رامــان له‌ وێســتگه‌كانی ئه‌م قۆناغــه‌ (9)

وتار/ 21/11/2017 433 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

رامــان له‌ وێســتگه‌كانی ئه‌م قۆناغــه‌ (9)
شوان هه‌ورامی
به‌شی نۆیه‌م
توركیا و كورد
من لێره‌دا به‌ پێویستی نازانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ شۆڕشه‌كانی شێخ سه‌عیدی پیران و ئارارات و دێرسیم ، ته‌نانه‌ت هۆكاره‌كانی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی چه‌كدارانه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان ، بابه‌تگه‌لێكه‌ قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كراوه‌ ، بۆیه‌ باسكردنی هۆكاره‌كانی تووڕه‌یی توركیا به‌رانبه‌ر به‌ كورد له‌م قۆناغه‌دا ، به‌ گرنگتر ده‌زانم .
له‌ ئێستادا سێ پارچه‌ی كوردستان ، باكوور و باشوور و خۆرهه‌ڵات راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ توركیاوه‌ هه‌یه‌ ، بۆیه‌ ئه‌و وڵاته‌ وه‌كو بابه‌تێكی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات ، كه‌ ده‌كرێ بوترێت 70% ی كورد له‌م سێ به‌شه‌ی كوردستاندا ده‌ژین .
لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه‌ به‌راستیه‌ك بده‌ین ، كه‌ زۆرینه‌ی ره‌های كورد و سه‌ركرده‌كانی به‌رده‌وام له‌م هه‌ڵه‌یه‌دا ده‌ژین و له‌ كاتێكدا هه‌ڵوێستی دژ به‌ كورد له‌ وڵاتی توركیاوه‌ ده‌بینن و ده‌بیستن ، تووشی جۆرێك له‌ نیگه‌رانیی و شۆك ده‌بن ، بۆیه‌ نابێ كورد داوا له‌ سه‌ركرده‌و رێبه‌رانی توركیا بكات وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌نه‌وه‌ ، چونكه‌ تا ئه‌م ساته‌ش په‌روه‌رده‌ی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی كه‌مالیی و حكومه‌تی نهێنیی و هاوته‌ریب ( الحكومة العمیقة ) له‌و وڵاته‌دا ره‌گی داكوتاوه‌ . هه‌موو كوده‌تاكانی توركیا به‌وه‌ی ساڵی رابردووشه‌وه‌ ئه‌وان به‌ بیانووی پاراستنی عه‌لمانیه‌تی ئه‌تاتۆركیی به‌رپایان كردووه‌ ، سه‌رۆكی خۆشه‌ویستی گه‌لی توركیا ( عه‌دنان مه‌نده‌رێس ) ئه‌وان له‌سێداره‌یان دا ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌زاران كوژراو و ئه‌شكه‌نجه‌دراوی دوای هه‌ر كوده‌تایه‌ك ، ته‌نانه‌ت گومانی زۆر به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك { تۆرگۆت ئۆزال } یش ژه‌هرخوارد كرابێت و تیرۆر كرابێت ، چونكه‌ ئه‌ویش ده‌یه‌ویست كرانه‌وه‌ی دیموكراسیی له‌ توركیادا ده‌ست پێبكات ، به‌ تایبه‌تیش كردنه‌وه‌ی ده‌رگا له‌گه‌ڵ كورد و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ PKK دا یه‌كێك بوو له‌و هێڵه‌ سوورانه‌ی عه‌لمانیه‌تی ئه‌تاتۆركی كه‌ ئه‌و به‌زاندی . بۆیه‌ ده‌بێ بزانین كرانه‌وه‌ی دیموكراسی ئاكپارتی شتێكی ئاسان نه‌بوو ، به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كورددا ، ئه‌و پارته‌ وه‌كو هونه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌كرێت ( فن الممكنات ) قۆناغ به‌ قۆناغ چووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌لایه‌ن حكومه‌تی نهێنی و دووژمنه‌ مێژووییه‌كانی توركیا له‌ خۆرئاوادا – كه‌ له‌ زیندوو بوونه‌وه‌ی عوسمانیه‌كان ده‌ترسن – به‌رده‌وامبوون له‌وه‌ی له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌می ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌دا دروست بكه‌ن .
هۆكاره‌كانی نیگه‌رانیی توركیا :
هۆكاره‌كانی نیگه‌رانیی توركیا زۆرن ، به‌ڵام له‌ چه‌ند خاڵێكدا كورت ده‌كرێنه‌وه‌ :
1. له‌باره‌ی كوردانی باكووره‌وه‌ ئاكپارتی له‌وه‌ نیگه‌رانه‌ ، كه‌ ئه‌وان به‌جۆرێك له‌ PKK و HDP چوونه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ له‌ مێژووی نوێی كۆماری توركیادا رووی نه‌دابوو ، به‌ڵام ئه‌وان خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و نه‌رمیه‌ی ئاكپارتی زۆر هه‌ڵه‌ بوو ، له‌لایه‌ك هه‌ڵوێسته‌كه‌یان ئایدیۆلۆژیی بوو نه‌ك واقعیی ، له‌لایه‌كی تریش ئه‌و نه‌رمیه‌یان به‌ بێهێزیی پارتی حوكمڕان ده‌زانی ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كه‌ هه‌ندێ هێزی ده‌ره‌كیی ئه‌وانی به‌و شێوه‌یه‌ هانده‌دا كه‌ پێویسته‌ به‌شێك بن له‌ گوشاری سه‌ر ئاكپارتی ، بۆ نمونه‌ سكرتیری سۆشیالیستی نێوده‌وڵه‌تیی ( لویس ئه‌یالا ) كه‌ جوله‌كه‌یه‌كی لایه‌نگری ئیسرائیله‌ ، له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی توركیادا له‌ په‌رله‌ماندا ، فه‌ر‌مانی پێدابوون له‌ نێوان عه‌بدوڵڵا گوڵ و ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی دا نوێنه‌رانی كورد ده‌نگ به‌ باخچه‌لی بده‌ن ، هۆكاره‌كه‌ش ته‌نیا ئه‌وه‌ بوو ئاكپارتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا په‌یوه‌ندییه‌كانی خراپ بوون و ئه‌یالا ده‌یه‌ویست به‌ كارتی كورد تۆڵه‌ له‌ ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی بكاته‌وه‌ . HDP به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا ، بووه‌ به‌شێك له‌ دژایه‌تیی توركیا له‌ سیاسه‌ته‌كانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌یدا ، به‌ تایبه‌تی دژایه‌تی شۆڕشی سوریا ، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی قه‌یرانی نێوان توركیا و رووسیادا { سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش } له‌ رووسیاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئه‌ردۆغان كرد ؛ كه‌ ده‌بێ بڕووخێت . به‌ خوێندنه‌وه‌ی PKK ش كاتێ بینیی ئه‌مه‌ریكا له‌ خۆرئاوای كوردستان هاوكاریی باڵه‌كه‌ی ده‌كات بۆ شه‌ڕی داعش و په‌سنی شه‌ڕڤانه‌كانی ده‌كات ، وا تێگه‌یشت له‌ باكووری كوردستانیش به‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ و سه‌نگه‌ر لێدان له‌ شاره‌كاندا ده‌توانن نیگه‌رانیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ توركیا بگۆڕن به‌ پشتیوانیی و له‌وێش هه‌رێمی خۆسه‌ر دروست بكه‌ن وه‌كو خۆرئاوای كوردستان ، ئه‌وه‌ بوو شه‌ڕی باكوور جارێكی تر دۆزی كوردی چه‌ندین قۆناغ برده‌وه‌ دواوه‌و ئاسۆیه‌كیش بۆ گفتوگۆو چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی نابینرێت . ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ HDP له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی حوزه‌یرانی 2015 دا هه‌لێكی زێڕینی له‌به‌رده‌مدا بوو كه‌ ببێته‌ هاوپه‌یمانی ئاكپارتی و ببێته‌ پارسه‌نگێكی باش بۆ ئه‌وه‌ی باڵانسی ئاشتی له‌ باكوور بپارێزێت ، به‌ڵام چ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان و چ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان جگه‌ له‌ داخوازیی رووخاندنی ئاكپارتی ، درووشمێكی تری به‌رز نه‌كرده‌وه‌ ، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌ له‌ خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كاندا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و نیو له‌ كوردانی باكوور له‌ ده‌نگه‌كانیان به‌ HDP په‌شیمان بوونه‌وه‌و ده‌نگیان به‌ ئاكپارتیدا .
2. په‌یه‌ده‌ له‌ خۆرئاوای كوردستان – وه‌كو باڵی سوریای PKK – هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی سوریادا به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه‌ بێلایه‌نه‌ له‌ رووداوه‌كاندا ، هه‌موو شۆڕشگێڕانی خۆرئاوای كوردستانی له‌ ناوچه‌كانیدا سه‌ركوت كرد ، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ؛ به‌عسیه‌كان له‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا نه‌ك هه‌ر ئازاد بوون به‌ڵكو چالاكیه‌كانیشیان به‌رده‌وام بوو ، بۆیه‌ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ PKK دژایه‌تی خۆی بۆ ئه‌جێندای توركیا راگه‌یاند ، له‌لایه‌ك ده‌یگووت نابێ رێگه‌ بدرێت توركیا ده‌ستوه‌رداته‌ كاروباری ناوخۆی سوریا ، به‌ڵام بۆ خۆیشی ململانێی خۆی له‌گه‌ڵ توركیادا گوێزایه‌وه‌ بۆ سوریاو ده‌ستیكرده‌ دژایه‌تی شۆڕشی گه‌لانی سوریا ، ته‌نانه‌ت هه‌موو پارته‌كانی خۆرئاوای كوردستانیشی سه‌ركوت كرد . له‌دوای هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی باكووری كوردستان ، چیتر باڵی سوریای PKK ش به‌ ئاشكرا دژایه‌تی خۆی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی لایه‌نگری توركیا راگه‌یاندو له‌ حه‌ڵه‌ب و باكووری سوریادا له‌ گه‌مارۆدانی ئۆپۆزیسیۆن و خنكاندنیاندا به‌شداریی كرد ، هه‌ر بۆیه‌ كاتێك ئه‌مه‌ریكا و خۆرئاواییه‌كان یارمه‌تی { PYD } ده‌ده‌ن و ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ باڵی PKK بێت كه‌ ئه‌وان به‌ تیرۆریستی ناو ده‌به‌ن ، گومانه‌كانی توركیا چه‌ند به‌رانبه‌ر ده‌بێت ، ئه‌مه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌ی توركیا به‌ڵگه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ خۆرئاواییه‌كان له‌ كوده‌تاكه‌ی 15 ی ته‌مووزی 2016 دا به‌شدار بوون ، ناتۆ پشتیوانیی له‌ توركیا نه‌كرد له‌ كاتی قه‌یرانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ رووسیادا ، بۆیه‌ توركیا ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌زانێت و به‌ ته‌واویی نیگه‌رانه‌ له‌و ره‌فتاره‌و له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران و له‌ رێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ رژێمی سوریا له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ی خۆرئاواییه‌كان . چونكه‌ ئه‌وان به‌م دیواره‌ی كوردانی خۆرئاوا ویستیان رێگه‌ له‌وه‌ بگرن كه‌ سوننه‌ی شام بۆ جارێكی تر ببنه‌وه‌ به‌ قوڵایی ستراتیژیی بۆ توركیا و به‌وه‌ش ئاسایشی ئیسـرائیل به‌ بۆچوونی ئه‌وان بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ .
3. له‌ دوای بڕیاری 688 ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی ؛ بنكه‌ی ئاسمانیی ئینجه‌رلیك بووه‌ چه‌كوشی ئاماده‌ بۆ سه‌پاندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین به‌سه‌ر عێراقدا ، بۆیه‌ ده‌ستی توركیا زیاتر كرایه‌وه‌ كه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌ ناو كاروباری هه‌رێم و له‌وێشه‌وه‌ لێدانی بنكه‌و باره‌گاكانی PKK ده‌ستبه‌كار بێت ، ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ نێوان ساڵی 1991 بۆ ساڵی 2003 به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو ، هه‌رێمی كوردستانیش بازاڕێكی باش بوو بۆ بازرگانیی و قاچاغی نه‌وت و كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كانی توركیا ، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ ئه‌مری واقیع و توركیا له‌ ره‌هه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی نه‌ترسێت . به‌ڵام له‌ دوای رووخاندنی رژێمی سه‌دام و داگیركردنی وڵات له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ، تا راده‌یه‌ك توركیا هه‌ستی به‌ جۆرێك مه‌ترسیی كرد ، چونكه‌ له‌لایه‌ك رێگه‌ی نه‌دابوو ئه‌مه‌ریكا خاكی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر عێراق به‌كار بهێنێت ، له‌لایه‌كی تریش جۆرێك له‌ سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری دابووه‌ كورده‌كان ، بۆ نمونه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ قۆناغێكدا مه‌سعود بارزانی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانی توركیا بكات و بڵێت : ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌ستوه‌رده‌نه‌ كاروباری كوردستان ، ئێمه‌ش ده‌ستوه‌رده‌ده‌ینه‌ كاروباری توركیا . كه‌ تاڕاده‌یه‌كیش قه‌یرانێكی زوو تێپه‌ڕی دیبلۆماسی لێكه‌وته‌وه‌ ، هه‌روه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان به‌ ڤیدیۆكانی سه‌رۆ قادر كرد كه‌ باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ ئه‌گه‌ر توركیا به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان رازی نه‌بێت دابه‌شده‌كرێت و فڕی ده‌درێته‌ ئه‌نادۆڵ ، دواتر ده‌ستوور و كێشه‌ی ماده‌ی 140 و تا گه‌یشته‌ شه‌ڕی داعش ؛ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێم تاڕاده‌یه‌ك ئاسایی بوون ، به‌ڵام بڕیاری ریفراندۆم له‌ كوردستان و پشتیوانیی كردنی له‌لایه‌ن بنیامین ناتانیاهۆ و یارمه‌تیدانی كوردانی خۆرئاوا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ، مه‌ترسیه‌كانی توركیای چه‌ند به‌رانبه‌ر كرده‌وه‌ ، به‌ تایبه‌تیی ئاكپارتی و سه‌ركرده‌كانی زۆر رێزی مه‌سعود بارزانی و بنه‌ماڵه‌كه‌یان ده‌گرت و هه‌موو گرێبه‌ست و قاچاغی نه‌وت و ئه‌و گوێنه‌دانه‌ی پارتی به‌ حیزبه‌كانی تری كوردستان و بێمنه‌تیان له‌ خه‌ڵك ، به‌شێكی زۆری بۆ پشتیوانی توركیا ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ، بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی بارزانی و بێمنه‌تیان له‌لای توركیا به‌وه‌ لێكدرایه‌وه‌ له‌لایه‌ك سپڵه‌یی بێت و له‌لایه‌كی تریش پیلانێكی ئیسرائیلی و خۆرئاوایی بێت له‌ دژی ئه‌و وڵاته‌ ، بۆیه‌ زۆر به‌ تووندی دژی وه‌ستانه‌وه‌ ، نیگه‌رانیی توركیا زۆر له‌ نیگه‌رانی ئێران تووندتر له‌ میدیاو هه‌ڵوێسته‌كاندا ده‌ركه‌وت .
وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی توركیا و هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران و رووسیادا به‌رهه‌می خۆی هه‌بووه‌ ، ئه‌وه‌ی ئێستا جێی نیگه‌رانیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێگه‌ی كورده‌ له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی و ناوچه‌ییدا و ئه‌گه‌ری نه‌هامه‌تیی نوێی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ ، چونكه‌ كورد ساڵانێكی درێژه‌ به‌ درووشمی { كوردستان یا نه‌مان } خه‌بات ده‌كات ، واته‌ یا سه‌ركه‌وتن یا هیچ ، سیاسه‌تیش هونه‌ری مومكیناته‌ نه‌ك هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ تۆ ده‌ته‌وێت . چونكه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تی به‌هه‌شتی دونیاشدا ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ته‌وێت ده‌ستت ناكه‌وێت !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌