كاتێ یه‌كێتی له‌ بنه‌ماكانی لایدا !!

وتار/ 04/09/2016 895 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ، ئه‌وه‌بوو كه‌ گوایه‌ شۆڕشه‌كانی پێشتر بنه‌مای بنه‌ماڵه‌یی و هۆزایه‌تیی زاڵبووه‌ به‌سه‌ریدا و هه‌ر ئه‌وه‌ش زه‌مینه‌ی هه‌ره‌س و رووخاندنیانی هه‌ڵگرتووه‌ . مه‌به‌ست له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ش زیاتر ئاماژه‌ بوو به‌ شێوازی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی .
گه‌رچی ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ پاشخانێكی ململانێی سیاسیی و سه‌ربازیی خوێناویی هه‌ڵگرتبوو ، به‌ڵام له‌ رووی زانستیی و ئه‌كادیمیه‌وه‌ زۆر له‌ راستیه‌وه‌ نزیك بوو ، چونكه‌ پشتبه‌ستن به‌ كارێزما و پشتكردنه‌ بنه‌مای زانستیی حیزبایه‌تیی له‌ سه‌ركردایه‌تیی به‌ كۆمه‌ڵ و به‌ دامه‌زراوه‌یی كردنی ده‌زگا و ئۆرگانه‌كانیدا ، بنه‌ما و ماكی هه‌ره‌سن بۆ هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕیی . بۆیه‌ به‌ درێژایی مێژووی شۆڕشه‌كانی كورد ، به‌ كوژرانی رێبه‌ری شۆڕشه‌كان ، له‌ لوتكه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌كانیان هه‌ره‌سیان هێناوه‌ و شوێنكه‌وتوانیان هاتوونه‌ته‌وه‌ سه‌ر خاڵی سفر !!
ته‌نانه‌ت ئه‌و شێوازی رێبه‌رایه‌تیكردنه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ رێبه‌رانی یه‌كێتی ره‌خنه‌یان لێگرت ، تا ئێستاش وه‌كو بنه‌مایه‌كی زانستیی راسته‌ و سه‌ركردایه‌تیی بنه‌ماڵه‌ هه‌ر هه‌مان رێبه‌رایه‌تیی سه‌رۆك هۆزه‌كانه‌ له‌ مێژووی كوردستاندا ، ته‌نیا كات و هه‌ندێ پێشكه‌وتنی دنیای مادیی و مۆدێرنه‌ وه‌كو ته‌كنه‌لۆژیا و ده‌رهاویشته‌كانی چووه‌ته‌ سه‌ر ، ده‌نا هه‌مان پیرۆزكردن و مرۆڤپه‌رستیی پێشووه‌ و رێبه‌ر و بنه‌ماڵه‌ی كردووه‌ته‌ كارێزما و بگره‌ په‌رستراو !!
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه‌ دوای تێپه‌ڕاندنی سێ ده‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی یه‌كێتیی ، ئه‌وه‌ی كه‌ بووه‌ بنه‌مای دامه‌زراندنی پارتێكی نوێی پێشكه‌وتنخواز ، پشتگوێ خرا ، ورده‌ ورده‌ تاڵه‌بانیی له‌ سه‌ركردایه‌تیی و كۆنترۆڵكردنی جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی حیزبه‌كه‌یدا هه‌مان شێواز و ره‌وشی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی كرده‌ ستراتیژ و هاوسه‌ر و خزمه‌كانی ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر حیزبه‌كه‌دا و گله‌یی و ناڕه‌زایی به‌شێوه‌یه‌ك په‌ره‌ی سه‌ند كه‌ گه‌یشته‌ جیابوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و دوای ئه‌ویش ئه‌م حاڵه‌ته‌ی كه‌ هیچ حیزب و عاقڵێك حه‌سوودی به‌و حیزبه‌ نه‌بات .
ئێستا یه‌كێتیی عه‌لمانیی و سۆشیال دیموكرات ، هه‌مان پارت و هێزی كورده‌ كه‌ ده‌ڵێی له‌ قوڵایی مێژووی هۆز و بنه‌ماڵه‌كانی سه‌ده‌كانی شانزه‌ و حه‌ڤده‌ و هه‌ژده‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ و ته‌نیا سیمای مۆدێرنه‌ - زاراوه‌ زاره‌كیی و خاڵییه‌كان له‌ كردار- وه‌كو دیموكراسیی و مافی مرۆڤ و مه‌ده‌نیه‌ت له‌ هۆزه‌كانی جیا ده‌كاته‌وه‌ ، ده‌نا كوا سۆشیال دیموكراتی حیزبی مه‌ده‌نی ، كه‌ نابێ خاوه‌نی میلیشیا بێت ؟ كوا شه‌فافیه‌تی حیزبێ كه‌ بڕوای به‌ دامه‌زراوه‌یی بوون و چاودێریی هه‌بێت ؟ كه‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبه‌كه‌ی هاوار و فوغانیانه‌ به‌ ده‌ست ناشه‌فافیه‌ته‌وه‌ ، به‌ تایبه‌تی له‌ دۆسیه‌ی نه‌وتدا ؟ كوا مه‌ده‌نیه‌ت كاتێ هه‌موو بڕگه‌كانی بڕیار و پاره‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منیی و میدیایی و حكومه‌ت له‌لای كه‌سه‌ ده‌سڕۆیشتووه‌كانی بنه‌ماڵه‌یه‌ ؟
ئاشكرایه‌ له‌و كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ شێوازی ده‌سه‌ڵاتدا خۆی كۆپیی و مانیفێست كرده‌وه‌ به‌ هه‌مان ره‌وشی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی و بگره‌ بوونه‌ هاوسه‌نگه‌ر و هاومیكانیزم له‌ ناشه‌فافیه‌ت و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتیدا ، ئیتر ئه‌و حیزبه‌ ته‌نیا به‌ ناو مایه‌وه‌و دابڕانێكی ته‌واوی له‌گه‌ڵ مێژوویدا بۆ دروست بووه‌ ، بۆیه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه‌ نایانه‌وێت حیزبه‌كه‌یان به‌ره‌و هه‌ڵدێری ته‌واو هه‌نگاو هه‌ڵگرێت ، ده‌یانه‌وێت به‌رگریی له‌ مێژوویان بكه‌ن و نه‌هێڵن دوای چوار ده‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی ، جارێكی تر حیزبه‌كه‌یان كت و مت پارتیه‌كی تر بێت به‌ڵام به‌ تامی بنه‌ماڵه‌یه‌كی تر !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌