کۆتایی ئەم دەسەڵاتەو دەستپێکردنی سەرەتایەکی نوێ

وتار/ 04/12/2017 766 جار بینراوە

هه‌ستار سه‌نگاوی

کۆتایی ئەم دەسەڵاتەو دەستپێکردنی سەرەتایەکی نوێ

من وایدەبینم کەتەمەنی دەسەڵاتی (پارتی و یەکێتی ) ماوەیەکی کەمی ماوەو لەھەڵبژاردنی داھاتوودا ھیچکام لەو دوو حیزبە چاویان بەپۆستی سەرۆکی حکومەت ناکەوێت ، بەڵکو ئاماژەکان وا دەردەخەن کەئەو دوو حیزبە بەشێوەیەکی وردی پلە بەپلە پەڕوباڵیان دەکرێ و ھەموو سەرچاوەکانی پارەو دارایییان لێ دەبڕدرێت ، پاشان ناچار دەکرێن کەواز لەپێشمەرگەو ھەموو ھێزە چەکدارە جیاوازەکان بھێنن ، ھەرئەمەش دادیان ناداو بەشێکی زۆریان خۆیان لەبەردەم دادگادا دەبیننەوە.!
پاش ئەوەی کەبەکارتی (سوور ) لەلایەن ئەمریکاوە پارتی ویەکێتی لەگۆڕەپانەکە دەکرێنە دەرەوە ، قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات و کۆمەڵێک یاریکاری نوێ دێنە ناو گۆڕەپانەکەوە .
 سەرەڕای ئەوەی (بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ) بەردەوام لەبەرەی جەماوەردا بوون و خەڵکێکی زۆر ئومێدی پێیانە ،بەڵام وەک دەردەکەوێت لەدەرەوەی کوردستانەوە (بەتایبەت ئەمریکا) ، بەدوو ئاراستەدا کار دەکات ، ئاراستەیەکیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کار لەبچوکردنەوەی (پارتی ویەکێتی) دەکات ، چونکە پێیان وایە کارو ھەڵوێستەکانی ئەم دوو حیزبە لەقازانجی ئەوان نییەو دەبێت سنووریان بۆ دابنرێت ، ئاراستەیەکیشیان ئیش بۆ ئەوە دەکات کەلەحاڵەتی وەلانانی ئەواندا جێدار(بدیل)یان بۆ شوێنی ئەوان ئامادە بێت !
وادەردەکەوێت ئەمریکا بیەوێت ھەمان کاری کەلە(ئەفغانستان )ئەنجامیدا لێرەش دووبارەی بکاتەوە ، ھەروەک چۆن (حامد کارزای) لەدەرەوە ھێنایەوەو کردی بەسەرۆکی وڵات .ھەرئەمەشە وای کردووە کە(شاسوار عبدالواحد) لەکەسێکی خاوەن کۆمپانیاوە بکات بەکەسێکی سیاسی و خاوەن قەوارەو خاوەن گوتارێکی توند دژی دەسەڵاتدارانی ئێستا .!
جگەلە (شاسوار عبدالواحد) قەوارەکەی دکتۆر (بەرھەم ئەحمەد)یش بەسەنگ و قورساییەکی زۆرەوە خۆی وێنا دەکاو بۆتە ئومێدی بەشێکی بەرچاوی دەنگە ناڕازییەکان .بەڵام وەک دەردەکەوێت ھەرچەند (شاسوارعبدالواحد) خاوەن گوتارێکی نوێیە بەکوردستان وگەنجێکی زۆری لەدەور کۆبۆتەوە و دەزگایەکی کاریگەرو گەورەی وەک (ئێن ئاڕ تی) دەنگ و ڕەنگ و چالاکییەکانی دەگوێزێتەوە ، بەڵام ھێمنی و لەسەرخۆیی (د.بەرھەم) و بوونی لایەنگرو ئەندامێکی زۆر لەناو یەکێتی و کارەباشەکانی پێشتری لەوکاتەی لەدەسەڵاتدا بوو ، ھەروەھا خوێندنەوەی ئەرێنی لایەنەکانی تر بۆ کەسایەتی ئەم پیاوە سەرمایەیەکی گەورەیەو زیاتر لەسەرکەوتنی نزیک دەکاتەوە .
بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا ( گۆڕان و کۆمەڵ )یش بەھۆی دژایەتی کردنی گەندەڵی و مانەوە لەبەرەی خەڵک وقوربانیدان بەبەرژەوەندییە حیزبییەکانیان لەو پێناوەدا ، ھەروەھا تێکەڵاو نەبوون بەو کارانەی کەلایەنەکانی تری ناشیرین کردووە ، ئەوانی وەک دوو لایەنی گەورەو بەھێزی ناو گۆڕەپانەکە ھێشۆتەوەو دەبنە بەشێکی زۆر گرنگ وکاریگەر لەگۆڕانکارییەکاندا..
لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا (پارتی و یەکێتی)یش زۆر بەئاسانی خۆیان نادەن بەدەستەوەو بەشێوازی جیاواز و سیناریۆی جیاوازو لەژێر پەردەی جیاوازدا شەقام دەجوڵێنن و ئەوەندەی بتوانن دۆخی کوردستان بەو ئاراستەیەدا دەبن کەلەبەرژەوەندی ئەواندایە !
ھەستار سەنگاوی

نوێترین نوسینەکانی هه‌ستار سه‌نگاوی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌