گریمان شاسوار فیلی ساحەیە ! ئەی دوای ئەوە ؟

وتار/ 25/08/2018 667 جار بینراوە

سامان ره‌باتی

گریمان شاسوار فیلی ساحەیە ! ئەی دوای ئەوە ؟
سامان ڕەباتی
ئەو چوار ڕاستیەی شاسوار نەیتوانیوەو ناتوانێ لێی ڕابکات :
١- ھەڵتۆقین لەسەردەمی سەردەستەیی مافیاکان .
٢- دەستخستنی موڵکی گشتی بەھەڕاج بۆ پرۆژەی کەرتی تایبەت .
٣- شکاندنەوەی پشکداری لە (چاڤی لاند)لەقازانجی خۆی .
٤- خۆدزینەوە لە باج و کرێی خزمەتگوزاریە گشتیەکان .

نایەم قسە لەسەر ئەو خاڵە لاوازانەی تازە بزنسمانێکی سیاسی بکەم ، بەڵکو گریمانەیەک دائەنێم کە شاسوار بە ڕوی سورو سەری بەرزەوە لێیان دەرئەچێت .

بۆیە بە دوو پرسیار دەستپێئەکەم :- پرسیاری یەکەم : ئەگەر ھێزی خۆڕاگری بەنداو لە ھێزی تەوژم و پاڵەپەستۆی ئاوی ڕوبارەکە زیاتر نەبێت ئایا ئەتوانێ خۆگربێت !؟ بەدڵنیایی نەخێر ،
ئەی ئەگەر ھەر لە بنچینەوە بەنداوەکە دروستنەکرابو ، بەڵکو لەبەرھێزی لافاوەکە پێویستی بە ئەندازیارو شمەکی زۆرو کاری پێکەوەیی و ھەرەوەزی ھەبێت ، تا ئەگەری سەرکەوتنی پرۆژەکە لەسەرگرتن نزیک بێتەوە ، لێرەوە  پرسیاری دوەم : ئایا مەعقولە یەکێک لەکەرستەکانی بەنداوسازیەکە بێت و بڵێ خۆتان لابەن خۆم بەتەنھا ئەو لافاوە ڕائەگرم !!!

لەژێر ڕۆشنایی ئەو دوو پرسیارە لۆژیکیە ئەگەر شەن و کەوی خیتابی شاسوار بکەین و وە سەداسەد گریمانەی ئەوە دابنێین کە دڵسۆزەو ڕاستگۆیە و ئەجندای (ناوخۆی و دەرەکی) لە پشت نیە بەو پێودانگەش بۆمان دەرئەکەوێت ئەو خیتابەی کەلەھەمان ژینگەی سیاسی و عەسکەری و ئابوری ، وە بەرامبەر ھەمان کارەکتەری قۆرغکاری حوکمڕانی ، دێت و ھەمو ئۆپۆزسیۆن زەڕبی سفر ئەکات ، لە خۆگەوجاندنی شاسوارنەبێت ھیچی تر نیە ، ئەم دێڕەی ئەخیر بۆ ؟
چونکە ژیری و مەنتیق ئەڵێ پێش ھەر حوکمڕانیەکی تەندروست ، ئەبێ پرۆسەیەکی سیاسی تەندروست بێتە دی ، ئەمەش ھەروەکو نمونەی بەنداوەکەی باسمکرد ، ئەبێ بەھێزتربێت لە ھێزی قەبارەی ئەو ئاوەی گلی ئەداتەوە ، کەواتە نەک (گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی ) بەتەنھا و بەبێ ئەویتر واقیعەکە ئەتوانن بگۆڕن بەڵکو بۆ کاری ھاوبەش لەسەر پرەنسیپی حوکمی ڕەشید ئەبێ ھاوکاربن چونکە پایەکانی حوکمی فاسد ٢٧ ساڵە شادەماری ئابوری و دیبلۆماسی کۆنترۆڵکردوە ، چجای ئەوەی ھێزێکی تازە بێتو بڵێ ئا خۆتان لابەن باڕایماڵم ، ئەم خیتابە لە ئەوپەڕی بەرائەتا تەعبیرە لە خەیاڵ و گرتنەبەری ڕێکاری نا عاقڵانی بۆ گۆڕانکاری ، عەقڵ چۆن ڕێگە ئەدات ھێزێك بێت و ھێزگەلێک سفربکاتەوە کە بە ڕێژەی جیاواز لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی بێویژدان خاوەن ھەڵوێستبون ، ئەمە مانای وانیە ڕەخنەیە لە ڕەخنە ، بە پێچەوانەوە ڕەخنە دۆزینەوەی کەلێن و خاڵی لاوازە ، کەواتە ڕەخنە داینەمۆی بەردەوامیە ،
سیناریۆی پاشە ڕۆژی ئەم ھێزە(نەوەی نوێ) لە داھاتوی چوارساڵی تر : وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد ئەم خوێندنەوەیە لەگریمانەی بێ خەوشوخاڵی ئەم بزوتنەوەیە دێت ، ئەگینا خوێندنەوەکە لەسەر ئەو دەیان گومانە نزیك لە ڕاستیانەبکرێت کەلەسەر ئەم ھێزە ھەیە ، ئەوکات وێنەکە زۆر ڕونتر دیارە کە ئامانجی سەرەکی لێی ( وەرگرتنی پێشەنگیە لە ئۆپۆزسیۆنێکی حەقیقی بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی نمایشکاری لاواز ، وەپێدانی پەراوێزێک لەئازادی بۆ زیاتر خڕبونەوەی خەڵکی لێی تا واپیشان بدرێت ھێزێکی جەریئە ئەمەش بۆزیاتر بێھیواکردنی خەڵکی لەھێزە ڕەسەنەکان )
لەژێر ڕۆشنایی گریمانەی ئەو پەرێزپاکیە ، ئەم ھێزە با وا دابنێین ٢٥ کورسی ئەھێنن وەکو یەکەم بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسی ، وەھەر بۆ دڵخۆشی ئەوان پارتی و ھەمو ھێزەکانی تر لە ٢٥ کورسی کەمتر ئەھێنن ، واتە نەوەی نوێ بو بەزۆرینە ، بۆیە ئەبێ حکومەت تەشکیل بکات ، لەگەڵ کێ و چۆن ؟! بەھۆی خیتابی سفرکردنەوەی بەرامبەر متمانەی بۆخۆی نەھێشتۆتەوە لەلای ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان ، تەبعەن لەگەڵ یەکێتی و پارتیش حکومەت تەشکیل ناکەن ، ئەی دوایی ؟! ھێزی دوەم کە پارتیە تەکلیف ئەکرێت بە پێکھێنانی حکومەت و دوای ھەوڵێکی زۆر نیوە +١ حکومەت تەشکیل ئەکرێت و نەوەی نوێ وەکو ھێزی براوەی یەکەم ئەیکات بەھات و ھاوارو ھاش و ھوش کە غەدری لێکراوە ، بۆیە ئەبێتە ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەخت ، بەڵام لەو ماوەی ئۆپۆزسیۆن بونە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە بەشێک لەئەندام پەرلەمان و ھەندێ لەسەرکردەکانیانەوە ئەکرێت و بەشێکیان بەرگەی ئەو ھەمو موغرەیاتی پارەو ڕەفاھیەتە پێشنیارکراوانە ناگرن و سەرەنجام خۆیان ھەرزان فرۆش ئەکەن و دوای چوار ساڵی تر ئەم ھێزەش متمانەی زۆرینە لەدەست ئەدات و ھێزێکی تر قوت ئەکرێتەوە و دورنیە بەشێکی ھەر لەکاک شاسوار خۆی جیانەبنەوەو ئیدعای گۆڕانکاری حەقیقی بکەن ، بەم شێوەیە ئەم خولانەوە لە بازنەی وەھمی وەرگرتنی پێشەنگیی لە گۆڕانکاری و نەخوێندنەوەی ھێزە چاکسازەکان و نەبونی تەنسیق و کاری جدی و دیاریکردنی زەرورەتی قۆناغەکە بێجگە لەخزمەتێک بە دەسەڵاتی تاقمەکانی ناوحیزبی حاکم ھیچی تر نیە ،
لە کۆتاییدا ئەڵێم لەسەر بنەمای ئەگەری بێخەوشی شاسوار و وە ئەگەری ئەوەی کە شاسوار (داشی دامەیە)و پەنجەی موخابەراتی ئیقلیمی و بەرژەوەندی حیزبی حاکم ئاڕاستەی ئەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای خۆیان ، لە ھەردوو ئەو حاڵەتە نابێ خەڵکی وشیارو عاقڵمەند لە شاسوار کۆببنەوەو بەھێزی بکەن ، بەڵکو فشار دروستبکرێت لەسەر ھێزە ناڕازیە     پەرتەوازەکان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی تۆکمەی وا کە ھەر لەئێستاوە دڵنیایی بەن بە خەڵکی کوردستان کە لەئەگەری بەدەستھێنانی زۆرینە پێکەوە حکومەت دروستبکەن ، یان لە ئێستاوە بنەماسەرەکیەکانی کاری پێکەوەبونی پەرلەمانی و ڕێکەوتن لەسەر پرەنسیپی بەرەو حوکمی تەندروست ڕاگەیەنن و میساقی شەرەف ئیمزابکەن ، چونکە خەون و خەیاڵە بەبێ یەکتری گۆڕانکاری گەورەبکرێت ....

نوێترین نوسینەکانی سامان ره‌باتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌