رامــان له‌ وێســتگه‌كانی ئه‌م قۆناغــه‌ (1)

وتار/ 08/11/2017 449 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

رامــان له‌ وێســتگه‌كانی ئه‌م قۆناغــه‌ (1)
شوان هه‌ورامی
به‌شی یه‌كه‌م
وته‌یه‌كی پێویست
به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تیی ، له‌ هیچ قۆناغێكدا رووداوه‌كان به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌مڕۆ ئاڵۆز و فره‌ ره‌هه‌ند نه‌بوون ، كه‌ شرۆڤه‌كاران هه‌رچه‌نده‌ به‌تواناو دانا بن ، ناتوانن ته‌واویی ره‌هه‌نده‌كان بخه‌نه‌ چوارچێوه‌ی شرۆڤه‌كانیان ، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ؛ كه‌ زۆربه‌ی ره‌هه‌ندی رووداوه‌كان له‌ ژووره‌ تاریكه‌كانی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی جیهاندا پلان و به‌رنامه‌یان بۆ داڕێژراوه‌ ، بۆ داپۆشین و ئاسایی نیشاندانی رووداوه‌كانیش میكانیزمێك جێبه‌جێ ده‌كرێت ، كه‌ زۆر جار دووره‌ له‌و راستیانه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن ، هه‌ر بۆیه‌ كاتێ شرۆڤه‌كارێك ده‌گاته‌ هه‌ندێ ئه‌نجامی سه‌رسوڕهێنه‌ر ؛ خوێنه‌رانی ئاسایی باوه‌ڕی پێناكه‌ن و بگره‌ گاڵته‌شی پێده‌كه‌ن ، كاتێ رووداوه‌كانیش ده‌گه‌نه‌ قۆناغی ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی شرۆڤه‌كاران ، تازه‌ كار له‌ كار ترازاوه‌و خه‌ڵكانی ساده‌و كورتبین ؛ په‌شیمان بوونه‌وه‌ دادیان نادات .
مه‌خابن بۆ ئێمه‌ كه‌ ده‌ستمان ناگاته‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنیه‌كان و ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی هه‌واڵ و راپۆرته‌ هه‌واڵیه‌كاندا ده‌ستمان به‌ هه‌ندێ زانیاریی پچڕ پچڕ ده‌كه‌وێت ، كه‌ له‌ خشته‌ی زۆر ئاڵۆزی یه‌كتربڕ ده‌چێت و بۆ ئێمه‌ی كه‌م ئه‌زموونیش زۆر قورسه‌ ساغی بكه‌ینه‌وه‌ ، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ناكرێت بتوانین له‌ هه‌موو لایه‌كانه‌وه‌ ؛ له‌بابه‌ت و رووداوه‌كان حاڵیی ببین ، ناشكرێ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌مووی تێنه‌گه‌ین ؛ سه‌رجه‌می ره‌ها بكه‌ین ، چونكه‌ رووداوه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ ژینگه‌و بژێویی و ئێستا و داهاتوومانه‌وه‌ هه‌یه‌ .
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ ، گه‌وره‌ترین گرفتی شرۆڤه‌كار ئه‌وه‌یه‌ ، كه‌ خوێنه‌رانی ئایدیۆلۆژیی بن ، واته‌ پێشوه‌خته‌ خوێنه‌ر به‌هۆی ئاراسته‌ی حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ قه‌ناعه‌تێكی بۆ دروستكراوه‌ ، بۆیه‌ هه‌رچیه‌ك له‌گه‌ڵ بیروبڕوای ئاراسته‌كراوی‌ حیزبیه‌كه‌ی ئه‌ودا نه‌گونجا ، هێڵێكی ره‌شی به‌سه‌ردا ده‌هێنێت و ‌گه‌ر جنێوبارانت نه‌كات ، له‌باشترین حاڵه‌تدا باوه‌كو ئاماژه‌كانت به‌ڵگه‌نه‌ویستیش بن ، ئه‌و دژایه‌تیان ده‌كات و نایه‌وێت راستیه‌كان وه‌كو خۆی ببیستێت ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ پیرۆزكردنی حیزبه‌كان به‌ عه‌لمانیی و ئیسلامیه‌وه‌ ؛ گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تیی خوێنه‌رانه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتدا ، بۆیه‌ نابینین له‌دوای شكسته‌كان و رووداوه‌ گه‌وره‌كان هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستییان بۆ بكرێت ، نابینین دوای شكسته‌ كه‌مه‌رشكێنه‌كان سه‌ركرده‌ كارێزمیه‌كان واز له‌ كورسیه‌كانیان بهێنن ، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شكسته‌كانیش ده‌كه‌نه‌ سه‌ركه‌وتن ، بۆ نمونه‌ له‌دوای ریسوایی شكستی عێراق له‌ كوه‌یت ، راگه‌یاندنی عێراق سه‌دامی به‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌و وڵاته‌ ناو ده‌برد ، كه قاره‌مانی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی 33 ده‌وڵه‌تی جیهان بوو ، هه‌ر بۆیه‌ لێره‌ مرۆڤپه‌رستیی و حیزب په‌رستیی و كۆیلایه‌تیی بۆ كاریزماكان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ژیان و ژینگه‌و ئه‌ده‌بیاتدا ره‌گی داكوتاوه‌ ؛ ئاسان نیه‌ شرۆڤه‌كار له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت ئه‌و ده‌رگای قه‌ڵای خه‌یبه‌ره‌ به‌ سانایی بشكێنێت ، بۆیه‌ دواجار له‌م زنجیره‌ وتاره‌دا زۆر گه‌شبین نیم سه‌ركه‌وتوو بم ، چ له‌رووی بنه‌ماكانی شرۆڤه‌ی زانستیه‌وه‌و چ له‌ رووی شكاندنی ئه‌و ده‌رگا مه‌حكه‌مانه‌ی پیرۆزییه‌كانی حیزب و كارێزمای خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش راستیه‌كی تره‌ ؛ ئه‌گه‌ر شرۆڤه‌كار تێگه‌یشتنی خۆی پێشكه‌ش نه‌كات ، ‌گه‌ر ئه‌و پشتگوێ خستنه‌ی نه‌چێته‌ خانه‌ی خیانه‌ته‌وه‌ ؛ ئه‌وا له‌ باشترین حاڵدا كه‌مته‌رخه‌میه‌ به‌رانبه‌ر به‌ گه‌ل و نیشتمان ، به‌سه‌ شرۆڤه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میش بیانخوێننه‌وه‌و كه‌متر له‌وانیش قبوڵیان بكه‌ن ، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شرۆڤه‌كار ئه‌ركی خۆی به‌رانبه‌ر گه‌له‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات .
دواجار ده‌بێ خاڵێكی تری زانستیی له‌باره‌ی شرۆڤه‌وه‌ ئاماژه‌ پێ بده‌ین ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كاتێ شرۆڤه‌كار ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كانی بابه‌تێك تێبگات ، ده‌بێ له‌ گۆشه‌نیگای بیركردنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ شرۆڤه‌كه‌ی ئاماده‌ بكات ، واته‌ ناكرێ شرۆڤه‌كارێكی كورد توركیا و ئێران و عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌ب به‌ ناحه‌زی خۆی ده‌زانێت ، له‌سه‌ر بنه‌مای بژی و بروخێ و درووشمی كوردستان یا نه‌مان بنوسێت و له‌ناو كه‌فوكوڵی عاتیفیدا خۆی ون بكات ، ده‌بێ بزانێت هۆكار چیه‌ توركیا و ئێران و ئه‌وانی تریش به‌و شێوه‌یه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ، شرۆڤه‌كار ده‌بێ ئاوێنه‌ی گه‌له‌كه‌ی بێت ، نه‌ك راستیه‌كانی لێ ون بكات و چه‌واشه‌كارانه‌ ره‌فتار بكات ، چونكه‌ هه‌ر كاتێ بڕیارده‌ران تێگه‌یشتن خواست و بنه‌مای هه‌ڵوێستی وڵاتان به‌رانبه‌رمان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه‌ ، باشتر ده‌زانن چۆن وه‌ڵامی ئه‌و نیگه‌رانیی و هه‌ڵوێستانه‌ بده‌نه‌وه‌و به‌ زانستیانه‌ هه‌نگاو بنێن ، چونكه‌ عاتیفه‌و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی وشك ؛ هه‌ڵوێستی نه‌زانانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ ، كه‌ گه‌لی ئێمه‌ نمونه‌ی زۆری له‌و شێوه‌یه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌و تا ئێستاش وانه‌ی لێ وه‌رنه‌گرتووه‌و له‌ وێستگه‌ و قۆناغه‌ مێژووییه‌كاندا به‌رده‌وام دووباره‌یان ده‌كاته‌وه‌ !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌