حزوری خەمی گەورە لەکاتی وردەکێشەکان کۆمەڵ بەنمونە

وتار/ 24/05/2019 693 جار بینراوە

سامان ره‌باتی

حزوری خەمی گەورە لەکاتی وردەکێشەکان کۆمەڵ بەنمونە

سامان ڕەباتی
ئەگەر چی کاریگەری و دەرھاویشتەی نەرێنی وردەکێشەکانی ناوخۆ بەپێی قەبارەی زەمەن و زەمین و چوارچێوەکەی ئەگۆڕێک ، بەڵام لەکۆی وێنەکە لەیەک ئەچن ، ئەگەر ئەو کێشە لەنێوانی ژن و مێردێک یان خێزانێک یاخود بنەماڵەیەك بێت تا ئەگاتە وردەکێشەی نێوان پێکھاتەی ووڵاتێک یان حیزبێک،ڕادەی بەر پرسیارێتی و قوڵی تێڕوانین و گەورە ڕوانین بۆ داھاتوو ئەبنە ئاوێکی فێنکی ئاشتەوایی ،بە پێچەوانەوە ھەر ھەڵە مامەڵەکردنێك و حەزی تۆڵەکردنەوەیەک یان ھەڵە ھەڵبژاردنی نێوەندگیرێک یان ڕاوێژکارێک ئەبێتە کارەساتی ماڵ وێرانکەر و مێژوو و داھاتوی خۆسوتان .
لەجۆری ئەوکێشانە ئەبێ ھێڵی سور دیاری بکرێت ، وەکو ھێڵی سوری یەختێکی دووقاتە کە خۆی لە کون نەکردنی قاتی ژێرەوەی یەختەکە ئەبینێتەوە ، بە بیانوی ھەڵێنجانی ئاو ، دیارە سەرەنجام غەرق بونی بەلەمەکەو سەرنشینەکانێتی بەسەرو خوارەوە ،
کەواتە ھێڵی سور ھێشتنەوەی یەختەکەیە بەسەلامەتی و نەفەس درێژی و ئارامگری و ھەوڵی چارەسەری دانایانەیە بۆ دەستخستنی ئاو ، ئەوەش لوتکەی خەمخۆری و دانایی و دارای عەقڵە،کێ ھەیە لەئێوە ناوی شەریفی مەککە شەریف حسێنی نەبیستبێ ، لەسەروبەندی جەنگی جیھانی یەکەم ، بە موبارەکەی مەندوبی سامی (مەکماھۆن)لە قاھیرە کەڵکەڵەی ئەوە خرایە خەیاڵدانی کە تۆ لەپێشتری بۆ ئەوەی ببی بەخەلیفەی موسڵمانان تا عوسمانیەکان ، بۆیە ئەویش بەخۆی و ھەردوو کوڕەکانی ئەمیر فەیسەڵ و ئەمیر عبداللە پێش جەیشی ئینگلیز و فەرەنسیەکان کەوتن , بەخەیاڵی خۆیان بۆ جڵەو وەرگرتنەوەی خەلافەت لەدەستی عوسمانیەکان ، ئەم ھەوڵە گێلانە بو بەخنجەری غەدرو پێش عوسمانیەکان مێژوو و کەسایەتی خۆی پێکوشت ، ئەوەبو دوای تێکشکانی بەرەی ئەڵمان و عوسمانیەکان و سەرکەوتنی سوێندخۆرەکان یەکەم شاباشێک کە شەریف حسێن وەریگرت نەفی کردنی بو بۆ قوبرس و پاش چەند ساڵێك ڕێگەیاندا بگەڕێتەوە بۆ ئوردن و بە خەفەت و سەرشۆڕی دنیای فانی بەجێھێشت.
ئەو وانەی ئەمەوێ لێرە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە ئەوانەی ڕۆڵی براگەورەییان پێسپێردراوە ئەبێ زۆر دڵسۆزانە و وریایانە چارەسەربۆ کێشەکان بدۆزنەوە ، بەھیچ شێوەیەک نەھێڵن بەشی نەفس حزوری ھەبێت ، نەھێڵن تای تەرازوی تەرەفێك زاڵبێت بەھۆی بڕیارێکی ئێمە ئەگەرچی گومانمان وایە کە پیادەی یاسامانکردوە ، بە دوای ڕەگی مێژویی کێشەکان بچین نەک تەنھا ئێستای ببینین ، با دەزگاو دامەزراوەی دادوەریمان ھەبێت ، دادوەرو داوکار و پارێزەر ڕۆڵی سەرەکیان ھەبێت ، واتە خۆ ڕزگارکردن لە حوکمدان و لە تەفسیری تێکستی کارنامە و تەحویل دانی ئەوکارە بۆلایەنی مەعنی .....گەر وانەکەین کێشەکان ئەبنە بازنەیەکی داخراو و کێژاوێك دروستئەکەن بێ کۆتا ، بۆیە ئەتوانین بڵێین کاتێک عوسمانیەکان لەکۆتایی تەمەنی ئیمبراتۆریەتی ئیسلامی بیری تۆرانیان خزانە ناو دەسەڵاتەکەیان و فەزڵی تورکبونیان دا بەسەر نەتەوەکانی تر و نەیانتوانی یەکسانی فەراھەمبێنن بۆ ئایینزاکانی تر ، ئیتر لەوێوە کەلێنی گەورەگەورە دروستبون و بەئاسانی و توانرا لەڕێیەوە مەندوبی سامی (شەریف حسێن) لە خشتە ببات و ڕۆژئاواییەکانیش ئەرمەنەکان فوبدەن ، سەرەنجام کۆتاییەکان بەزەرەری ھەموی شکایەوە ، گرنگە براگەورەکان ڕوی ڕەخنە لە خۆبکەن سەرەتا .
وەبۆ ئەوبەشەی کە پەیوەندی بە پێکھاتەیەکی ھاوکێشەی ململانێکە ھەیە بونی کێشەکان و بینینی بڕیارەئیداەیەکان تاقیکردنەوەیەکی چارەونوسسازە بەشێوەیەک ئیتر ڕۆژی زاڵکردنی بەرژەوەندی گشتیە بەسەر حەزی تۆڵەسەندنەوە ، ئالێرەوە گەورەیی بیرکردنەوە ، بونی خەمی گەورە ، قوربانیدان ، نەفەس درێژ ئەناسرێتەوە ، بەرھەمی ململانێی براکان لە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی ، فەرەنساو ئینگلیز چنییانەوە ، ئیتر با براکان ھەربێن و باسی ڕەوایەتی ھەنگاوەکانی خۆیان بکەن ، لەکاتێکدا لە ووڵاتێکی زلھێزی جیھانی بون بە چەندەھا دەوڵەتی لاوزای بێ پێگە ، بۆیە مەنتیق ئەڵێ ئەگەر ململانێیەک بۆ باشترکردن بێت ئەوا جێی دەستخۆشیە ، بەڵام گەر پاشەکشەت پێبکات ئەوا یاسای (چاکی مەکە با خراپ نەبێ)ی بەسەرا ئەچەسپێت .
لەکۆتاییدا ئەڵێم با پاراستنی کۆمەڵ بکەینە ھێڵی سور و کۆلکەی ھاوبەشی ھەموان ، مەگەر بەدیلمان بەرەو پێشەوەبردن و نوێکردنەوەی کۆمەڵ بێت ، کۆمەڵ ئەو قیتارەیە ھەزاران موسافیری ڕێگەی سەرفرازی لەخۆگرتوە ، ھەزاران خێرخواو دەست بەدەسنوێژی تیایە ، ھەزاران خۆبەخش و خزمەتکاری خەڵکی لەکۆڵناوە ، کۆمەڵ سەنگەری بەرگریە لە قیەم و لە ڕەسەنایەتی و لە دادگەری ، کۆمەڵ باشترینە و ئەکرێت باشتریش بێت ، بەڵام ناکرێت و ژیری ڕێنادات بیرلەوە بکەیتەوە دوای خۆت خەو بەتێکشکانیەوە ببینیت ، چۆن دڵت دێت بەرھەمی خوێنەئاڵەکان بەئاوابدەیت ، بۆن و بەرامی گوڵەژاکاوەکانی کاتی بەرگری بەدوكەڵ قاوبدەیت ، چۆن ڕێگەئەدەیت خەرمانی مێژوی خۆت بەدەستی خۆت بسوتێنی ، زۆر ناخۆشە بڕۆیت و بەجێمان بھێڵیت ، کە ھەر ئەتەوێ بڕۆی بەھێواشی دەرگاکە دابخە تا شەھیدەکان خەوزڕاو نەکەیت و پەنجەی مەرەکەبی دایەپیرەو مامەپیرەکان بە فرمێسک نەشۆیتەوە ، ئەتوانی بڕۆی بەڵام ھەوڵمەدە داری خێمەکە لەگەڵ خۆت ڕابکێشی تا نەڕوخێت بەسەر نازدارەکانی سۆمای چاوان و نەخۆشەکانی خەستەخانەی بەخشین و پەپولەکانی کۆڕی زیکری نوری حیکمەو قوتابیەکانی عبداللەی کوڕی عومەر و ھەزاران قوتابی و لاوی سەنگەری بەرگری لە ئیمان و عەقیدەو جوانیەکانی نەتەوە و نیشتمان ....بڕۆن بەدوعا بەڵام بیرتان نەچێت ھەمو چاوەڕوانی ھاتنەوەتانین ، لەوەش دڵنیاتان ئەکەمەوە کە کۆمەڵ سەلامەتە ، چونکە دڵنیام لەدڵەوە ئەم ھەواڵەتان پێخۆشە .

نوێترین نوسینەکانی سامان ره‌باتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌