پرسە هەنووکەییەکان (٣)

وتار/ 21/08/2017 1305 جار بینراوە

د.عثمان محمد غریب

پرسە هەنووکەییەکان (٣)

مشتێ لە خەرواری بێ بەرەکەتی دید و فەتوای ڕەوتی دابڕان لە فەرموودە.
عوسمان محەممەد غەریب

بەر لە چوونە ناو باس و خواسی ئەم بابەتە حەز دەکەم بڵێم: ڕووی قسەم لەو زانا و پسپۆڕ و ڕۆشنبیرانە نیە کە کێشە و گرفتیان لەگەڵ چەند دەقێکی فەرموودەدا هەیە، بەڵکو مەبەستم ئەو ڕەوتەیە کە فەرموودە وەلا دەنێت و باوەڕی بە تێکڕا یە زۆرینەی زۆری فەرموودە ڕاستەکان نیە و، تەنها دیدی خۆیان پێ ڕاستە.
کەسێ کەمێ ئاگاداری مێژوو توراسی موسوڵمانان بێت، دەزانێت زانایان و پێشینانمان خزمەتێکی گەورەیان بە چەمکی زانست و مەعریفەت کردووە، بەڵام مەرج نیە هەرچی ئەوان فەرموویانە ڕاست بێت، چونکە تەنها پیغەمبەرێکمان هەیە و، هیچ کەس یەکسان نیە بە پێغەمبەر –دروودی خوای لێ بێ-، وە کەسیان  بێ هەڵە و گوناه نین، بۆیە دەبێت هەمیشە لەلایەن زانایان و پسپۆڕانەوە لەژێر ڕۆشنایی قورئانەوە هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمی زاد و فیکریان بکرێ.
نە ئیمامی ئەبوبەکر یەکسانە بە پێغەمبەر –دروودی خوای لێ بێ-،  و نە ئیمامی عومەر و نە ئیمامی عوسمان و نە ئیمامی عەلی –خوایان لێ ڕازی بێ-.
تەنها ڕێگەش بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە گەورە گەڕانەوەیە بۆ قورئان.
چونکە ئەگەر قورئانی پیرۆز سەنگی مەحەک بێت بۆ دەقی فەرموودە، ئیتر چۆن نابێتە حاکم بەسەر ئیجتیهادی مرۆڤەوە.
بەڵام کاتێ کەسانێکی ناشیاو دێنە مەیدانی ڕاڤەکردنی دەقە پیرۆزەکانی قورئان و، بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا و ڕێسا سەرەکییەکانی ئیجتیهاد دەم لە ئیجتیهاد و، بابەتە هەستیارە گەورەکان دەدەن،  نابێ جگە زرکەتاڵ چاوەڕێی هیچ بەرهەمێکیان لێ بکەی.
گەڕانەوە بۆ قورئان کارێکی زۆر پیرۆزە، باوەڕ ناکەم موسوڵمانێک هەبێ بوێرێ بڵێ: نابێ بگەڕێینەوە بۆ قورئان، بەڵام، داخی داخانم، کاتێک پسپۆڕان و زانایان  خۆیان لێ بێدەنگ دەکەن و، هەنگاوی بۆ نانێن، ئیتر کەسی ناشیاو دێتە مەیدان و، بەناوی گەڕانەوە بۆ قورئان قوڕ و لیتە دەکا بەسەر ئەو میللەتە داماوە بێنازەدا.
بەرزکردنەوەی ئاڵای دابڕان لە تێکڕای فەرموودە و، کۆششی پتر لە چواردە سەدەی زانایانی ئەم ئوممەتە با لە ڕواڵەتدا بە پاساویی بەرگریی کردن لە قورئان بێت ، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەڵگریی ڤایرۆسێکی فیکرییە کە ئاکامەکەی بەرەو دابڕانە لە عیبادەت و ڕەوشت و ئەخلاق و، خلیسکانە بەرەو هەڵدێریکی بێ بن.
بەرهەمی زانایان پڕە لە جوانیی، بەڵام بێ هەڵەش نیە، بەڵکو هەڵەی گەورەشی تێدایە، لێرەدا نە تەقدیس کردنی توراس ڕاستە و، نە وەلانان و سووکایەتی پێکردنی.
با لێرەدا چەند نموونەیەک لە بیرو بۆچوونی ئەم ڕەوتە وەلانەرە بخەینە بەرچاوی بەڕێزتان، تا بزانن بەرە بەرە و، هێدیی هێدیی، بەرەو چ ئاقارێکی پڕ مەترسیمان دەبەن:
لە دەسپێکدا هێرشیان کردە سەر ئەو مەترە قوماشەی بەسەر سەری ئافرەتی موسوڵمانەوەیە و، وتیان: فڕی بەسەر ئیسلامەوە نیە، بەڵکو داتاشراوی مەلا کاهینەکانە، دواتر دەیەها ناووناتۆرەیان لە ئافرەتی لەچک بەسەر نا، تا وای لێهات لەچکی ئافرەت ببێتە هێمای دواکەوتن و دۆگمابوون.
بەمەشەوە نەوەستان.
ئەمجارەیان پەلاماری جەستەی پاکی کیژی موسوڵمانیان داو، وەک جەردە هەوڵی ڕووتکردنەوەیان دا، گوتیان: شتێک نیە ناوی حیجاب بێت، باڵاپۆشیی ئافرەت تەنها داب ونەریت و کەلتووری عەرەب بوە و، تێکەڵی دین و ئایینیان کردوە، گرنگ ئەوەیە داوێن پاک بێت و، جل وبەرگێکی زۆر ڕووتی سەرنجڕاکێش لەبەر نەکات، ئیتر با سەر و سینگ و بەرۆک و قاچ قولی بەدەرەوە بن.
دواتر محەممەد شەحروور هاتە مەیدان و گوتی: کاکە بەرگی چیی و، پۆشاکی چێێ؟ ئافرەت ئازادە، دەتوانێت بە ڕووت و قووتیی خۆی بنوێنێ و، لەبەردەم پیاواندا بەم شێوازە ڕووتە سەما بکات، با سه‌ر و مل و سینگ و سك وپشت و ران و قاچ و قول و ده‌ست وباڵیشى رووت بێت و هه‌رده‌وو مه‌مكیشى به‌ ده‌ره‌وه‌ بێت به‌ مه‌رجێك "جیوب" واته‌ نێوان هه‌ردوو مه‌مك وبن باڵ و پێش و پاشى داپۆشێت.!(١)
هەروەها دەتوانێت بە تەواویی ڕووت بێت و نێوان هەردوو مەمک و پاش و پێشیشی لە بەردەم مێرد و باوك و خەزوور و كوڕ و کوڕى مێرد و برا و برازا و خوشكە زاى دەرخات و، کەس بۆی نیە پێی بڵێ: ئەم خۆ ڕووتکردنەوەت حەرامە، باوکی دەتوانێ پێی بڵێ: کچەکەم ئەم کارەی تۆ دەیکەی لەگەڵ کەلتووری ئێمەدا ناگونجێ و بەس، بۆی نیە بڵێ ناشەرعیی و نادرووستە.(٢)
جەنابی شەحروور بەم کارەوەش نەوەستا، بەڵکو فەتوای بۆ کووڕ و کچی موسوڵمان دا کە دەتوانن کاری سێکسێیش بەبێ مارەیی ئەنجام بدەن و، درووستە کوڕو کچ بە بێ عەقد و مارەەیی  لەیەک ژووردا بەیەکەوە ژیان بەرنە سەر و، ئارەزووی سێکسیی خۆیان بە هەموو شێوەیەک تێر کەن، گرنگ ڕەزامەندیی هەردوو لایە.(٣)
بەلای زۆرێک لە لایەنگرانی ئەو ڕەوتە بۆ پیاو درووستە کچی شیریی خۆی بخوازێت و لە خۆی مارە بکات چونکە ئافرەتە حەرامکراوەکان بریتین لەو چواردەی کە لە ئایەتی بیست و سێی سوورەتی نیسا باسکراون –وەک محەممەد شەحروور دەڵێ-.
بەڵام وەلانەرەکانی فەرموودە بەمەشەوە نەوەستان، بەڵکو هاتن کاری لەشفرۆشیشیان حەڵاڵ کرد.
محەممەد طالبی سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی موسوڵمانە قورئانیەکان جڵەوی سێکسیییان زیاتر بۆ ڕادەکێشێت و، داوا لە موسوڵمانان دەکات شۆڕشێکی سێکسیی بەرپا بکەن و،  دەڵێ: کچی موسوڵمان درووستە بازرگانیی بە لەشیەوە بکات و کاری لەشفرۆشیی بکات.
هەروەها کوڕەکانیش لە بەرەکەتی ئیجتیهادی مەحرووم ناکات و دەڵێ: بە پێی قورئان نێربازیی کوڕانیش درووستە.(٤)
ژمارەیەکی بەرچاویی ئەم ڕەوتە نالەبارە ماددە سەرخۆشکەرەکانیشیان بەلاوە حەڵاڵ و بێ کێشەیە.
ئێستە زانیتان ئەم ڕەوتە بەرەو چ هەڵدێر و زەلکاوێکی فیکریی و ئەخلاقییمان دەبەن.
نازانم ئەو برا بەڕێزانەی هەمیشە لە سەنگەردان بۆ زانایانی کۆن و، کێچێکیان دەکەن بە گا، بۆ زۆربەیان لە ئاستی ئەم ڤایرۆسە فیکرییانەدا گوێیان کەڕەو، چاویان کوێر و، زمانیان لاڵ.
سەبارەت بە نوێژیش لەگێژاوی گەردەلوولێکدا خول دەخۆن خۆیشیان نازانن چۆن خۆیان قوتار کەن.
بیهێنە پێش چاوی خۆت، دەسەڵات بکەوێتە دەس ئەم جۆرە کەسانەی باوەڕیان بە فەرموودە نیە و، گاڵتە بە فەرموودە و تێگەشتنی زانایان دەکەن و، هێشتا بۆنی شیری کاڵ لە دەمیان دێ، بەڵام خۆیان لە گشت زانایانی کۆن و نوێ بە خوێنەوارتر دەزانن، بیهێنە پێش چاوی خۆت مزگەوتەکان لە ژێر دەستی ئەواندا بن:
لە مزگەوتێکدا بانگ دەدرێ و. لە مزگەوتێک  تردا گوێت لە بانگ نیە.
لەو مزگەوتانەی بانگیان تیا دەدرێ هەر مزگەوتێک و بە شێوازێ.
لە مزگەوتێکدا پێنج فەرزە وەک خۆمان جەماعەت دەکرێ، لە مزگەوتێکی تردا جەماعەت نیە و هەر یەکەو بۆ خۆی نوێژ دەکا.
لە مزگەوتێکدا پێنج فەرز دەکرێ، لە مزگەوتێکی دیکەدا سێ فەرز ، لە مزگەوتێکی تر تەنها دوو فەرز.
لە مزگەوتێکدا بۆ نوێژەکان: یەکێ چوار ڕکات دەکات و، یەکێ سێ و، یەکێ دوو و، یەکێ یەک.
یەکێکی تر دەڵێ: نوێژ پەیوەندیی ڕۆحیە و بەس، پێویستی بە ڕکات و مات نیە.
لە مزگەوتێکدا تەنها ڕکووع و سجوود دەبەن و، لە مزگەوتێکی تردا قیامی لەگەڵدایە، یەکێ فاتیحە دەخوێنێت و، یەکێ نا.
یەکێ سوژدە وەک خۆمان دەبات و، یەکێ دەڵێ دەبێ چەناکەت لەسەر زەوی دانێی نەک نێو چاوان، چونکە خودا دەفەرموێ:(يخرون للأذقان)
مزگەوتێ ڕوویان لە بەیتوڵڵایەو، لە مزگەوتێکی تر دەڵێن: بە ئارەزووی خۆتانە ڕوو لە هەر لایەک دەکەن، بۆیە گەرەلاوژەیەکە کەس بە کەس نیە، لە لایەک ڕوویان لە کرملینی ڕووسیایە و، لە لایەکی تر ڕوویان لە کۆنگریسی ئەمریکایە.(5)
مامۆصطای مزگەوتێک دەڵێ مەشرووب حەڵاڵە و، خۆیشی گەعداتی شەوانەی زۆرە و، شەوان فوول مەستە و، بەسەرخۆشیی بەرەو ماڵ دەگەڕێتەوە.
مامۆصطایەکی تریان پشت بە فەتواکەی شەحروور دەبستێت و، بە موسوڵمانان دەڵێ: ڕێ لە کچەکانتان مەگرن با کاری سێکسیی بە ئارەزووی خۆیان بکەن و، خۆیان تێر کەن و، لەیەک ژووردا بەیەکەوە ژیان بەرنە سەر.
مامۆصطایەکی دیکەیان پشت بە فەتوای سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی موسوڵمانە قورئانیەکان دەبەستێت و بە کچانی موسوڵمانان دەڵێ: درووستە کاری لەشفرۆشیی بکەن و، کچێکی خۆیشی لە خانەی لەشفرۆشیدا بازاڕی گەرمە.
لە وتارێکی بەڕێزیشیاندا گاڵتەی بە تێکڕا زانا گەورەکانی مێژووی موسوڵمانان کردو وتی:  عەمریان نەمێنێ نێربازیشیان لێ حەرام کردووین و، ئەو خەڵکەیان لەم نیعمەتە مەحرووم کردوە، نەیانزانیوە نێربازیی لە قورئاندا حەرام نەکراوە، خوا خێری ئیمامی طالبی بنووسێت کە بوێرانە هاتە سەر خەت و گوتی: کوڕینە گوێ مەدەنێ، حەڵاڵەو ، لەشتان ساغ بێت، خەریک بن.
بۆیە گەنجە خوێن شیرینەکان لە ترسی جەنابیان بەرە بەرە خۆیان لە مزگەوت دوور دەخستەوە، چونکە جەنابی مامۆصطا چەند جارێ دەسی بۆ بردوون و، یەک دوو گەنجی سەقەت کرد بوو.
مامۆصطایەکی تریان لە باڕێکدا مەیدەگێڕێت و، مامۆصطایەکی دیکەش لە یانەیەکی شەوانەدا  سەرقاڵی دانس و سەماو کاری قۆڕیاتە.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەمە مشتێکە لە خەرواری بێ بەرەکەتی فەتواو دیدی وەلانەرانی فەرموودەیە، ئەگەر بەمەش هێشتا کارەساتی شوێنکەوتنی ئەو ڕەوتەتان بۆ ڕوون نەبوەتەوە، هەگبەم پڕە لە نموونەی زەقی دیکە و حاشا هەڵنەگر، بەڵام هیوادارم ئەم چەند نموونە بەس بێت بۆ کەسێک عەوداڵی حەقە و حەق ویستە.

پەراوێز:
(1) الكتاب والقرآن، محمد شحرور، دار الأهالي بدمشق، ص604 وما بعدها.
(٢) دەڵێ: (قد یقول البعض: هذا یعنی أن المرأه‌ المؤمنة‌ یحق لها أن تظهر عاریة‌ تماما أمام هؤلاء المذكورین أعلاه، والمذكورین فی نص الآية، أقول: نعم، یجوز إن حصل ذلك عرضا ، وإذا أرادوا أن یمنعوها فالمنع من باب العیب والحیاء "العرف" ولیس من باب الحرام والحلال لأنه شملهم مع الزوج، أی إذا شاهد والد ابنته وهی عاریة‌ فلا یقول لها : هذا حرام ولكنه یقول لها هذا عیب، ووضع هۆلاء المحارم مع الزوج لأنها غالبا تعیش معهم، فعلى المرأه‌ المؤمنة‌ أن لا تحرج من هۆلاء.) الكتاب والقرآن: ص604 وما بعدها.
(٣) شەحروور دەڵێ: (إن ممارسة شباب وشابات عزاب للجنس بإرادتهم ودون عقود أو حضور شيخ أو مأذون، هو حلال).
https://www.alarabiya.net/articles/2008/01/27/44810.html
(٤) بۆ بینینی فەتوای سەرۆکی کۆمەڵەی قورئانییەکان سەیری ئەم لینکە بکە:
http://www.aljazeera.net/encyclopedia/icons/2017/5/1/%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%A7%D9%84%D8%A8%D9%8A-%D9%85%D9%81%D9%83%D8%B1-%D8%A3%D8%A8%D8%A7%D8%AD-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D9%85%D8%B1-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%BA%D8%A7%D8%A1-%D9%88%D8%B7%D8%A7%D9%84%D8%A8-%D8%A8%D8%A5%D9%84%D8%BA%D8%A7%D8%A1-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%B1%D9%8A%D8%B9%D8%A9-%D9%84%D8%A7-%D9%8A%D9%86%D8%B4%D8%B1-%D9%85%D9%84%D8%A7%D8%AD%D8%B8%D8%A7%D8%AA
(5) بۆ زیتر شارەزابوون لە نوێژی ئەم ڕەوتە سەیری کتێبی: القرآنيون وشبهاتهم حول السنة، خادم حسين إلهي بخش، مكتبة الصديق، السعودية، الطبعة الثانية: ص:366-383 وما بعدها
ئەمەش لینکی کتێبەکەیە بە pdf
http://arablib.com/harf?view=book&lid=3&rand1=QW1AdSpycEVHS2hT&rand2=SENocG5SMWpQTERB

نوێترین نوسینەکانی د.عثمان محمد غریب

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌