سوڵتانم بینی

وتار/ 20/03/2018 563 جار بینراوە

سامان ره‌باتی

سوڵتانم بینی
سامان ڕەباتی
سوڵتانم بینی توڕە بوو
خەمبار
بێزار
پەستی کاری دڕندانەی
بنیامین و
بەشار و
ئەو وێنانە بو
چاوی پڕ خەم
ماتومەلول
لە شاشەی تیڤی ئەگریا
ھەناسەی ساردی ھەڵکێشا
بەسەرکزی
بۆ ئەسمای کچی بەڵتاجی و
مەزڵومانی ڕۆھینگای
ژێردەستەی بوزی
***
بینیم سوڵتان
ژنی خۆی نارد
بۆ نێوخێوەتگەی ئاوارەی
پاشماوەی جینۆسایدی دەستی ستەم
تا دەرکەوێ و بڵێ بە جیھانی سەردەم
منم فریاڕەسی ڕاستگۆ
بۆ گەلانی موستەزعەفی بێ بڵندگۆ
***
بینینم سوڵتان
بەدەنگێکی وا پێئەچوو پڕ لە ئیمان
بانگی ئەداو
سرود و شیعری شانازی
بەمێژوی ئوممەت ئەچریکان
***
بەڵام
ھەر جەنابی سوڵتان
فەرمانی کرد بە سەربازی بێ ویژدان و
پاشماوەی ڕقی تۆرانی
شۆڤێنی ھەتاسەر ئێسقان
تا بە تەیارەی F16 و لولەی ڕەشاشی ئەپاتچی
لاشەی گەنجی خێر نەدیوی
کوردی ئاوارەی خاکی خۆی
لە کۆڵبەریا داپاچی
***
سوڵتان بۆ ڕازیکردنی
ئەتاتورک و نەوەکانی 
بۆ بردنەوەی ھەڵبژاردن
لەسایەی (پۆستدیموکراسی)
خوێنی مناڵی عەفرینی حەڵاڵ کردو
ئەو ساتانەی بڕیاریدا
نە خوا و نە قورئانی ناسی
دەیان ڕۆحی بێ گوناھی
ژن و پیری ھەڵئەواسی
***
بینیم سوڵتان کەڵبەی بەکەڵبەی گورگ ئەچو
دڵی لە دڵی بەرد ئەچو
چاوی زەق زەق خوێنی ڕقێکی تێزابو
وتم ئەرێ ھەر تۆ نەبوی بینیم گریای
ھەرتۆنیت وا ڕوو لە ئاسمان 
دەم بەنزای
ھەر تۆ نەبوی توڕە و دلێر
بۆ بەرگری لە مەزڵومان
نمایشت لە ئیعلاما
ھەر وەکو شێر
ئەی بۆ ھێندە توند و دڵ ڕەق
خراپتر لە بەعسی عەفلەق
ئەوەی سۆز بێ بۆچی نیتە
ئەوەی ویژدانبێت نەتماوە
حەکیم لەئاستی دووفاقیت
حەیران بوەو
عاقڵمەندیش حەپەساوە
***
موسڵمانی و خاکت ھەیە !؟
لەپێش تۆوە خاوەنی خاکین
شانازی بە تورک ئەکەی
ئێمەش کوردی موسڵمانین
مێژووت ھەیە !؟
مێژووی داستانم ببینە
بە باپیرانتا ئەنازی 
ڕەمزی منیش باپیرە سەڵاحەدیینە
***
بۆ بۆخۆت ڕەوایە کەوا
خاکت ھەبێ
ئاڵات ھەبێ
زمانی فەرمیت تورکی بێ
لە یوئێن دەنگ و ڕەنگتبێ
بەڵام گەر من داوابکەم
ئەو مافەنەی کە تۆ ھەتن
منیش ھەمبێ
ئیتر سەد ناووناتۆرەم لێ ئەنێن و
خوێنیشم ئەبێ حەڵاڵ بێ




١٨/٣/٢٠١٨
لەندەن

تێبینی / شەڕی تورک شەڕی دین نیە لەگەڵ کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا ، بەڵکو شەڕی نەتەوە پەرستی بەدەرەجەی یەک و پاشان شەڕی نفوز و ئابوریە ،ئەوەی تورکەکان بناسێت زۆرینەی ڕەھایان دژی کوردو کیانی کوردین ، بەندە دڵنیام ئەگەر ئەوکیانە ئیسلامیش وەکوسەرچاوەی سەرەکی دەستورپۆلێن بکات .
 وە ئەم شیعرە بەرگری نیە لەھەڵەی سیاسەتوانانی ڕۆژئاوا ، بەتایبەت ھەڵەی پشتکردنە شۆڕشی گەلانی سوریا و پاڵدانە ئەسەد و ڕوسیاو پاشان دابڕاندنی ئیسلام وەکو سەرچاوەی یاسای کانتۆنەکان لەناوگەلێکی موسڵمان ، بەداخەوە شۆڕشی کوردی لەناو گەلانی ناوچەکە پشتکردنە ئیسلامی کردۆتە پێویستی بەرخودان و دەروازەی سەرکەوتن و وەھمی ڕازیکردنی جیھانی ڕۆژئاواو ڤاتیکان و تەلئەبیب .
ھەرکەس ڕۆڵی ئیسلام کەمبکاتەوە لە ژیانی یاسایی و دەستوری میللەتی کورد ، ئەویش دوژمنێکی سەرسەختی مێژوو و ئەدەب و زمان و کلتور و ئایینی نەتەوەکەیەتی .

نوێترین نوسینەکانی سامان ره‌باتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌