پارتی خاوەنی پەرلەمانە.

وتار/ 25/02/2019 878 جار بینراوە

ڕێبوار محه‌مه‌د

پارتی خاوەنی پەرلەمانە.

پێم باشە وەک هەمیشە بەچیرۆکێکی سەمەرە بێمەوە خزمەتتان ، هاوڕێیەکم قاتی سەرەوەی ماڵی پوری بەکرێ گرتبوو بەڵام بۆ بەدبەختی تەنها دەرگایەک هەبوو لەسەر حەوشەی ماڵ تا هاتووچۆی پیا بکەن ، ئیتر برامان برایی و کیسەمان جیایی ڕێکەوتبوون هەرچەندە پورێ لەگەڵ ئەوەش چەند مەرجێکی تەعجیزی هەبوو بۆ نموونە هەرچەندە خزمان هاوبەش بوون لە نێوان پورێی خاوەن ماڵ و خوشکەزای کرێچی بەڵام واجب بوو کاکی کرێچی ڕوونەدا بەنەیارانی پورێ تاکو پێیان بۆ ماڵی پورێ نەکرێتەوە یاخود کاکی کرێچی دەبوو لەهەر جێگایەک بێت کاتژمێر 10 لەماڵەوە بێت یاخود پێش ئەوکاتە میوانەکانی بەڕێکات چونکە ئەوە وادەی پشووی خاوەن ماڵ بوو بەمافی خۆیشی دەزانی و چەندین مەرجی سەرسوڕهێنەری تر.
ئەوەی گەرەکمە بیڵێم تەجروبەی پەرلەمانی بەدرێژایی ماوەی حوکمڕانی کوردستانی باشوور بەدەست پارتی دیموکراتەوە بووەو بەنەفەسی زیاتر لەحیزبی کاری تیاکراوە و لەدەرگای دەرەوە تا دەگاتە کۆتا خاڵی دواوەی بینای پەرلەمان بەوێنەی سەرۆک و سەرکردەکانی ئەو حزبە نەخشێنراوەو گومانیش ئەکەم کە پارێزەران و پاسەوانانی بیناکەش هەرلە پشکی ئەوحیزبەبن و باقی هێزەکانی تریش وەک کرێچی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و دێگەڵەش دەرگای هاوبەشی نێوان هێزەکان بەگشتی و پارتی خاوەن پەرلەمان بووە و ئیتر لەم دەرگایەوە هەر پرۆژە یاساو بڕیارێک خزمەت بەبەرژەوەندی و تێڕوانینی خاوەن ماڵ بکات بۆ حوکمڕانی ڕێگاپێدراوەوەو پێچەوانەکەشی هەر زەرەری بۆپەزەکان بووبێ ئەوا خاوەن ماڵ بەبیانوی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەرگای دێگەڵەی بەڕوودا دادەخات .
لێرەدا پەرلەمان وەکو حیلەیەکی شەرعی بۆ ڕوکەش کردنی پرۆسەی حوکمداری سوودی لێ وەردەگیرێت ئەگەرنا ڕەنگە هەر پێویست نەبێ باشترین نموونەش هەرچۆن شای قاجارەکان لە ساڵی 1911 دەرگای پەرلەمانی کڵۆم کرد و تاکڕەوانە باجی لەسەر خەڵک زیاد کرد و مووچەی کەمکردەوە هەمان تەجروبەش لەساڵی 2016 بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی کڵۆم کراو ڕوویدا و پاشان پەرلەمان بۆ شەوو ڕۆژێک دەکرایەوە تا یاسای ڕیفراندۆم پەسەند بکات تا ئەوڕادەیەی هێندە پەلەی تیابوو بڕیارێک بە بەرواری 15ی مانگی 19 دەخوێندرایەوە و دواتر دادەخرایەوە .
ئەوەی ئەمەوێ بیڵێم ئەوەیە بە کردار پارتی پەرلەمان و حوکومەتیش بەموڵکی شەرعی خۆی دەزانێت و خۆیان واتەنیش (مەرج لە کەس قبوڵ ناکەن) ئەمە واتای ئەوەیە بەدەر لەو بەرنامەیەی پارتی بۆحوکمداری دایناوە هیچ ڕێکەوتن و وادەو بەڵێنێک تا سەر نیە و جێی دڵخۆشی نیە ، ئیتر تا خولێکی تری هەڵبژاردن و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسیەکان من بەدوعا و ئێوە بە سەلامەت.

ڕێبوار محمد

نوێترین نوسینەکانی ڕێبوار محه‌مه‌د

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌