ئەوەی لە شەڕی موسڵ بۆ کورد کێشەیە

وتار/ 18/10/2016 699 جار بینراوە

خالد فرج احمد

ئەوەی لە شەڕی موسڵ بۆ کورد کێشەیە
خالد فرج احمد
خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕی موسڵ زۆری خایاند و، بە بۆچوونی پسپۆرە سەربازییە عێراقییەکان باش خۆی بۆ ئامادە کراوە. لەبەرامبەر ئەو خۆ ئامادەکردنەدا سەرەتای شەڕەکە خاوە، بە تایبەتی لە لایەن سوپای عێراقەوە.
شەڕی موسڵ بە پێی زۆربەی بۆچوونەکان شەڕێکی درێژخایەن دەبیت. بە گرتنەوەی ڕۆژهەڵاتی شارەکەش وازوو ئەو شەڕە کۆتایی نایەت، چونکە هێزەکانی داعش شارەکە وا بە ئاسانی بەجێناهێڵن و، گومانی تێدانییە ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەش کشانەوە یان شکان، لە ڕۆژئاوای شارەکە خۆیان قایم دەکەن.
عێراق لە دوای خستنی سەدام حسینەوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا کێشەی مادەی ١٤٠ لە گەڵ کورد هەیە. تا ئێستا هیچ شتێک بۆ مادەی ١٤٠ نەکراوە و، بەردەوام مشتومڕ لەسەر ئەو کەیسە کراوە و، بەغداد مل بە هیچ چارەسەرێک نادات.
ئێستا دوای گرتنەوەی چەند گوندێک لە ناوچەی موسڵ لە لایەن پیشمەرگەوە و، ڕاگەیاندنی ئەوەی کە پێشمەرگە لەو جێیانەی گرتوویەتی و لە داهاتووشدا دەیانگرێت ناکشێتەوە، هەڵوێستەیەک بە بەغداد دەکات. بە بڕوای من کێشەی کورد لە ئیدارەدانی موسڵدا هێندەی مانەوەی لەو ناوچانەی دەیانگرێت قورستر نابێت.
لە لایەکی ترەوە پەلەکردنی کورد بۆ کۆنترۆڵکردنی پانتاییەکی زیاتر و، سست ڕۆیشتنی سوپای عێراق کێشە بۆ کورد دروست دەکات و، مەترسی لەوەدایە شەڕەکە ببێت بە میراتی و بۆ کورد بمێنێتەوە.
ئەو سوپایەی عێراق کە ئێستا ڕووی لە موسڵ کردووە، بەشێکیان ئەو سەربازانەن کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەبەردەم ١٥٠٠ چەکداری ڕێکخراوی داعش شکان و هەڵاتن. ئێستا دوای مەشق پێکردنیان لە لایەن ئەمریکییەکانەوە، هاتوونەتەوە بۆ شەڕی موسڵ و، هەندێکیان بە گیانی تۆڵە سەندەوەوە هاتوونەتەوە و، هەندێکی تریشیان ترسی شکانی ساڵی ٢٠١٤ لە دەروونیاندا ماوە. ئەگەر ئەو سوپایە ئەمجارەش بشکێتەوە، حکومەتی عێراق بەشداریی کردنی حەشدی شەعبی فراوانتر دەکات. ئەوەش مەترسییەکی هەنووکەیی لەسەر خەڵکی موسڵ دروست دەکات و، لە داهاتووشدا ئەگەری ئەوە هەیە بە پێشمەرگەدا هەڵبپرژێن.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا کورد چ زەمانەتێکی وەرگرتووە و کێ شاهیدە بۆ ئەوەی سیناریۆییەکی لەو جۆرە بەرۆکی کورد نەگرێت؟

نوێترین نوسینەکانی خالد فرج احمد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌