پێویستە گۆڕان ئەم مەهزەلەیە ڕاگرێت..

وتار/ 09/02/2018 1926 جار بینراوە

ڕێبوار محه‌مه‌د

پێویستە گۆڕان ئەم مەهزەلەیە ڕاگرێت..
ڕێبوار محمد ساڵح
دەگێڕنەوە پیاوێکی ساویلکە بەڕێگایەک دا دەڕۆیشت وقاچی کەوتە سەر تویکڵە مۆزێک هەڵخلیسکاوکەوت ،پاشان هەستایەوەو درێژەی بەڕێکردن دا وتوێکڵە مۆزێکی تری هاتەڕێ ،کابرای ساویلکە لەبەرخۆیەوە دەیووت (دەی وەرە تاقەتت بێ جاریکی تر هەڵخلیسکێی)..
دوورلەم باسەی سەرەوە ڕاستیەک هەیە ئەوەیە هەرکەسێک هێندەی تۆزی گەردیلەیەک لە بیرودیدی ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) تێگەیشتبێ دەزانێ ئەو زاتە هەموو هەوڵی بۆئەوە بوو حکومەتێک پەروەردە بکرێ کە لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێ وموخورکەی حزب دابماڵێنێ لە دام ودەزگاکان وبەداخەوە هەر بەو ئاواتەوە سەری نایەوە..
جا بێینەوەسەرباسەکەی خۆمان ،لەسەروبەندی بایکۆت وخۆپیشاندانەکانی ساڵی خوێندنی 2016--2017 بەڕێز بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کە لەسەر پشکی گۆڕانە هەستا بە ئاراستە کردنی داواکاری لە حزبەکان کە فشار لە مامۆستایان بکەن وکۆتایی بەو خەباتە مەدەنیە بهێنن کە مامۆستایان لە پێناوی قوت وبژێویان درێژەیان پێ دەدا و هەمان کات لە پەرچە کردارێکدا گرنگترین توێژی کۆمەڵگا کە مامۆستا بوون بە (فەوزاچی) ناوزەند کرد ،پاشان بەبیانوی کەم تەرخەمی حزبەکان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە دەست لەکارکێشانەوەی ڕاگەیاندو چەندین پەرلەمانتاری کۆن ونوێی حزبەکەی خۆی بەوە تاوانبار کرد کە پشتیوانی لەو ناڕەزایەتیانە دەکەن وئەوەبوو دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەند نەکرا..
خولاسەی کەلام دەبوو بزووتنەوەی گۆڕان هەر ئەوێ ڕۆژێ هەڵوێست وقسەی خۆی هەبوایە کە نەیبوو لەکاتێکدا گرفتی مامۆستایان درێژەی کێشا کە ڕۆژلەدوای ڕۆژ دۆخەکە بەرەوخرا‌پتر دەڕوات وئێستا لەهەموو کات زیاتر مەترسیدار بووە کە لەدوای چەندمانگ بەچارەکە مووچەیەک مامۆستایان ناتوانن درێژە بەئەرکەکانیان بدەن ..
هەرلەم کاتەش دەنگۆی ئەوە بڵاوە کە بەڕێوبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردەکانی سلێمانی بچنەوە سەر هەمان توێکڵە مۆز و بەهەمان تاس وحەمامی کە لەسەرەتاوە باسمان لێوەکردبوو دیسان لەگەڵ حزبەکان کۆببنەوەو فشارێکی ترلەسەر ئەو توێژە درووست بکەن کە لەهەموو توێژەکانی تر زیاتر قوربانی دەستی حکومەتی بنکە فراوانی پێشو و سیاسەتی ئابووری وپاشەکەوت و.....هتدن ،بێ خەبەر لەوەی کەلەهەوڵی یەکەمیش کەباسکرا پێشتر شکستیان هێنا بوو..
لێرەدا پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان کە بەشدارە لەحوکمی خۆجێیەتی زۆر ژیرانە مامەڵە بکات ونەبێتە بەشێک لەو پلانە حزبیانەیەی کە دوورە لە خەونی ڕێکخەری خواڵێخۆشبوویان و چیتر نەبنە مایەی زیاتر بێزارکردنی کۆمەڵانی خەڵک و لەهەمان کات نەبێتە دەستێک لەو دام ودەزگایانەی وەکو پشک وبەرکەوتەی هەڵبژاردن بەدەستیان هێناوەو بەدوور بن لە خامۆش کردنی دەنگی ناڕەزایی..

نوێترین نوسینەکانی ڕێبوار محه‌مه‌د

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌