کۆمەڵی ئیسلامی و موزایەدە

وتار/ 19/01/2018 565 جار بینراوە

سامان ره‌باتی

کۆمەڵی ئیسلامی و موزایەدە
*سامان ره‌باتی
کۆمەڵ وەکو ھێزی سێھەمی پەرلەمان لە ڕوی یاساییەوە ( چونکە پۆستی سکرتێری لەلابو) ئەیتوانی سەوداو مامەڵەیەکی حیزبی بەرتەسك بە پۆستی سکرتێریەوە بکات ، وە بەرژەوەندی زۆر باشی مادی و پلەوپۆستی لێوەبەدەست بھێنێ ، بەتایبەت لە ١٩ی ئاب شکاندنەوەی تایتەرازو کەوتبوە دەست سکرتێر کە کۆمەڵ بو ، واتە کۆمەڵ کەوتە نێوان دوو ھەڵبژاردە ، یان تەفعیلکردنی پرۆژەیاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و خستنە بواری جێبەجێکردنی کە ھی چوارلایەن بوو ، یان ملدان بۆ کلتوری ٢٤ ساڵی ڕابوردو ئەویش تەڵقینی ئەندامانی پەرلەمان بە ڕێکەوتنەکانی دیوەخان ،
بپرسین ٢ساڵ و ٥ مانگ پێش ئێستا کام موزایەدە بو کۆمەڵ ملی لە چەقۆ ئەسو !!!؟
پەرلەمان پەکخرا دیسانەوە سکرتێرەکەی پەرلەمان کاک ( شێخ فەخرەدین) دەوامی سکرتێریی ھەڵپەسارد ، واتە ئەگەر ملی بدایەو بڕۆشتایەتەوە بۆ دەوام ئیتر پەرلەمان لە ڕوی یاسایی بە سکرتێرو جێگر کاری مەیسەر ئەبو ، بەڵام نەچو ، ئەبێ ئەم موزایەدەی تریان چی بوبێت کە کۆمەڵ کردی !!!؟
ئەنجومەنی شورای کوردستان کە ھەیئەتێکی یاساییە دور لە ئەرک و سەڵاحیەتی خۆی مەسعود بەرزانیان کردەوە بەسەرۆك ، کۆمەڵ ئیعترافی بەو پێشێلە یاساییە نەکردو تەسلیمی ئەمری واقع نەبوو ، وە بەدەم ھیچ بانگھێشتێکی سەرۆکایەتی بۆ کۆبونەوەی سەرۆکی ماوەبەسەرچو نەچو بەتایبەت سەردانی حیزبەکان بۆ بەغدا کە ھیوای زۆری لەسەر ھەڵچنرا ، ئەوەش فورسەتی گەورە بون بۆ چاکردنی ئەو دڕدۆنگیەی لە نێوان پارتی و کۆمەڵ دروست ببو ، کە سەرۆکی پارتی ئەیوت لەگۆڕان تێئەگەین بەڵام کۆمەڵ چی ئەوێت ، دیسانەوە موزایەدەی کۆمەڵ لەپای چی ، کە خەریکبون چیرۆکیان بۆ سەرکردەو کادرەکانی دروستئەکرد بۆ ئەوەی تۆمەتیان بۆ ھەڵبەستن و تێوەیان گلێنن بە تیرۆر ، دیسانەوە کام موزایەدە !!!؟
لەکۆبونەوەکەی حوزەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ حیزبەکان چەندبارە کۆمەڵ نەچو بەدەم داوای سەرۆکی ماوە بەسەرچو ، کە ئەویش بڕیاری ڕیفراندۆم و ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی لیکەوتەوە ، مامۆستا عەلی باپیر لە ١٧ تەموزی ٢٠١٧ لە نۆ خاڵی زۆر وردو پڕ حیکمەت و شارەزا لەواقعی ناوخۆو ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ھۆکارەکانی ئەگەری شکستی ڕیفراندۆمی خستە بەردەست ڕیفراندۆمچیان ، کەواتە بڕیار لەسەر ڕیفراندۆم لەسەرۆکایەتیەکی ناشەرعی و فەرزی ئەمری واقیع دەرچوبو ، گریمان ھێزە بەشداربوەکان وەکو کۆمەڵ تەسلیمی ئەمری واقیع نەبونایە ئەسڵەن بڕیار لەسەر ڕیفراندۆم ھەر نەئەدرا ،
دیسانەوە کۆمەڵ بۆ چی و لەپای چی موزایەدەیکرد و نەچوە کۆبونەوەکان !!!؟
یاریەکی تری پارتی کاراکردنەوەی پەرلەمان بو بۆ پێدانی شەرعیەتی پەرلەمانی بە ڕیفراندۆم ، سەرکردایەتی کۆمەڵ ھەر زوو لەو یاریەش تێگەیی و نەچوو ، دەبارەو چەندبارە کام موزایەدەیتری کرد کۆمەڵ !!!؟
کۆمەڵ باش ئەیزانی گرەو لەسەر ئەوە ئەکرێت کە نەخێر بۆ سەربەخۆیی بکەن ، بەڵام ئەمیری کۆمەڵ بە مانگ زیاتر پێش ڕیفراندۆم ئەیوت ئەگەر ڕیفراندۆم ھەربکرێت و ھەڵبژاردە لەنێوان بەڵێ و نەخێربێت بۆ سەربەخۆیی بەدڵنیایی ئێمە ئەڵێین بەڵێ ، پیاوی ژیر لەو بەڵێ مەعنەویە تێگەیی ، نەک بەڵێی عینادی و بڕیارو موجازەفە ، واتە کۆمەڵ بەڵێ یان نەخێر یان بایکۆتی بکردایە ، بەدڵنیایی ڕێژەی دەنگ ھیچ کاریگەری لەسەر دروست نەئەبو ، بینیمان سەدان ھەزارکەس بایکۆتیانکرد ، بەڵام نەتیجەش دیاربوو ، بۆیە وەکو کاک ھاوژین عومەر وتی کۆمەڵ دوشەشی تۆپان، بەڵێ بەندەش ئەڵێم مرداری کردەوە لەدەستی ئەوانەی بەنیازبون لەژێر بیانوی نەخێری کۆمەڵ ئەم حیزبەو ئەندامەکانی تەخوین بکەن کەپێشڕیفراندۆم دەیان ووتاریان لەسەرنوسی ،
ساڵ زیاترە دەردەشەی کشانەوە بوە بە باسی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵ لەسەر تا خوار ، ئەوەبو زیاد لە چوار مانگ پێش ئێستا کشانەوە بو بە بڕیاری سەرکردایەتی ، ھەر سەرکردایەتی ئەنجومەنی سیاسی تەخویلکرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەکاتی پێویست ، ئەوە بو دوای خۆ پیشاندانەکان و دوبارە بێ باکی حوکمەت و ھێزەئەمنیەکان لە خوێنی خۆپیشاندەران ئیتر کۆمەڵ تەوقیتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بە ھاوشان لەگەڵ گۆڕان بە پێویست زانی و کشانەوە ، ئەوەش خاڵی زۆر بەھێزە ئەگەر چەند ھێزێک کۆلکەی ھاوبەشیان ھەبێت بۆ ئیسڵاح ، لەکاتی پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم چوار ھێز بون بێجگە پارتی بەڵام تەنھا گۆڕان کۆمەڵ مانەوە ، بەتایبەت دوای پەکخستنی پەرلەمان و ڕەفزی ئەمری واقیع ، وە خولی پێشوی پەرلەمانیش سێھێز کۆمەڵ و یەکگرتوو و گۆڕان ھاوپاکێج بوون ، پاشکۆیی بۆ حیزبی دەسەڵات و خاوەن پارەو ھێزو ئیمکانیات ئەکرێت ، نەک حیزبی بێ ھێز و لات ، کەواتە یەکێک لەپاشکۆیەتی بێت ئەبێ بە پاشکۆی پارتی و یەکێتی ! چی لەگۆڕانداوە !؟ ،
لەکۆتاییدا ئەڵێم کۆمەڵ کۆڵێك ھەڵوێستی جوان و شەرعی و میللەت دۆستی خستۆتە سەرخەرمانی مێژوەجوانەکەی ، کۆمەڵ ھێزی تاقیکراوەی نێو پەرلەمان و حکومەتە ، لە ژێر دەیان تاقیکردنەوە وەکو خۆڵی ئاڵتون ھاتەدەر ، کورد ئەڵێ تاقیکردنەوە باشترین بەڵگەیە ، خوا یاربێت پلان و پرۆژەی خزمەتگوزاری زۆر گەورە لەھەناوی (کۆمەڵ)ی ھەژاراندایە.....
ھەموکەس دڵنیا ئەکەین ھەنگاوەکانمان قەناعات و پرەنسیپە ، ئەوەی پێمان بڵێ موزایەدەئەکەن گەردنی ئازاناکەین....

*به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌نده‌رانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی

نوێترین نوسینەکانی سامان ره‌باتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌