ھەڵبژاردنەکانی تورکیا

وتار/ 23/06/2018 821 جار بینراوە

ئالان ڕەئوف

ھەڵبژاردنەکانی تورکیا

ئالان ڕەئوف


بڕیاڕە سبەی یەک شەم ٢٤ ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ، ھەڵبژاردنی پێشوەخەتە بۆ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت ، چاوێکی زۆر لەسەر ئەم ھەڵبژاردنانەی تورکیا ھەیە و چاودێرانی ناوخۆی و دراوسێ و ئەروپا چاودێری پڕۆسەکە دەکەن و وەک بەشێک لە چاودێران دەڵێن گۆڕانکاری گرنگ ڕوودەدات لەم ھەڵبژاردنەدا

لەم وتارەدا لام مەبەستە سیناریۆکان و دەنگی لایەنەکان و ڕێژەی بەشداری کردنی دەنگدەران بخەمە ڕوو

لە وڵاتی تورکیا ٨١ ملیۆن ھاوڵاتی دەژێتن کە بەشێکیان کورد زمانن و لە باکوری کوردستان دا خڕبونەتەوە بەشی ھەرە زۆریان ، ٥٩٣٩١٣٢٨ پەنجا و نۆ ملیۆن و سێسەد و نەوەد و یەک ھەزار و سێسەد و بیست و ھەشت ھاوڵاتی لە تورکیادا مافی دەنگدانیان ھەیە و دەتوان دەنگ بدەن بەو کاندیدە و لایەنەی کە دڵخوازیانە و بونەتە جێگای متمانە لایان

لەم ھەڵبژاردنە پێشوەختەدا کە پارتی مەھەپە " پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی " لە سەرەتای ئەمساڵ دا پێشنیازی کرد بو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە سەرۆکی پارتی ئاکەپەیە " پارتی داد و گەشەپێدان " ، ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت واتە ١٧ مانگ ھەڵبژاردنەکان ھێنرایە پێشەوە و بە ٢ مانگ لە پەرلەمانەوە بڕیاڕ درا و دەنگی بەدەستھێنا و سەرۆک کۆماریش کە پێشوازی لە پێشنیارەکەی مەھەپە کرد قبوڵی کرد و بڕیاڕ درا لەبەری ئەوەی لە ٣ ی ١١ ی ٢٠١٩ دا ئەنجام بدرایە ھێنرایە ٢٤ ی ٦ ی ٢٠١٨ ەوە ، بڕیاڕی پێشخستنی ھەڵبژاردنەکان ناڕەزای و ناکۆکی لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیای لێکەوتەوە بەتایبەت ھەردوو پارتی ئۆپۆزسیۆن جەھەپە " پارتی گەلی کۆماری " لەگەڵ ھەدەپە " پارتی دیموکراتی گەلان " ، ئەم دوو پارتە ئۆپۆزسیۆنە وەھا باس لە پێشخستنی ئەم ھەڵبژاردنە دەکەن و دەڵێن ، بەھۆی ئەوەی بەھای ئابوری لە تورکیا وردە وردە بەرەو داڕوخان دەچێت و لیرەی تورکی بەھاکەی کەمدەکات لەبەرمبەر دۆلار دا و زۆربونی ڕێژەی بێکاری و کەمبونەی گەشتیار بۆ وڵات کە سەرچاوەیەکی باشی داھات بوو بۆ تورکیا و بەرتەسکردنەوەی ئازادیەکان ئەمانە وەھای کردووە ئەردۆغان ڕەخنەی زۆری لێبگیرێت لەلایەن نەیارەکانیەوە و ببێتە ھۆی کەمبنەوەی باڵانسی ھێزی لەلایەن جەماوەرەوە و ھەروەھا ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە ئەنجامی دا بۆ داگیرکردنی عەفرین و خاکی سوریا و پاشان بەڵێن دەدات ھێرشبکاتە سەر قەندیل و مەخمور و شەنگال ، دەیەوێت لەم ڕێگایەوە و بەرھەمی ئەم کارانەی بە بەدەستھێنای خێرای دەنگی ھاوڵاتیانی بەدەستبھێنێت و مسۆگەری بکات نەک تا یەک ساڵ و نیوی دیکە دانیشێت و خەڵک ئەم کارانەی لەبیرچێتەوە و زیاتر شکست بھێنێت و نفوزی لە وڵات دا کەمبکات ، بۆ مسۆگەرکردنی پێنج ساڵی داھاتوی وڵاتەکەی و پەسپاندنی گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بو سەرۆکایەتی ئەم ھەڵبژاردنە پێشوەختەی ڕاگەیاندووە

لەم ھەڵبژاردنەدا ھەشت پارتی سیاسی بەناوەکانی
١- ئاکەپە (پارتی داد و گەشەپێدان )
٢- جەھەپە( پارتی گەلی کۆماری )
٣- ھەدەپە ( پارتی دیموکراتی گەلان )
٤- ھودا پار ( پارتی دۆزی ئازاد )
٥- ئی پارت ( پارتی باش )
٦- مەھەپە ( پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست )
٧- پارتی سەعادەت
٨- پارتی نیشتمان

کێبڕکێ لەسەر ٦٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن کە لە ٨١ پارێزگای تورکیادا کاندیدیان ھەیە بەجۆرێک ٤٨٠٠ کاندیدی ئەم ھەشت پارتە لەگەڵ ٦٨ کاندیدی سەربەخۆ کە ٣٨٢٣ کاندید پیاو و ٩٧٧ کاندید ئافرەتن کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی متمانەی دەنگدەران و چونە پەرلەمانی تورکیا

لەم ھەڵبژاردنەدا بۆ پەرلەمانی تورکیا ژمارەیەک پارت ھاوپەیمەنێتیان ڕاگەیاند بۆ پەرلەمانی تورکیا بەم جۆرە

١- (ئەکەپە + مەھەپە ) ھاوپەیمانی کۆماری
٢- (جەھەپە + ئی پارتی + پارتی سەعادەت ) ھاوپەیمانی گەل

بەڵام پارتی دیموکراتی گەلان " ھەدەپە " بەبێ ڕاگەیاندنی ھیچ ھاوپەیمانێتیەک بەشداری دەکات لە ھەڵبژاردنەکان دا

ئەوەی گرنگی ئەم ھەڵبژاردنە زیاتر دەکات ئەوەیە دوو ھەڵبژاردن لەیەک کات دا دەکرێت واتە بۆ سەرۆک کۆماری وڵاتیش دەکرێت و ڕاستەوخۆ دەنگدەران دەنگ بەیەکێک لە کاندیدەکان دەدەن کە ھەر لایەنە و کاندیدی سەربەخۆی خۆی ھەیە بەم جۆرە

١- ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ( کاندیدی ھەردوو پارتی ئەکەپە و مەھەپە ) .
٢- سەلاحەدین دەمیرتاش ( کاندیدی ھەدەپە ) بەڵام پێنج پارتی باکوری کوردستان پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش ڕاگەیاندووە کە ھەریەکە لە پارتەکانی " پارتی ئازادی کوردستان ، پارتی سۆشیالستی کوردستان ، پارتی دیموکراتی کوردستان - باکور ، تەڤگەری ئازادی و پلاتفۆڕمی دیموکراتی کوردستان " لەگەڵ پارتە چەپەکانی تورکیا

٣- میراڵ ئاکشنار ( کاندیدی ئی پارت ) .
٤- موحەڕەم ئینجە ( کاندیدی جەھەپە ) .
٥- تەمەل کارامۆڵا ئۆغڵۆ ( کاندیدی پارتی سەعادەت ) .
٦- دۆغۆ بەرینچەک ( کاندیدی پارتی نیشتمان ) .

لێرەدا تیشکێک دەخەمە سەر ھەڵبژاردنی کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کوماری تورکیا :-

ھەر کاندیدێک لە ئەگەری بەدەست ھێنانی ٥٠ + ١ ی دەنگەکان ڕاستەوخۆ دەبێتە سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داھاتوو واتە ڕێک تا پایزی ٢٠٢٣ ، بەڵام زۆربەی سیناریۆکان پێمان دەڵێن کە بەخولی یەکەم ھیچ یەکێک لە کاندیدەکان ناتوانن دەنگی ٥٠ + ١ بەدەست بخەن بەڵکو دەنگدان بۆ سەرۆکایەتی دەچێتە خولی دوھەمیەوەو و لە ٨-٧-٢٠١٨ دا ئەنجام دەدرێت لە نێوان ئەو دوو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەست دەھێنن لە خولی یەکەم دا و لە خولی دوھەم دا کام لە دوو کاندیدەکە زورترین دەنگ بەدەست بھێنن ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە سەرۆک کۆماری تورکیا .

یەکێک لە کاندیدەکان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە ماوەی چوار ساڵە سەرۆک کۆماری تورکیایە و یەکەم سەرۆک کۆمارە کە بە دەنگدانی ڕاستەوخۆ بوبێتە سەرۆک ، ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئەردۆغان یەکێکە لەو کاندیدانەی کە چانسێکی باشی دەبێت بۆ بونە دوبارە سەرۆک کۆمار چونکە نەک پارتەکەی خۆی بەڵکو پاری مەھەپەش پشتگیری دەکات و دەنگی پێ دەدات ئەمە سەربای ئەوەی کە ئەگەر بچێتە خولی دوھەمە دەنگدانەکە ئەوا تاکە ڕکابەر بۆ ئەردۆغان کە دەمێنێتەوە موحەڕەم ئینجە دەبێت ، موحەڕەم ئینجە پاش ئەردۆغان شانسێکی باشی ھەیە بۆ بونە سەرۆک کۆمار بەڵام بەھۆی ئەوەی پارتەکەی ھەمان پارتی مستەفا کەمال ئەتاتورکە و درێژکراوەی سیاسەتەکانی ئەتاتورکە و پارتێکی ڕەگەز پەرستە لەمەدا چانسی ئەوەی نابێت لە ئەردۆغان زیاتر دەنگ بەدەستبھێنێت و ئەردۆغان بەپێی سیناریۆکان دەنگی زیاتر دەھێنێت و دوبارە دەبێتەوە سەرۆک کۆماری تورکیا

ھەرچی سەلاحەدین دەمیرتاشە کە تاکە کاندیدە لە زیندانەو و تاکە کاندیدی گەلی کوردە لە تورکیا ، زۆربەی سیناریۆکان ئاماژە بەوەدەدەن کە بەربەستی ٪١٠ بۆ ٪١٣ دەبڕێت و دەنگی زۆرینەی ناوچە کوردیەکان بەدەست دەھێنێت بەڵام چانسی بۆ چونە خولی دوھەمی ھەڵبژاردنەکان نابێت و لە پرسیاری یەکێک لە کەناڵە ئاسمانیەکانی ئەڵمانیاش دا کەلێر دەپرسن ئایا تۆ لەئەگەری دەرنەچونت بۆ خۆلی دوھەم ، داوا لە پارتەکەت دەکەیت دەنگ بە چ کاندیدێک بو سەرۆک کۆماری تورکیا بدەن لەوەڵام دا دەمیرتاش دەڵێت " من بەمتمانەی دەنگدەران دەبمە سەرۆک کۆمار " .

یەکێکی دیکە لەو کاندیدانەی کە چاوێکی زۆری لەسەر و تاکە ئافرەتە کە وەک کاندید بەرامبەر پێنج پیاو وەستاوەتەوە و دەیەوێت ببێتە سەرۆک کۆماری تورکیا ئەویش " میڕاڵ ئاکشنارە " ناسراو بە ژنە ئاسنینەکە ، میڕاڵ ساڵانی ١٩٩٦ وەزیری ناوخۆی تورکیا بووە و کەسێکی ڕەگەز پەرستە و پێشتر لە پارتی مەھەپەدا بووە و ئێستا زیاتر چاوی لە دەنگی ھاوڵاتیە ڕەگەز پەرستەکانی تورکیا و خۆشی سەرکردایەتی پارتی باش دەکات کە پارتێکی نوێیە لەکایەکەدا .

ھەردوو کاندیدەکەی دیکە بەھۆی ئەوەی چاویان لە دەنگی نەتەوە بچوک و مەزھەبە بچوکەکانی تورکیایە لەوەناچێت بتوانن بەربەستی ٪١٠ ببڕن و ڕاستەوخۆ دەنگەکانیان دەچێت بۆ ئەو پارتەی کە دەبێتە یەکەم لەو بازنانەدا کە ئەم دوو کاندیدە تێیدا دەنگ دەھێنن

ھەرچی موحەڕەم ئینجەشە تەنھا ئەردۆغان بە ڕکابەری سەرسەختی خۆی دەزانێت و سیناریۆکانیش دەڵێن ئەردۆغان و ئینجە دەچنە خولی دوھەمەوە بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ئەوەی لێرەدا گرنگە بۆ ئینجە ئەوەیە کە ئایا دەتوانێ متمانەی دەنگی لایەنەکانی دیکە بۆخۆی مسۆگەر بکات و بەم جۆرەش ببێتە سەرۆک کۆماری تورکیا یاخود بەپێچەوانەوە

تیشکێک دەخەمە سەر ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان :-

بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە تورکیا ھەر لایەنێک بتوانێت ٣٠٠ + ١ کورسی بەدەست بھێنێت لە ٦٠٠ کورسی پەرلەمان ئەوا ڕاستەخۆ خۆی دەتوانێ حکومەت لە تورکیا بەدەست بھێنێت ، ئەگەر ھیچ لەو ٨ پارتە نەیانتوانی ئەو ڕێژەیە بەدەستبھێنن ئەوا دەبێ بە ھاوپەیمانی لەگەڵ یەکدی دا ڕێژەکە بگەیەننە ٥٠ + ١ و حکومەت پێکبھێنن

لێرەدا بەھۆی ھاوپەیمانی پارتەکان لەگەڵ یەکدی ئاسانە بەدەست ھێنانی ٥٠ + ١ و پێکھێنانی حکومەت ، ئەمە لە کاتێکدایە مەرج نیە ھەر لایەنێک کە ببێتە یەکەم لە ھەڵبژاردنی کاندیدەکەشی بو سەرۆک کۆمار یەکەم بێت و بەپێجەوانەوە

ھەدەپە ئەو پارتەی کە ھیچ ھاوپەیمانێتیەکی ڕانەگەیاندووە و سەربەخۆیانە بەشداری کردووە لە ھەڵبژاردنەکان دا وەک خۆیان دەڵێن پێشبینی دەکەم ١٠٠ کورسی پەرلەمانی بەدەستبھێنن لەکاتێکدا تەنھا لە ناوچە کوردیەکان دا ١٣١ کورسی دیاری کراوە بۆ پەرلەمان و زۆریەنی دەنگدەرانی ناوچە کوردیەکان دەنگ بە پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە دەدەن و ئەمەش زیاتر وەھای کردووە کە ھەدەپە متانەی بەخۆی بێت و بگاتە پەرلەمان .

بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکان لە تورکیا ھەر پارتێک بەربەستی ٪١٠ ی ڕێژەی دەنگەکان نەبڕێت ، ئەوا ڕاستەوخۆ دەنگەکەی دەچێت بۆ ئەو لایەنەی کە یەکەم دەنگ بەدەست دەھێنێ لە پارێزگاکەدا یاخود لە بازنەکەدا

ئایا ھەدەپە بەربەستی ٪١٠ تێدەپەڕێنێت یاخود نا ؟

با بەگەڕێینەوە بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٢ ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ئەو کاتەی کە سەلاحەدین دەمیرتاش کاندید بوو بو سەرۆکایەتی کۆمار توانی دەنگی ٪٩،٧٦ بەدەست بھێنێت ، لە کاتێکدا ئێستا و پاش تێپەڕینی چوار ساڵ گۆڕانکاری زۆرتر ڕویان داوە بەجۆرێک

سەلاحەدین دەمیرتاش ماوەی ٢ ساڵە لە زیندان دایە و بەتۆمەتی تیرۆر لەگەڵ ١١ پەرلەمانتاری ھاوڕێی دا زیندانی کراوە بە جۆرێک تا ئێستا ھیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ نەبۆتەوە ، ھەدەپە تاکە لایەنە کە گشت پارتە کوردیەکان بەیەکەوە پشتگیری دەکەن ، تاکە لایەنە کە سەرۆکەکەیان لە زیندان دایە و لە زیندانەوە بانگەشە دەکات ، ھەدەپە تاکە لایەنە کە زۆرترین ڕێژەی ئافرەتی کاندید کردووە بە جۆرێک لە ١٩ شار دا ھەدەپە ئافرەتی کردووە بە سەرۆک لیست .

ئەمانە ئەو ئەگەرانەن کە پێمان دەڵێن ھەدەپە دەتواننێ بگاتە پەرلەمان و بەربەستی ٪١٠ ببڕێت

دەرئەنجام :-

سیناریۆکان بەوجۆرەیە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە شانسی بوون بە سەرۆک کۆماری دەبێتەوە و وڵات لە پەرلەمانیەوە دەگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی ئەمە ئەگەرچی دەنگی حیزبەکەی کەم دەکات و نفوزی لە پەرلەمان دا ئەگەر بە ھاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا نەبێت ناتوانێ حکومەتی زۆرینە پێکبھێنێت

سیناریۆکانیش بۆ پلەی پارتەکان بۆ ئەم خولەی پەرڵەمانی تورکیا بەم جورە دەبێت

١- ئاکەپە
٢- جەھەپە
٣- ھەدەپە
٤- مەھەپە
٥- ئی پارتی
٦- پارتی سەعادەت

ئەوەی گرنگە لەم ھەڵبژاردنەدا سەرۆک وەزیران نامێنێت و ڕاستەوخۆ سەرۆک کۆمار سەرۆک وەزیرانیش دەبێت ، دەسەلاتی ڕەھا دەدرێتە سەرۆک کۆمار و زۆربەی یاسا و فەرمانەکان دەتوانێت دەربکات و جێبەجێیان بکات و تاکەکەسیانە بڕیاڕ بدات و ژمارەیەک دەسەڵاتی دیکەش کە گرنگ و ماھیەتی زۆریان ھەیە بۆ سەرۆک کۆمار .

ئاماژەکان پێمان دەڵێن لە ئەگەری دوبارە بونەوەی بە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ، ئەوا ڕەوشی کورد خراپتر دەبێت و ئازەدیەکان بەرتەسکتر دەبنەوە و ئەگەری درێژکردنەوەی باری نائاسایی وڵات لەئاردا دەبێت و ئابوری تورکیا زیاتر دێتە خوارە و تورکیا دەبێتە وڵاتێک کە مەترسیش بۆ سەر وڵاتە دراوسێکانی دروست دەکات بەتایبەت خاکی عێراق و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ " قەندیل و مەخمور و شەنگال " و ھەروەھا کارلەسەر کردنی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر دەستی ئەردۆغان .

نوێترین نوسینەکانی ئالان ڕەئوف

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌