كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن و موزایه‌ده‌ی سه‌ربه‌خۆیی

وتار/ 24/04/2018 647 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن و موزایه‌ده‌ی سه‌ربه‌خۆیی
شوان هه‌ورامی
چه‌ند جارێك باوكم ئه‌وه‌ی بۆ گێڕامه‌وه‌ ، بۆ گه‌یاندنی ناوی رێكخراوێكی ئاماده‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ ئه‌فسه‌ری ناوداری كورد شه‌هید مسته‌فا خۆشناو بۆ خه‌بات له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا ، له‌سه‌رده‌می راگه‌یاندن و ته‌مه‌نی كۆماری كوردستاندا له‌ هه‌ورامانی لهۆنه‌وه‌ سه‌ردانی شاری مه‌هاباد ده‌كات و له‌ نزیكه‌وه‌ راسپارده‌و ئاراسته‌ وه‌رده‌گرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شوێنی خۆی .
من هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ عاشقی ئه‌وه‌ بووم كه‌ وه‌كو هه‌ر مرۆڤێكی ئه‌م رووی زه‌وییه‌ ، له‌ژێر ئاڵاو سه‌روه‌ریی وڵاتی خۆمدا بژیم ، بۆیه‌ له‌ به‌هاری 1975 دا كه‌ تانك و زرێپۆشه‌كانی رژێمی به‌عس بۆ خۆ نمایش كردن هاتنه‌ گونده‌كه‌مان – له‌ كاتێكدا پیاوێكی ناوداری گوند كه‌ تا چه‌ند رۆژێ له‌وه‌وبه‌ر ماست و دۆی ده‌برد بۆ به‌رپرسانی شۆڕش و ماستاوی بۆ سارد ده‌كردنه‌وه‌ ، له‌ به‌رده‌رگای باره‌گاكه‌ی شۆڕشدا به‌رانێكی بۆ پێشوازیی له‌و هێزه‌ی رژێم سه‌ربڕیی – منیش فرمێسك به‌ چاومدا ده‌هاته‌ خوار و به‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌وه‌ وام هه‌ست ده‌كرد هه‌موو هه‌ره‌سی شۆڕشه‌كه‌ له‌سه‌ر شانی منه‌ .
هه‌رچه‌نده‌ ده‌مزانیی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شۆڕش ، زۆریان خائین و به‌عسیی ده‌رچوون ، بۆ نمونه‌ عه‌بدولوه‌هاب ئه‌ترووشیی كه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و بكووژ و ببڕی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان و پێنجوێن بوو ، هه‌موو داهاتی فرۆشگای شۆڕش و دارایی حیزبی له‌گه‌ڵ خۆیدا برده‌ به‌غدا و به‌غداش كردیه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای پاته‌ ، كه‌ ئه‌و كاته‌ كۆمپانیایه‌كی به‌ناوبانگ بوو ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌سانی ساده‌ كه‌ له‌ ئێران ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ دوور ده‌خرانه‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ، واته‌ كاك عه‌بدولوه‌هاب زۆر له‌مێژ بوو سه‌ری خۆی له‌لای به‌عس قه‌بڵاندبوو . ئه‌وانه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌دا بوون و ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌وه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ، زۆر باش له‌م قسه‌یه‌ی من تێده‌گه‌ن . جا قاره‌مانه‌كانیش كه‌ ده‌یان ملیۆن دیناری شۆڕشیان ده‌ست كه‌وت ، گوێزایانه‌وه‌ بۆ بانكه‌كانی ئه‌وروپا ، واته‌ به‌هه‌ردوو دیوه‌كه‌ی شۆڕشدا كوردایه‌تیی بریتیی بوو له‌ خۆ سه‌رمایه‌دار كردن و خوێن و ئاره‌قه و ماڵوێرانیی و ئاواره‌یی و شه‌ق و تێهه‌ڵدانیش به‌ به‌ش مه‌ینه‌ته‌كان بڕا .
حوكمڕانیی 27 ساڵی رابردوو ، پێویستی به‌ راڤه‌ی من نیه‌و هه‌موان ده‌زانین به‌ كوێ گه‌یشتووین ، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی منه‌ باسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌ ، به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ چه‌ند نووسین و دیمانه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا باسی بێ ئاكامیی ریفراندۆم و هۆكاره‌كانی بێ به‌رهه‌میی ئه‌نجامدانیم كرد ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ نه‌ زه‌مینه‌ی ناوخۆی بۆ ئاماده‌ كرابوو نه‌ زه‌مینه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ، ته‌نیا زل حیزبێك ده‌یه‌ویست سه‌رۆكه‌كه‌یمان لێ بكاته‌ بیسمارك و جۆرج واشنتۆنی كورد ، مه‌خابن له‌وه‌شدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌ هه‌ندێ حیزبی تری ئه‌وه‌نده‌ چه‌واشه‌ كردبوو ، كه‌ وایانده‌زانیی ناتانیاهۆی ئیسرائیل قه‌ناعه‌تی به‌ ترامپ كردووه‌ كه‌ له‌ رۆژی 26 ی ئه‌یلولی 2017 دا دان بنێت به‌ ئه‌نجامی ریفراندۆمدا و 33 وڵاتی تریش به‌دوای ئه‌ودا ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ده‌ن ، ته‌نانه‌ت ئه‌و حیزبانه‌ی تر ئه‌وه‌نده‌ دڵنیابوون له‌و ریكلامه‌ موخابه‌راتیه‌ی پارتیی و شرۆڤه‌كانی سه‌رۆ قادر و هێمن هه‌ورامیی ، زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ روویان ده‌كرده‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ كاتی ریفراندۆمه‌كه‌یان به‌ گونجاو نه‌ده‌زانیی ، ده‌یانگووت : به‌ڕاســــــــتیی برا گیانه‌كه‌م كێ ئێوه‌ ده‌ناســـــێت ، له‌م قۆناغه‌دا ده‌وڵه‌ت به‌ ئێوه‌ دروست ناكرێت ، دونیا گوێ له‌وانه‌ ده‌گرێت كه‌ بڕیاری عه‌ســـكه‌ریی و سیاســـــیی و ئابووریی و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمیان به‌ده‌ســــته‌ ، ســــــه‌د جار هاوار بكه‌ن توركیا و ئێران و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا گوێ له‌ ئێوه‌ ناگرن ، چونكه‌ ئێوه‌ توانای ( بارزانیی )تان له‌به‌رده‌ســــتدا نیه‌ .
هه‌موان ئه‌نجامی كاره‌ساتباری ریفراندۆمه‌كه‌مان بینیی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ - له‌ جه‌مسه‌ری پشتیوانانی ریفراندۆمدا – هێشتا كه‌سانی موزایه‌ده‌چیی و گه‌رمكه‌ری كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن هه‌ن ئه‌و بڕیاره‌یان پێ دروسته‌ و ده‌ڵێن ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌نجامی ئه‌و ریفراندۆمه‌ و په‌شیمان نین له‌وه‌ی كردمان ، به‌ڵام كاراكته‌ری سه‌ره‌كیی ریفراندۆم ، كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی گوێزایه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ، ئه‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ و قسه‌یه‌كی تری هه‌یه‌ .
له‌دوای گوشاره‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێم و داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان و سنووره‌كان و راده‌ستكردنه‌وه‌ی 51% ی خاكی هه‌رێم به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندیی ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌رگای گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بكاته‌وه‌ ، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ به‌غدا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان به‌ بڕیاری دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی رازین .
بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵییش بریتی بوو له‌وه‌ی كه‌ ریفراندۆمی هه‌رێم ناده‌ستوورییه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاوه‌یه‌ ، واته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رازییه‌ به‌ ناده‌ستووریی بوونی ریفراندۆمه‌كه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ، هه‌ر كرانه‌وه‌یه‌كیش له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌رانبه‌ر هه‌رێم كرابێت له‌ دوای ئه‌و ملكه‌چ بوونه‌ بووه‌ بۆ به‌غدا ، كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ی وا ده‌زانن ئه‌نجامده‌رانی ریفراندۆم بڕوایان به‌و ریفراندۆمه‌ ماوه‌ له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌دا ده‌ژین . نه‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی دانی به‌و ریفراندۆمه‌دا ناوه‌ و نه‌ له‌ عێراقدا كاری پێ ده‌كرێت و نه‌ حكومه‌تی هه‌رێمییش كاری پێ ده‌كات ، نه‌ یاسایه‌كیش هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و ریفراندۆمه‌ به‌ فه‌رمیی و یاسایی ناو ببات ، كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكیان هان ده‌دا كه‌ كارتی باری شارستانیی و ره‌گه‌زنامه‌و پاسپۆرته‌كانیان بدڕێنن و بسوتێنن ، ئێستا ماراسۆنیانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ به‌غدا ، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر بگه‌نه‌وه‌ به‌ كورسیی و پۆست و ئیمتیازه‌كان ، ئه‌م كارته‌ ته‌نیا بۆ گه‌وجاندنی ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان به‌كار ده‌هێنن ، گه‌رچی ئه‌م جاره‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌شیان پێ نه‌كرێت ، چونكه‌ گه‌وجێنراوانیش باش ده‌زانن دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ به‌غدا كه‌ جگه‌ شه‌ڕكردن بۆ پله‌و پۆست ؛ ئه‌وانه‌ كارێكی تریان نه‌كردووه‌ و بگره‌ گه‌لی كوردیشیان شه‌رمه‌زار كردووه‌ ، ئه‌ی له‌م بێهێزییه‌دا چۆن ئه‌و جه‌نگه‌ ده‌ستوورییه‌ ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ به‌غدا ده‌زانێت له‌ كوردستان چه‌نده‌ بێزراون ؟!!
ئایا نابێ بپرسین .. ئه‌وه‌ی كه‌ حسابی بۆ كه‌س نه‌ده‌كرد ، بۆچی له‌ 26 ی ئه‌یلولدا سه‌ربه‌خۆیی رانه‌گه‌یاند ؟ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یگووت مردنه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراق دا بمێنینه‌وه‌ ، بۆچی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنی خۆكردنه‌وه‌ به‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غدا ناو ده‌نێت شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی ؟ ئه‌وه‌ی كه‌ نامه‌ی ریكس تیلرسۆنی نه‌ده‌خوێنده‌وه‌ چونكه‌ له‌ رۆژی 25 ی ئه‌یلولی 2017 ی چاكتر نه‌دۆزیبووه‌وه‌ بۆ ریفراندۆم ، بۆچی ئێستا له‌سه‌ر هه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سڵاوێكی به‌غدا هه‌زار جار سوپاسی لوتفیان ده‌كات ؟ ئه‌وانه‌ی كه‌ په‌شیمان نین له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆچی گوشاریان نه‌كرد بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ؟ خۆ ئه‌وان ده‌یانگووت له‌ رۆژی 25 ی ئه‌یلوول گونجاو ترمان نیه‌ ، ئه‌ی بۆچی له‌ 26 ی ئه‌یلوولدا سه‌دو هه‌شتا پله‌ كه‌ش و هه‌واو ژینگه‌كه‌ تێكچوو ؟ یا ئێستا نایانه‌وێت دان به‌ڕاستیدا بنێن و بۆ موزایه‌ده‌ی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن پێویسته‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ غار بده‌ن ؟!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌