیان به‌ ئیسلامی ناوده‌به‌ن. ئه‌مه‌ش ئه‌زموونێكی ته‌ندروسته‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌زموونه‌كه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی.
بۆ ئه‌و كۆنه‌ ئیسلامییانه‌ی كه‌ هه‌ر خه‌ریكی جووكه‌جووكن یان خه‌ریكی هیرشن به‌ڵام هه‌ر هه‌ست ده‌كه‌ن هێشتا لای پارتی‌و یه‌كێتی پاك نه‌بوونه‌ته‌وه‌ ئه‌م نوكته‌ كۆنه‌م بیركه‌وته‌وه‌:
كابرایه‌ك تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی ده‌بێت‌و هه‌ست ده‌كات ده‌نكه‌ گه‌نمه‌ بۆیه‌ هه‌ر كه‌ مریشكێك ده‌بینێت له‌ده‌ستی ڕا ده‌كات نه‌وه‌كو مریشكه‌كه‌ بیخوات. كابرا ده‌به‌نه‌ لای دوكتۆری ده‌روونی‌و دوای ماوه‌یه‌ك دوكتۆره‌كه‌ ده‌توانێت چاره‌سه‌ری بكات‌و وای لێ بكات بزانێت كه‌ مرۆڤه‌. ڕۆژێكیان كابرا مریشكێك ده‌بینێت به‌ڵام دیسان له‌ده‌ستی هه‌ڵدێت. لێی ده‌پرسن: بۆچی ڕاده‌كه‌ی؟ خۆ چاكبوویته‌وه‌‌و ئێستا باوه‌ڕت هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤی نه‌ك ده‌نكه‌ گه‌نم. كابراش به‌ده‌م ڕاكردنه‌وه‌وه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: به‌ڵێ من قه‌ناعه‌تم هه‌یه‌ ده‌نكه‌ گه‌نم نیم به‌ڵام چۆن بتوانم قه‌ناعه‌ت به‌م مریشكه‌ بكه‌م؟

نوێترین نوسینەکانی فازل قه‌ره‌داغی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌