دواجار فوئاد مه‌عسووم نیگه‌ران بوو !!

وتار/ 27/10/2016 970 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

دواجار فوئاد مه‌عسووم نیگه‌ران بوو !!
شوان هه‌ورامی
سه‌باره‌ت به‌ یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی ماده‌ كحولیه‌كان ( كه‌ رۆژی 22 / 10 / 2016 له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ند كرا ) ، فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆك كۆماری عێراق نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیی و به‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند : ئه‌و بابه‌ته‌ به‌سه‌ر په‌رله‌مانی عێراقدا تێپه‌ڕیووه‌ . نووسینگه‌ی ناوبراو له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌ یاساكه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌ركی سه‌رۆك وه‌كو پارێزه‌ری مافی هاوڵاتیان رایده‌گه‌یه‌نێت : " له‌ چوارچێوه‌ی به‌رپرسیارێتیی ده‌ستووریی به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار و په‌رۆشیی زۆری بۆ پابه‌ندبوون به‌ ته‌واوی پره‌نسیپه‌كانی ده‌ستوور به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ ئازادییه‌ تاكه‌ كه‌سییه‌كان و ئه‌و مافانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ مافه‌كانی پێكهاته‌ ئاینیی و مه‌زهه‌بیه‌ هه‌مه‌ ره‌نگه‌كان ، به‌ڕێزیان داوای پێداچوونه‌وه‌یه‌كی وردتری ئه‌م قانونه‌ ده‌كات ".
فوئاد مه‌عسووم جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌وڵبدات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بارودۆخه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی یاساكه‌ ، كه‌ به‌ كتوپڕیی به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیووه‌ به‌و جۆره‌ی كه‌ رێزی ئازادییه‌كان و مافه‌كانی هاوڵاتییان له‌ ئاین و مه‌زهه‌به‌ جیاجیاكان بگرێت .
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌م سه‌رۆكه‌ كه‌ باسی مافی هاوڵاتیان و پاراستنیان ده‌كات ، تا ئێستا نه‌یتوانیووه‌ پاسه‌وانه‌كانی خۆیشی له‌ میلیشیاكانی شیعه‌ بپارێزێت ، چ بگاته‌ هاوڵاتیان . نه‌مانیستووه‌ بۆ تراژیدیاكان به‌یاننامه‌ی نیگه‌رانیی بڵاو بكاته‌وه‌ ، سه‌یره‌ ئێستا بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ماده‌ كحولیه‌كان شپرزه‌ بووه‌ و به‌یاننامه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ !!
ئه‌گه‌ر سه‌رۆك پارێزه‌ری وڵات و مافی هاوڵاتیانه‌ ، بۆچی بۆ كوشتنی ده‌یان هاوڵاتی كوردی گه‌رمه‌سێر له‌ لایه‌ن میلیشیاكان و ته‌قاندنه‌وه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی مه‌حموود پاشای جاف له‌ سه‌عدیه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1893 دا دروستكرابوو به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی ده‌رنه‌كرد ، ئه‌گه‌ر حه‌زی به‌ مزگه‌وتیش نیه‌ ئه‌وا ئه‌و مزگه‌وته‌ ره‌مزیی كوردایه‌تیی كوردانی گه‌رمه‌سێر بوو ، بۆیه‌ كرایه‌ ئامانجی میلیشیا شیعه‌كان .
سه‌رۆك كۆمار بۆچی نیگه‌ران نیه‌ له‌ كوشتاری سێگۆشه‌ی سوننه‌ و ته‌قاندنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانیان ؟ كه‌ هه‌ر دوێنێ له‌ شاری روتبه‌ ( روطبة ) مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاره‌كه‌ له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ ته‌قێنرایه‌وه‌ و چه‌ندین لاوی سڤیلی شاره‌كه‌ش قۆڵبه‌ست كران و بۆ شوێنێكی نادیار راپێچ كران ، دیاره‌ چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ش هه‌مان چاره‌نووسی لاوانی سوننه‌یه‌ له‌ كاتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فه‌لوجه‌ و تكریت و رومادی و سێگۆشه‌ی سوننه‌دا . سه‌رۆك نیگه‌ران نیه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆی منداڵانی موسڵ كه‌ له‌ لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن .
جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار بۆچی نیگه‌ران نیه‌ له‌ قاتوقڕیی و بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و هاوڕه‌گه‌زه‌ كورده‌كانی خۆی ؟ كه‌ ئازاره‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌ر ئێسقان و باڵێكی حیزبه‌كه‌ی خۆیشی له‌و سته‌مكارییه‌دا به‌شداره‌ .
له‌باره‌ی ئه‌م یاسایه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ باسی ویستی زۆرینه‌ی موسوڵمانی عێراقیش نه‌كه‌ین كه‌ ئیراده‌یان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا به‌رجه‌سته‌یه‌ ، ماده‌ كحولیه‌كان له‌ پێویستیه‌كانی ژیانی مرۆڤ نیه‌ و بۆ رازاندنه‌وه‌ی سفره‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و كه‌ڵه‌كه‌كردنی زیاتری سه‌رمایه‌ی سه‌رمایه‌داره‌كانه‌ و زیاتر ئه‌وان پێی نیگه‌رانن ، به‌ڵام مووچه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ژیان و كه‌رامه‌تی ژن و منداڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌ و گشت چین و توێژه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌بوو ناوبراو له‌ نیگه‌رانیدا پشووی لێهه‌ڵگیرێت ، به‌ڵام ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌ له‌لای كایه‌ و شتی بچووكی له‌لا گایه‌ ، وه‌كو بڵێی عێراق هیچ كێشه‌یه‌كی نیه‌ قه‌ده‌غه‌ی ماده‌ كحولیه‌كان نه‌بێت .
ئه‌م سه‌رۆكه‌ بۆ وا ده‌كات ؟ بۆ حســـاب بۆ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیی ناكات ئه‌گه‌ر بڕوای به‌ دیموكراســــیی هه‌یه ‌؟ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك نیگه‌رانی میوانه‌كانیه‌تیی خۆ ئه‌و پارێزبه‌ندیی دیبلۆماسیی هه‌یه‌ و حاڵه‌ته‌كه‌ی جێی نیگه‌رانیی نیه‌ ، ئیتر بۆچی ئابڕووی خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌یشی ده‌بات ؟!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌