ئه‌دیسۆن و به‌یان خان

وتار/ 30/07/2017 806 جار بینراوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

ئه‌دیسۆن و به‌یان خان
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

من پێم ناخۆشه‌ خاتونێك راستگۆ نه‌بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ لامان وابووه‌ ، خانمان سۆزدارو راستگۆترن ، هه‌ر بۆیه‌ مێژوو لیپه‌ له‌ داستان و شانامه‌ به‌ سه‌ر خانماندا ، لێره‌دا ناچمه‌ پای گێڕانه‌وه‌ی حه‌كایه‌ت و چیرۆكی زۆرو زه‌وه‌ند ، لێ‌ باسی ئه‌وه‌ش خه‌راپ نیه‌ ، وێڕای مه‌كری زۆر ، كه‌چی خودا له‌ سه‌ر داوای خۆی زوله‌یخا ده‌كاته‌وه‌ به‌ كیژۆڵه‌یه‌كی ناسك و نازدار ، من ته‌نیا گوێم له‌ دوو رسته‌ی به‌یان خان گرت ، ئه‌و گوتی كاره‌بامان گه‌یاندوه‌ته‌ هه‌موو گونده‌كان و هه‌ڵبه‌ت له‌ باره‌ی زۆری كاره‌باوه‌ گوتی به‌ نیازین هه‌نارده‌ی بكه‌ین ، قسه‌له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م به‌یان خانه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ئه‌دیسۆنه‌وه‌ نیه‌و له‌باره‌ی كاره‌باشه‌وه‌ هه‌ڕی له‌ بڕی ناكاته‌وه‌ ، چۆن ئازایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ به‌رده‌م كامێراو خه‌ڵكا ئه‌وقسه‌یه‌ بكات ، من هه‌فته‌ی پێشوو له‌ هه‌ولێر له‌ ماڵی دۆستێك بووم له‌ كاتژمێر 11 بۆ 2 زیاد له‌ 20 جار كاره‌با بڕاو هاته‌وه‌ ، خاتون چی هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن ؟.

ئێستاش ئه‌گه‌ر مولیده‌" وزه‌ ده‌ر " نه‌بێت وه‌ك سه‌رده‌می ئه‌شكه‌وت ، خه‌ڵك له‌ تاریكیدا ده‌ژێت ، ئا به‌ و موناسه‌باته‌وه‌ كه‌ باسی هه‌نارده‌ی كاره‌باتان كرد ، تكایه‌ وه‌ك نه‌وت و غازه‌كه‌ هه‌نارده‌ی مه‌كه‌ن ، ئه‌گه‌ر ناردتان ، نه‌وه‌ك له‌ پاپۆڕێكا له‌ لاس فیگاس ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت ، ئاخر خاتونی من له‌وه‌ ده‌چێت ئێوه‌ له‌ مێژ بێت سه‌رتان نه‌كردبێته‌وه‌ به‌ وڵاتا ، یان كه‌ هاتونه‌وه‌ ، ته‌نیا له‌ ژاپۆنه‌كه‌ی ماڵی بارزانی و سه‌رۆكی حكومه‌ت دابه‌زیبن ، ده‌نا ئه‌گه‌ر یه‌كجار ئه‌ركت كێشا باو سه‌ردانی ته‌عجیل و شێخه‌ڵڵاو ته‌یراوه‌و هه‌رنا بنه‌سڵاوه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ت كردبا ده‌تزانی بارو دۆخی كاره‌با چۆنه‌ ، ده‌هه‌نارده‌ی كه‌!!.

پارساڵ كتێبێكم خوێنده‌وه‌ به‌ نێوی ماركس كێ‌ بوو ، له‌وێنده‌ر شتێكم به‌رچاو كه‌وت یه‌كدوو جاری دیكه‌م گێڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ ساڵی 1895 ئالنۆری كچی ماركس ماڵیان له‌ له‌نده‌ن ده‌بێت نامه‌یه‌ك بۆ لۆرای خوشكی ده‌نووسێ‌ كه‌ سه‌ردانی بكات ، ده‌نووسێ‌ كاره‌بای به‌رده‌وام و بۆڕی غازیشمان هه‌یه‌ ، جا خاتوون ئه‌وه‌ كاره‌بایه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ له‌ كوردستان هه‌ته‌ ، دڵنیام ئه‌دیسۆن زندو بێته‌وه‌و بێته‌ كوردستان و سه‌ردانی دوو موه‌لیده‌ " وزه‌ ده‌ر " بكات و ئه‌و هه‌موو وایه‌ره‌و ئه‌و هاڕه‌ هاڕه‌ ببینێت و ببیسێت ، یه‌كسه‌ر ده‌داته‌ كێواو ده‌بێت ببرێت بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی ، له‌ بری كاره‌با بۆ نایه‌ن میلله‌ت هه‌نارده‌ بكه‌ن ، بزانن وڵات چۆڵ ده‌بێت یان نا ؟!.

نوێترین نوسینەکانی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌