گەورەیی وشەی استغفراللە

وتار/ 08/04/2018 3534 جار بینراوە

دایکی لەینە و ئیلیاس

گەورەیی وشەی استغفراللە
 ئامادەکردنی / دایکی لەینەو ئیلیاس

قال تعالى: (( فَقُلْتُ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ ))
بەگەلەکەی خۆمم وت داوای لێخۆشبون بکەن لە پەروەرێنتان
(لەسەر زمانی پێغەمبەر نوح سەلامی خوای لەسەر)

خوێنەری ئازیز ھەموومان بە ڕادەیەکی کەم یان زۆر گرنگی وشەی استغفراللە ئەزانین ، بەڵام کەمێک لە ئێمە بزانین وشەی استغفراللە واتای نزیک بوونەوەمان لە خوای گەورە ، استغفراللە پلەمان بەرز دەکاتەوە لای اللە سبحان وتعالی، وشەی استغفراللە گرێی کێشەکانمان دەکاتەوە و کلیلی کردنەوەی دەرگای دڵخۆشیمانە ، داوای لێخۆشبوون لە خولقێنەرمان عیبادەت و زکرێکی گەورە و چاکەیەکی قورسە بۆ سەر تەرازوی حەسەناتمان ، ئەگەر ھەتا ڕۆژی مردن خێر چاکە بکەین بەڵام داوای لێ خۆش بوون نەکەین ھیچی لای خوای گەورە قبوڵ نیە ، چونکە ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان لوتبەرزیمان پیشانی خوای گەورە داوە ،
ئازیزان با استغفراللە بکەین بە پیشەی ڕۆژانەمان و چارەسەری دڵە پەڵاویەکانمان ، با زیکری استغفراللە بکەین بە ویردی ڕۆژانەمان ، استغفراللە لە دوای نوێژ ، استغفراللە لە کاتی دەست بەتاڵی و بێ ئیشیمان و لە ھەمووی گرنگتر استغفراللە لە دوای ھەڵە و یاخود تاوان و کەموکوڕیەکانمان ،
 ئێمەی ئینسان چەن زوو خۆمان ئەخەڵەتێنین بە عیبادەتێکی کەم و کورت ، وا ھەست ئەکەین نوێژێکی بێوێنەو تاعەتێکی پڕبەپێستمان ئەنجامداوە ، نا ئازیزان ئێمە لە کاتی نوێژدا چەندەھا جار خەیاڵمان ئەڕوات و ئاگامان لە قورئان و ڕکاتەکان نامێنێ یاخود جوان ناوەستین بۆیە لە دوای نوێژ دەبێت استغفراللە بکەین و داوای لێبوردن لە اللە بکەین کە بەو جۆرە گفتوگۆمان لەگەڵ کردوە و ئەگەر ھات و استغفارەکەی خۆمان بە دڵ نەبوو دەبێ استغفراللە بۆ ئەویش بکەین ،
دوای ئەوەی استغفارمان کرد بۆ ھەڵە و کەم و کورتی خۆمان ئینجا داوا کردن و پاڕانەوە بۆ دایک و باوک و ئوممەتی محمد(د.خ) وەکو لەقورئانەوە فێری ئەوە کرواین کە بڵێین{ربي اغفر لي ولوالدي والمؤمنين يوم يقوم الحساب } پەروەردگارا داوای لێخۆشبونت لێ ئەکەم بۆخۆم و دایک و باوکم و بڕواداران لە ڕۆژی سزاوپاداشت .
بێ گومان دوای لێخۆشبون دوعایە ، وە بۆ ھەر دوعایەک بۆ کەسێکی تر مەلائیکە پێت ئەڵێن (ولَك بمثله) واتە ھەمان دوعاش بۆ خۆت وەک لەفەرمودەی پێغەمبەر ھاتوە د.خ ، استغفراللە زمانمان پاراو دەکات و دڵمان ساف دەکات ،

پێش کۆتایی ئەمەوێ ئەوە بیری خۆم و ئێوەش بھێنمەوە کاتێك ڕوئەکەینە خوای میھرەبان و داوای لێخۆشبونی لێئەکەین و وەچاوەڕوانی لێخۆشبونی ئەوین ؛ ھەقە بە شەرمێکەوە پرسیار لە خۆمان بکەین بڵێین تا ئێستا چەندکەس داوای لێبوردنی لێکردوین و لێی نەبوراوین ! یان چەندکەس چاوەڕوانی لێبوردنە و دەرگاری دڵەکانمان بەسەردا داخستون و لێیان نابورین ، لە کاتێکادا بەم ھەمو کەموکوڕیەی خۆمان داوا لە پەروەرێنمان ئەکەین لێمان ببورێت و ئەوزاتە پاکەش داوامان لێئەکات لە یەک ببورین ! بۆئەوەی لەبەرامبەر لێبوردنمان بۆیەکتری ئەویش لێمانخۆشبێت وەک ئەفەرموێ (فَاعْفُوا واصفحوا الا تحبون ان يغفرالله لكم ) واتە ؛ لەیەک ببورن و پەڕەی نوێ ھەڵبەنەوە ، ئایا پێتان خۆشنیە خوا لێتانخۆشبێت !!؟ ، ئای چ شەرمەزاریەکی گەورەیە بۆ ئێمەی بەندە وەڵامی ئەم داوایەی خوای میھرەبان نەدەینەوەو لە بەندەکانی خوا نەبورین ! ئەی چۆن لە ڕومان بێت داوای لێخۆشبون بکەین لەو زاتەی پێمان ئەفەرموێ لەیەک ببورن !!؟
لە کۆتاییدا داوا لە خوای گەورە دەکەم لە تۆی خوێنەری ئیماندارو ھەموو موسوڵمانانی جیھان خۆش بێت و تەوبەکانمان لێ قبوڵ بکات و تاقەت و توانایەکی باشمان بداتێ بۆ وتنەوەی استغفراللە و دەرگای تەوبەمان لەسەر دانەخات ، ئامین یا أرحم الرحمن .

نوێترین نوسینەکانی دایکی لەینە و ئیلیاس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌