گەڕانەوەی دکتۆر بەرهەم لەپای چی؟!
وتار/
23/09/2018
1129 جار بینراوە
كارزان شوشكهیی
گەڕانەوەی دکتۆر بەرهەم لەپای چی؟!
دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە شاری سلێمانی لە ٨ی ئەیلولی ساڵی ١٩٦٠ز. لەدایک بوە، ژیانی هاوسەری پێک هێناوە و خاوەنی کچێک و کوڕێکە، بەیەکێک لە کەسایەتیە دیار و بەرچاوەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستان دادەنرێت و خاوەن ئایدۆلۆژیاو بیر و هزرێکی ڕونە، لەکۆتایی ساڵی ١٩٧٦ز. دا پەیوەندی دەکات بە ریزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لەماوەیی کارکردنیشیدا چەندان پلە و پۆستی گەورە وەردەگرێت کە گرنگترینیان کراوە بەسەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان(ناوچەی سەوز) لەساڵانی ٢٠٠١-٢٠٠٤ز. و پاش روخانی ڕژێمی بەعسی عێراقیش، ڕۆڵێکی گرنگ و بەرجاوی هەبوە لە بونیاتنانەوەی حکومەتی عێراقدا و بۆتە جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتی عێراق لەنیوەی دوەمی ساڵی ٢٠٠٤ز و پاشان بوە بە وەزیری پلان دانان لەحکومەتی ئینتیقالی عێراق لەساڵی ٢٠٠٥ز. دواتر لە ساڵەکانی ٢٠٠٦ -٢٠٠٩ز. پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی یەکەم حکومەتی هەڵبژێردراوی عێراقی پێسپردراوە.
دوایی گەڕانەوەی لە بەغدا دەکرێتە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەکابینەی شەشەم ناسراوە لەساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٢ز.
لەناو ئۆرگانەکانی حیزبیش دا هەتا پلەی جێگری دوەمی سکرتێری گشتی حیزبەکەی دەجێت و دوایی ململانێ و ڕودانی چەندکێشەیەك و بێهیوا بونی لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری دا ،دوای ساڵانێکی زۆر کۆتایی بەکاری سیاسی خۆی دەهێنێت لەناو ریزەکانی یەکێتی دا بە ڕاگەیاندنی قەوارەیەکی سیاسی بەناوی(هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٧ز دا.
دوایی بەشداری کردنیشی لەیەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تەنها دوو کورسی بەدەستهێنا ئەوەش لای زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی بە شکست لەقەڵەمدرا.
ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگەش بەڕەسمی گەڕانەوەیی بۆناو ریزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیاندو داوایی لە هەموو هاودیدان کرد کاربکەن بۆیەکخستنەوەی هێزو تواناکانیان بۆ یەکگرتنەوە لەپێناوی بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان، پرسیاری جدی ئێستا لای زۆرێک لەهاوڵاتیان و چاودێرانی سیاسی ئەوەیە گەڕانەوەی دکتۆر بەرهەم لەپای چی؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش دیدگا و بۆچونی جیاواز هەیە و دابەش بون بەسەر دوبەرەی سەرەکیدا، بەرەی یەکەمیان پێیان وایە گەرانەوەیی دکتۆر بەرهەم تەنیا لەپێناوی پۆست و پلەدا بوە کەزیاتر بەرەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دژ و لایەنگری حیزبەکانی تر و کەمێک لە هاودیدانیش پشتگیری ئەو بەرەیە دەکەن، بەڵام بەرەیەکی تر هەیە کە پێچەوانەی ئەوان بیردەکاتەوە وا وێنەی دەکەن پۆستی سەرۆک کۆماری پێویستی بە دکتۆر هەیە نەک بە پێچەوانەوە، گەڕانەوەشی تەنها بۆ خزمەتی بەرژەوەندیەکانی خەلک و یەک ریزی ناوماڵی کورد بوە، بونی کەسایەتی دکتۆر لەپۆستی سەرۆک کۆماریدا گرنگی خۆیی هەیە کە لۆبیەکی باشی هەیە لەناوخۆ و دەرەوەدا بەتایبەت بۆ ستراتیژیەتی ئەمریکا کە دکتۆر بەرهەم وەک کەسێکی نزیک لەوان دەرکەوتوە و سور بونی ئیدارەی ئەمریکاش لەسەر گەرانەوەیی دکتۆر بەرهەم بۆناو کایەیی سیاسی عێراقدا لەم کاتە هەستیارەدا بە گرنگ دەزانن، بێشک گەڕانەوەی دکتۆر بەرهەم بۆ عێراقییەکان بەرهەم دار دەبێت و بۆلایەنگر و دۆستانی یەکێتیش مایەیی خۆشحاڵیە و بۆ هەموو لایەک ڕون بۆتەوە دور لە ڕێبازەکەی مام هیچ ئەجێندایەکی سیاسی گەشە و نما ناکات.
تاکە ترسی یەکێتیەکان لە گەڕانەوەیی دکتۆر بەرهەم سەرهەڵدانەوەی فرە کوێخای و ناکۆکییە کۆنەکان بێت، چونکە لەئێستا لەهەموو کات یەکێتیەکان یەکگرتوتر و تەباترن و گەڕانەوەیی دکتۆر بەرهەم بکرێتە هۆکارێک بۆ ئاشتەوایی زیاتر وپاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی، لەداهاتودا بەرهەمی گەڕانەوەیی بەرهەم بچنەوە.
گەرچاوێک بەڕابردویی ئەو پیاوەدا بخشێنینەوە زۆر بەڕونی ئەوەمان بۆدەردەکەوێت کە ئەوتەنیا پیاوی حکومەتە و لێزانە لە کاروباری حکومەتدا، بەڵام بۆکاری حیزبایەتی سیاسیەکی عەیار٢٤ نیە.
نوێترین نوسینەکانی كارزان شوشكهیی
-
كارزان شوشكهیی
03/11/2020
-
كارزان شوشكهیی
14/07/2019
-
كارزان شوشكهیی
25/12/2018
-
كارزان شوشكهیی
01/10/2018
-
كارزان شوشكهیی
26/09/2018
-
كارزان شوشكهیی
23/09/2018