دڵخۆشكردنی مرۆڤێك لای خوا زۆر گه‌وره‌یه‌

وتار/ 26/09/2016 742 جار بینراوە

م. حه‌سه‌ن پێنجوێنی

دڵخۆشكردنی مرۆڤێك لای خوا زۆر گه‌وره‌یه‌

له‌وماوه‌یه‌دا چیرۆكێكم بۆ هاتبوو كه‌ بگێڕه‌وه‌كه‌ی ده‌ڵێ خۆم به‌ گوێی خۆم له‌ یه‌كێك له‌ پیاوچاكانی ناوچه‌كه‌مانم بیست خوا خێروسوود و چاكه‌ی زۆرتربكات بۆ خه‌ڵكه‌كه‌و وڵاته‌كه‌ش. ئه‌م چیرۆكه‌ش به‌سه‌رهاتی یه‌كێك له‌و قوتابیانه‌یه‌ كه‌ ده‌رسی ئیسلامدۆستیان له‌لای ئه‌م خوێندووه‌..

پیری موریدان ده‌ڵێ: یه‌كێك له‌وپیاوانه‌ی كه‌ ئاموشۆی ئه‌م ته‌كیه‌و خانه‌قایه‌ی ده‌كرد و خوای باڵاده‌ست نیعمه‌تی خۆی به‌سه‌را رشتبوو، سه‌روه‌ت و سامانێكی هه‌بوو، ته‌مه‌نی چل سال و له‌و ده‌ورو به‌ره‌دا ده‌بوو، له‌دەزگای هه‌ناسه‌داندا كێشه‌یه‌كی سه‌ختی هه‌بوو.. ئه‌ویش ده‌چێت بۆلای پزیشكی تایبه‌ت و پاش پشكنین و تاقیكردنه‌وه‌ی خوێن و تیشكی سنگی پزیشكه‌كه‌ی پێی ده‌ڵێ: یه‌كێك له‌ (صمام)سەمامه‌كانی دڵت گیراوه‌و پێویسته‌ بڕۆیت بۆ ئه‌ڵمانیاو له‌وێ نه‌شته‌رگه‌ری بكه‌یت..

نه‌خۆشه‌كه‌ رێنوێنییه‌كانی دكتۆر وه‌رده‌گرێ و به‌جێی دێڵێ.. و بییر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا سه‌فه‌ر بكات بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌ی.. له‌وكاته‌دا كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵ له‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌یدا ده‌یه‌وێ هه‌ندێ گۆشت بۆ منداڵه‌كانی بكڕێ و بۆیان بباته‌وه‌!! له‌ده‌وری دوكانی قه‌سابه‌كه‌دا ئافره‌تێكی هه‌ژار ده‌بینێ خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی چه‌وری و به‌زی ناو ته‌نه‌كه‌ی خۆلی به‌رده‌م دوكانی قه‌سابه‌كه‌یه‌..
نه‌خۆشه‌كه‌ش كه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینێ زۆر به‌زه‌یی پیایا دێته‌وه‌، و لێی ده‌پرسێ: خوشكم! ئه‌وه‌ بۆچ ئه‌و به‌زو ئێسكانه‌ كۆده‌كه‌یته‌وه‌؟

ئه‌ویش ده‌ڵێ: براكه‌م! كۆمه‌ڵێ منداڵی بێ باوكم هه‌یه‌ بۆئه‌وانی ده‌به‌مه‌وه‌، توانامان نیيه‌ گۆشت بكڕین و ئه‌مه‌یان له‌ناو ئاوا بۆ ده‌كوڵێنم به‌ڵكو به‌وه‌ هه‌ندێ تامی گۆشت بكه‌ن.!! كابرای نه‌خۆش كاتێ ئه‌وه‌ی لێ ده‌بیستێ به‌قه‌سابه‌كه‌ ده‌ڵێ: هه‌ندێ گۆشتی بۆ بكێشێ، و پيێشێ ده‌ڵێ:هه‌ركاتێ ئه‌م ئافره‌ته‌ هات بۆلات و گۆشتی ویست له‌سه‌ر حسابی من بۆی بكێشه‌..!!

ئای له‌و خۆشییه‌ی ده‌كه‌وێته‌ دڵی ئه‌و ئافره‌ته‌ هه‌ژاره‌وه‌ ده‌ست به‌جێ ده‌م به‌نزاو پاڕانه‌وه‌ سه‌ر به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌كاته‌وه‌و و له‌قووڵایی دڵ و ده‌روونیه‌وه‌ بۆئه‌م خێره‌ومه‌نده‌ ده‌پاڕێته‌وه‌، كه‌ له‌كۆكردنه‌وه‌ی پارچه‌ چه‌وری ناو ته‌نه‌كه‌ خۆڵه‌كه‌ رزگاری كرد.. !! ئیتر خوا خۆی ده‌زانێ ئه‌و خۆشییه‌ چ خۆشییه‌ك بووه‌ كه‌كه‌وتۆته‌ دڵی ئه‌و هه‌ژاره‌وه‌،و هه‌ر خوا خۆیشی ده‌زانێ چ نزایه‌كی بۆ كردووه‌!!

پیاوه‌ی نه‌خۆش ده‌ڕواته‌وه‌ بۆ ماڵ و كاتێ خێزانی دێت به‌ره‌و پیرییه‌وه‌ شتێكی سه‌یر له‌رواڵه‌تی مێرده‌كه‌یا ده‌بینێ، و لێی ده‌پرسێ: پیاوه‌كه‌ رواڵه‌تت نورانی بووه‌، ماندوویی و بێزاری له‌ناوچاوتا نه‌ماوه‌!! ره‌نگی ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوت به‌ڕه‌نگێكی سووری جوان گۆڕاوه‌!! ته‌نگه‌ نه‌فه‌سییه‌ زۆره‌كه‌ی جارانت نه‌ماوه‌!! ده‌ڵێیت: ته‌نگه‌ نه‌فه‌سیت نه‌دیوه‌!! ئه‌وهه‌موو عاره‌قه‌ی به‌ناو چاوتا ده‌هاته‌ خوار و ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیبووی هیچی دیار نه‌ماوه‌!!
پیاوه‌كه‌ش له‌م قسانه‌ی ژنه‌كه‌ی چاوی ئه‌بڵه‌ق ده‌بێ!! پێی سه‌یر ده‌بێ، چی ده‌بیستێ؟! بۆیه‌ هه‌واڵی پێدەدات كه‌ دكتۆر وتوویه‌تی ده‌بێ بۆ چاره‌سه‌ر بڕۆات بۆ ئه‌ڵمانیاو له‌وێ نه‌شته‌رگه‌ری یه‌كێ له‌ سه‌مامه‌كانی دڵیا بكات!! و لەکۆتاییدا پێی دەڵێ: به‌پشتیوانی خوا به‌یانی ده‌ڕۆم..

پیاوه‌ی نه‌خۆش تكت ده‌بڕێ و به‌سواری فڕۆكه‌ ده‌چێت بۆ ئه‌لمانیا، پێشتر به‌هۆی ناسراوێكیه‌وه‌ سه‌ره‌ی له‌لای (دكتۆری تایبه‌تی نه‌شته‌رگه‌ری دڵ)ی بۆ ده‌گیرێ، و كاتێ ده‌چێته‌ لای دكتۆری نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌ڵمانی داوای لێده‌كات پێش هه‌موو شتێك تیشكی سنگ وهه‌ناوی بگرێ وپشكنینی نوێی خوێنەکەیشی بكات چونكه‌ پاش چه‌ند رۆژێكی تر نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌كات!!

كاتێ تیشك و پشكنینه‌كانی بۆ دێنێته‌وه‌ و پرۆفیسۆر سه‌یریان ده‌كات به‌سه‌رسامییه‌كه‌وه‌ ناوچاوی گرژ ده‌كات و له‌نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌پرسێ: پێش ئه‌وه‌ی بێیت بۆ ئێره‌ نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ كردوویت؟
نه‌خۆشه‌كه‌یش ده‌ڵێ: نه‌خێر..
دكتۆر ده‌ڵێ: ئه‌نجامی پشكنین و تیشكه‌كه‌ هه‌موویان ئه‌رێ ییه‌و ته‌واو سروشتییه‌.. هیچ ده‌ردو به‌ڵایه‌كت نییه‌!! ئایا پشكنینه‌كانی میصرت له‌ته‌ك خۆتا هێناوه‌؟
ئه‌میش ده‌ڵێ: بێگومان..

ئه‌نجامی ئه‌م پشكنینه‌ نوێیانه‌ وا پیشن ده‌ده‌ن تۆ هه‌مان نه‌خۆش نیت!!
نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌چێت بۆلای دكتۆرێكی میسری موسوڵمان كه‌له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ كارده‌كات، و به‌سه‌رسامییه‌وه‌ قسه‌كانی پرۆفیسۆری نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، و ده‌یه‌وێ به‌ته‌واوی له‌وقسه‌یه‌ دڵنیا ببێت.. ئه‌ویش سه‌یری هه‌ردوو پشكنینه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ پرۆفیسۆر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووه‌و سوپاسی خوابكه‌ كه‌ خۆی چاره‌سه‌ری كردوویت و شیفای تایبه‌تی داویت!!
دكتۆره‌ میصرییه‌كه‌ لێی ده‌پرسێ هیچ شتێكی سه‌رنج راكێشت كردووه‌؟!
ئه‌ویش ده‌ڵێ: ئه‌وی راستی بێ شتێكی بایه‌خدارم نه‌كردووه‌، ته‌نیا شتێ پێی بزانم ئه‌و رووداوه‌ی لای قه‌سابه‌كه‌یه‌، و ئه‌ویش شتێكی وانييه‌!!
دكتۆر لێی ده‌پرسێ رووداوی لای قه‌سابه‌كه‌ چيیه‌؟

ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی گۆشته‌كه‌ و ئافره‌ته‌كه‌ی بۆ باس ده‌كات و ده‌ڵێ له‌وه‌زیاتر شتێكم نه‌كردووه‌!!
ئه‌ویش پێی ده‌ڵێ برام سوپاسی خوا بكه‌ كه‌ به‌وكیسه‌ گۆشته‌ ئه‌و هه‌موو خه‌رجیه‌ی له‌سه‌ر لابردوویت!!
ئه‌وه‌ لای تۆ بچووكه‌ ، لای خوا دڵخۆشكردنی ئینسانێك زۆر گه‌وره‌یه‌، چ جای ئه‌وه‌ تۆ دڵی خێزانێكت خۆش كردووه‌.. سوپاس بۆ خوا خوا لێی قبووڵ كردوویت و دوعای ئه‌و بێوه‌ژن و هه‌تیوانه‌یشی له‌باره‌ی تۆوه‌ گیرا كردووه‌!!

مه‌گه‌ر نازانی پێغه‌ممه‌ر صلى الله عليه وسلم له‌وباره‌وه‌ فه‌رموویه‌تی: خۆشه‌ویسترین كه‌س لای خوا به‌سوودترینیانه‌ بۆ خه‌ڵك، وخۆشه‌ویسترینی كرده‌وه‌كانیش لای خوا خۆشییه‌كه‌ بیخه‌یته‌ دڵی موسوڵمانێكه‌وه‌، یا ته‌نگانه‌یه‌كی له‌سه‌ر لابه‌ریت، یاقه‌رزێكی بۆ بده‌یته‌وه‌، یابرسیه‌تییه‌كی لێ دوور بخه‌یته‌وه‌، وخۆ ئه‌گه‌ر له‌ته‌ك برایه‌كما بڕۆم بۆ ئه‌وه‌ی پێویستییه‌كی بۆ جێبه‌جێ بكه‌م به‌لامه‌وه‌ خۆشتره‌ تا ئه‌وه‌ی له‌م مزگه‌وته‌دا- مزگه‌وتی مه‌دینه‌- یه‌ك مانگ ئیعتیكاف بكه‌م..

نوێترین نوسینەکانی م. حه‌سه‌ن پێنجوێنی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌