وه‌زیرێكی ئیسرائیل ده‌بێته‌ جاسوسی ئیتیلاعات

وتار/ 21/06/2018 649 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

وه‌زیرێكی ئیسرائیل ده‌بێته‌ جاسوسی ئیتیلاعات
شوان هه‌ورامی
له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا میدیای ئیسرائیلیی هه‌واڵێكیان بڵاو كرده‌وه‌ ، كه‌ " گۆنین سێگێڤ " ی وه‌زیری پێشووی وزه‌ی كابینه‌ی ئیسرائیل له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئیتیلاعاتی ئێرانه‌وه‌ وه‌كو جاسوسێكی گرنگ بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ زانیاریی لێ وه‌رگیراوه‌ ، ئه‌مه‌ش بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ناو ئه‌و قه‌واره‌یه‌دا درووست كردووه‌ ، كه‌ هێشتا قه‌باره‌و ئاستی زیانه‌كانی بۆ رای گشتیی بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ، له‌به‌ر هه‌ستیاریی بابه‌ته‌كه‌ ، زۆر دووره‌ شتێكی ئه‌وتۆی لێ بڵاو بكرێته‌وه‌ .
ناوبراو كه‌ له‌ مانگی رابردوودا له‌ وڵاتی گینه‌ی كه‌مه‌ره‌یی ( غینیا الإستوائیة ) له‌ لایه‌ن ده‌زگای جاسوسی ئیسرائیلیه‌وه‌ ده‌ستگیر كراو گوێزرایه‌وه‌ بۆ ئیسرائیل ، گومان ده‌كرێت گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی زانیاریی دابێته‌ ئه‌فسه‌رانی هه‌واڵگریی ئیتیلاعات .
سێگێڤ له‌ ساڵی 2007 وه‌ له‌ نایجیریا نیشته‌جێیه‌ و وه‌زاره‌تی هه‌واڵگریی ئێران ( ئیتیلاعات ) له‌ ساڵی 2012 وه‌ وه‌كو جاسوس به‌كاری هێناوه‌ .
گۆنین ســــێگێڤ له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ، له‌سه‌ر لیستی پارتی " تسۆمیت " ی راستڕه‌وی په‌ڕگیر بووه‌ته‌ ئه‌ندامی كه‌نیسێت ( په‌رله‌مانی ئیســرائیل ) ، دواتر له‌و حیزبه‌ هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌و په‌یوه‌ندیی به‌ " ئیسحاق رابین " ه‌وه‌ كرد و كرایه‌ وه‌زیری وزه‌ له‌ حكومه‌تی ئیسرائیلیدا .
له‌ ساڵی 2004 دا به‌هۆی هێنانی سیی هه‌زار ( 30.000 ) حه‌بی قاچاغه‌وه‌ له‌ هۆڵه‌نداوه‌ بۆ ئیسرائیل زیندانیی كرا .
ده‌زگای ئه‌منی ناوخۆی ئیسرائیل ( شاباك ) به‌شێكی زۆر كه‌م له‌ زانیاریی ئه‌ڵقه‌ی كۆتایی جاسوسیه‌كه‌ی باس كردووه‌ ، له‌ كاتێكدا ئه‌و بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ زانیاریی داوه‌ته‌ ئێرانیه‌كان . شـــاباك ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌ كردووه‌ : یارمه‌تیدانی دووژمن له‌ كاتی جه‌نگدا و جاسوســــیی له‌ دژی ده‌وڵه‌تی ئیســـــرائیل .
به‌ پێی زانیارییه‌كان ئه‌م وه‌زیره‌ دوو جار سه‌ردانی تارانی پایته‌ختی ئێرانی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌و وڵاته‌دا كۆبووه‌ته‌وه‌ ، هه‌ر له‌وێ رێكه‌وتوون له‌سه‌ر شوێنی كۆبوونه‌وه‌كانیان ، كه‌ بریتیی بووه‌ له‌ شوقه‌ و ڤێللا و شوێنی تایبه‌ت به‌ ئێرانیه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات . هه‌روه‌ها ئامێرێكی به‌ شیفره‌كردنی نامه‌كانی له‌ ئێرانیه‌كان وه‌رگرتووه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی ناردنی زانیارییه‌كاندا به‌كاری بهێنێت .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌ بۆ چاودێرانی ئه‌و دۆسیه‌ هه‌ستیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ : قه‌باره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌و گرنگیان چه‌نده‌ ، كه‌ ناوبراو به‌ ئێرانیه‌كانی داوه‌ ؟ به‌ تایبه‌تیی سێگێڤ وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل بووه‌و زانیاریی زۆر هه‌ستیاری له‌سه‌ر كه‌رتی وزه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌به‌رده‌ستدا بووه‌ ، به‌و پێیه‌ش كه‌ ئه‌فسه‌رێكی یه‌ده‌گی سوپای ئیسرائیل بووه‌ ، زانیاری وردی له‌سه‌ر شوێنه‌ سه‌ربازیی و هه‌واڵگریی و ته‌لار و ئامێره‌ گرنگه‌ ئه‌منیه‌كانی له‌لا بووه‌ .
ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا له‌م دۆسیه‌یه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ سێگێڤ رایه‌ڵه‌یه‌كی باشی له‌ نێوان ئه‌فسه‌رانی هه‌واڵگریی ئێران و پیاوانی بواری ئه‌منیی ئیسرائیلدا دروست كردووه‌ ، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ئێرانیه‌كانی وه‌كو پیاوانی كار ( بزنسمان ) به‌ ئیسرائیلیه‌كان ناساندووه‌ . كه‌ ئه‌مه‌ پرسیارێكی گرنگی له‌لای "عاموس هرئێل " ی توێژه‌ری رۆژنامه‌ی هائارێتس دروست كردووه‌ : ئایا ئه‌م كه‌سه‌ توانیویه‌تی چه‌ند كه‌سی تر ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئێرانه‌وه‌ ؟
هه‌رچه‌نده‌ میدیای ئیسرائیلی ده‌یه‌وێت له‌ نرخی ئه‌و وه‌زیره‌ كه‌م بكاته‌وه‌ كه‌ دووژمن توانیویه‌تی بیكاته‌ جاسوسی خۆی ، به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ زۆر له‌وه‌ گرنگ تره‌ كه‌ په‌رده‌پۆش بكرێت ، بۆیه‌ " عه‌میر پێرێتس " ی وه‌زیری پێشووی جه‌نگی ئیسرائیل ئێواره‌ی دووشه‌ممه‌ ( 18 / 6 / 2018 ) رایگه‌یاند: ئه‌و كاته‌ی كه‌ قه‌باره‌ی زانیارییه‌كان ئاشكرا ده‌بن ، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك هه‌موو ئیسرائیل ده‌هه‌ژێنێت .
یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت له‌ ژماره‌ی رۆژی سێ شه‌ممه‌ ( 19 / 6 / 2018 ) دا نووسیویه‌تیی : قسه‌ به‌س له‌سه‌ر ده‌ستگیر كراوێك نیه‌ ، به‌ڵكو قسه‌ له‌سه‌ر كه‌سێكه‌ كه‌ رۆژگارێك له‌سه‌ر مێزی كابینه‌ی حكومه‌تی ئیسرائیلی دانیشتووه‌ .
ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نیه‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئێران ده‌توانێت دیواره‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئیسرائیل ببڕێت و گورزی كوشنده‌ی لێ بدات ، پێشتریش توانیبووی " بن زایجه‌ر " ی ئه‌فسه‌ری ده‌زگای هه‌واڵگریی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل ( موساد ) بۆ جاسوسیی به‌ قازانجی خۆی كۆنترۆڵ بكات و زانیاریی ته‌واوی له‌سه‌ر شانه‌كانی موساد له‌ لوبنان لێ وه‌ربگرێت و هه‌موویان ده‌ستگیر بكرێن . به‌ڵام هه‌ستیاریی سێگێڤ له‌وه‌دایه‌ كه‌ پێشتر وه‌زیر و ئه‌فسه‌ر بووه‌و زانیاریی زۆر گرنگی له‌به‌ر ده‌ستدا بووه‌ .
له‌م دۆسیه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسه‌ ئه‌وه‌یه‌ ، ده‌زگای هه‌واڵگریی ئێران زۆر پیشه‌گه‌رانه‌ كاریان كردووه‌ و زانیویانه‌ سێگێڤ له‌ حاڵه‌تێكی دارایی خراپدایه‌ ، بۆیه‌ له‌و ده‌روازه‌یه‌وه‌ كۆنترۆڵیان كردووه‌ .
هه‌ندێ چاودێری بواری ئاسایش بڕوایان وایه‌ ، سیناریۆی نیشاندانی زانیاریی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران له‌لایه‌ن " بنیامین ناتانیاهۆ " ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌ مانگی رابردوودا ، ته‌نیا بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌م شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئێران به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌یدا هێناوه‌ .
هه‌ندێكی تریش بڕوایان وایه‌ ئیسرائیل به‌ ئاشكرا كردنی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ ده‌یه‌وێت زیاتر سۆزی ترامپ و ئیداره‌كه‌ی به‌لای خۆیدا رابكێشێت ، به‌و پێیه‌ی كه‌ ئیسرائیل له به‌رده‌می ‌مه‌ترسیی به‌رده‌وامی ئێراندایه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ خۆی وه‌كو قوربانیی نیشان بدات .
یاساناسان بڕوایان وایه‌ گۆنین سێگێڤ دوو بڕیاری دادگا چاوه‌ڕوانیی ده‌كات ، یا 15 ساڵ زیندانیی ده‌كرێت ، یا له‌سێداره‌ ده‌درێت ، كه‌ ئه‌گه‌ر دووه‌میان بێت ، ئه‌وا ده‌بێته‌ دووه‌مین كه‌س به‌ تاوانی خیانه‌تی جاسوسیی له‌سێداره‌ ده‌درێت ، كه‌ یه‌كه‌م كه‌س مه‌ئیر تۆبیانسكی بوو كه‌ له‌ ساڵی 1948 دا به‌ هه‌مان تۆمه‌ت له‌سێداره‌ درا .

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌