كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت شكستی‌ سیاسه‌تی‌ ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ ڕابگه‌یه‌نێت

وتار/ 19/10/2016 980 جار بینراوە

جزا احمد فارس

كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان شكستهێنانی‌ سیاسه‌تی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ" ڕابگه‌یه‌نێت

جزا احمد فارس یاریده‌ده‌ری‌ توێژه‌ری‌ سیاسی‌ له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌

سیاسه‌تی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ" ئه‌و دروشمه‌ بوو كه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان(نێچیرڤان بارزانی‌) هه‌میشه‌ به‌كاری‌ ده‌هێنا له‌پێناو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕازییه‌كان، ملكه‌چی‌ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی‌ خۆی‌ بكات، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ساڵی‌ 2014 ه‌وه‌ به‌به‌رده‌وامی‌  بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌نه‌ خاوه‌نی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ"، به‌لاَم به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ شكستی‌ هێناو هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ توشی‌ چه‌ندین قه‌یرانكرد كه‌ ڕزگاربوون لێی‌ كارێكی‌ وا ئاسان نییه‌، هه‌روه‌ها ئێستا كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شكستهێنانی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ ڕابگه‌یه‌نرێت.
خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌قه‌یرانێكی‌ ئابوری‌ زۆر قورسدا ده‌ژین،ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ باجی‌ ئه‌م قه‌یرانانه‌ ده‌ده‌ن بریتین له‌ هاوڵاتی‌ ئاسایی‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ روویداوه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ بڕیاری‌ هه‌ڵه‌ی‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانه‌.
بڕینی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌  وه‌ك ده‌ستپێكی‌ قه‌یرانه‌كان
كاتێك حكومه‌تی‌ عێراقی‌ فیدڕاڵ بڕیاریدا كه‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌نێرێت به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌و ڕێكه‌وتنه‌ی‌ كه‌ له‌ نێوانیاندایه‌، سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم (نێچیرڤان بارزانی‌)‌و وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان(ئاشتی‌ هه‌ورامی‌)مژده‌ی‌ ئه‌وه‌یان ده‌دا به‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ئه‌وان به‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ، ده‌توانن هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌ن به‌ خاوه‌نی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ"، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی‌ باش ده‌بێت وه‌ك هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌م بۆ سه‌ربه‌خۆی‌‌و دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌.
ئه‌و مژده‌یه‌ی‌ كه‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان‌وسه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕایانگه‌یاند سه‌باره‌ت به‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ"، وایكرد كه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ عێراق، ساردیه‌كی‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ‌‌و هه‌روه‌ها هه‌نگاو به‌ره‌و قۆناغێكی‌ ئالۆزه‌ بنێت، هه‌ریه‌كه‌یان به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد كه‌ پابه‌ندی‌ ده‌ستور نابن، سه‌رئه‌نجامی‌ وایكرد خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ ته‌واوی‌ بێئومێد بێت له‌ ناردنی‌ بودجه‌ له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌‌و نه‌بوونی‌ رێگاچاره‌یه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ قه‌یرانه‌ ئابورییه‌كان كه‌ رووبه‌رووی‌ هه‌رێم بوه‌ته‌وه‌.
بونیادی‌ سیاسه‌تی‌ ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ‌و هۆكاره‌كانی‌ شكستهێنانی‌
حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوا به‌دوای‌ ئاڵۆزبوونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ فیدراڵ سیاسه‌تی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ"ی‌ ڕاگه‌یاند.
سیاسه‌تی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ" له‌ سه‌ر بنه‌مای‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت بونیاد نرا بوو، بۆیه‌ سیاسه‌تێكی‌ هه‌ڵه‌بوو، چونكه‌ به‌پێی‌ زانستی‌ ئابوری‌ له‌ پێناو دروستكردنی‌ ئابورییه‌كی‌ به‌هێز پێویسته‌ زیاتر له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ داهات هه‌بێت، له‌ ڕاستیدا ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌یان داڕشت له‌پله‌ بالاَكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوون، به‌لاَم دوربین نه‌بوون، هه‌روه‌ها به‌ شێوه‌یه‌كی‌ نازانستی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌یان داڕشت،بۆیه‌ كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌وه‌ به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌و كاته‌ی‌  ئه‌م سیاسه‌ته‌یان به‌سته‌وه‌ به‌ هه‌نارده‌ كردنی‌ نه‌وته‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یان كاتێك ده‌ركه‌وت كه‌ نرخی‌ نه‌وت دابه‌زی‌ ‌و قه‌یرانه‌كان به‌ره‌و گه‌وره‌بوون چوون‌وده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ ده‌ركه‌وتن.
چونكه‌ له‌كاتی‌ داڕشتنی‌ سیاسه‌تی‌ ستراتیژی‌ درێژخایه‌ن ده‌بوایه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌جۆرێك ئاراسته‌ بكرێت كه‌ بۆ بنیادی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ" زیاتر له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك بوونی‌ هه‌بێت‌و شان به‌ شانی‌ نه‌وت،چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی‌ تر هه‌یه‌ كه‌ بیخاته‌ گه‌ڕ بۆ به‌ ده‌ستهێنانی‌ داهات،له‌وانه‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ ده‌بوایه‌ ئه‌م كه‌رته‌ په‌ره‌ی‌ پێبدرایه‌و له‌و چوارچێوه‌ كلاسیكیه‌و دواكه‌وتووه‌ نه‌مێنێته‌وه‌بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێت به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تری‌ داهات، به‌لاَم نه‌ك بایه‌خی‌ پێنه‌درا، به‌ڵكو ئه‌م سێكته‌ره‌ گرنگه‌ له‌ خراپترین دۆخدایه‌، بۆیه‌ ناكرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ به‌ ده‌ستهێنانی‌ داهات له‌ ئه‌مرۆدا به‌پێی‌ پێویست سودی‌ لێببینرێت،به‌لاَم ئه‌كرێت له‌ ئاینده‌دا به‌ره‌و پێشه‌و ببرێت‌و ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ داهات له‌ ڕێگه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌و پڕكردنه‌وه‌ی‌ پێداویستی‌ ناخۆی‌.
جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌پاڵ سێكته‌ری‌ كشتوكاڵدا چه‌ندین  سێكته‌ری‌ تیریش هه‌یه‌ له‌وانه‌ گه‌شت‌وگوزار، ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌رته‌وه‌ك پێویست گرنگی‌ پێبدرایه‌، ده‌كرا ئه‌مرۆ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ داهات سودی‌ گرنگی‌ هه‌بوایه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بوایه‌ سیاسه‌تی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ"ی له‌ سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌وه‌ دابڕشتایه‌ كه‌ له‌پاڵ سێكته‌ری‌ نه‌وت هه‌ندێك سێكته‌ری‌ تر هه‌یه‌ گه‌شه‌ی‌ پێبدرێت‌و بكرێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ داهات.
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌پاڵ كه‌رتی‌ نه‌وت بایه‌خی‌ به‌ سێكته‌ره‌كانی‌ كشتوكاڵ‌و گه‌شت‌وگوزاردا، ئه‌وه‌ له‌ كاتی‌ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت ده‌كرا سود له‌م دووسێكته‌ره‌ وه‌ر بگیرێت بۆ ئه‌و كورتهێنانه‌ی‌ كه‌ ئێستا رووبه‌رووی‌ حكومه‌ت بوه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ نیگه‌رانیه‌، بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ له‌پاڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ شكستیهێناوه‌، به‌لاَم هیچ به‌رپرسێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌نییه‌ كه‌ شكستهێنانی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ ڕابگه‌یه‌نێت‌و دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ هه‌ڵه‌یان كردووه‌له‌ كاتی‌ داڕشتنی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ بۆ بنیادنانی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ".
ده‌رئه‌نجامی‌  شكستهێنانی‌ سیاسه‌تی‌ "ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ"
كاتێك ئه‌م سیاسه‌ته‌ شكستیهێنا، هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌وته‌ ناو قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌وه‌،هه‌ر بۆیه‌ په‌نای‌ بۆ دواخستنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و پێنه‌دانی‌ موچه‌ برد، ته‌نیا له‌ ساڵی‌ (2015)دا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان موچه‌ی‌ (3) مانگی‌ موچه‌خۆران قه‌رزاره‌.
بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یران، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان  ده‌ستی كرد  به‌ گۆرانكاری‌ له‌ سیسته‌می‌ پێدانی‌ موچه‌و  سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌  ڕاگه‌یاند، له‌ ساڵی‌ (2016)ه‌وه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ كاری‌ پێده‌كرێت‌و له‌ناو هاولاَتییان به‌ (سیسته‌می‌ نیوموچه‌) ناسراوه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندان‌و ناره‌زایی‌ بویه‌وه‌ له‌لایه‌ن موچه‌ خۆرانی‌هه‌رێمه‌وه‌،ئه‌م هه‌نگاوه‌ وایكرد حكومه‌ت به‌ڵێن بدات چاو به‌م سیسته‌مه‌دا بخشێنێته‌وه‌‌و جارێكی‌ تر موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌ت به‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌ دوا ناكه‌ویت.
به‌ڵام تا نوسنی‌ ئه‌م بابه‌ته‌، حكومه‌ت پێداچونه‌وه‌ی‌ به‌ سیسته‌می‌ پێدانی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌كردبوو، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ پێدانی‌ موچه‌كان له‌كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا كه‌ نزیكه‌ی‌ (3) مانگ له‌ دواوه‌یه‌.
جێبه‌جێ نه‌كردنی‌ به‌ڵێنی‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ سیسته‌می‌ نیو موچه‌‌و پێدانی‌ له‌كاتی‌ خۆیدا، بێمتمانه‌ییه‌كی‌ گه‌وره‌ دروستبوو له‌ نێوان حكومه‌ت‌وموچه‌خۆراندا‌و ده‌نگی‌ ناڕازی‌ ئێستا له‌ هه‌مووشوێنێك به‌رزبۆته‌وه‌ دژی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌، ئێستاش كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان  بێته‌سه‌ر شاشه‌كان‌وشكستهێنانی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ ڕابگه‌یه‌نێت‌و داوای‌ لێبوردن له‌ هاوڵاتیان بكات،له‌پێناو ئه‌وه‌ی‌ به‌ هه‌موانه‌وه‌ هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ بدرێت.

[email protected]

نوێترین نوسینەکانی جزا احمد فارس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌