عەفرین برینێکی قووڵە بەڵام بە دەستی خۆمان قوڵتری دەکەین

وتار/ 30/01/2018 1011 جار بینراوە

د.عثمان محمد غریب

عەفرین برینێکی قووڵە بەڵام بە دەستی خۆمان قوڵتری دەکەین
دکتۆر عوسمان محەممەد غەریب
لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام وا فێری کردووم هەمیشە پشتیوانیی لە ستەملێکراو و مەزڵوومانی جیهان بکەم و، لە کاتی ستەم و ستەمکارییدا سەیری ئایدیا و ئایین و ئایینزا و هزر و بیری ستەملێکراو نەکەم، تا بتوانم یارمەتیی بدەم و، بە پێی توانا زوڵم و ستەمی لەسەر لابەم با ئەو ستەملێکراوە کریستیان یا جوو یا ئەگنۆست و ئەتایستیش بێت.
قورئان وا فێری کردم هەمیشە دژی ستەمکار بوەستمەوە ئیدی با ئەو ستەمکارە موسوڵمانیش بێت.
دیارە هێرش کردنی وڵاتێک بۆ سەر زەویی و زار و خاک و وڵاتێکی تر و، کوشتنی خەڵکی سڤیل کارەساتێکی گەورەیە و، دەبێ بە یەک دەنگ دژی تاوانبار بوەستینەوە و هەوڵی دادگایی کردنی بدەین.
لەوەش قێزەونتر ئەوەیە بەرگی ئایینی بە بەر ئەو هێرشانەدا بکرێت و، ناوی پیرۆزی قورئانیان لێ بنرێن.
بازرگانیی کردن بە ئایین لە بازرگانیی کردن بە داوێن قێزەونترە، چونکە ئەو ئافرەتە سۆزانییە بازرگانیی بە پیستریین شوێنی دەکات، بەڵام یەکەمیان بازرگانیی بە پیرۆزتریین شت دەکاتکە ئایینەکەیەتی.
بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بازرگانییە قێزەونانەی کە بە ناوی ئایینەوە دژی میللەتەکەمان کراوە و دەکرێ، مامۆستایانی ئایینیی و موسوڵمانانی کورد هەمیشە هەڵوێستی جوانی مرۆڤدۆستانەی خۆیان نواندوە و، وەڵامی بازرگانانیان داوەتەوە.
بەڵام داخی داخانم هەندێ کەس لە نەیارانی ئیسلام بە ناوی بەرگریی کردن لە مافی ڕەوای گەلە ستەمدیدەکەمان لە بری ئەوەی قازانج و سوود بە دۆزی ڕەوای کورد بگەیەنن بە هەڵوێستە قێزەونەکانیان زەرەر و زیان بەو دۆزە دەگەیەنن و، کارەسات و ستەمی میللەتمان لە بەرچاوی گەلانی جیهاندا بچووک دەکەنەوە و، دێن بەرگی ئایین بە بەری کێشە و کارەساتی عەفریندا دەکەن و، وای پیشان دەدەن –وەک هەندێکیان دەڵێن- ئەو جەنگە جەنگی چەتەکانی (الله) و شەڕڤانانی زەردەشتییە و، تف و نەفرەت لە خودا و پێغەمبەر و قورئانی موسوڵمانان دەکەن و، بە زاری پڕ لە ژار و، لە زێرابی بۆگەنی دەمیاندا سەدەها جنێو دەدەن و ، لە کلیپ و گۆرانیەکانیاندا ئێڵنج دەدەن و، وەک بخۆری لاکی تۆپیو دەڕشێنەوە و، قورئان دەسووتێنن.
لێرەدا داوا لە هەموو کوردێکی بە شەرەفی هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتیی و خەڵکی بە شەرەفی عەفرین بە تایبەت دەکەم لە کاتی بەرگریی کردن لە دۆزی کورد و کوردستان ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
یەکەم: چۆن پێویستە دژی ستەمی تورکیا بوەستنەوە، بە هەمان شێوە پێویست و گرنگە دژی ئەو جۆرە دەم پیسانە بوەستنەوە و، خۆیان بەریی بکەن لێیان و، بە خەڵک ڕا بگەیەنن کە ئەم هێرشە ناڕەوایانەی تورکیا – با بە پاساوی سوورەتی فەتح و زەیتوونەوە ئەنجام دەدرێ، هیچ پەیوەندیی بە ئایینەوە نیە، تا موسوڵمانانی کورد بزانن شەڕڤانانی عەفرین لەو هەڵوێستان ناڕازین و، هاوڕا نین لەگەڵ ئەو دەم شڕ و جنێو فرۆشانەی دەیانەوێ بیکەنە شەڕی ئیسلام و زەردەشتیی، گەر خوا نەخواستە وا نەبێ ئەو کاتە نابێ گلەیی لە کوردی موسوڵمان بکەن -کە زۆرینەی کوردن- کاتێ پشتگیرییان لێ نەکەن و، هەڵوێستی تریان ببێت.
خۆ دیارە شوێنکەوتوانی هیچ ئایین و ئاییدیایەک ئامادە نین بەرگریی لە کەسانێک بکەن سووکایەتیی بە موقەددەساتیان بکەن.
نە زەردەشتیەک ئامادەیە بەرگریی لە موسوڵمانێک بکات جنێو و سووکایەتیی بە موقەددەساتی بدات، نە موسوڵمانیش ئامادەیە پشتیوانیی لە کەسێ بکات سووکایەتیی بە ئیسلام بکات.
بەڵکو پارتە سیاسییەکانی کوردستانیش کەسیان ئامادە نیە و مەجبوور نیە لە کاتی سووکایەتیی و جنێودان بە یەکتر یارمەتیی و هاوکاریی و بەرگریی لە یەکتر بکەن.
گەلانی جیهان لە کاتی کێشەو تەنگانەدا هەوڵ دەدەن کار لەسەر کاراکردنی خاڵی هاوبەشی تاک تاکی گەلەکانیان بکەن، بەڵام بە داخەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئێمەی کورد لە کاتی تەنگانەدا –وەک عەلی جوانمەردیی دەڵێ- ڕق و قینی پێشتر بەسەر یەکدا دەڕێژیین، دەبێ فێر بین لە کاتی کێشە و تەنگانەدا ڕاست و چەپ، کۆمۆنیست و ئیسلامیی لە پێناو پاراستنی کوردستاندا یەک بگریین و، دواتر کێشە ئایینیی و هزریی و گرفتە سییاسییەکانمان لە نێو خۆماندا چارە بکەین.
بۆ دەبێ مامۆستای ئایینیی هەرچەندە بەرگریی لە کورد و کوردستان بکات هەندێ سێکیولار و چەپ و زەردەشتیی و نەیارانیی ئیسلام باوەڕی پێ نەکەن و لە قسەی بازاڕیی و جنێو دان بە ئیسلام نەکەون.؟!
چ میللەتێ لە کاتی تەنگانەدا ئەوەندەی کورد لە بری کاراکردنی خاڵی هاو بەش، زیاتر کار لەسەر پەرتەوازەیی دەکات و، ڕقی هزری کۆن بەیەک دەفرۆشێتەوە؟!.
تکایە بە جنێودان و سووکایەتیی کردن بە ئایینی زۆرینەی گەلەکەمان دەمی مامۆستایانی ئایینی مەبەستن لەوەی بتوانن بە پشت بەستن بە دەقی ئایینیی و بنەماکانی مرۆڤدۆستیی ئاخ و ناڵەی گەلەکەمان بە جیهان ڕابگەیەنن و، بەرگریی لە مافی ڕەوامان بکەن.
دووەم: دەبێ بە شێوەیەکی گشتیی واز لە قسەی بازاڕیی و ڕەگەز پەرەستیی و جنێودان بێنن، چونکە لە لایەکەوە جنێو دان هێچ سەوز ناکات، نە سوود بە کورد دەگەیەنێت و، نە زیان لە تورک و فارس و عەرەب دەدات، لە لایەکی ترەوە مەرج نیە هەموو تورک و فارس و عەرەب دژی مافی ڕەوای کورد بن و، بەو هێرش و ستەمانەی لە کورد دەکرێن ڕازیی بن، چونکە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو گەل و نەتەوانە لە چەپڕەو و کەسایەتیی ئیسلامیی و هتد، بە هەڵوێستی سیاسیی و بە قەڵەمی فیکر بەرگرییان لە مافی گەلەکەمان کردوە، جا لەبەر ئەوە دەبێ کار لەسەر ئەوە بکرێ ئەو شەڕ و ستەمانە بدرێنە پاڵ تەنها ئەو کەسانەی ئەنجامی دەدەن و، کەسانی تریان پێ تاوانبار نەکرێ و، لەبەر ستەمی پارتێکی سیاسیی یا حکوومەتێک میللەت و قەومێک زەڕبی سفر نەکرێت و، دڵی دۆستانمانی پێ نەڕەنجێنین.
سێیەم: دەبێ بزانین ئەو وڵاتە زلهێزانەی بەر لە سەد ساڵ بە ڕێکەوتنی سایکس بیکۆ کوردستانیان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کردوە، هێشتا بەو عەقڵیەتە قێزەونە ستەمکارییە سەیری دۆزی کورد دەکەن و، تا ئێستاش لە گشت کێشەکانماندا کوردیان فرۆشتوە و، بەردەوام هەرزانفرۆشمان دەکەن، شکست پێهێنانی گشت شۆڕشەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و، ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆم و شازدەی ئۆكتۆبەر و، کارەساتی ئێستای عەفرین ڕاسترین گەواهیدەر و شایەتحاڵن.
داوا کارم خاوەن قەڵەمە کوردپەروەرە سێکیولار و چەپەکانی کوردستان هەوڵ بدەن و بە قەڵەمەکانیان کار بۆ یەکڕیزیی گەلەکەمان بکەن و، ئەم جەنگە لە جەنگی ئایینی دوور بخەنەوە و، با کێشە و گرفتەکانی گەلەکانمان کۆمان بکەنەوە نەک زیاتر پەرتەوازەترمان بکەن.
یاخوا هەمیشە کوردستان ئازا و ئازاد و سەربەرز بێت.

نوێترین نوسینەکانی د.عثمان محمد غریب

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌