ئه‌م ریفراندۆمه‌و چه‌ند پرسیارێك
وتار/
26/09/2017
493 جار بینراوە
شوان هه‌ورامی
ئه‌م ریفراندۆمه‌و چه‌ند پرسیارێك
شوان هه‌ورامی
من لێره‌دا ناچمه‌وه سه‌ر شێوازی بڕیاردان له‌سه‌ر ریفراندۆمه‌كه ، كه به عه‌قڵیه‌تی سه‌رده‌می به‌ره‌ی كوردستانی بڕیاری له‌سه‌ر درا ، بڕیارێكی دیراسه نه‌كراوی حیزبیی و بۆ به بیسمارك و جۆرج واشنتۆن كردنی سه‌ركرده‌یه‌ك هێنرایه گۆڕێ ، كه دیاره كاتێ پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی خرایه خزمه‌تی حیزبێكی سیاسییه‌وه ، له‌وانه‌یه ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه بێت به‌ڕواڵه‌ت قاره‌مانێكی كاتیی چاوخه‌ڵه‌تێنمان بۆ دروست بكات ؛ به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌رچیه‌ك بێت زیانێكی نه‌ته‌وه‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه . ئه‌م ریفراندۆمه له چه‌ند روویه‌كه‌وه پرسیاری دروستكردووه و پرسیاره‌كانیش جێگه‌ی نیگه‌رانین :
یه‌كه‌م – له‌ڕووی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانیه‌وه :
ئاساییه ریفراندۆمێك ته‌نانه‌ت ئه‌نجامه‌كه‌ی { 50 + 1 } بێت ، بۆیه هه‌وڵدان بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه به ساخته‌كاریی ؛ بۆ خۆی گه‌وره‌ترین خیانه‌ته له پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی كه هه‌موو كورد دڵی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی كورد‌و كوردستاندایه . به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامه‌كان ورد ببێته‌وه جیاوازییه‌كی زۆر له نێوان دوو زۆنه‌كه‌دا ده‌بینێت ، بۆ نمونه گه‌وره‌ترین شاری كوردستان – سلێمانی هه‌ڵمه‌ت و قوربانیی – نیوه‌ی ده‌نگده‌ران روویان كردۆته سندوقه‌كانی ده‌نگدان ، هه‌ڵه‌بجه‌ی هێمای شه‌هیدان كه‌مێك له‌سه‌رووی نیوه‌وه ، كه‌لاری هێمای ئه‌نفال و قوربانیدان 54% ده‌نگیان داوه ، به‌ڵام ده‌بینین هه‌موو شاره‌كانی زۆنی زه‌رد له نه‌وه‌ده‌كاندا ده‌نگیان داوه ، ئایا ده‌گونجێ خه‌ڵكی زۆنی زه‌رد گێچی كوردایه‌تیه‌كه‌یان كاراتر بێت له زۆنی سه‌وز؟ ( ئه‌ڵبه‌ته ببوورن ناچارم ناوی ئه‌و دوو ره‌نگه بهێنم ) ، به درێژایی مێژوو سلێمانیی له پێشه‌وه‌ی قوربانیدان بووه بۆ كوردایه‌تیی ، قوربانیی گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه كه‌س ناتوانێت موزایه‌ده‌ی به‌سه‌ره‌وه بكات ، له نزیكترین ئه‌زموونیشدا قوربانیه‌كانی زۆنی سه‌وز له شه‌ڕی داعشدا دوو به‌رانبه‌ری زۆنی زه‌رده ، جا با له‌و رووه‌وه كه‌س به موزایه‌ده‌ی كوردایه‌تیه‌وه قسه‌مان بۆ نه‌كات ، كه‌واته به‌داخه‌وه ده‌بێ گومانێكی گه‌وره و نیشانه‌یه‌كی پرسیارمان بۆ دروست ببێت كه هێشتا ساخته‌كاریی له كوردستان بۆ گۆڕینی ئه‌نجامی ده‌نگه‌كان له ئاستێكی ترسناكدایه ، ئه‌وه تاوانه بۆ كارێكی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی ده‌نگی دزی و ساخته به‌كار بهێنرێت ، ته‌نانه‌ت عه‌لی ولایه‌تی بیكاته بنه‌مای هێرشكردنه سه‌ر پرۆسه‌كه ، جا وه‌كو وتراوه : كه‌رێ به پاره‌ی به‌فر بكڕدرێت ئاو ده‌یبات .
دووه‌م – له‌ڕووی مامه‌ڵه‌كردن به ئه‌نجامه‌كه‌یه‌وه :
چونكه بڕیاری ریفراندۆم وه‌كو پڕۆژه یاسایه‌كی په‌رله‌مانیی ئاماده نه‌كرابوو – وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ته‌لۆنیه‌كان كردیان - دیاره كۆمیسیۆنه‌كه‌ی به‌ره‌ی كوردستانیی رێوشوێنی ئه‌نجامدانه‌كه‌ی و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن به ده‌نگی هاوڵاتیانی گرتۆته ئه‌ستۆ ، كه هۆشیار زێباری سه‌رۆكی ئه‌و كۆمیسیۆنه چه‌ندین جار به میدیای عه‌ره‌بیی و جیهانیی راگه‌یاندووه ، مه‌رج نیه كار به‌و ئه‌نجامه بكرێت ، به‌ڵكو ئه‌وه وه‌كو ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان دیالۆگی له‌سه‌ر ده‌كرێت ، كه ئه‌وه به‌و مانایه دێت ؛ ئه‌م ریفراندۆمه نه‌كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و نه هه‌نگاوی كرده‌ییشی به‌دوادا دێت ، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بڕیاره‌كه‌یاندا نه حسابیان بۆ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی كرد و نه كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیش حساب بۆ ئه‌نجامی ئه‌م ریفراندۆمه ده‌كات ، لێدوانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی زۆر روون بوو ، نه بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییه ؛ نه بۆ دیاریكردنی سنووری كوردستانه ؛ حاڵی كه‌ركوكیش وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه ، ئاڵای عێراقیش له په‌نای ئاڵای كوردستاندا ده‌مێنێته‌وه ، ته‌نانه‌ت پارتی كه‌سێكی ئاماده‌كردووه بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ، باشه ئه‌گه‌ر ئه‌و پارته ئه‌م ریفراندۆمه‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆییه بۆچی ئه‌و ئاماده‌كارییه ده‌كات ؟ خۆ له كه‌مپینه‌كاندا درووشمی ئه‌و پارته ئه‌وه بوو كه تازه بۆ جارێكی تر ئێمه وه‌كو كورد ناگه‌ڕێینه‌وه بۆ دواوه و ناتوانین له‌گه‌ڵ به‌غدا بژین ، كه‌واته ئه‌مه ته‌نیا هێنانه‌دیی خواستی خێڵه‌كیانه‌ی كارێزمای كورده و هیچی تر ، به‌ڵام وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مجاره مامه‌ڵه كردن به‌و ئه‌نجامه‌وه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پۆست و پاره‌و ئیمتیازاتیش كورتی هێناوه‌و هه‌رێم كه‌وتۆته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ی ناوچه‌ییه‌وه .
سێیه‌م – رۆڵی سه‌ركرده له‌ڕاگوزه‌ردا :
له قۆناغێكی مێژووییه‌وه بۆ قۆناغێكی تر ، سه‌ركرده بۆیه سه‌ركرده‌یه كه بتوانێت رێبه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵگه بكات ، له خراپه‌وه بۆ باش ، له باشه‌وه بۆ باشتر؛ نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه ، مه‌خابن ئه‌م سه‌ركردانه‌ی كورد له ماوه‌ی 26 ساڵی رابردوودا ئه‌زموونێكی زۆر ناشیرین و شكستخواردوویان نیشان داوین ، له كاتێكدا كوردستان جۆرێك له سه‌قامگیریی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌یه ، كه نزیكه له سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه‌وه ، راسته ئه‌وه هێشتا به ته‌واویی جێگیر نه‌بووه ، به‌ڵام به ئه‌نجامدانی كارێكی دیراسه‌نه‌كراو ، ئه‌م سه‌قامگیرییه به‌ره‌و هه‌ڵدێر و مه‌ترسیی چاره‌نووسی ببه‌یت و گوێ له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و زلهێزان و وڵاتانی ناوچه‌كه نه‌گریت ، به تایبه‌تی جیۆپۆلۆتیكی كوردستان زۆر بێهێزو داخراوه و دووژمنان و ناحه‌زانی چوارده‌وریان گرتووه ، ئه‌وه پێی ناوترێت ئازایه‌تیی وه‌كو عه‌قڵیه‌تی چاخی شانزه‌هه‌م حساب بۆ كه‌س نه‌كه‌یت و بڵێیت هه‌ر ریفراندۆم ده‌كه‌ین ، كێ پێیخۆشه با پێی خۆش بێت و ئه‌وه‌ش پێی ناخۆشه به جه‌هه‌ننه‌م ، ئه‌وه ئازایه‌تیه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌ت دیالۆگی چه‌ندین ساڵه ئه‌نجام بده‌یت ، چونكه دره‌نگ گه‌یشتن له هه‌رگیز نه‌گه‌یشتن زۆر باشتره ، كاتێ بۆ یه‌كه‌مجار نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مه‌ریكا ده‌یانووت ئێمه سه‌رپه‌رشتی دیالۆگی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ین ، ده‌كرا ئه‌و پرۆتۆكۆله‌ی رێكه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌كرا ، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان چاودێریی جێبه‌جێ كردنی بكات ، كه ئێمه له 2003 تا ئێستا هیچ پرۆتۆكۆلێكمان نیه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان چاودێریی كردبێت ، بۆیه له‌م قۆناغه‌دا به‌ره‌و پێشه‌وه چوونێكی زۆر باش بوو ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌یبینین و ده‌یبیستین بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌وروبه‌رمان و دووباره سه‌پاندنی گه‌مارۆیه‌كی خنكێنه‌ر به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌دا ، ده‌ری ده‌خات رێبه‌رایه‌تی كورد ئازایه‌تیی و هه‌ڵچوونی لێ تێكچووه ، بۆیه ده‌یگووت با هه‌موو كورد بمرێت ، ئێمه تازه له بڕیاری خۆمان په‌شیمان نابینه‌وه .
به‌داخه‌وه نه‌زانیی رێبه‌رانی كورد له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا ، خه‌ریكه هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی 26 ساڵی رابردووشی خستۆته مه‌ترسییه‌وه ، له‌وانه‌یه هه‌ندێ تا ئێستاش دڵیان به به‌ڵێنه‌كانی ناتانیاهۆ خۆش بێت كه فریایان ده‌كه‌وێت له ته‌نگانه‌دا ، گه‌لی ژیر نابێ به به‌ڵێنی وڵاتێكی منداڵكوژی وه‌كو ئیسرائیل باوه‌ڕ بكات كه كاتی خۆیشی به‌ڵێنیان به‌سه‌ركرده‌ی شۆڕشی ئه‌یلول دابوو كه بڕوا به حه‌مه‌ڕه‌زا شای په‌هله‌وی بكه‌ن و دڵنیابن پشتتان به‌رنادات ، نه‌ك هه‌ر شا پشتی به‌ردان به‌ڵكو ئه‌وانیش ته‌نیا وشه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌و سته‌مكارییه باس نه‌كرد ، ئای ئه‌وانه چه‌ند شه‌یتانن و چۆن ده‌یانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان ؛ وه‌كو كارت له دژی ناحه‌زه‌كانیان له ئێران و توركیا به‌كار بهێنن ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كورد كارتێكی به‌هێزیش بێت دواجار ئه‌و وڵاتانه كه گوشاریان كه‌وته سه‌ر ئیمتیاز به‌و وڵاتانه ده‌ده‌ن كه كوردیان وه‌كو كارت به‌كار هێناوه ؛ نه‌ك ئه‌وه‌ی ماف به كورد بده‌ن ، هه‌روه‌كو چۆن له رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیردا كارتی كورد بووه هۆی ئه‌وه‌ی عێراق هێڵی قوڵایی ( تالیوك ) له شه‌تولعه‌ربدا بداته شای ئێران و كوردیشی تووشی ئه‌و نه‌هامه‌تیه گه‌وره‌یه كرد !!
نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی
-
شوان هه‌ورامی
14/03/2021
-
شوان هه‌ورامی
27/02/2021
-
شوان هه‌ورامی
02/08/2018
-
شوان هه‌ورامی
25/07/2018
-
شوان هه‌ورامی
16/07/2018
-
شوان هه‌ورامی
23/06/2018