گلەیی نامەیەک و وانەیەك

وتار/ 24/04/2019 606 جار بینراوە

سامان ره‌باتی

گلەیی نامەیەک و وانەیەك

سامان ڕەباتی
حیزب ئامڕازە و کارکردن تیایدا ئارەزومەندانەیە ، وە لە سادەترین پێناسەیدا سازشکردنە لەھەندێك ڕای خود لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و کۆکردنەوەی زۆرتیرینی وزەیە لەپێناو کاری پێکەوەیی .
کەواتە ئەندام بون لە حیزبدا گرێبەستی دوولایەنەیە و ھەڵوەشاندنەوەی ئەوگرێبەستە مافە ، بەڵام پرسیارێك کە ھەقە ئاڕاستەی خۆمانی بکەین ئەوەیە ئێمەی ئیسلامی-کەسانێك کەئیسلام بەپرۆژەی ژیان ئەزانن- ئەبێ چۆن بڕوانینە حیزب ؟
بەندە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دوای تەمەنێك لەئیشکردن و قەدەرێک لە تەجرەبە گەیشتوم بەم وێنەیە ( کارکردن بۆ ئیسلام فەرزی کیفایەیە لە ھەمو ڕوی بانگەواز و سیاسەت و ڕێکخراوی خێرخوازی و مەدەنی ، میکانیزمی ئەو فەرزە زادەی ئیجتیھادە بەتایبەت پرۆژەی سیاسی ئیسلامی کە میکانیزمی ھەرەکاریگەری بەرجەستەکردنی پرەنسیپ و بنەما ژیاریەکەی ئیسلامە ، حیزبی سیاسیش وەکو شوێنی کۆکردنەوەی زۆرترینی وزەو ئاڕاستەکردنێتی بۆ ئەوئامانجە ، کەواتە سەنگەری بەرگریە لەقیەم و سەنگەری پێشەوەی ململانێی مەدەنیانەیە لەگەڵ ھێزو تەوژمە پێچەوانەکان )
لەژێر ڕۆشنایی ئەو کورتەیە ئەمەوێ بڵێم :-
کەسێکی ئیسلام دۆست ئەبێ ئەم سێ خاڵە بزانێت کەکاتێک ئەیەوێت ئیش بکات لە حیزبێکی ئیسلامیدا ؛
١- ئیشکردن ئارەزومەندانەیە .
٢- حیزبی ئیسلامی ئامڕازەو زادەی ئیجتیھادە .
٣- قورسایی ململانێی سیاسی و دەستوری لەگەڵ عەلمانیەت ئەکەوێتە سەر حیزبی ئیسلامی .
ڕەچاوکردنی ئەم سێ خاڵە ھەستی بەرپرسیارێتی و خەمخواردن زیاد ئەکات بەتایبەت ئەندام فێری خۆبواردن ئەبێت لەھەر پەرچە کردارێک کە زیان بەکۆی گشتی پرۆسەکە بگەیەنێت ئەویش لەکاتی دەستلەکارکێشانەوە ، واتە بیر لە تۆڵەسەندنەوە ناکاتەوە ، چونکە لەوە تێگەیشتوە ئەگەرچی لەو بازنەدا ئیشی بۆنەکرێت یان ڕێگریەک ھەبێت مادام خەمی ئەم ئیسلام و پرۆژەکەیەتی ھەمیشە دوربینتر و خەمخۆرانەتر ئەڕوانێت و ھەمیشە حەزی تۆڵەی دەرونی خۆی خەفەئەکات ئەویش لەڕوانگەی ھەستی بەرپرسیارێتی .
گلەییەکی خۆشەویستانە
ئەوەی دورونزیک ئاگاداربێت بەندە لەگەڵ ھەرسێ برای دەستلەکارکێشاوەی سەرکردایەتی ، لەپێشتر و ئێستاش خۆشەویستی و ڕێزی زۆر لەنێوانمان ھەیە ، وە بەبێ ئاگاداری خۆشیان ئەوەی پێم کرابێت لە شوێنی شیاوی خۆی شەڕی خۆمم کردوە ، بۆیە بەھەقی خۆمی ئەزانم ئەم گلەییانەیان ئاڕاستەبکەم :-
١- ھیچ زەرور نەبو وازنامە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوبکەنەوە بەڵکو ئەبوایە بەڕێگەی ئاسایی و یاسایی خۆی بڕۆشتایە چونکە من دڵنیام وازنامەکەیان قبوڵ نەئەکرا ، پاشان ئەوجۆرە لە وازھێنان جورێک لەڕۆحی تۆڵە سەندنەوەی تیایە بۆیە لەناو ئەندامانی حیزب کەسەکە لە ناونیشانی مەزڵومەوە ئەچێت بۆ ناونیشانی زاڵم ، چونکە شێوازی وازھێنانەکە ھیچ لێبوردنێک و خاترانەیەکی تێدابەدی ناکرێت بەتایبەت ھێنانی ھێڵی ڕاست و چەپ بەسەر حیزبێک کە دۆست و دوژمن شایەتی ڕەسانەیەتی بۆ ئەدەن لەسیاسەت و ھەڵوێستی .
٢- پاشان ھەر دایان بەدەزگای ڕاگەیاندن ئەبوایە تەنھا وازنامەبوایە ، چونکە ئەو ھۆکارانە زۆر مەتاتیانەو گشتگیرانە باسکراون و ھەریەکێکیان وەڵامی زۆر ھەڵئەگرێت ، وە بەشێوەیەک باسکراوە گەر یەکێک کۆمەڵ نەناسێت ناتوانێت یەک جوانی کۆمەڵ ببینێت ، کەئەمەش پێچەوانەی ئینسافە ، یەعنی ئەیانتوانی بڵێن کۆمەڵی ئیسلامی یەک و دوو و سێ خاڵی جوانی ھەیە بەڵام ئێمە ئەم تێبینیانەمان ھەبوە و بەقسەمان نەکراوە ، کۆمەڵ تەنھا سەنتەری نوری حیکمەو قوتابخانەی عبداللەی کوڕی عومەر و دەزگای بەخشین و رێكخراوی قوتابیان و ھەڵوێستی سیاسی و ھەردولیستی بەغداو ھەولێرو نوێنەرەکانی حکومەتی چوارساڵی ڕابوردوی ھەبێت سەروەری زۆری تۆمارکردوە .
مادام حیزب زادەی ئیجتھادی مرۆڤە بەدڵنیایی خەلەل و کێشەی ھەیکەلی و لائیحەی ئەبێت ، ھەربۆیە کۆنگرە ئەبەسترێت وەکو ڕێگەچارەیەک بۆ بەخۆداچونەوە ، پاشان ئەندامەکانی حیزب مرۆڤن و ھیچیشیان مەعسوم نین ، بێشکم لەوەی کە ھەندێک ھەن مەرامی دنیایی و پلەوپۆستیان ھەیە ، ھەرکەسێک وا بزانێ حیزبێک ھەیە لەو جۆرە مرۆڤانەی تیانیە ئەوە لەدنیای واقع کۆچی کردوە ،
بەڵام ئەتوانین بڵێین بگەڕێین بۆ حیزبێک کەمترینی ھەڵپەی دنیایی تیابێت ، بەدڵنیایی ئەوە کۆمەڵی ئیسلامیە ، پاشان ئێمە سەیری کۆی پرۆژەکەئەکەین ئایا لەخزمەتی ئیسلام و ڕەسەنایەتیە بەدڵنیایی بەڵێ .
لەبارەی مەبدەئی شوراوە کە ئەوبرایانە کردویانەتە یەکێک لەھۆکاری وازھێنانیان ، من سێ نمونە ئەھێنمەوە کەخۆم شایەت حاڵی بوم لەگۆنگرەی سێھەم کە ھەرسێ حاڵەتەکە ڕای پێچەوانەی ڕاێ مامۆستا عەلی باپیر دەنگی ئەھێنا ئەوانیش بریتیبون لە :
١- ناوی ئەمیر بگۆڕدرێت بۆ سەرۆک .
٢- ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی ٩ ئەندام بن نەک٧ .
٣- ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی لەسەرکردایەتیەوە ھەڵبژێردرێن نەک ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆنگرەوە .
مامۆستا عەلی باپیر بۆ ھەرسێ بابەتەکە چوە سەر ستەیج و ڕونکردنەوەیدا بۆچی ئەو خاڵانە بەوشێوەی ئەو داوای ئەکات جێگیرببێت ، دوای ھەرسێ ڕونکردنەوەکە خرایە دەنگدان ڕێک پێچەوانەکان دەنگی زۆرینەیان بەدەستھێنا ، چ حزبێک ھەیە کەسی یەکەمی لەبەرگرنگی بابەتێک ھەستێت داوابکات دەنگبدرێت بەوشێوەی ئەوپێیباشە لەبەربەرژەوەندی گشتی بەڵام ڕاکەی دەنگ نەھێنێت ! بێجگە کۆمەڵ .
بەندە قەناعەتم وایە بابەتی شورا و دادگەری و شەفافیەت بابەتی ڕێژەیین و بەردەوام پێویستیان بە ئەپدەیت و پێداچونەوەو گرتنەبەری میکانیزمی باشترە بۆ تۆمارکردنی باشترین ڕێژەی جێبەجێکردن ، بۆیە نەک کۆمەڵ وەکو میکانیزمی خەباتێکی سیاسی بەڵکو زۆر شتمان ھەیە ھەر لە ڕوانینمان بۆ مێژوو و کەلەپوری ئسلامی و چەمکی سیاسەت و حیزب و بانگەواز و تەنانەت فقھ و فکریش پێویستیان بە نوێبونەوە-تجدید- ھەیە بەشێوەیەک جیھانبینیمان فراوانتربێت ، ھیوادارم کۆمەڵی ئیسلامی ھەرچۆن بەردەوام پێشەنگ بوە ، بۆ ئەم قۆناغەش ببێتە وەڵام .
لەکۆتایدا ئەڵێم کۆمەڵ یەکسان نیە بە ئیسلام بەڵکو ھۆکارە ، لێدان و پەکخستنی ڕەنجاندنی دڵی دەیان و سەدان و ھەزاران خەڵکی ھیواھەڵچنیوە بەکۆمەڵ و خزمەتێکی بێبەرامبەرە بەنەیارانی پرۆژەی ئیسلامی .
ئەو وانەی ئەمەوێ فێری ببین ئەوەیە ئەگەر کەسێک ویستی لە خانوەکەی کۆمەڵ بڕواتە دەرەوە با دەرگاو پەنجەرەکان نەشکێنێ تا ڕێگە بۆ مارومێرو خۆشنەکات بچنەژورەوە ، بەڵکو لەسەرخۆ و بەخواحافیزی بڕوات و ڕۆیشتنێک بێت پاڵنەری فکری و سیاسی لەپشتبێت نەک گرێ وگۆڵی دەرونی ، ئەوکات ئەگەر ماڵێکی تریش دروستبکەن ئەبێتە تەواوکار نەک نەیار ،
یادخستنەوەشم بۆ خۆمان ئەوەیە ئەبێ سوپاسی خوابکەین کە خەڵکێک لە چواردەوری پرۆژەی ئیسلامی کۆبونەتەوە و کۆمەڵی ئیسلامیان وەکو قیتاری ئەوگەشتە ھەڵبژاردوە ، ئەو سوپاسگوزاریە دڵمان والێبکات ژان بکات بۆ براو خوشکێک کە جێمان ئەھێڵن .
کۆمەڵ ھیوای گەلێکە داواکارم لەخوای تەعالا کاروکردەوەو نیەتمان پاک و چاک بکات بۆئەوەی لەئاستی بەرزی و پیرۆزی ئەم ڕێبازە پڕشکۆیەبین .
اللهم الف بين قلوبنا واهدنا سبل السلام

نوێترین نوسینەکانی سامان ره‌باتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌