دیوه‌خـــــان یا په‌رله‌مــــــــان ؟!

وتار/ 15/09/2017 697 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

دیوه‌خـــــان یا په‌رله‌مــــــــان ؟!
شوان هه‌ورامی
به‌پێی ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی رابردوو ، له‌ هه‌ر قۆناغێكدا پارتی به‌ ته‌نیا كه‌تنێكی سیاسیی یا قه‌یرانێكی بۆ هه‌رێم درووست كردبێت ، دواجار هه‌وڵیداوه‌ له‌و قه‌یرانه‌دا هه‌موان تێوه‌گلێنێت ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی تریش بخاته‌ ژێر باری به‌رپرسیارێتی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه‌ كه‌ خوڵقاندوویه‌تی .
پارتی به‌ پێی ستراتیژه‌كه‌ی { ئاشتی هه‌ورامی } رایگه‌یاند كه‌ به‌ فرۆشتنی خۆسه‌رانه‌ی نه‌وت ، هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی به‌غدا زیاتری ده‌ستده‌كه‌وێت ، ئه‌وه‌ش قه‌یرانی یاسایی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ هه‌رێم دروستكرد ، كه‌ به‌پێی ده‌ستوور داهاتی سامانه‌ سرووشتیه‌كان و داهاتی گومرگه‌كان ده‌چنه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتیی فیدراڵیی و دوای ئه‌وه‌ هه‌رێم بڕی 17% ی بودجه‌ وه‌رده‌گرێت ، به‌ڵام به‌ سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنی نه‌وت و نه‌دانه‌وه‌ی داهاتی گومرگه‌كان و ناشه‌فافیی داهاته‌كان بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمیش وایكرد بودجه‌ی هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ ببڕدرێت ، كه‌چی نه‌ك هه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی ئاشتی هه‌ورامی نه‌هاته‌دیی له‌ زیادبوونی بودجه‌دا ، به‌ڵكو هه‌رێم تووشی دژوارترین قه‌یرانی ئابووریی كراو تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئاسۆیه‌كی روون بۆ چاره‌سه‌ری له‌ئارادانیه‌ .
كه‌چی دواتر له‌سه‌ر داوای باڵێۆزی ئه‌مه‌ریكا ، سه‌رۆكی پارتی شاندێكی كوردستانیی له‌ سه‌رۆكی پارته‌كانی كوردستان پێكهێنا بۆ به‌غدا ، كه‌ گوایه‌ باسی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی بودجه‌و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن ، به‌ڵام له‌و شوێنه‌دا كه‌ ده‌بوو كۆی شانده‌كه‌ی هه‌رێم به‌ یه‌كده‌نگیی و یه‌كڕیزیی ده‌ربكه‌ون ، حه‌یده‌ر عه‌بادیی و بارزانی له‌ ژوورێكی داخراودا باسی گرتنه‌وه‌ی موسڵ و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حیزبی ده‌عوه‌و پارتیان كرد و مه‌خابن ئه‌وانی تریش وه‌كو كۆمبارسی مه‌سعود بارزانی ده‌ركه‌وتن و هیچیش له‌ باسی بودجه‌و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كرا ، چونكه‌ بودجه‌ی عێراق به‌و شێوه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرا كه‌ ویستی به‌غدا بوو ، كه‌ ده‌بوو هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی له‌ رێگه‌ی { كۆمپانیای سۆمۆ }وه‌‌ بفرۆشێت ، تا بڕی 17% بنێردرێت بۆ هه‌ولێر .
له‌دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان باسی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی هێنایه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌ ، بۆ جارێكی تر پارتی به‌ كوده‌تایه‌ك ده‌رگای په‌رله‌مانی داخست ، هه‌موو داواكانی بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی ره‌تكرده‌وه‌ ، دواتر كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان ده‌ستیان پێكرده‌وه‌ ، پارتی له‌بری ئه‌وه‌ی دان به‌ هه‌ڵه‌كه‌یدا بنێت ، حیزبه‌كانی راده‌سپارد كه‌ له‌ هۆكاره‌كانی داخستنی په‌رله‌مان بكۆڵنه‌وه‌و رێگه‌ چاره‌ی بۆ بدۆزنه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك وای نیشان بدات كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ ته‌نیا پارتی نه‌یخوڵقاندووه‌و پارته‌كانی تریش تێیدا به‌شدارن ، له‌لایه‌كی تریش ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ پارتی ده‌یه‌وێت ئه‌ویش گۆڕینی پێكهاته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كی ده‌سته‌مۆ پێكبهێنرێت كه‌ هه‌روه‌كو په‌رله‌مانه‌كانی تر په‌رله‌مانی پاشكۆی حیزبه‌كان بێت ، نه‌ك په‌رله‌مانێكی راسته‌قینه‌ی نیشتمانیی و پابه‌ندبێت به‌ بنه‌ما دیموكراسیه‌كان له‌ چاودێریی حكومه‌ت و ده‌ركردنی یاسا نیشتمانیه‌كان ، تا هه‌رێمه‌كه‌ ببێته‌ خاوه‌نی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تداریی و له‌ قۆناغی حیزبایه‌تی و بریاری حیزبه‌كان ده‌ربچێت .
دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا بڕیاری راپرسی راگه‌یاند ، بارزانی و حیزبه‌كه‌ی باشتر هه‌ڵه‌كه‌ی خۆیان بۆ ده‌ركه‌وت ، چونكه‌ كه‌ته‌لۆنیه‌كان به‌ جیهانیان راگه‌یاند ئه‌وان له‌ ته‌لاری گه‌له‌وه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسیان ده‌ده‌ن ، به‌ یاسا قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی جیهاندا ده‌كه‌ن و دوای 48 سه‌عاتیش له‌ ده‌نگی به‌ڵێ سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نن ، هیچ مه‌ترسیه‌كیش له‌سه‌ر داهاتوویان نیه‌ چونكه‌ له‌و ته‌لاره‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر داهاتووشیان ده‌ده‌ن ، بۆیه‌ ئه‌مانیش له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی دیوه‌خانی مه‌كته‌بی سیاسیی كه‌ به‌ جیهانیان راگه‌یاند هێشتا هه‌رێم له‌ دوای چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك به‌ عه‌قڵیه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و زۆر ئاساییه‌ ته‌لاری په‌رله‌مان دابخه‌ن و حیزب بڕیار له‌ چاره‌نووسیان بدات ، بۆیه‌ ئێستا ده‌یانه‌وێت به‌ په‌له‌پڕووزێ ده‌رگای په‌رله‌مان به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی بكه‌نه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌ ده‌سته‌مۆكه‌ به‌ ته‌ڵقینی دیوه‌خان پشتیوانی له‌و ریفراندۆمه‌ بكات كه‌ نه‌ یاسای بۆ ده‌ركراوه‌و نه‌ كه‌س ده‌زانێت چۆن كار به‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌كرێت ، نه‌ك 48 سه‌عات به‌ڵكو چه‌ندین جار هۆشیار زێباری ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ مه‌رج نیه‌ كار به‌ ئه‌نجامی ئه‌و راپرسییه‌ بكرێت .
ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر جێگه‌ی سه‌رنجه‌ په‌رله‌مانێك بڕیاری له‌سه‌ر ریفراندۆم نه‌دابێت و یاسای بۆ ده‌رنه‌كردبێت و روون نه‌بێت چاره‌نووسی ده‌نگی هاوڵاتیان چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت ، چۆن ده‌بێت ئه‌وانه‌ی به‌ ده‌نگی گه‌ل هه‌ڵبژێردراون گاڵته‌ به‌ خۆیان و گه‌له‌كه‌یان بكه‌ن ، چۆن ده‌بێت ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بارزانی قورسایی گوشاری ناوچه‌یی و جیهانیی بڕیاره‌كانی سه‌رشانی خۆی سووك بكات ، به‌ كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بیانكاته‌ هاوبه‌شی گوشاره‌كان ، ده‌نا بۆچی له‌كاتی بڕیاره‌كه‌دا په‌رله‌مانی له‌بیر نه‌بوو ؟!
یه‌كێتی ده‌ڵێت پارتی و یه‌كگرتوو به‌ پڕۆژه‌ حه‌وت خاڵیه‌كه‌ی رازیی بوون بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی هه‌رێم ، گۆڕان و كۆمه‌ڵیش ته‌نیا داواكارییه‌كی لۆژیكیانه‌یان له‌ یه‌كێتیی كردووه‌ ، كه‌ ئایا ئێوه‌ میكانیزمی جێبه‌جێ كردنی ئه‌و خاڵانه‌و زه‌مانه‌تی جێبه‌جێ كردنیان ده‌كه‌ن كه‌ بتوانین قه‌یرانه‌كه‌ تێپه‌ڕێنین ، ئه‌وان وه‌ڵامیان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ نه‌ میكانیزم و نه‌ گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌یان نیه‌ ئه‌و خاڵانه‌ جێبه‌جێ بكرێن ، ئایا ئیتر ده‌بێ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ چیی بێت كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ؟ ئایا قه‌یرانی هه‌رێم قووڵتر ناكاته‌وه‌ ؟ ئایا هه‌رێم له‌م كاته‌دا كه‌ كه‌س حه‌سوودی به‌ حاڵی نابات قه‌یرانی كه‌م بوو تا زیاتری بكه‌ن ؟ ئایا په‌رله‌مان جگه‌ له‌ پیرۆزبایی له‌ بڕیاره‌كه‌ی دیوه‌خانی مه‌كته‌بی سیاســــیی چ به‌رنامه‌یه‌كی تری بۆ شه‌فافیه‌ت و چاره‌ســــه‌ری قه‌یرانی دارایی و بژێوی هاوڵاتیان و كێشــــه‌ی ســـــه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌ ؟
كه‌س نیه‌ ســـه‌ربه‌خۆیی كوردســــتان ره‌تبكاته‌وه‌ ، كه‌س نیه‌ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا نه‌بێت ، به‌ڵام نه‌ یاســــای ریفراندۆم له‌ ته‌لاری په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ ، نه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌روه‌ریی و ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ ، نه‌ رێگه‌ش ده‌درێت په‌رله‌مان چاودێری راسته‌قینه‌ی حكومه‌ت بكات و یاساكان هه‌موار بكاته‌وه‌ كه‌ حیزب پێی ناڕازیی بێت ، نه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ش له‌ یه‌كڕیزیمان نزیك ده‌كاته‌وه‌ ، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دابڕان و قه‌یرانه‌كان له‌ كاتێكدا قووڵ ده‌كاته‌وه‌ ، كه‌ ناحه‌زانی كورد خۆشحاڵن به‌م پاشاگه‌ردانییه‌ حیزبیه‌ی كوردستان ، كه‌ ده‌زانن كورد ناگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجام ، چونكه‌ هه‌ندێ حیزب ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی به‌ ئه‌نجام و ئامانج ده‌زانن ، له‌ كاتێكدا ده‌بێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بۆ كه‌رامه‌ت و رێزی مرۆڤه‌كان دروست بكرێت ، كه‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بێڕێزیی به‌رانبه‌ر ده‌كه‌ن ، ئایا له‌ دوای ریفراندۆم – ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆییشی به‌دوادا بێت - هه‌ر ئه‌مانه‌ نین كه‌ ده‌یانه‌وێت كوردستان به‌ هه‌مان سیستمی حیزبیی به‌ڕێوه‌ ببه‌ن ؟ ئه‌مانه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تدا مۆدێلێكی وه‌كو ئه‌وه‌ی باشووری سودان به‌رپا ده‌كه‌ن !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌