تەشریبی گۆشتی مرۆڤ و سەروپێی مشک و سیسرک و قالۆنچە و مارمیلۆک.

وتار/ 19/07/2017 5706 جار بینراوە

د.عثمان محمد غریب

پرسە هەنووکییەکان (١)
تەشریبی گۆشتی مرۆڤ و سەروپێی مشک و سیسرک و قالۆنچە و مارمیلۆک.

ئەوانەی باوەڕیان بە فەرموودە نیە و دەڵێن: پێویستمان بە پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- نیە، چونکە پێغەمبەر-دروودی خوای لەسەر بێ- تەنها ڕۆڵی گەیاندنی هەبوە ئیتر هیچ پێویستمان بە ڕا و تێگەیشتن و بۆچوونی نە پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- و نە کەسی دیکە نیە.
حەرام و حەڵاڵیش تەنها لە قورئان وەردەگرین، خودی پێغەمبەریش-دروودی خوای لەسەر بێ- بۆی نیە شتێک حەرام یا حەڵاڵ بکات، ئەوەتا خودای گەوەرە لە قورئاندا خواردنی حەرامی دیاریکردووە و تەنها چوار جۆر خواردنە، ئیتر جگە لەو چوارە هەمو خواردنێک حەڵاڵە، ئەو چوار جۆرەش بریتین لە مردارۆ بوو، خوێنی نەبەستوو (شل و ڕژراو)، گۆشتی بەراز، یا ماڵاتێک بۆ غەیری خودا سەر ببڕێن، وەک لە سوورەتی ئەنعامدا هاتوە: (قُلْ لَا أَجِدُ فِي مَا أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَى طَاعِمٍ يَطْعَمُهُ إِلَّا أَنْ يَكُونَ مَيْتَةً أَوْ دَمًا مَسْفُوحًا أَوْ لَحْمَ خِنْزِيرٍ فَإِنَّهُ رِجْسٌ أَوْ فِسْقًا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَإِنَّ رَبَّكَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (145)

بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە ئەم خاڵانە دەخەینە ڕوو:

خاڵی یەکەم: ئەگەر ڕات وایە تەنها ئەو چوار جۆرە خواردنە حەرامە، چی دەڵێی داوەتێکت بکەین و سفرە و خوانێکی چەور و بەلەزەتی تەشریبی گۆشتی مرۆڤ و سەروپێی مشک و سیسرک و قالۆنچە و مارمێلکەت بۆ بڕازێنینەوە؟ هەندێ مەڕ و بزن و گا و گوێرەکە و بۆق و ...هتد ی زیندوشمان داناوە دەتوانیت هەر بە زیندوویی و قەپیان لێ بگریت یا بە چەقۆیەک دەست و قاچیان ببڕیت و بە کاڵیی بیانخۆیت، لەبری پاقلاوە و شیرینیی کۆکتێلێکی ڕازاوەی پیسایی مرۆڤ و گشت جۆرە گیاندارێک ئامادە دەکرێت، لە بری شەربەت و ئاویش شەربەتی میز بە هەمو جۆرەکانیەوە. نازانم ڕات چیە؟ ئایا بە ڕای بەڕێزت ئاساییە عافیەت و نۆشیان بکەیت و، دەڵێی: هیچ کێشە و گرفتێک نیە چونکە حەڵاڵن و لە قورئاندا حەرام نەکراون، یا خۆت تووڕە دەکەیت و، دەڵێی حەرامن و نایانخۆیت و نایانخۆیتەوە؟!

باوەڕ ناکەم بوێری بڵێی: خواردنی گۆشتی مرۆڤ و جرج و مشک و سیسرک و قالۆنچە و مارمیلۆک و مێشوولە و مێش و مەگەز و کرم و مار و مێروو و ئەو هەمو کۆکتێلەی پاقلاوە و شەربەتە حەڵاڵە؟
لەوە دەچێ بڵێیت ئەو خواردنانەی باسیان دەکەیت لە خانەی (الخبائث)دا جێیان دەبێتەوە، ئاشکراشە حەرامکردنی (الخبائث) دەقی قورئانی لەسەرە.

منیش دەڵێم: محەممەد شەحرور کە مامۆستایەکی دیاری قورئانییەکانە لە ڕاڤەکردنی زاراوەی (الخبائث)دا لە فەسڵی دووەمی پەڕاوی (نحو أصول جديدة للفقه الإسلامي – فقه المرأة)دا دەڵێ: (فالخبائث هي الشرك بالله ونكاح المحارم وربا الصدقات، وهي أيضاً الفواحش التي تشمل الزنا واللواط والسحاق)
واتە: (الخبائث) بریتیین لە شیرک، جۆرەکانی نیکاحی حەرامکراوەکان، سووی سەدەقات، لەگەڵ زینا و نێربازیی و (السحاق)مێبازیی خودی ئافرەتان.

بەم پێوەرە بێت دەبێ خواردنی گۆشتی مرۆڤ میز و پیسایی و جرج و مشک و سیسرک و قالۆنچە و مارمیلۆک و مێشوولە و مێش و مەگەز و کرم و مار و مێروو حەڵاڵ بێت.
با بڵێین جەنابت بە حەرامیان دادەنێیت و ، بە گوێی جەنابی مامۆستاکەت ناکەیت و دەڵێیت: نەخێر وشەی (الخبائث) ئەو جۆرانەش دەگرێتەوە.

پێت دەڵێم: بەڵگەت چیە لەسەر ئەم بۆ چوونەت؟ ئایا دەقێکی قورئانیی هەیە بە راشکاویی ئەم جۆرە خواردنانە بە (خەبائیث) دابنێ؟ بێگومان نەخێر، ئەی چی؟ گەر بڵێیت: لەگەڵ عەقڵ و سرووشتی مرۆڤدا ناگونجن کە حەڵاڵ بن.

پێت دەڵێم؛ کەواتە جەنابت جگە قورئان، بە عەقڵ یا بە سرووشت شتانێک حەرام دەکەیت، ئیتر بۆ دەڵێی: حەرامکردن تەنها کاری خودایە؟

خاڵی دووەم: جەنابتان لە دووفاقەییدا دەژین، لە لایەکەوە گاڵتە بەو فەرموودە دەکەن کە باس لە میزی حوشتر دەکات و،لەلایەکی ترەوە دەڵێن حەرام تەنها ئەو چوار جۆرەی قورئانە، کەواتە دەبێ میزو پیساییش حەڵاڵ بن.
هەروەها گاڵتە بەو فەرموودە دەکەن کە باسی مێش دەکات کە کاتێ بکەوێتە ناو ئاوێک یا شلەیەک درووستە ئاوەکە یا شلەکە بخورێتەوە،بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەڵێن: تەنها ئەو چوار جۆرەی لە قورئاندا هاتوون حەرامە! ئێ خۆ نەک میزی حوشتر و ئەو شلەی مێشەکەی تێکەوتووە بەڵکو خودی میز و پیسایی گشت گیانداران و خودی مێشەکەش لە دەقی قورئاندا نەهاتوە کە حەرام بن.

خاڵی سێیەم: حەرامکردنی خواردن لە قورئانی پیرۆزدا دوو شێوازە، شێوازی یەکەم: ڕاستەوخۆ کە بە ئاشکرا تاک تاک حەرامەکان دیاریی دەکات کە چوارن: مردارۆ بوو، خوێنی نەبەستوو (شل و ڕژراو)، گۆشتی بەراز، یا ماڵاتێک بۆ غەیری خودا سەر ببڕێت،

شێوازی دووەم: ناڕاستەوخۆ و، بە شێوەیەکی گشتیی وەسفی حەرامکراوەکان دەکات یا عیللەت و هۆکاری حەرامکردنەکەمان بۆ دیاریی دەکات، وەک وەسفی (الخبائث) یا وەسفی زەرەر و زیان کە درووست نیە نە زەرەر لە خۆت نە لە خەڵک بدەیت، بەڵام تاک تاک حەرامکراوەکانمان بۆ دیاریی ناکات.
لێرەدا پێغەمبەری خۆشەویست -دروودی خوای لەسەر بێ- لە ڕێگەی زانینی عیللەت و هۆکارەکان هەندێک نموونەی ئەو تاکە حەرامانەمان بۆ دیاریی دەکات و، هەندێکیشیان دەهێڵێتەوە بۆ عەقڵ و سرووشتی پاکی مرۆڤ،مرۆڤیش لە ڕێگەی عەقڵ و قیاس و زانستەوە هۆکار و عیللەتی یا زەرەرو زیانی هەندێک خواردن دەدۆزێتەوە و، دەزانێت کە لە خانەی (الخبائث)دان و لە خانەی (الطیبات)دا جێیان نابێتەوە.

بەڵام ئەم حەرامکراوانە کە لە ڕیگەی عەقڵ و زانستەوە دەدۆزرێنەوە ناگەنە ئاست و پلەی حەرامکراوە دەقییەکان، وە بە گوێرەی دڵنییایی لە زیان و زەرەرەکان ئاست و پلەی حەرامکراوەکان بەرزیی و نزمیی دەکەن.

خاڵی چوارەم: لە چەند دەقێکدا هاتوە کە غەیری خوداش شت حەرام دەکەن، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێت کە ئەم جۆرە حەرامکردنە بە مەجاز دەدرێتە پاڵ پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- و، لە بنەڕەتدا خودا بە وەسف ئەو جۆرە خواردنانەی حەرامکردووە، بەڵام پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- و عەقڵی ساغی مرۆڤ ئەو تاکانەمان بۆ دەسنیشان دەکەن، چونکە نە پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- و نە کەسی دیکە بۆیان نیە شتێک حەرام بکەن کە خودا حەڵاڵی کردبێ، کەواتە پێغەمبەر و عەقڵی مرۆڤ دۆزەرەوەی حەرامەکانن نەک حەرامکار بن.
با بەیەکەوە لەم ئایەتە پیرۆزانە ورد بینەوە:

ئایەتی یەکەم: قاتِلُوا الَّذِينَ لا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلا يُحَرِّمُونَ ما حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتابَ حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صاغِرُونَ (29) سورة التوبة.

ئایەتی دووەەم: (الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الرَّسُولَ النَّبِيَّ الْأُمِّيَّ الَّذِي يَجِدُونَهُ مَكْتُوبًا عِنْدَهُمْ فِي التَّوْرَاةِ وَالْإِنْجِيلِ يَأْمُرُهُمْ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَاهُمْ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ وَيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ وَالْأَغْلَالَ الَّتِي كَانَتْ عَلَيْهِمْ فَالَّذِينَ آمَنُوا بِهِ وَعَزَّرُوهُ وَنَصَرُوهُ وَاتَّبَعُوا النُّورَ الَّذِي أُنْزِلَ مَعَهُ أُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ (157)
لەم دوو دەقە پیرۆزەدا بە ئاشکرا حەرامکردن دەداتە پاڵ پێغەمبەریش -دروودی خوای لەسەر بێ- بەڵام وەک وتمان کاری خۆشەویست -دروودی خوای لەسەر بێ- دیاریکردنی حەرامەکانە نەک حەرامکردنی کارێک یا خواردنێک بە دەق حەڵاڵ کرابێت.

ئایەتی سێیەم: (كُلُّ الطَّعَامِ كَانَ حِلًّا لِبَنِي إِسْرَائِيلَ إِلَّا مَا حَرَّمَ إِسْرَائِيلُ عَلَى نَفْسِهِ مِنْ قَبْلِ أَنْ تُنَزَّلَ التَّوْرَاةُ قُلْ فَأْتُوا بِالتَّوْرَاةِ فَاتْلُوهَا إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ (93)
لێرەدا حەرامکردن دەداتە پاڵ ئیسرائیل پێغەمبەر -دروودی خوای لەسەر بێ- هەرچەندە دەکرێ تەئویل بکرێ بەوەی کە لە خۆی قەدەغە کردبێت نەک حەرامکردن،
لە کۆتاییدا داوای لێبوردن دەکەم لە بەکارهێنانی جۆرە زاراوەیەکی قێزەون، بەڵام من کەسێکی دیاریکراوم مەبەست نیە، بەڵکو بەهیچ شێوەیەک مەبەستم سووکایەتیی کردن نیە، بەڵام چی بکەم بابەتەکە وا دەخوازێت.
هیوادارم ئەو خوشک و برایانەی کە باوەڕیان بە فەرموودە و پشت لە پێغەمبەر دەکەن -دروودی خوای لەسەر بێ- بەم ڕوونکردنەوە کەمێک بە خۆیاندا بچنەوە و کەمێک ڕووناکیی حەقیان بۆ دەربکەوێت.

تێبینیی: نووسینی دروود بۆ لە منەوەیە نەک بەناو قورئانئییەکان چونکە ئەوان باوەڕیان بەو جۆرە دروود و صەلاواتە نیە.

براتان
عوسمان محەممەد غەریب
هەولێر-بەختیاریی

نوێترین نوسینەکانی د.عثمان محمد غریب

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌