مەرگەساتی هەڵەبجە و بەراوردێ لە نێوان جوولەکە و کوردە خۆفرۆشەکاندا

وتار/ 16/03/2018 1260 جار بینراوە

د.عثمان محمد غریب

مەرگەساتی هەڵەبجە و بەراوردێ لە نێوان جوولەکە و کوردە خۆفرۆشەکاندا
د.عوسمان محەممەد غەریب
لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و شکستی ئەڵمانیا، دادگای نۆرمبەرگ دەستی بە دادگایی کردنی تاوانبارانی جەنگ لە ئەفسەرە ئەڵمانییەکان کرد،
(ئەدۆڵف ئایخمان- Adolf Eichmann) یەکێکە لەو سەرکردە و کۆلۆنێلانەی هێزی تایبەت بە کۆچ پێکرنی جوولەکە و، بەشداریی لە هۆلۆکۆستی جوولەکە کردوە، بەڵام لە داوی جەنگی جیهانیی دووەم لە ئەڵمانیا هەڵدێت و، بە نهێنیی خۆی دەگەیەنێتە ئەرجەنتین و، بە ناوی خوازراوەوە لەوێ ژیان بەسەر دەبات، بەڵام دەزگای سیخوڕیی مۆسادی ئیسرائیل لە ساڵی 1960دا دەیدۆزێتەوە و، دەستی بەسەردا دەگرێت و، دوو ساڵ لە زیندانی ئیسرائیلدا دەمێنێتەوە و، دواتر لە بەرواری 31 -مايو- 1962 لە سێدارەی دەدەن و، تەرمەکەی دەسووتێنن و، خۆڵەمێشەکەی فڕێ دەدەنە دەریای سپیی ناوەڕاست.
ئێمە لەگەڵ سووتاندا نین، چ بۆ زیندوو، چ بۆ مردوو، با تاوانباری جەنگیش بێت.
بەڵام با بەراوردێ لە نێوان دڵسۆزیی جوولەکە بۆ دۆزی جوولەکە و، بێ ئەمەکیی هەندێ سیاسەتمەداری بێ ئەخلاقی کورد بەرامبەر دۆزی کورد بە گشتیی و، مەرگەساتی هەڵەبجە بە تایبەت بکەین.
لە بەرواری 16 / 3 / 1988 شاری هەڵەبجەی کوردپەورەر لە لایەن ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی حیزبی بەعس و، بە یارمەتیی و چەکی وڵاتە زلهێزەکان کیمیا باران کرا و ، هەڵەبجە لەو بەروارەدا یەکپارچە بوە شاری مۆتەکە و، لە چەند خولەکێکدا نزیکەی پێنج هەزار کەسی سڤیلی خەڵکی هەڵەبجە شەهید کران.
وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی و مەسیحیی و چەپگەراکانی وەک یەکیەتی سۆڤیەت و چین و وڵاتانی دیکە لە ئاست ئەم کارەساتەدا گوێی خۆیان کڕ کرد و، نوتقیان لێ نەهات.
بەڵام ئەوەی جێی داخ و کەسەرە: ئەفسەری فڕۆکەوان (طارق محمد رمضان) کە بە تۆمەتی بەشداریی کردن لە کیمیاباران کردنی هەڵەبجە لە شاری سلێمانی زیندانی کرابوو، لە بەرواری ٢٥-١٠-٢٠٠٨ بە سیناریۆیەکی بێ شەرەفانە ئازاد دەکرێت و، دواتر دەڵێن کە ویستوویان بیبەنە نەخۆشخانە بەڵام لە دەستیان هەڵاتوە، بە بێ ئەوەی کەس -جگە خۆیان نە بێ- بزانێ بەرەو کوێ براوە و، بۆ ئازاد کراوە؟!
لەو ڕۆژەوە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان داوای ڕوونکردنەوە لە حکوومەت و بەرپرسانی ئەو سیناریۆ دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئاو بێنن و دەس بشۆن، دۆزی هەڵەبجەشمان فت و، ئێوە خۆش.
لەوە قۆڕتر ئەوەیە هەموو ساڵێ لە یادی ئەو مەرگەساتەدا بێ شەرمانە خولەکێ بۆ گیانی شەهیدان دەوەستن و فرمێسکی تیمساحیی بۆ دەڕێژن.
ئاخ هەڵەبجە، چەند بریینت قووڵە.!!
ئۆف کوردی ستەمدیدە، چەند بەدەستی هەندێ کوردی خۆفرۆشی بێگانەپەرست جەرگت لەت لەتەو ، هەناوت پڕ لە خوێن.!!

نوێترین نوسینەکانی د.عثمان محمد غریب

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌