ئەو ڕۆژەی لەبەر وتەی تروکمانێک بڕیارێکی هەڵەم دا!

وتار/ 26/09/2018 983 جار بینراوە

ئاکام وەزیری

ئەو ڕۆژەی لەبەر وتەی تروکمانێک بڕیارێکی هەڵەم دا!
نووسینی:ئاکام سەمەد
زۆرجار مرۆڤەکان بڕیاری هەڵەدەدەن جابڕیارەکەی بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ببێتە هۆی ڕوودانی نەهامەتی بەسەر خێزانەکەی یان نیشتمانەکەی، هەموو کات ئەو بڕیارانە هۆکاری خۆی هەیە، هەندێکجاریش لەکاردانەوەی وتەیەکە.

منیش کەسوپاس بۆخوا خۆم بەگەنجێکی نیشتمانپەروەر دەزانم، یەکێکم لەو کەسانەی کەبەهۆی کەسێکەوە تووشی بڕیارێک بووم کەیەکێک بوو لەو بڕیارە سەقەتانەی نەهامەتی بەسەر گەلەکەم داهێنا ئەویش دەنگدانم بوو بەبەڵێ لەڕیفراندۆم دا

بەداخەوە لەلای ئێمە کەسانێک هەن والەخەڵک دەگەیەنن کەئەوان نوێنەری خەڵکن کەئەگەر خەڵک لەگەڵ ئەوان نەبن ئەوا خائینن بۆیە ئێستا کەم کەس هەن جورئەتی ئەوەیان هەبێت دان بەهەڵەی ئەوە دابنێن کەلە ڕیفراندۆم دەنگی بەبەڵێ داوە.

من وەک خۆم لەساڵی ڕابردوودا لەکاتی بانگەشەی ڕیفراندۆم دا یەکێک بوو لەو کەسانەی خۆم یەکلانەکردبووەوە بەڵام لەچوارچێوەی چەند وتارێکدا کەبەنووسین و وێنە و ڤیدیۆ لەئەکاونتی خۆم لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دامنا ئاماژەم بەمەترسییەکانی ڕیفراندۆم دەدا کەلەنموونەی نووسینێکم لە۱۷-۸-۲۰۱۷ و نوسینێکم بەناوی کەرکوک بەڕیفراندۆم ئازارمەدەن لەمانگی۹-۲۰۱۷دا بڵاوم کردەوە کەتیایدا بەڕونی باسم لەمەترسییەکانی ڕیفراندۆم دەکرد.

بۆچی دەنگم بەبەڵێ دا لەکاتێکدا خۆم مەترسییەکانم دەزانی؟

ئەو کاتەی دەنگم دا بەبەڵێ لەڕیفراندۆم درەنگانی شەوی ۲٤-۹-۲۰۱۷بوو ئەویش بەهۆی قسەی هاوڕێیەکی تروکمان کە ڕاستەوخۆ گوتی: "ئێوە لەڕیفراندۆم دەنگ بەبەڵێ بدەن یان نا تەنها دوو ڕۆژتان ماوە لەکەرکوک ئیتر دەردەکرێن" ئەم قسەیە کاریگەری زۆری لەسەرم هەبوو کەوای کرد بڕیارێکی هەڵە بدەم لەژیانم دا کەپەشیمانم لێی، هەموو کات هاوڕێیانم پێیان گوتووم بۆچی لەو بڕیارە پەشیمانیت؟ ڕاستی هۆکاری پەشیمانی من لەو بڕیارە ئەوەیە کەوا من خۆم دەمزانی چیمان بەسەردێت بەڵام ئاخیری دەنگم دا بەبەڵێ، هەروەها یەکێکی تر لەهۆکارەکانی پەشیمانی من لەدەنگدان بەبەڵێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بێڕێزییەی سەرۆکی حکومەت بەرامبەر بەئێمەی دەنگدەری کرد کەلەهەمان ڕۆژی دەنگدان گوتی ئەم ڕیفراندۆمە بۆدەوڵەت نییە و سبەینێش ئاڵای عێراق لەپشتمەوەیە لەکاتێکدا لەکاتی بانگەشە دەیانگوت ۲٥ـی مانگ دەنگ بدەن ۲٦ـی مانگ دەوڵەت ڕادەگەیەنین، یەکێکی تر لەهۆکارەکانی پەشیمانیم ئەوەیە کەڕیفراندۆمەکە ساختە بوو بەومانایەی کەئەگەر دەنگم بدایە یان نا بەڵێ هەر سەردەکەوت، من ئەو ڕۆژەی چووم دەنگم دا لەناوبنکەکە بەشێوەیەکی زۆر ناشرینانە کارتی دەنگەکەیان لێم وەرگرت سەیری ئەوەیان کرد کەدەنگم بەچی داوە بەبەڵێ یان نەخێر هەروەها ڕێگەیان پێم نەدا پەنجەم مۆربکەم بەڵکو گوتیان کاتژمێر٥:۰۰وەرەوە دەنگێکی تر بدە، ڕۆژێک پێش دەنگدان لەبەردەم یەکێک لەبنکەکانی دەنگدان بووم کارمەندانی ئاسایشی (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) بەیەکەوە دەیان پاراست کارمەندێکی ئاسایشی پارتی خۆی باسی کرد و گوتی: "لەکەرکوک دەنگ بدرێت یان نا بەڵێ هەر سەردەکەوێت و ڕێژەکەشی دیاری کراوە بەبڕیاری سەرۆک بارزانی نابێت۷۲٪ کەمتر بێت"، هەموو ئەوانە هۆکاری ئەوەن کەوا بڵێم پەشیمانم کەدەنگم بەبەڵێ داوە دڵنیام بەشی زۆری خوێنەران ئەم قسانەی منیان پێڕاست نییە و بەدرۆی دەزانن بەڵام من لەهەردوو دوونیا بەپرسیارم لەقسەکانم.

نوێترین نوسینەکانی ئاکام وەزیری

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌