ھەڵەبجەی ڕەش بەخت

وتار/ 17/03/2018 511 جار بینراوە

ئالان ڕەئوف

ھەڵەبجەی ڕەش بەخت
ئالان ڕەئوف
منێک ٢٢ ساڵ ژیان کردنم لە ھەڵەبجەیا و ئاگایارم لە ڕوداوەکان وەک ڕۆژنامەنوسێکی دەڤەری ھەڵەبجە ڕەنگە لەخۆمەوە نەڵێم ھەڵەبجە بەختی ڕەشە یاخود ھەڵەبجەی بەخت ڕەش ، ناتوانم باس لەوە بکەم کە ئەگەر ھەڵەبجە کیمیاباران نەکرابا ئێستا چۆن دەبوو وەزعی بەڵام تاش ٣٠ ساڵ لە کیمیاباران کردنی و کاولکردنی بیناکانی و ڕاوەدونای ھاونیشتمانیەکانی و شەھید کردنی 5000 ھاوڵاتی ھەڵەبجە وەزعی ئێستای وەک کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجە دەڵێن خراپتر و خراپتر و خراپتر بووە ، شارێک بووە بە سمبولی عێراق و دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا پاش چەند خولەکێک کیمیاباران کردنی ( بۆ گەورەی کارەساتەکە لەمیدیا جیھانیەکان دا پەرتوکی بەڕێز د. کارزان محمد بەناونیشانی " جینۆسادی ھەڵەبجە لە میدیا نێودەوڵەتیەکان دا " بخوێننەوە ) ، شارێک لەگەڵ کوەیت قەزا بوو واتە ھەڵەبجە ساڵی ١٨٩٨ قەزا بووە و مەحکەمە و قائیمقام و موئەسەسەی تێدا بووە ، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوشدا مێژوو نوسێکی ھاوڕێم پێی گوتم ھەڵەبجە لەساڵانی ١٦٧٠ دا شار بووە و خەڵکی لێ بووە و مزگەوت و بازاڕ و ئاوەدانی تێدا بووە ، زۆر شتی دیکەی گەورەی ھەڵەبجە ھەن کە ئێستا ڕەنگە پێویست نەکات بیانخەمە ڕوو لەبەر ئەوەی کات نەودام نایات ، ئێستا کوەیت دەوڵەتە بەڵام ھەڵەبجە کراوە بە نیمچە پارێزگایەک ( پاش ئەوەی بەحساب ماوەی چوار ساڵە ھەڵەبجە پارێزگایە بەڵام پەڕلەمانتارێکی عێراق پێی گوتم بەھیوام خەڵکی ھەڵەبجە ئاھەنگی بەپارێزگا بوون بگێڕن ) ، ئەم قسانەی دەیکەم ئەزمونی ٢٢ ساڵمە لە ھەڵەبجەدا و وەک خۆی و بەواقعی باس لە ژیانی ئێستای شاری ھەڵەبجە دەکەم ، ھەڵەبجەییەکان نا بەڵکو خەڵکی زیندوی ناو ھەڵەبجە چونکە زۆرن بەنازناوی ھەڵەبجەی بوونەوە تێر بوون لەسەر ھەڵەبجە و بونە دەعبایەکی ترسناک و قێزەون لەمێژوی ھەڵەبجەدا ، لێرە لە ھەڵەبجە بەجۆرێک بێزاربوون لە تاکەکانی نیشتووە ئەستەمە لە بیست و چوار کاژمێری شەو و ڕۆژدا بزەیەک خۆی بخزێنێتە سەر لێوەکانیان و بێ ئومێدیەکی وەھاش شاری گرتۆتەوە کە سات بەسات و خولەک بە خولەک مەودا و قەبارەی ئەن بێ ئومێدیە زیاد دەکات و تەشەنە دەکات ، ھۆکاری سەرەکی بۆ خراپ بوونی وەزعی ئێستای ھەڵەبجە و ناخۆش بوونی ژیان کردن لە سنورەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەبەرنامە کار کردن بۆ وەھا لێکردنی ھەڵەبجە و لاوازبونی ھێزی شار و شکاندنی کەرامەت و شکۆی تاکەکانی ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی کوردی خۆماڵیەوە بووە و لە ئێستا زۆر بەزەقی ئەمە دەبینرێت لەشارەکەدا کە ئەگەر کەسێکی لە ھەڵەبجەدۆ بژێت و کەمێ ھۆشیار بێت درک بەمە دەکات ، بۆ وا کرا لە ھەڵەبجە و ئامانج چی بوو ، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو وتەیەی کە نەوشیروان مستەفا ئەمین لە پەرتوکی لە ھاوخەباتیەوە بۆ تەخوێن دەڵێت " سەرکردەیەکی سیاسی لایەنێکی سیاسی کاریگەر دەڵێت ئاخ بۆ سێ ھەڵەبجەی دیکە " لەمەوە ئەگەر ورد لێی بنۆڕین و شرۆڤەی بکەین دەردەکەوێت کە ھەر زویەکانەوە پلانی لاوازبونی ھەڵەبجە دانراوە و بەبەرنامە کاری لەسەر کراوە ، ڕایەکی دیکەش ھەیە باس لەوە دەکەن بەھۆی ترسی بەھێزبونەوەی لایەنە ئیسلامیەکان لە ھەڵەبجە ھەڵەبجە لاواز دەکرێت و پەک دەخرێت ڕایەکی دیکەش دەڵێت بەھۆی ھەڵەبجەوە سیاسیەکانی وڵات باشیان لێ خوارد و تێر بوون لێی بەڵام ئێستاش شەرم نایانگرێت و وەفایەکی ئەو سپەڵەیەیان بۆ ھەڵەبجە نەبووە کە ڕۆژگارێک وەفدە بیانیەکانیان دەھێنایە شارەکەوە و پاشان دایان دەتەکاندن شوێنی پارەکانیان ، ئەمەش وەھای کرد کە ھەڵەبجە بەتەواوی پەراوێز بکرێت و بەھۆی بێکەس بونیەشیەوە ھێندەی دیکە لاواز بکرێت ، ئەو پرسیارە گرنگەی کە بەردەوام دەکرێت ئایا ئەگەر ھەڵەبجە سومبولە ئەی بۆ وا لەشاری ھەڵەبجە دەکرێت ، منێک کە ڕەنگە لەزۆرێک لە کەسانی دیکە لە نزیکەوە ئاگایاری ڕەوشی شار بم ئاگادارم و بەم شێوەیە شرۆڤەی دەکەم ، بێ کەس بوونی ھەڵەبجە و نەبونی خەمخۆر کارێکی کردووە کە ئەن شارە بەئارەزوی حیزبی دەسەڵات تا ئێستا و بەبەردەوامی یاری پێ بکرێت و سەر و خوار بکرێت ئیدی لە کۆمەڵگاشدا وەھایە کەسێک بێکەس و بێ خەمخۆر بێت دەزانین ئاقیبەتی چی دەبێت ، بەشێکی دیکە من دەگێڕمەوە بۆ دانیشتوانانی پارێزگای ھەڵەبجە بەجۆرێک تۆی ھەڵەبجەی کە دەزانێت شارەکەت پارێزگا نیە بەڕەسمی بۆ بێ دەنگیت و نایەیتە گۆ ئەی کە دەزانیت کۆمەڵێک مافیا بەسەر ئەم شارەوە دەخۆن و دەخۆنەوە بۆ ڕێگریان لێ ناکەیت و پێیان ناڵێیت ستۆپ ،ھەڵەبجەی ڕەش بەخت تەنھا لە ١٦ ی ٣ ی ھەموو ساڵێک برینەکەی دەکولێننەوە و یادێکی تەقلیدی بۆ دەکەنەوە و پاشان ئەم کارەساتە مەزنە لەیا د و فکر دەچێتەوە و ئیدی ماھیەتێکی نامێنێت لای تاکەکان ، بەداخەوە ھەر جومگەیەکی ئەم شارە دەگریت ھەر ئازارە و پێش ئەوەی دەست بخەیتە سەری خۆی دەکولێتەوە ، باس لە ھەر شتێکی شاڕ دەکەیت دەبێت باس لەلایەنە سلبی و ناتەواویەکانی بکەیت نەک لایەنە ئیجابی و تەواوەکانی ، شارێک پاش ٣٠ ساڵ لە بۆمباران کردنی تازە بە تازە نەزانین پارێزگایە یان نا و خەڵکەکەی شاڕ چۆڵ بکات و لێی وەڕس بێت و ئۆف لەدەستی ئەم شارە بکات و ھیوای خۆ دورخستنەوەی لە شار بکات ، شارێک ئێستاش نەتوانرابێت بریندارەکانی چەکی کیمیاباران چارەسەر کرابێت و دۆسیەی منداڵە ونبوەکانی یەکلا نەکرابێتەوە و لایەنە سیاسیەکان لە ئەلف تا یای بەھۆی ململانێی حیزبی خۆیانەوە ھەڵەبجە بکەنە قوربانی و لەپێناو بەرژەوەندی تەکسی حیزبی و شەخسی خۆیان دا بەکاری بەرن ، ئایا پێم ناڵێن ھەڵەبجە ئەگەر بەختی ڕەش  نەبێت چییە و بڕواشم بەوە ھەیە بەختی ھەڵەبجە لەبنەڕەتدا ڕەش نییە بەڵکو ڕەش کرا و بەم جۆرە ڕۆژ و شەو بەسەربردن و ئاوا سێستەمی حوکمڕانی پێمی دەڵێت ئەستەمە لە ئایندەیەکی نەک نزیک بەڵکو دوردا بەختی ھەڵەبجە گەش بێت .

نوێترین نوسینەکانی ئالان ڕەئوف

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌