خەباتی چەکداری(ڕاپەڕین) و نیشانەکانی..
وتار/
16/07/2018
1211 جار بینراوە
ڕێبوار محهمهد
خەباتی چەکداری(ڕاپەڕین) و نیشانەکانی..
ڕێبوار محمد
پێشەکی ئەمەوێ ئەوە ڕوون بکەمەوە کەلە دیدی خۆمدا هیچ کەسێک
هێندەی بەندە عاشقی خەباتی مەدەنی نیەو هەمووکات بانگەشەم بۆ پشوو درێژی وخۆڕاگری کردووەوپێم
وابووە کە خەباتی مەدەنی تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بەئامانج وبەدەست هێنانی داواکاریەکان
ئەمەلە لایەک و پارێزگاری لەگیانی هاوڵاتی و بوونی پەیوەندی تۆکمە لەناو تاکەکان و
بەپیرۆز بینینی گیان وخوێنی هاۆنیشتمانیان لە لایەکی تر، هیچ کاتێکیش لەگەڵ بەکارهێنانی
توندووتیژی وچەک وفیشەک نەبووم ونیم ، بەڵام دواجار ڕەنگە شتەکان هەمووی بەوویست
وحەزی تاکەکان و خەڵکانی دووربین نەگوزەرێ و ئەوەی نامانەوێ وبیری لێناکەینەوە دەشێت
ڕووبدات وبەئاسانی پێشی پێنەگیرێت.
ئەگەر بێینەوە تەوەری باسەکەو بەراوردێک بکەین لەنێوان خەباتی
مەدەنی و خەباتی چەکداری دەبینین تەواو پێچەوانەی یەکدین ،بەشێوەیەک کە خەباتی مەدەنی
بە پرەنسیپ وبەرنامەسازی دەکرێت و ڕێکخەری هەیە و ڕێکخراوترە و ئامانج وداواکاریەکانیش
دیاریکراوە کە تایبەتە بەتوێژێک یان کۆمەڵێک ، بەڵام خەباتی چەکداری (ڕاپەڕین) هەندێک
جار پێویستی بەڕێکخەر نیەوئامادەسازی بۆ نەکراوەوبەشێوەی هەڕەمەکی ڕوودەدات وهەندێ
جاریش بەشێوەیەکی زۆر فراوان تەشەنە دەکات و ئەمجۆرە فراوانترە لە خەباتی مەدەنی و
ئامانجیش لەم جۆرەدا گۆڕێن و کۆتایی هێنانەبەدەسەڵات وحوکمدار ، ئەمجۆرە وەک بومەلەرزە
وایەو کاتێکی دیاریکراوو هەست پێکراوی نیە تەنها ئەوەندە بەسەکە دۆخەکە لە گرێژەنە
دەربچێت و بەخێراییەکی زۆر پانتاییەکی زۆر دەگرێتەوەو کۆنترۆڵ کردنی کارێکی ئاسان
نابێت چونکە هیچ وادەو بەڵێنێک ڕۆڵی نابێت ونابێتە جێی متمانە بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو و
بەکەمتر لەگۆڕینی حوکمدار ڕازی نابن سەرەڕای لێکەوتە خراپەکانیشی.
نیشانەکانی دەرکەوتنی خەباتی چەکداری:
یەکەم : لوت بەرزی حوکمدران ودەسەڵاتی سیاسی وگوێ نەدان
بەداواکاریە سەرەتاییەکانی خەڵک و بێ بایەخ کردنی ڕۆڵی پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن و بێ
دەسەڵات کردنی دام ودەزگاکان و بەهانە هێنانەوە بۆ ناعەدالەتی وگەندەڵی و.....هتد
،پاشان ڕاگرتنی توڕەیی خەڵک بەیەکجۆر لە درۆ وبەهانەی وەهمی بۆ ماوەیەکی زۆر
ودوورودرێژ و دەستاودەستی دەسەڵاتەکان لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان وقۆرخکردنی جومگەکانی
دەسەڵات.
دووەم : سزادان و گرتن و ڕاوەدوونان وکوشتنی چالاکوان و
پیاوانی ئایینی و نوخبەی ڕۆشنبیر و لێنەپێچینەوە و دیارنەمانی بکوژان و دێزە بەدەرخۆنە
کردنی ئەم کەیسانەوچەندین کەیسی تر لەدادگاکان و بێ بایەخ کردنی یاساوبەکارهێنانی
بۆ مانەوەو درێژەدان بە ستەمکاری.
سێیەم : هەوڵدان بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان لە خەڵک وشەرعیەتدان
بەگەوجاندن و نائومێد کردنی خەڵکی لە دواهەمین قۆناغی خەباتی مەدەنی کە هەڵبژاردن
وسندوقی دەنگدانە ودەستکاری و تەزویر کردن و دزینی ئیرادەی خەڵک و لەهەمووئەمانەش
دزێوتر منەت کردن لەسەر هاوڵاتیان سەرەڕای گەندەڵی بێ شومارو دزینی داهات و بڕینی
قوت وبژێوی ونەبوونی مووچەو خراپی خزمەتگوزاری وەکو ئاوو کارەباو ....هتد.
چوارەم : هەندێک نیشانەی تری بچوک ، لەوانە گران کردنی
نرخەکانی ئاوو کارەباو سووتەمەنی وغەرامە و ڕسومات لەسەر خەڵک و درووست کردنی
نائارامی کە باشترین نموونە کوشتنی خەڵک بەچەکی مۆڵەتدار و لەبەرامبەردا گەڕان بەدوای
چەکی بێ مۆڵەت کە ئەمەیان تەنها بۆ چاوترسێن کردن وچاوبەستە .
بەهەرحاڵ هەمووشمان ئەوە دەزانین کە ئەوەی دەسەڵاتداران
وحکومڕانان لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی پشتی پێ دەبەستن ئەو هێزو گروپە چەکدارانەن
کە لە دەوری خۆیان مۆڵیان داون و بەگومانی خۆیان پارێزگاری خۆیانی پێدەکەن بێ ئاگا
لەوەی کە ئەوانیش ڕەنگە یان بەرگەی لێشاوی خەشم وقینی خەڵک نەگرن یاخود بۆ پاراستنی
گیانی خۆیان وقوتاربونیان ئاغاکانیان دەکەنە دەست ودیاری خەڵکی ڕاپەڕیو.
لەکۆتاییدا بەئەرکی خۆمم زانیوە وەکو تاکێکی ئەم نیشتمانە
لەهەر ئەگەرێکی خوازراوو نەخوازراو هەمووان ئاگادار بکەمەوەو هیواداریشم بەهەوڵی هەمووان
ووڵاتمان بەرەوکەناری ئارامی ببەین و بیپارێزین لەهەر جۆرێک لە ماڵوێرانیەک و
داواکاریشم لە هەموو ئەوانەی کە لە لوتکەی دەسەڵاتدان و خۆیان لێ گۆڕاوە جارێکی تر
بێنەوە ناو خەڵک و گوێ لە داواکاری وخواستی خەڵک بگرن و ئەو ڕاستیە بزانن کە پیرەمێردی
نەمر دەفەرمووێ :
کەئاو داری لەسەرسەرگرتووە ئەزانێ چی تیایە
لەلای نەنگە پەروەردەی نقوم کا گەورەیی وایە
نوێترین نوسینەکانی ڕێبوار محهمهد
-
ڕێبوار محهمهد
25/02/2019
-
ڕێبوار محهمهد
28/09/2018
-
ڕێبوار محهمهد
01/08/2018
-
ڕێبوار محهمهد
16/07/2018
-
ڕێبوار محهمهد
09/02/2018
-
ڕێبوار محهمهد
19/04/2017