(ئۆپۆزیسیۆن و دۆخی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان)

وتار/ 04/07/2019 830 جار بینراوە

ڕه‌وه‌ند جەزا

(ئۆپۆزیسیۆن و دۆخی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان)

ڕەوەند جەزا
ئۆپۆزیسیۆن( بەرھەڵستکار) زاراوەیەکی سیاسیە کە بریتیە لە پارتێک یان چەند پارتێک کە دژی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتن لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەت، وە پێیان وایە لە کاتی ڕۆشتنیان بۆ سەر کورسی دەسەڵات کێشە و گەندەڵیەکان بنەبڕ دەکەن.
مەرجی بوونی سیستەمی دیموکراسی ھەبوونی پارتی ئۆپۆزیسیۆنە. پارتی ئۆپۆزیسیۆن وا لە پارتی دەسەڵاتدار دەکات کە نە کەوێتە دۆخێکی چەسپاوەوە و بەردەوام لە نوێگەری و خزمەتی زیاتری خەڵکیدا بێت. کەواتە بوونی ئۆپۆزیسیۆن دەبێتە ھۆی دەرخستنی کەم و کورتیەکان چارەسەرکردنیان کە ئەمەش دەبێتە مایەی پێشکەوتن و ئاوەدانی وڵات لە ھەموو ڕوەکانەوە .
بۆ ئەوەی ھێزێک ببێتە ئۆپۆزیسیۆن پێویستە خاوەن بەرنامە و گوتار و ئاجێندای تایبەت بە خۆی بێت و لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی پارتی دەسەڵاتداردا جیاوازبێت. پێویستە بەرنامەکەی بۆ خزمەتی خەڵکی بێت و بەردەوام جەخت لە بنەماکانی بەرنامەکەی بکاتەوە و لێی لانەدات مەگەر تازەگەری زیاتری تێدا بکات لە پێناو خزمەتی خەڵک . وە پێویستە بەرنامە و گوتارەکەی لای خەڵکی ڕون و ئاشکرا بێت تاکو ببێتە جێگەی متمانە .
لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئۆپۆزیسیۆن بۆتە مایەی خۆشبەختی و کێبڕکێیەکی شەفاف و شەریفانە لە نێوان پارتەکاندا دەکرێت کە سەرئەنجام خەڵک و نیشتمان سودیان لێ بینیوە . بەڵام لە وڵاتە تازە پێگەشتوەکاندا پارتەکان نەیانتوانیوە کێبڕکێیەکی دروست بکەن و بونەتە ھۆی نەھامەتی بۆ خەڵکی .لە ھەندێک وڵاتیش ڕێگە بە چالاکی پارتی بەرھەڵستکار نادرێت وەک سعودیە و ئیمارات و عەممان ..ھتد. لە ھەندێک وڵات کە سیستەمی دیکتاتۆری تیا پەیڕەو دەکرێت بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە بە ھیچ حیزبێک نادەن چ بەرھەڵستکار بێت یاخود نا ، کە وجودی ھەبێت وەک چین و کوبا و ..ھتد.

ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پارتی ئۆپۆزیسیۆنی کارتۆنی ھەبوو ، کە ھیچ کاریگەریەکیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا نەبوو( حیزبە ئیسلامیەکان نمایشکاری بوون ) . دواتر چەند کەسایەتیەکی ناو پارتی دەسەڵاتدار جیا بونەوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ بانگەشەی پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنیان کرد و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا متمانەی خەڵکی ناڕازی بەدەست بھێنن . چونکە لەو کاتەدا خاوەن بەرنامە و گوتارێکی ھاوچەرخ بوو و بەڵێنی کوردستانێکی بەھەشت ئاسایان بە خەڵکی دەدا . بەڵام دواتر ئەو پارتەش توشی قەیران بوەوە ، چونکە لەلایەن کەسانێکەوە دامەزرابوو کە بەژداربوون لە ھەموو چالاکیەکانی پێشووی دوو حیزبی دەسەڵات بە شەڕی ناوخۆ و چەندین کاری سیاسی ناشرینی تر ، ئامانجیان خزمەتکردنی خۆیان بوو نەک خەڵکی ، جیاکاریان لە نێوان نیشتیمان و دوو حیزبەکە نەدەکرد و کورد وتەنی تەڕ و وشکیان پێکەوە دەسوتاند ، چەندین ڕێگەی ناشرینیان وەک فشار کردنە سەر دەسەڵات بەکاردەھێنا وەک جوڵاندنی شەقام کە تەنھا خوێنی گەنجەکانمان دەڕژا و دواتر ئەو پارتە خۆی لێ بێبەری دەکردن ، ئەم پارتە ئەونەی گرنگی بە دژایەتی کەسی و بنەماڵەیی ناو حیزبەکان دەدا ھێندە گرنگی بە تێگەشتن لە کۆمەڵگاکە نەدەدا .دواتر بەھۆی ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی دەسەڵات و بەژداری کردن لە حکومەتدا و شەڕکردن لەسەر پۆست و کورسی ، بە تەواوی خەڵکی لە بیربردنەوە و خەڵکیش لە کۆتا ھەڵبژاردندا متمانەیان لێوەرگرتەوە و ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی بۆ نیوە کەم کردەوە . سەرئەنجام پارتێکی بنەماڵەیی لێدروست بوو کە کۆمەڵێکی دەوڵەمەند کرد و دوو شازادەی جێنشینیشی کردە گەورە بازرگان و سەرمایەدار.ئەو بەرنامەیەی لەسەری دروست بوو فرۆشرایەوە بە دوو پارتی دەسەڵاتدار و ھاوشانی دوو بنەماڵەکەی دەسەڵات حکومەت بەڕێوەدەبەن ، خیانەتیان لە سەرکردەی کۆچکردوی خۆیان و خوێنی شەھیدەکان و چەندین خێزانی نانبڕاو کرد .ھەرگیز ئەم ھێزە ئۆپۆزیسیۆنانە یەکدەنگ و یەک ھەڵوێست نەبوون تاکو بتوانن فشار بخەنە سەر دەسەڵات چونکە نەیانتوانیبوو کە ناوخۆی حیزبەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن ، بەردەوام فرە کوێخایی لە ناوخۆیاندا ھەبووە . بە ھۆی سەرلێشێوای و خۆفرۆشتنی پارتەکانەوە ، لە کوردستان نمونەیەکی ناشرینی ئۆپۆزیسیۆن ئادا کرا کە بووە ھۆی شەڕ و ئاژاوە و نا ئومێدکردنی خەڵکی ..ھتد. ھەنوکەش بەھۆی بەژداری نەکردن لە پێکھێنانی حکومەت و بەرنامەکەیەوە تەنھا ھێزێک بە ڕێڕەوی ئۆپۆزیسیۆندا دەڕوات ، ھیوادارم ئەو ھێزەش دوبارە نەبێتە ھۆی بێھیواکردنی خەڵک .

نوێترین نوسینەکانی ڕه‌وه‌ند جەزا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌