وردبونەوەو قوڵبونەوە ٢

وتار/ 04/05/2018 622 جار بینراوە

سامان ره‌باتی

وردبونەوەو قوڵبونەوە ٢
لیستی ئیسلامی ؛ خوێندنەوەیەکی جیاواز و حوکمی عەقڵ
سامان ره‌باتی

یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی دوو ھێزی سیاسی ئیسلامین ، لە بنەمای عەقیدە و پەروەردەو لەمەرجەعی فقھیش جیاوازی ئەوتۆ نابینرێت لە نێوانیان ، چونکە ھەم کوردن و ھەم سونی و ھەمیش شافعی مەزھەبن ، تەنھا ئەوەی ئەبینرێت جیاوازیە لە دیدوتێڕوانین بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەرێم ، ئەمەوایکردوە لە کۆمەڵێك وێستگە ڕای جیاوازیان ھەبێت ، ھەرچەندە لە پێشکەشکردنی پاکێجی چاکسازی و پرۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھاوپرۆژە بون ، بەڵام بەھۆی ڕوئیای جیاواز نەتوانرا بەردەوامبن .
بەمەرجێک سوربون و پێداگری لەسەر کاری پێکەوەیی لەژێر ڕۆشنایی پاکێجی چاکسازی و پرۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی باشترین و چاکترین و عاقڵانیترینی زەمینە ئەبو بۆ لیستی ئیسلامی و تەنانەت بەرەی ئیسلامی و پاشان یەکگرتن ، بەڵام لایەنێک خۆی جیابکاتەوە و وە ئەو مافە بەخۆی بدات-کەھەیەتی- خۆسەری ھەنگاوی سیاسی بنێت ، ئەی حەیف نیە ئەومافە نەدات بە بەرامبەری و جەیشێک لە کادری بۆبێنێتەسەرخەت و ھەزارویەک تۆمەتی لەدژ ببەخشنەوە کە گوایە ئەم لایەنە ئیسلامیە برایەتی ناوێت !!! .
قچەك وردبونەوە ئەو ڕاستیە دەرئەخات کۆمەڵ لەم بڕیارەش چەن حەکیمانەو دورلەموزایەدەی سیاسی و ختوکەی عاتیفەی جەماوەر ھەنگاوی نا ، ئەپرسین چۆن ؟
بەس سەیرێکی خیتابی بانگەشەی ھەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بکەن بۆ ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ،
ماددەی بانگەشەی یەکگرتو بەکورتی بریتیە لە ؛
١- پێداگری لەسەر ڕیفراندۆم و ھەم شانازی و ھەمیش وەکو تاپۆ سەیری ئەکەن .
٢- زەقکردنەوەی خیتابی نەتەوەیی و دژەتایفی .
٣- خۆ دورگرتن لەبەریەکەوتن لەگەڵ پارتی بەتایبەتی و دابارین لەسەر گۆڕان زیاتر .
بەڵام ماددەی بانگەشەی کۆمەڵ بەکورتی بریتیە لە ؛
١- ڕیفراندۆم بڕیارێکی سەقەت بوو ، ئێستا گەلی کورد باجی ئەوبڕیارە بێ دراسەئەدەن .
٢- دابینیکردنی قوت و بژێوی خەڵک ئەبێت لە ئەولەویەتی کاری نوێنەرانی کوردبێت .
٣- چەسپاندنی مافە دەستوریەکانی گەلی کورد لە ڕێگەی شەڕێکی قانونی و دەستوری ئەبێت .

جا خوێنەری بەڕێز ئەگەر یەکگرتوو باشی کردوە لە دروستکردنی بڕیاری ڕیفراندۆم و داننان بە ئەمری واقع لە کێشەی فەراغی یاسایی سەرۆکی ھەرێم - کە ئەشڵێن باشمانکردوە - ھەقە ئێستا لەھەوڵی چنینەوەی ئەو بەروبومەبێت .
بەھەمان شێوە ئەگەر کۆمەڵیش باشی کردوە لە تەسلیم نەبون بە ئەمری واقیع و لەو ڕوانگەوەش ڕەتکردنەوەی ھەر بانگھێشت نامەیەک کە وەکو سەرۆکایەتی ھەرێم لەدوای تەواوبونی کاتی یاسایی ئاڕاستەکرابێت بۆ کۆبونەوە ، کە سەرەنجام ئەو کۆبونەوانەش بون سەردانی بەغداو و پاشان بڕیاری ڕیفراندۆمی لێبەرھەمھات ، ھەقە ئێستا ئەمانیش لە ھەوڵی چنینەوەی بەرھەمی ئەم ھەڵوێستە سیاسیەبێت .
با بپرسین بۆ بەجیا ئەو ھەوڵەبدەن ؟
دوو ھەڵوێستی سەدوھەشتا پلە جیاواز ئەم بەرەئەنجامانەی لێئەکەوێتەوە :-
١- ئاڕاستەی دەنگدەر ئەکات بە دوو ئاڕاستە .
٢- نەخشی خۆی دائەنێت لەسەر خیتابی بانگەشەی ھەڵبژاردن .
٣- خیتابی کاندید ھەڵقوڵاوی خیتابی لیستەکەیەتی کەواتە لەگەڵ لیستی بەرامبەر دوو خیتابی ھەڵبژاردنی جیاوازیان ئەبێت .
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم بەرەنجامانە ھاولیستی واتە کۆکردنەوەی دوو ھەڵوێستی سیاسی دژبەیەک(جمع المتناقچین) ، ئەمەش بەریەککەوتن لەنێوان کاندیدانی لیستە ئیسلامیەکە دروست ئەکات ، بۆ نمونە کاندیدێک ئەڵێ ڕیفراندۆم تاپۆیە ، ئەویتر ئەڵێ نەخێر نەک تاپۆنیە بەڵکو ھیچ سەنەدێکی دەستوری و نێودەوڵەتی نیەو کارتێک بوو لەدەستی کورد بەناشیانە سوتێنرا - ئەرێ بەڕاست ئەم دژبەیەکیە لەناو یەک لیست کارێکی حەکیمانەیە -
خاڵێکیتر ئەوەیە ئەگەر ژیرانە وردبینەوە لە دۆزینەوەی باشترین ڕێگا بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ ئەوەیە ، کە مادام دوو ھەڵوێستی سیاسی جیاواز ھەبوە سەبارەت بە کۆمەڵێک ڕوداو کەواتە ئەبێ بە وریایی دەنگی پشتیوانانی ھەردوو ھەڵوێستەلێکجاوازەکە کۆ بکەینەوە ، نەک ھیلاکیان بکەیت لەچوارچێوەی لیستێکی دوو ھەڵوێست جیاواز ، بۆیە باشترین بژاردە لەم حاڵەتە ئەوەیە بەبێ بەریەککەوتن و موزایەدەو یاری بە عاتیفە ، ھەرکەس دەنگی پشتیوانانی ھەڵوێستەکانی کۆبکاتەوەو بیری جدی لە دروستکردنی کوتلەی پەرلەمانی بکرێتەوە لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی سیاسی ھاوبەش .
لەکۆتایدا ئەڵێم ھەڵوێستی کۆمەڵ سەبارەت بە لیستی ئیسلامی لەئەنجامی ئەو خیلافە سیاسی و ھەڵوێستە دوورلەیەکتریە ، بڕیارێکی زۆر قوڵ و حەکیمانەبو ، دڵنیام بە پشتیوانی خوا و پاشان ھیممەتی دڵسۆزان کۆمەڵ ئەم قۆناغەش تێئەپەڕێنێت بەسەربەرزی ، بە برایانیشم لە یەکگرتوو ئەڵێم زۆر پرۆژەی گەورە لە پێشمانە و ھاولیستی کەئەبێ بەرھەمی ھاوھەڵوێستی بێت ، بەشێکی بچوک و تاکتیکە لەچاو پرۆژەی ئیسلامی کە گەورەترو ستراتیژە ، بۆیە با ستراتیژ نەکرێت بە قوربانی تاکتیک .

نوێترین نوسینەکانی سامان ره‌باتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌