هەرێم و پەرلەمان..
وتار/
30/07/2018
717 جار بینراوە
سهلیم كۆیی
هەرێم و پەرلەمان..
نوسینی : سەلیم کۆیی
ئاشکرایە خەونی لەمێژینەی کوردبەگشتی و هەرێمی کوردستان
بەتایبەتی ، پێکهێنانی دەسەڵاتێکی خۆجێیی وسیستەمێکی پەرلەمانی بوە ، تا ئاستێک
بتوانێ ئاواتەکانی دانیشتوانەکەی تیادا بەدی بێ ، هەموولایەک لە ژێرسایەو سێبەریدا
سەقامگیر بێ و هەوای ئازادی تیادا هەڵمژێ .
باشوری کوردستان لەدوای نەهامەتی و ڕشتنی خوێنی هەزارەها
ڕۆڵەی دلسۆزوخۆشەویست لەپێناو بەدیهێنانی حکومڕانیەکی خۆماڵی و پەرلەمان ، لەپێناو
ڕزگاربون لەژێر نێزەی زوڵم وستەمی بێگانە ،لەقۆناغی ئێستادا دوای بەڕێکردنی چوار
خولی پەرلەمان ،کەچی تا ئێستا (پەرلەمان)
دەسەڵاتی یاسادانانمان نەیتوانیوە نوێنەرایەتی
ڕاستەقینەی خەڵک بێ و بەئەرکی خۆی هەڵسێ لەدەرکردنی
یاسا لەبەرژەوەندی گشتی و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) ٫ نەیتوانیوە دۆخێک بێنێتە ئاراوە تا هاووڵاتی بتوانێ دەنگ بە حکومەتێک بدات کە یاساکانی پەرلەمان
جێ بەجێ بکات و ڕێز لە پەرلەمان بگرێ کە بەرزترین موئەسەسەی ئەم هەرێمەیە .
پەرلەمان
لەهەمووووڵاتانی پێشکەوتوو ڕێز لێ گیراوەو هەیمەنەی تەواوی هەیە بەسەر دەسەڵات
ودامەزراوەکانی تر ، هەروەها ئەندامانی پەرلەمان
بەهۆکاری ئەوەی هەڵبژێردراوی گەلن بەپێی یاسا پارێز بەندیان هەیە بۆ ئەوەی هیچ کەس
ولایەنێک نەتوانێ ڕێگری لەو دەسەڵاتەو وبڕیارەکانی
بکات ، بەڵام پەرلەمان لەهەرێمەکەی ئێمە خاوەنی بودجەو موچەیەکی لەڕادەبەدەرە لەسەر
حسابی داهاتی گشتی و لەسەر شانی میللەت ، جگە لەوەی خاوەنی چەندین لیژنەو دەیان ڕاوێژکارە
لەسەرجەم سێکتەرو بوارەکان دا، کەچی چوار
خولی پەرلەمان مان بەڕێ کرد تا ئێستا نەتوانراوە دەستی حزب لە حکومەت دور بخرێتەوە
، نەتوانراوە خاوەنی داهات وبودجەی دیارو سەربەخۆ بین ،
پەرلەمان نەیتوانیوە لێ پرسینەوەلەگەل هیچ وەزیر و بەرپرسێکی
حکومەت بکات ، بەجۆرێک کەسێک شارەزای گوزەرانی خەڵکی هەرێم نەبێ وادەزانێ هیچ کەم
وکوڕیەکمان نیە ، بەڵام خۆمان باش دەزانین هیچمان بەسەر هیچەوە نیە.
ڕێکخراوەکان
و خەڵکی لێقەوماو هاواری زۆریان بۆ بردن و
چونە بەردەمی پەرلەمان بەڵام دیارە ئەوەی جێگای چاوەڕوانی خەڵک بوو نەهاتەدی تا
کار گەیشتە ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان وسکرتێرو ئەندامانی پەرلەمان هەڕەشە لێکردنیان
، لە ئێستادا فراکسیۆن و ئەندام وحزبەکانیش لەبەردەمی هەڕەشەی گەورەتردان وشەڕ بەردەرگای پەرلەمانی گرتوەو تاوانبار دەکرێن بە
داعش وڕاوەدونانیان .
لە ئێستادا دوای ڕووداوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەبینای
پارێزگای هەولێر پەڕلەمان لەڕێگەی لیژنەی
ناو خۆوە نەتوانێ ئەو تۆمەتانە ساغ بکاتەوە و ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر ئاخۆ ڕاستە یان
نا ، ئەی چ باس وپرسێک بەئەرکی خۆی دەزانێ ؟ پێم وایە پەرلەمان بەرپرسیاری یەکەمە لە
یەکلایی کردنەوەی ڕوداو و پرسە هەستیارەکان ، ئێستا لەبەردەمی هەڵبژاردنین بۆ خولی
نوێ ، ئەگەر وەکو خولی ئێستا و خولەکانی ڕابردوو بێ ،
کاتێ پەرلەمان لیژنەی پەروەردەی هەیە و مامۆستا شەقی تێهەڵدەدرێ
، کاتێ لیژنەی ئەوقافی هەیە و زانایان ڕووبەڕووی ڕاگواستن و لادان لەسەر مینەبەر و
سوکایەتی دەبنەوە ،
کاتێ لیژنەی دەست پاکی هەیە و سامانی بەرپرسان لەوپەڕی ناڕوونی دایە ،
کاتێ لیژنەی نەوت وسامانی سروشتی هەیە و داهاتی نەوت کەس
نایزانێ ،
کاتێ لیژنەی دارایی هەیە و هەر ڕۆژێ چین وتوێژێک بۆ موچە
لەخۆپیشاندان دایە ،
کاتێ لیژنەی مافی مرۆڤ هەیە و هاووڵاتیان بەسواڵکردنیش لەبەردەرگای
حکومەت ماف یان بۆ دەستەبەر نابێ،
کاتێ لیژنەکانی پەرلەمان لەگەڵ ئەو هەموو فەزاحەتە دوای بەدواداچون
و ماندوبونێکی زۆر هیچیان بۆ ناکرێ ، کەواتە
جگە لە خۆماندو کردن بەولاوە شتێک بۆ خەڵک
نامێنێتەوە .
نوێترین نوسینەکانی سهلیم كۆیی
-
سهلیم كۆیی
05/12/2019
-
سهلیم كۆیی
08/04/2019
-
سهلیم كۆیی
30/07/2018
-
سهلیم كۆیی
20/06/2018
-
سهلیم كۆیی
15/03/2018
-
سهلیم كۆیی
02/03/2018