ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەولێرو هەڵوێستەیەک

وتار/ 26/02/2018 925 جار بینراوە

هیوا محمد کریم

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەولێرو هەڵوێستەیەک

 

هیوا موحەمەد کەریم
سەرەتا دەمەوێت بڵێم، لەگەڵ سوکایەتی و ووتەی ناخۆش نییم، کە ئاراستەی هەرکەس و لایەنێک بکرێت ، بەڵام دەمەوێت ڕوی نوسینەکەم ئاراستەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی شاری هەولێر بکەم ، کە دەڵێی شانەی نوستووی حیزبن، کە کاتێک حزب بییەوێت و بیان جوڵێنێت و بەکاریان بهێنێت، ماشااللە دەکەونە کاروو بەم لاو بەو لادا چالاکییان دەبێت و دێنە سەر خەت، تەنانەت ئەگەر ڕوداوێک لەدورترین شوێنیش ڕوو بدات، ئەوان هەستی پێ دەکەن و دەی ووروژێنن و پێی دەزانن ، بەڵام بۆ هەندێ ڕوداوی تر ، نەچاوێکیان هەیە بۆ بینین، نە گوێیەکیان هەیە بۆ بیستن، نە دڵێکیان هەیە بۆ کارتێ کردن.
ئەگەر وانییە ئەوە بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی،
بەدەیان کارەساتی نەخوازراوو ڕووواوی جەرگ بڕوو
سوکایەتی جۆراو جۆر لەناو شاری هەولێردا ڕویاندا، بەڵام
ئەی بۆچی بۆ ئەمانەی تر، نەهاتنە سەر خەت و بەقەدەر سەرە دەرزییەک هەڵوێستتان نەبوو؟؟
ئەی کاتێک ئەمانەی خوارەوە ڕویان دا ، ئایا ئەوان لەکوێ بوون:
بۆ کوشتنی مامۆستایانی  ئایینی لەناو شاری هەولێر؟
بۆ سوتاندنی ڕیشی مامۆستایان و سوکایەتی کردن پێیان لە میحرابی پێغەمبەردا  ( د.خ)؟
بۆ کوشتنی گەنج لەسەر فول لایت؟
بۆ تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنوسان بە ڕۆژی ڕوناک ؟
بۆ سوتاندن چەندەها بارەگاو کەناڵی تەلەفزیۆنی؟
بۆ سوکایەتی کردن بەپەرلەمانتاران و شکاندنی سەریان و بەمستەکۆڵە لێدانیان؟
بۆڕێگری کردن لە سەرۆکی پەرلەمان و گەڕانەوەی بۆ سلێمانی؟
بۆ دەرکردنی وەزیرەکان؟
بۆ سوکایەتی کردن بە پێشمەرگەو سەر کەچەڵ کردنی و پاشان دەرکردنی لەشاری هەولێر؟
بۆ هێنانە خوارەوەی مامۆستای ئاینی لەکاتی ووتارداو ڕێگری لێکردنی لە ووتاردان؟
بۆ چونە ناو مزگەوت بە پێڵاوەو سوکایەتی کردن بە مزگەوت و نویژ خوێنانی؟
بۆ شکاندنی سەری نوێژخوێنان لەناو مزگەوتدا بە کلکە دەمانچە؟
بۆ کاتێک لە چایخانەی حەمکۆ دکتۆر مستەفایان دایە بەر هێلکەو ماستیان کرد بە سەرووچاویدا ، پێتان سوکایەتی نەبوو؟
بۆ..بۆ... بۆ دەیان شتی هاوشێوەی تریش.
ئایا ئەمانەی سەرەوە هیچیان پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ نەبوون؟، کە سوکایەتی بە گیان و خوێن و کەرامەتی خەڵک کرا، بەڵام ئێوە نرکەتان لێوە نەهات بە ووشەیەکیش، یان بە کۆنگرەکی ڕۆژنامەنوسی، بەڵام لە ماوەی تەنها شەوو ڕۆژێکدا، ئێوە هەموتان کۆبونەوەو بەیان نامەی ناڕەزاییتان دەرکرد!!
ناشێ بڵێن ئاخر ئەمەیان شتێکی سیاسی بووە، ئەی ئەوانەی کە باس کران وابزانین کێشەی کۆمەڵایەتی و خاڵۆزاو ئامۆزاو شەڕە گەڕەک بوون.
بۆ ئایا سوکایەتی هەر سوکایەتی نییە؟  ئیتر ئایا بە بەڕێز نەوزاد هادی بکرێت یان بە مامۆستایەکی ئاینی یان بەمامۆستایەکی زانکۆ یان بەڕۆژنامەنوسێک یان چالاکەوانێک؟؟
بەڕاستی پەڵەیەکی ڕشتان نا بە کۆمەڵگەی مەدەنیشەوە لە هەولێر، چونکە نەتانتوانیە بێ لایەن بن و بۆ هەموان بن.
کاتێک دەتانەوێت کارێک ئەنجام بدەن کە لە بەرژەوەندی لایەنێکی دیاڕی کراو بێت، تکایە کەمێک هۆشیارانە ئەنجامی بدەن و پلانی بۆ داڕێژن ، چونکە خەڵک  ئێستە هەموو هۆشیارەو فاریزەو نوکتەش دەخوێنێتەوە..
خۆ ئەمە سەردەمی تاکە تەلەفزیۆنەکەی زوو نییە،کەتەنها داڵێکی دەردەخست و ئێمەش داڵ بۆ داڵ هەر ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەمان دەدی.
هیوادارین ئیتر ئاوا زوو زوو ، لە هەر جێگەیەک سوکایەتی یان گیانی مرۆڤێک و ژیانی کەوتە مەترسییەوە ، کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی و هەڵوێستتان هەبێت، نەک تەنها بۆ ئەوانە بێنە سەر خەت کە زەرەری بۆ پەزەکان هەبێت..
بەداخەوە لەم کوردستانەدا،  هەر ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی مابوو بەحزبی بکرێت ، ئەویش کرا..


نوێترین نوسینەکانی هیوا محمد کریم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌