پرسە هەنووکییەکان (بەشی دووەم)

وتار/ 24/07/2017 1040 جار بینراوە

د.عثمان محمد غریب

پرسە هەنووکییەکان (بەشی دووەم)
حەڵاڵ و حەرام و ڕێگە چارە
د.عوسمان محەممەد غەریب

 دوای ئەوەی بابەتێکم لەسەر حەڵاڵ و حەرام بڵاوکردەوە، هەندێ کەس بە دڵسۆزیی و غەمخۆریی ڕەخنەیان گرتوو و ، هەندێکی دیکە بە زمانێکی زبر و جنێو فرۆش بەندەیان داوەتە بەر چەقۆی جنێو و، عەزیەتی خۆیان داوە و بابەتیان لەسەرم نووسیوە و، ماڵیان ئاوا بێ بە جنێو و قسەی ناشیاوەوە کۆمێنتبارانیان کردووم و، بابەتەکەی منیان لنگاوقووچ کردووە و، بە پێچەوانەی مەبەستی من بە خەڵکیان گەیاندووە.
سەیرە هەندێکیان دەڵێن هەر نەشمان خوێندوەتەوە و ناشزانن باسی چی دەکات. ئینجا قسەی ناشیاویان نووسیوە.!
بەلامەوە گرنگ نیە و، وەڵامی جنێوەکانیان نادەمەوە، خۆیان و خودایان، لە لایەن منەوە گەردنی هەموو لایەکتان خۆش و ئازاد بێت.، تەنها ئەو بێڕێزە نەبێت کوفرێک دەداتە پاڵم و دەڵێ: ڕووی ئەم دەعوەتە لە پێغەمبەرە، -استغفر الله- بەڵام برا هاوبیرەکانی ئامۆژگاریی ناکەن و، مێشێک میوانیان نیە و، داوای تەوبە و پەشیمان بوونەوەی لێناکەن، کوا غیرەتتان بۆ ئەوقورئانەی بانگەشەی بۆ دەکەن.
با سەداسەد من هەڵە بم ئەکرێ ئەو کوفرە بەرامبەر مەقامی پیرزترین بوونەوەری خودا بکەیت.
لە بابەتی پێشوودا گرنگیم بە ورووژاندنی بابەتەکە دا، لێرەدا دەمەوێ وەڵامی پرسەکە بە چەند خاڵێک ڕوون بکەمەوە بۆ بەڕێزتان:
خاڵی یەکەم:   هەندێ لە دڵسۆزان گلەییان لە شێوازی نووسینی بابەتەکەی بەندە هەیە، نەک لە خودی بابەتەکە و، دەڵێن ئەو جۆرە شێوازە بە بەڕێزتان نامۆیە، بەڵام ئەو کەسەی لە نزیکەوە من بناسێت چاک دەزانێ مەبەستم سووکایەتیی نەبوە، تەنها وەک بابەتێکی تەنز ئامێزی ئەدەبیی (Humorous )خستوومەتە ڕوو، نەک گاڵتە پێکردن، ئەوەی ئاگاداریی هونەری تەنزئامێز بێت لەمە تیدەگات و، دەزانێت کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان (گاڵتە- تەنز-Humorous ) و گاڵتەپێکردن (irony- mockery).
ئەکرێ لە بەکارهێنانی ئەوجۆرە شێوازەدا لە کۆمەڵگایەکدا جیاوازیی گاڵتە و گاڵتە پێکردن نەکەن هەڵە بم، بۆیە هەرکەس لەو بارەوە دڵی لە من ڕەنجاوە داوای لێبووردنی لە شێوازی دەربڕینم لێ دەکەم ، نەک لە خودی ڕاو بۆچوونەکان.
دەبا ئەو کەسانەش کە سووکایەتییان بە من و، پێشتر بە مامۆستایانی ئایینیی و، زانا و، گەورە و مەردانی مێژوومان کردووە و، دڵی موسوڵمانیان ڕەنجاندوە، ئازا و بوێر بن و، داوای لێبووردن بکەن.
خاڵی دووەم:  زۆر کەس قسەکانی منیان خستووەتە سەر خۆیان، بەبێ ئەوەی نە لە دوور و، نە لە نزیک بیانگرێتەوە، چونکە من باس لە کەسانێک دەکەم کە باوەڕیان -نەک بە فەرموودە-  بە خودی پێغەمبەریش نیە -دروودی خوای لەسەر بێ- ، تەنها ئەوەندە نەبێ کە وەک پۆستەچییەک قورئانی بە خەڵک گەیاندووە و تەواو، ئیدی هیچ قسە و ڕاو بۆچوونێکی لێ وەرناگیرێ، ئەمەش دەقی قسەکانمە:
(ئەوانەی باوەڕیان بە فەرموودە نیە و دەڵێن: پێویستمان بە پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- نیە، چونکە پێغەمبەر-دروودی خوای لەسەر بێ- تەنها ڕۆڵی گەیاندنی هەبوە ئیتر هیچ پێویستمان بە ڕا و تێگەیشتن و بۆچوونی نە پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- و نە کەسی دیکە نیە.)
ئیتر نازانم ئەم خۆ سەخڵەتکردنەیان لە چی؟!
برایەکی بەڕێز دەڵێ: (بەندە تا ئێستا گوێم لەکەس نەبووە بەو عیبارەتە ئاوا بۆ پێغەمبەر بڕوانێ، ئەوەی بیستومە لە کوردستان قسەکردن بووە
لە سەر هەندێ ڕیوایەت کە لەگەڵ مەقامی نبوەت و پێغەمبەرایەتی نایەتەوە و، یان ئەو سەدان ڕیوایەتەی کە دژیەکن یان بە ئاشکرا موخالیفی قورئانه
کە نازانم وەڵام و پینەی دکتۆر چی یە بۆ ئەو ڕیوایەتانە)
منیش دەڵێم: ئەگەر نەبێت ئەو قسانە ناکەم، ناوی زۆرم لایە بە ئاشکرا وا دەڵێن، برای بەڕێزم هەر لەو کۆمێنت و بابەتانەی کە لەم ڕۆژانەدا نووسراون چەندەها نموونەی ئەو جۆرە کەسانەی تێدایە، یەکیکیان نووسیویەتی یەک حەدیسم بۆ بێنن کە ڕاست بێت.!!
بەڵکو هەر لە کۆمێنت لەسەر بابەتەکی خۆت کەسێک نووسیویەتی: (بڕواشم بە تاکە حەدیسێک نییە هی پێغەمبەر بێت) بەڵام جەنابتان لەبری ئەوەی ئامۆژگارییەکی بکەی سوپاسی بەشداریی بوونی دەکەیت.!
هەڵوێستی بەندەش دەربارەی ئەو ڕیوایەتانەی پێچەوانەی قورئانن هەڵوێستی کەسی باوەڕدارە بە شکۆمەندیی قورئان، لە چوارەمدا بە جوانتر ڕوونی دەکەمەوە.
خۆزگایە ئەو بابەتانەت بخوێندایەتەوە کە بە عەرەبی نووسیونم و لە سایتە ناودارەکاندا بڵاوم کردوونەتەوە، وەک سایتی ساسة پۆست کە بە تێر و تەسەلی ئەو بابەتەی بەڕێزتانم ورووژاندوە.
خاڵی سێیەم: زۆریک –نەک هەموو- لەو کەسانەی خۆیان بە قورئانیی دەزانن لە ژێر چەتری ڕەخنەوە، سووکایەتی نەماوە نەیکەن بە مامۆستای ئایینیی و زانایان و گەوەر مەردانی مێژوو، تا دەگاتە ئیمامی ئیبن حەجەر و نەوەویی و شافیعی و ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و بوخاری و موسلیم و هاوەڵانی پێغەمبەر--دروودی خوای لەسەر بێ- و، دڵی زۆرینەی موسوڵمانانیان بریندار کردووە و  دەکەن و، هەوڵ دەدەن ناوی زۆربەی پێشەوایان بزڕێنن و لەکەداریان بکەن، گەر تەنها جنێوو سووکایەتییەکانیان کۆ بکەیتەوە فەرهەنگێی چەند بەرگیی لێ دەردەچێت.
بەڵام ئەگەر جارێک کەمێک ڕەخنەی تەنز ئامێزیان ئاراستە بکرێت کێچ دەچێتە کەوڵیان و، خۆیان سەخڵەت دەکەن! ئێ گیانە، کەسێک ماڵی لە شووشە بێت، نابێ پەنجەرەی خەڵکی بشکێنێت.
خاڵی چوارەم: دەبێ جیاوازیی بکرێ لە نێوان دوو ڕەوتدا: ڕەوتێکیان کێشەی زانستیی لەگەڵ چەند فەرموودەیەک هەیە با لە صەحیحی بوخاریی و موسلیمیشدا هاتبن، ئەم ڕەوتەیان گەر بە پێوەری زانستیی بێت کێشەیەکی ئەوتۆی تێدا نیە، چونکە زانایانی کۆن و نوێ ڕەخنەیان لە چەند فەرموودەیەکی صەحیحەین گرتووە.
ڕەوتی دووەم: بڕوای بەهیچ فەرموودەیەک نیە و، دەڵێ: "پەیامبەر تەنها پۆستەچی بوە"، ئیتر بۆ خۆی شەلم کوێرم بەبێ ڕەچاوکردنی میتۆدی زانستیی ڕاڤەی قورئان دەکات و، سەر لە خەڵک دەشێوێنێت.
کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەم ڕەوتە نامۆ بە فیکر و هزر و بیری کۆن و نوێمانەیە.
خاڵی چوارەم: ئەو ڕەوتە ناقورئانیە چەتری بەرگری کردن لە قورئانی هەڵکردووە و، بە پاساوی کامڵبوونی قورئان هێرش دەکاتە سەر زانایان و فەرموودە و، وا پیشانی خەڵکی سادە وساکار دەدات ئێمە باوەڕمان بە کامڵبوونی قورئان نیە، وەک نەخوێندەوارێکیان نووسیویەتی.
ئەوەی خۆی بە موسوڵمان بزانێت نکووڵی لە کامڵبوونی قورئان ناکات.
بەڵام دەڵێین قورئانی پیرۆز بە دوو شێواز ڕوونکردنەوەی هەیە:
شێوازی ڕاستەوخۆ، وەک بابەتی بیروباوەڕ و زۆرێک لە شەعائیر و ئەخلاقییات و کردەوەی چاکە وخراپە.
شێوازی دووەم: لەڕێگەی دیاریی کردنی چەند بنەمایەکی گشتیی، ئیتر دەرگا واڵا دەکا بەڕووی نەک تەنها پێغەمبەر –دروودی خوای لەسەربێ- بەڵکو بە ڕووی عەقڵ و زەمەندا.
بۆ نموونە  لە سیستەمی حوکمڕانییدا قورئان سیستەمێکی دیاریکراومان بۆ دیاریی ناکات و، ناچێتە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵکو چەند بنەمایەکی گشتیی حوکمڕانییمان بۆ دیاریی دەکات، وەک عەدل و شورا و یەکسانیی وو هتد، ئیتر ئەوە من و تۆیین بە چ شێواز و سیستەمێک ئەو بنەمایانە دەچەسپێنین.
بۆیە دەبیینین پێغەمبەری ئازیزمان –دروودی خوای لەسەر بێت- کەسی لە دوای خۆی وەک جێنشین دیاریی نەکرد، ئیتر با تا قیامەت سوننە هاوار بکات کە ئیمامی ئەبووبەکری دیاریی کردووە و، شیعەش بڵێ نە خێر ئیمامی عەلی –خوا لێیان ڕازی بێ-.
بەڵام دەبینیین ئیمامی ئەبو بەکر بە ڕەزامەندیی هاوەڵان جێنشین دیاریی دەکات، دواتر ئیمامی عومەر بۆ جێنشینی خۆی شەش کەس دەسنیشان دەکات ، دوای شەهید بوونی ئیمامی عوسمانیش خەڵکی ڕوودەکەنە ئیمامی عەلیی و دەیکەنە خەلیفە، ئیمامی حەسەنیش واز لە پۆستەکەی دێنێت و خەلیفایەتیی ڕادەستی موعاویە دەکات.
ئەمانە چەند شێوازێک بوون لە حوکمڕانیی، مرۆڤ دیاریی کردوون نەک خودا، ئیتر گرنگ ئەوەیە لە بنەما سەرەکییەکان لا نەدەن، ئێمەش ئەمڕۆ دەتوانین بە شێوازێکی نوێ لە ڕێگەی گشتپرسیی و دەنگدانەوە سەرۆک وبەرپرسان هەڵبژێرین و، بەو کارەمان هیچ سەرپێچییەکی قورئانیش ناکەین.
بۆیە محەممەد شەحروریش لە هەندێک بابەتدا دان بەوەدا دەنێت کە وردەکارییەکان بۆ پێغەمبەر-دروودی خوای لەسەر بێ-  بەجێهێڵراون، وەک شەعائیری نوێژ و ڕۆژوو حەج،دەڵێ: (فإن للرسول دوراً فيها. ومن هنا نرى أن طاعة الرسول واجبة في الشعائر، كجزء ثابت من الرسالة على مر الأيام.)
واتە پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- ڕۆڵێکی لە شەعائردا هەیە و طاعەتی واجبە.
هەروەها دەڵێ: (فنحن نصلي كما رأيناه (ص) يصلي، ونحج كما رأيناه (ص) يحج، ونزكي كما رأيناه (ص) يزكي، ونطيعه في كل ذلك طاعة متصلة في حياته وبعد مماته طاعة غير مؤقتة، كطاعتنا لله الحي الباقي) بڕوانە: نحو أصول جديدة للفقه الإسلامي- الفصل الثاني.
واتە: ئێمە پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- چۆن نوێژ و حەجی کردوە و زەکاتی داوە، ئێمەش وەک ئەو دەکەین و، بەگوێی ئەو دەکەین لە ژیانیدا و لە دوای مردنیشی، وەک چۆن بەگوێی خودا دەکەین.
هەرچەندە ڕێژەیەکی بەرچاویان ئەمەشیان بە دڵ نیە و، قبووڵی ناکەن پێغەمبەر دەمی بکاتەوە لە هێچ بابەتێکدا چونکە تەنها ئەوەندەی لەسەرە قورئانەکەمان وەک خۆی پێبگەیەنێت و تەواو.
خاڵی پێنجەم: زانایان کاتێک دەفەرموون دەبێ کار بە فەرموودە بکرێت مەرجی ئەوەیان داناوە کە پێچەوانەی قورئان نەبێت.
زانایانی فەرموودە دەفەرموون: ئەگەر لێکگیرانێک لە نێوان دوو فەرموودەدا هەبوو کە سەنەدی هەردووکیان ڕاست بوو، ڕاوی یەکێکیان لەوی دیکەیان بەهێز تر و متمانە پێکراوتر بوو، ئەوە ڕیوایەتی ئەوی دیکەیان بە شاذ و لاواز دادەنرێت.
جا ئەگەر فەرموودەیەکی سەنەد ڕاست لەبەر ئەوەی پێچەوانەی فەرموودەیەکی بەهێز تر بوو فەرامۆش بکرێت و کاری پێنەکرێ، ئیتر چۆن کار بە فەرموودەیەک دەکرێت پێچەوانەی قورئان بێت.
ئەمە تێگەشتنی زانایانە نەک ئەوەی کە ئێمەی پێ وەصف دەکەن کە: عیبادەتی توراس دەکەین وباوەڕمان بە توراس هەیە، و ەک ئەوەی لە کۆمێنتی بەناو ڕۆشنبیرێکیاندا هاتوە.
خاڵی شەشەم: لە بابەتی حەڵاڵ وحەرامی خواردن، دووبارەی دەکەمەوە و دەڵێم:
حەرامکردنی خواردن لە قورئانی پیرۆزدا دوو شێوازە، شێوازی یەکەم: ڕاستەوخۆ کە بە ئاشکرا تاک تاک حەڵاڵ و حەرامەکان دیاریی دەکات.
حەڵاڵکراوەکان وەک گۆشتی مەڕ و بزن و گا و  مانگا و حوشتر.
حەرامەکانیش لە دەقێکدادیاریی دەکات کە چوارن: مردارۆ بوو، خوێنی نەبەستوو (شل و ڕژراو)، گۆشتی بەراز، یا ماڵاتێک بۆ غەیری خودا سەر ببڕێت.
جگە لە چەند حەرامێکی دیکەش کە بە دەقی جیاجیا باسکراون وەک ماددە سەرخۆشکەرەکان و خواردنی ماڵی بێباوک و سوو و دزیی و زەوتکردن و هتد.
شێوازی دووەم: ناڕاستەوخۆ و، بە شێوەیەکی گشتیی وەسفی حەڵاڵ و حەرامکراوەکان دەکات، یا عیللەت و هۆکاری حەڵاڵ بوون و حەرامکردنیان بۆ دیاریی دەکات، وەک وەسفی (الطیبات) بۆ حەڵاڵەکان و (الخبائث) بۆ حەرامەکان، یا وەسفی زەرەر و زیان کە درووست نیە نە زەرەر لە خۆت نە لە خەڵک بدەیت، بەڵام تاک تاک حەرامکراوەکانمان بۆ دیاریی ناکات.
لێرەدا پێغەمبەری خۆشەویست -دروودی خوای لەسەر بێ- بۆی نیە حەرامێک حەڵاڵ بکا خودای گەورە حەرامی کردبێ، یا حەڵاڵیک حەرام بکا خودای گەورە حەڵاڵی کردبێ، وەک لە دەسپێکی سوورەتی تەحریمدا هاتوە (يَاأَيُّهَا النَّبِيُّ لِمَ تُحَرِّمُ مَا أَحَلَّ اللَّهُ لَكَ تَبْتَغِي مَرْضَاتَ أَزْوَاجِكَ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ)
بەڵام پێغەمبەر –دروودی خوای لەسەر بی- سەیری عیللەت و وەسفی حەرام و حەڵاڵە قورئانییەکان دەکات و، دواتر لە هەرجێیەکدا هاوشێوەیان ببینێت و عیللەتەکانیان تێدا بەدی بکات، بەپێی وەسف و عیللەتەکان پۆلێنیان دەکات و، دەیانخاتە خانەی حەڵاڵ و حەرامەوە.
ئەمەیە مانای ئەودەقانەی حەڵاڵکردن و حەرامکردن دەدەنە پاڵ پێغەمبەر –دروودی خوای لەسەر بێ- وەک:
ئایەتی یەکەم: قاتِلُوا الَّذِينَ لا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلا يُحَرِّمُونَ ما حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتابَ حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صاغِرُونَ (29) سورة التوبة.
ئایەتی دووەەم: (الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الرَّسُولَ النَّبِيَّ الْأُمِّيَّ الَّذِي يَجِدُونَهُ مَكْتُوبًا عِنْدَهُمْ فِي التَّوْرَاةِ وَالْإِنْجِيلِ يَأْمُرُهُمْ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَاهُمْ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ وَيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ وَالْأَغْلَالَ الَّتِي كَانَتْ عَلَيْهِمْ فَالَّذِينَ آمَنُوا بِهِ وَعَزَّرُوهُ وَنَصَرُوهُ وَاتَّبَعُوا النُّورَ الَّذِي أُنْزِلَ مَعَهُ أُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ (157)
کەواتە بە مەجاز ئەم جۆرە حەرامکردنە دەدرێتە پاڵ پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- و لە بنەڕەتدا تەنها خودا مافی حەرام و حەڵاڵکردنی هەیە.
 مرۆڤیش بە ئاستێکی زۆر نزمتر لە ئاستی پێغەمبەر –دروودی خوای لەسەر بێ- لە ڕێگەی عەقڵ و قیاس و زانستەوە هۆکار و عیللەتی یا زەرەرو زیانی هەندێک خواردن دەدۆزێتەوە و، دەزانێت کە لە خانەی (الطیبات) دان یا لە خانەی (الخبائث).
کەواتە لە بنەڕەتدا کاری حەڵاڵ و حەرامکردن کاری خودایە، بەڵام پێغەمبەر –دروودی خوای لەسەر بێ- لە سۆنگەی قورئانەوە ڕۆڵی دۆزینەوەی حەرام و حەڵاڵەکانمان بۆ دەبینێت.
مرۆڤێش لە ئاستێکی خوارتدا.
ئیتر  گۆشتی مرۆڤ و مشک و جرج و قۆلانچە و سیسرک و پیسایی، هەندێکیان بە دەقی فەرموودە دەخرێنە خانەی حەرامەوە و، هەندێکی دیکەش بە عەقڵ و طەبیعەتی پاک و زانست و، پێویستیان بە فەرموودە نیە.
خاڵی حەوتەم: سەبارەت بە ئایەتی سوورەتی ئەنعامدا هاتوە: (قُلْ لَا أَجِدُ فِي مَا أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَى طَاعِمٍ يَطْعَمُهُ إِلَّا أَنْ يَكُونَ مَيْتَةً أَوْ دَمًا مَسْفُوحًا أَوْ لَحْمَ خِنْزِيرٍ فَإِنَّهُ رِجْسٌ أَوْ فِسْقًا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَإِنَّ رَبَّكَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (145)
ئایا ئەو چوار جۆرە وەک تاک حەرام کراون، یان وەک وەصف و عیللە.
کێشەکە لەوەدایە بڵێی وەک تاک حەرام کراون، ئیتر پرسیاری حەرامبوونی شتی دیکەت لێدەکرێ، وەک حەرامبوونی مەی و ماددەی سەرخۆشکەرت لێ دەکەم،  ئەگەر دەڵێی حەرامە،پێت دەڵێم: خۆ لەگەڵ ئەو چوارەدا وەک تاک باس نەکراوە کە حەرام بێت؟!
وە ئەگەر دەڵێی حەڵاڵە و بە حەڵاڵی دەزانی بیخۆی دەک عافیەتت بێت و، ئیتر خۆشاردنەوەی ناوێت و، بە ئاشکرا بە خەڵکی ڕا بگەیەنە کە باوەڕت بە ئایەتی نەوەدی سوورەتی مائیدە نیە کە دەفەرموێ (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنصَابُ وَالْأَزْلَامُ رِجْسٌ مِّنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ (90)
نەک بێی مانای ئایەتەکە بە ئارەزووی خۆت بشێوێنی و ، بڵێی: فەرمانی (فاجتنبوا) حەرامبوون ناگەیەنێ، ئەی نازانی ئەم وشەیە لە قورئاندا بۆ گوناهە گەورەکان هاتوە وەک بتپەرستیی (فاجتنبوا الرجس من الأوثان)- قەولی زوور(واجتنبوا قول الزور) و پەرستش بۆ غەیری خودا (واجتنبوا طاغوت) و گومانی خراپ بردن بە خەڵک (اجتنبوا كثيرا من الظن)
بۆیە ئەگەر بە دوای ڕاستییدا دەگەڕێیت، کەمێک بە وردیی ئەم چەند دێڕەی خوارەوە بخوێنەرەوە:
تێگەیشتنی درووست بۆ ئایەتەکەی سوورەتی ئەنعام کە تەنها باسی لە چوار جۆر حەرامی کردووە.
ئەم ئایەتە مەکییە و ئەکرێ ئەوە بگەیەنێت تا ئەو کاتە هەر ئەو چوارە حەرام کرابوون، بۆیە دەفەرموێ: بڵێ لەوەی سرووش ونیگام بۆ هاتوە جگە ئەم چوارە حەرامێکی دیکە نابینم، ئەمەش لای کەسێک کەمێ بیر بکاتەوە ڕێگر نیە لەوەی دواتر  حەرامەکان زیاد بکرێن، بۆ نموونە گەر مامۆستایەک بڵێ: لە پۆلەکەدا تەنها چوار قوتابی دەبینم، بەڵام دواتر شەش قوتابی تر هاتن و بوون بە دە قوتابی، ناکرێ قسەی پێشووی جەنابی مامۆستا بکەیتە بیانوو و، بڵێی: مامۆستا تەنها باسی چواری کردووە، بۆیە هەر تەنها چوار قوتابی لە پۆلەکەدان و،  هەر کەس بڵی دە قوتابین درۆی کردووە.
بەڵام بەلای منەوە ئەم ڕاڤەو تێگەشتنە کەمێ دوورە، چونکە ئەو چوارە تەنها لەو سوورەتەدا نەهاتوون، بەڵکو لە سوورەتی (النحل) و (البقرة) دا دووبارە بوونەتەوە، کە سوورەتی یەکەمیان مەککییە و، سوورەتی دووەمیان مەدەنییە.
بۆیە دەڵێم خودای گەورە لە سوورەتی ئەنعامدا ئەو چوارەی بە وەصف حەرامکردوون نەک بە تاک، کە ئەویش هەردوو وەصفی (الرجس) و (الفسق)ــە، بۆیە ئەم دوو وەصفە لەهەر خواردنێکی دیکەدا هەبن ئەویش حەرام دەکرێ.
هەروەها هەموو (الخبیث)ێکیش کە بە دەقی جیا حەرام کراوە وەک لە ئایەتی ١٥٧ی سوورەتی ئەعرافدا هاتوە (وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ )لە ئاکامدا یان (رجسە یان فیسقە.
کەواتە ئایەتەکە چوار حەرامکراومان بۆ باس دەکات بەڵام بە دوو وەصف: وەصفی رجس و فیسق، ئەو دوو وەصفەش لەهەر جێیەکدا بن حوکمەکەی وەردەگرن و حەرام دەبن.
سەبارەت بە وشەی (الرجس):
 وشەی (الرجس) لە ئایەتەکەدا وەصفە بۆ ئەو سێ حەرامکراوانەی پێش خۆی کە بریتیین لە مردارۆ بوو، خوێنی نەبەستوو (شل و ڕژراو)، گۆشتی بەراز،(إِلَّا أَن يَكُونَ مَيْتَةً أَوْ دَمًا مَّسْفُوحًا أَوْ لَحْمَ خِنزِيرٍ فَإِنَّهُ رِجْسٌ)  بەڵام چوارەمیان بە فیسق وەصف کراوە.  ( أَوْ فِسْقًا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ ۚ)
 خۆ دیارە ماددەی سەرخۆشکەریش لە قورئاندا بە (رجس) وەصف کراوە ، وەک لە ئایەتی نەوەدی سوورەتی مائیدەدا دەفەرموێ (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنصَابُ وَالْأَزْلَامُ رِجْسٌ مِّنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ (90)
لەسەردەمی ئێمەشدا چەند حەرامێکی نوێ سەریان هەڵداوە، بۆ نموونە گا یا مانگا بە دەقی قورئان حەڵاڵە، بەڵام کە تووشی نەخۆشیی شێتی گا دەبێت (BSE) ئەرکی سەرشانی حکوومەتە قەدەغەی بکات لە هاوڵاتیان، نەک حەرامی بکات، بەڵام بۆ خودی مرۆڤ کە دەزانێ گەر بیخوا دەیکوژێ یا تووشی نەخۆشیەکی سەختی دەکات حەرامە بیخوات، چونکە وەصفی (رجس)ی تێدایە.
هەروەها گۆشتی باڵندە کە حەڵاڵە،بەڵام کاتێک تووشی نەخۆشیی  ئەنفلۆنزای باڵندە (HPAI) دەبێت هەمان حوکمی هەیە.
 سەبارەت بە وەصفی فیسق: نموونەی خواردنی ماڵی بێباوک و سوو و بەرتیل و گەندەڵیی و دزیی و زەوت کردن و مووچەی بن دیوار و هتد لە وەصفی فیسقدا جێیان دەبێتەوە.
سوعبەتێک:
جەنابی شەحروور گاڵتە بەو کەسانە دەکات کە باوەڕیان وایە حەرام لەو چوارە زیاترە، بەڵام خودی خۆی لە سایتەکەی خۆیدا لە وەڵامی کەسێک بە ناوی تەیمور پاشاوە سەبارەت بە گۆشتی حەڵاڵ و جیاوازیی (الأنعام) و (بهيمة الأنعام) دا دەڵێت:  گۆشتی فیل و زەڕافە ناخورێ لەبەر ئەوەی لە ئەنعامن، نەک بهيمة الأنعام.(١)
هەروەها لە پەڕەی تایبەتیی خۆیدا کەرکەدەنیش (وحید القرن) حەرام دەکات. (٢)
لە لایەکەوە دەڵێی تەنها ئەو چوارە حەرامن، لە لایەکی دیکەوە دەڵێی فیل و زەڕافەو کەرکەدەنیش حەرامن، ئەمەت لە چی و ئەوەت لە چی؟!
دوا وتەم داوایەکی برانەیە لەو بەڕێزانە:
ئەها چەند دڵگران بوون کاتێک بابەتەکەی پێشوو کەمێک دڵی گرتن و  بەلای خۆتانەوە سووکایەتی پێکردن، بە هەمانشێوەش خەڵک بەو سووکایەتیی و شێوازە ئاخاوتنەی ئێوەش دڵگران دەبێت.
ئەگەر هەر سوورن لەسەر ئەو جۆرە شێوازەشتان و لە دوورەوە خەڵک بەردباران دەکەن، ئازا بن، ئەوە عەرز و ئەوە گەز، با کامتان خۆی زۆر بە خوێنەوار دەزانێت لەسەر ئەم بابەتە بێتە پێشەوە، تا پێکەوە دیبەیتێکی برایانە بکەین، نەک لە دوورەوە جنێو و سووکایەتی بکەیت و نەوێری بێیتە پێشەوە.
هەروەها چاوەڕێی ئەو کەسانەی خۆیان بە مەرد دەزانن و بە هەڵە تێگەشتوون، یان قسەی ناشیاویان نووسیوە بە ئاشکرا داوای لێبووردن بکەن. با بزانین.!!

نوێترین نوسینەکانی د.عثمان محمد غریب

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌