ڕازی بێکەسی لە(کەرکوكی بریندار)ەوە بۆ(قودسی پیرۆز)

وتار/ 23/03/2018 699 جار بینراوە

سامان ره‌باتی

ڕازی بێکەسی لە(کەرکوكی بریندار)ەوە بۆ(قودسی پیرۆز)
سامان ڕەباتی
من کەرکوکم
لەتۆ ئەچم
بۆنی باروتم گرتوە
ڕێی نەجاتم ونکردوە
لە ڕێبواری ڕێ لێونبوی شەکەت و ھەناسواری برسی ئەچم
ھەوری یەئس
بەری بە ئاسۆی خۆری ئازادیم گرتوە
چاوی تەماحی دوژمنە
شوناسی ھەردولامانی
کاڵ و لێڵ و شێوانوە
***
نەک تەنھا ئێستاو داھاتوم
بەڵکو مێژووی ھەزار ساڵەی
خاوەن خاکی
بە ناپاکی و
بە ئەنقەست لەبیرکردوە
***
زۆر لەپێش پیرە (قەڵا)وە
ڕەنگی من لە ڕەنگی شاخە
دەنگم ئاوازی قاسپەی کەو
شنەبای گەرمەسێری من
نەرمە شەماڵی نێو باخە
ڕوباری (خاسە)م بەفراوی
لوتکەی سەختە
نەعرەتە و دەنگی دلێرم
ھەورە بروسکە و چەخماخە
***
کەچی ھێشتا بە من ئەڵێن
تۆ نە بەفر ئەناسیت و نە گوڵاڵەسورە و نێرگز
نە ڕێگەی شاخ شارەزایت و
نە بۆ جارێکیش ڕەوگە بوی
بۆ (پۆڕ) و (سوێسك) و (مامز)
***
ھەروەکو تۆ لەباوەشی دایکە نیشتمانیان دەرھێنام
دایانبڕانم و بەجێمام
شوێنەوارم ناناسمەوە
لەبێ کەسیا ئەتلێمەوە
دەستەوستان و پەژموردەم
شەکەت و مانو بێھاودەم
من و تۆ زۆر لەیەک ئەچین
بێنازو بێ خاوەن کەوتوین
ئەوەی خۆی بەخاوەن زانی
یا خۆی دۆڕان یان نەیزانی
***
بەڵام ئەی (قودس)ی ئازیز 
ئەی (کل)و و بیلبیلەی چاوان
یەکەمین ڕوگەی بێداران
سێھەمین مزگەوتی پیرۆز
ئەی بێ دڵسۆز
ئەزانی خەمی من دوانن
بێ ھەتوانن
یەکیان خەمی دابڕانە و
ئەویتریان سەد مەخابن
ئەوانەی داگیریان کردوم
خاکیان بەزۆر (تەعریب)کردوم
ڕۆڵەیان ئاوارە کردوم
ئەسەف بەچکە موسڵمانن
مافی برای خۆ نازانن
حەیف نەفام و نەزانن
***
بێ وەفا بون
نمەك حەرام ، بێ دەرگا بون
لەبیریان چوو ، ھەر زوو بە زوو
کەنەوەی خاکی پیرۆزم
(سەڵاحەددینی ئەییوبی)
شێر و باز و دلێرم بوو
کەتۆی لەژێر چەپۆکی 
خاچپەرستانا دەرھێنا
داگیرکاری لەبن ھێنا
بەخشندە بوو
نمونەی بەرز و ناوازەی سەرکردە بوو
لێبوردە بوو
دوژمن شاھیدی نەبەردی و مەردی ئەو بوو
خەمەکانم بێ ئامانن
ئێستا زانیت بۆچی خەمم ، یەک خەم نیە
بەڵکو دوانن !؟
***
ئەی (ئەقسای)ی بێنازی ئوممەت
شوێنگەی شەوڕەوی نبووەت
وانەزانی یادت ناکەم
بۆ کۆرپەی خۆم باستناکەم
لە گەڵ ھەمو خەمی خۆما
چاوانم بۆت پڕ ئەسرینن
بۆ (تەھوید)ی شوێنەوارت
بۆ ھەزاران پیاوی مەردو
سەدان خاتونی ئەسیرت
***
تۆ ژێردەستەی (جو)ی بێ دڵ و بێ ویژدانی
فرۆشراوی دەستی ئومەراو ملوکی
 گوێلەمشت و ھیچ نەزانی
بەڕەچەڵەك و نەسەبیان
بە دیعایەو درۆ و حەزیان
ڕەسەنن ، شازادەن ، ژیرن
حاشا لەوان
لە ئەتواریان
لەخەون و لە خولیا و حەزیان
ئەوان ھەر کە لەدایکبون
گێلن ، گەمژەن ، بێ تەکبیرن
تاکو مردن
ھەر لەخەوان
بۆیە ئاوھا
بێدەنگ ، بێسەنگ ، بێئەرزشمان
بۆیە ئاوھا
بێدەنگ ، بێسەنگ ، بێئەرزشمان

سامان ڕەباتی
لەندەن
٨/١١/٢٠١٧

نوێترین نوسینەکانی سامان ره‌باتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌