توركیا و ئه‌ردۆگان له‌ پاشه‌كشه‌ی‌ به‌رده‌وامدان !!!

وتار/ 07/07/2017 830 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

 توركیا و ئه‌ردۆگان له‌ پاشه‌كشه‌ی‌ به‌رده‌وامدان !!!

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس
[email protected]
•     پێش نزیكه‌ی‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كوده‌تایه‌كی‌ سه‌ربازی‌ سه‌رنه‌كوتوو له‌ شه‌وی‌ 15/16/7/2016دا له‌توركیادا ڕوویدا كه‌ له‌دواتردا زۆر كه‌س و لایه‌ن وای‌ بۆ ده‌چوون كه‌ (( ته‌نها نمایشێكی‌ دروستكراوی‌ ده‌ستی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ توركی‌ و به‌سه‌ر په‌رشتی‌ و ئاگاداری‌ خودی‌ ئه‌ردۆگانیش ڕێكخرابێت))،چونكه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند كاتژمێرێكی‌ كه‌مدا توانرا ئه‌و هه‌وڵی‌ كوده‌تایه‌ پوچه‌ڵبكرێته‌وه‌ .
كاره‌ساته‌ گه‌وره‌ و شكسته‌كانی‌ توركیا و ئه‌ردۆگان لێره‌وه‌ ده‌ستیان پێكردوه‌ و تائێستا به‌رده‌وامن و ئه‌ردۆگان و توركیایان خستۆته‌ سه‌ر دووڕیانێكی‌ گرنگ و هه‌ستیار و مێژووییه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌ردۆگان  وایبۆده‌چوو به‌ شكستپێهێنانی‌ هه‌وڵی‌ كوده‌تا سه‌ربازیه‌كه‌ ئیدی‌ توركیای‌ بۆ ده‌بێته‌ماستی‌ مه‌یوو  ته‌واوی‌ ئۆرگانه‌كانی‌  حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و دادگا و باڵی‌ سه‌ربازی‌ و هه‌واڵگری‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر كۆنتڕۆڵی‌ خۆی‌ و حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ و به‌ بێ‌ سه‌ر ئێشه‌ و كێشه‌ و گرفت تا دوا ته‌مه‌نی‌ خۆی‌ له‌ ده‌سه‌لاَتدا ده‌مێنێته‌وه‌، به‌لاَم خه‌ونه‌كانی‌ ئه‌ردۆگان هه‌ر زوو بونه‌ بڵقی‌ سه‌رئاو ،چونكه‌ ئه‌ردۆگان وه‌ك تاكڕه‌و و دیكتاتۆرێك و به‌عه‌قلێه‌تی‌ سوڵتانه‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌  هه‌نگاوی‌ ده‌ناو و كه‌وته‌ جێگه‌ پێگه‌ قایمكردنی‌ خۆی‌  له‌ڕێگه‌ی‌ گرتن و ڕاوه‌دوونان و ده‌ركردنی‌ سه‌دان هه‌زار له‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازی‌ و دادوه‌ر و ئه‌فسه‌ر و مامۆستایانی‌ زانكۆ  كه‌ ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ و كاریگه‌ریان هه‌بوه‌ له‌  زانكۆ و فه‌رمانبه‌ران و دكتۆر و ئه‌ندازیار و پارێزه‌ران و ته‌واوی‌ چین و توێژه‌كانی‌ توركیا و داخستنی‌ ده‌یان زانكۆ و خوێندنگه‌ به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موانیان یان سه‌ر به‌ ڕێكخراوی‌ خزمه‌تی‌ فه‌تۆچیه‌كانن(( فه‌تحولاَ گویله‌ن)) یانیش سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ كاردانه‌وه‌ هه‌ڵه‌كانی‌ ئه‌ردۆگان  توركیایان به‌ره‌و ئاقاری‌ لێكترازانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ توركی‌ برد له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ردۆگان ده‌یویست كه‌ توركیایه‌كی‌ ئارام و هێمنی‌ بۆ بمێنێته‌وه‌.
توركیا له‌ سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان له‌ پاشه‌كشه‌ و شكستی‌ به‌رده‌وامدایه‌ له‌ ناوخۆ و ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا، له‌سه‌ر ئاستی‌ سیاسی‌ ئه‌ردۆگان له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م ساڵه‌دا و له‌ ئه‌نجانی‌ سیاسه‌ت و په‌رچه‌ كرداره‌ هه‌ڵه‌كانیه‌وه‌  سه‌رتاپای‌ دیموكراسیه‌ت و ئاازدیه‌كانی‌ قه‌تیسكردوه‌ و مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ پێشێلكردوه‌ و كاری‌ سیاسی‌ حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی‌ له‌ مه‌نگه‌نه‌ داوه‌ و ڕۆڵ و كاریگه‌ریانی‌ پشتگوێخستوه‌ و ژیانی‌ سیاسی‌ و حیزبایه‌تی‌ به‌رته‌سككردۆته‌وه‌ و  چه‌ندین ده‌زگای‌ ڕاگه‌یاندن له‌ ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری‌ داخستوه‌ و به‌ده‌یان ڕۆژنامه‌نوسی‌ له‌ به‌ندیخانه‌ توندكردوه‌.
له‌ئێستادا له‌توركیادا هیچ كه‌س و لایه‌نێك هه‌ست به‌ ئه‌مان ناكات له‌دوای‌ گرتنی‌ ده‌یان ئه‌ندام په‌ڕله‌مان و لابردنی‌ ده‌یان سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ له‌ كورد و كوردستان و حیزبی‌ هه‌ده‌په‌ و تێكدانی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئاشته‌وایی‌ له‌گه‌ڵ كوردا،له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌كه‌ش توركیا له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م ساڵی‌ ڕابووردودا چه‌ندین بڕیار و هه‌نگاوی‌ سیاسی‌ شكستخواردوی‌ هه‌ڵناوه‌ و هه‌موو جاره‌كانیش داوای‌ لێبوردنی‌ كردوه‌ و په‌شیمانبۆته‌وه‌ به‌هۆی‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ له‌ سوریا و عێراق و یه‌مه‌ن و میسر و به‌م دواییانه‌ش له‌ كێشه‌ی‌ نێوان قه‌ته‌ر و ولاَتانی‌ كه‌نداو و میسردا، توركیا له‌ ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌كه‌ بۆته‌ ولاَتێكی‌ به‌دناو و به‌دڕه‌فتار و سه‌نگ و قورسایی‌ خۆی‌ له‌ده‌ستداوه‌ به‌تێكدانی‌ په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ میسر و سعودیه‌ و ئێران و عێراق و ولاَتانی‌ تر كه‌ ولاَتانێكی‌ گه‌وره‌ و كاریگه‌ری‌ ناوچه‌كه‌ن، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ تاكڕه‌ و نادیموكراسیانه‌ی‌  په‌یوه‌ندیه‌كانیشی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وروپیه‌كان و ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت ڕوسیاشدا تێكداوه‌ و بۆته‌ ولاَتێكی‌ گه‌مارۆدراوی‌ سیاسی‌ و له‌دواترین هه‌ڵوێستی‌ ئه‌وروپیه‌كانیشدا به‌ 477 ده‌نگ به‌به‌ڵی‌ بۆ ڕاگرتنی‌ گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ توركیا بۆ بونه‌ ئه‌ندام له‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا دژ به‌ ته‌نها 64 ده‌نگ. بۆیه‌ ئه‌مه‌ دوا شكستی‌ ئه‌رۆدگان و سیاسه‌ته‌كانی‌ بوو وبه‌لاَم هێشتاش زۆری‌ تر ماوه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌ردۆگان ده‌كات و پێده‌چێت نه‌گاته‌ ساڵی‌ 2019 كه‌ به‌نیازه‌ ببێته‌ تاكڕه‌و و تاكه‌ پیاوی‌ به‌ده‌سه‌لاَتی‌ تاك حیزب له‌ توركیادا له‌ئه‌نجامی‌ ڕیفراندۆمه‌ ساخته‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ مانگی‌ 4 /2016دا  ڕێكیخست.و ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ش وه‌ك كوده‌تا شكستخواردوه‌كه‌ی‌ هێنده‌ی‌ تر خه‌ونه‌كانی‌ توركیا و ئه‌ردۆگانیان له‌ چاڵنا چونكه‌ ڕووی‌ ڕاسته‌قینه‌ و مه‌رام و بیانوه‌كانی‌ به‌ ڕاسته‌قینه‌ ده‌رخست له‌به‌رده‌م ئه‌وروپیه‌كان و ئه‌مریكا و دونیای‌ دیموكراسیدا.كه‌ ته‌نها گه‌ره‌كی‌ به‌رده‌وامبونه‌ له‌ده‌سه‌لاَت و چه‌سپاندنی‌ حوكمی‌ خۆی‌ و حیزب و بنه‌ماڵه‌كشێتی‌ دوور له‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادیه‌كان.
له‌سه‌ر ئاستی‌ ئابوریش،توركیا به‌ره‌و داته‌پینی‌ زیاتر ده‌ڕوات له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌م هه‌موو كێشه‌ و گرفتانه‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان دروستیان ده‌كات، توركیا له‌ بنچینه‌دا خاوه‌نی‌ ئابوریه‌كی‌ به‌هێز نیه‌ و ژێرخانی‌ ئابوریه‌كی‌ به‌هێزیشی‌ نیه‌ له‌ ڕووی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ وزه‌ له‌نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ كه‌ زۆر پێویستی‌ پێیانه‌، توركیا ته‌نها له‌ڕووی‌ گه‌شتیاریه‌وه‌ به‌هێزه‌ و خاوه‌ن داهاتێكی‌ گه‌وره‌یه‌،به‌لاَم ئه‌م كه‌رته‌ش به‌هۆی‌ ناجێگیری‌ سیاسی‌ و  ته‌قینه‌وه‌ و كرداری‌ تیرۆریستی‌ و به‌رده‌وامبوونی‌ شه‌ڕ و جه‌نگ له‌ كوردستانی‌ باكوردا زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ پێگه‌یشتوه‌ و به‌ڕێژه‌ی‌ 50% زیانی‌ به‌ركه‌وتوه‌. له‌ ئێستادا نرخی‌ لیره‌ی‌ توركی‌ بۆ نزمترین ئاستی‌ دابه‌زیوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دۆرلا و یۆرۆدا و بێكاری‌ و هه‌لاَوسان و ڕاوه‌ستانی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ و بازرگانی‌ و پیشه‌سازیشی‌ لێكه‌و تۆته‌وه‌. له‌سه‌ر ئاستی‌ ئه‌منی‌ و سه‌ربازیش توركیا له‌هه‌موو به‌ره‌كاندا توشی‌ شكست و نسكۆی‌ گه‌وره‌ بۆته‌وه‌، له‌سوریادا دۆڕاوی‌ ته‌واوه‌ له‌به‌رامبه‌ر كورد و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان به‌ڕابه‌رایه‌تی‌ ئه‌مریكا و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌ورپیه‌كاندا ناكۆكه‌ و هه‌موانیان ناڕازین له‌سیاسه‌تی‌ پشتیوانی‌ توركیا له‌ تیرۆریستان و ڕێگه‌ی‌ پێناده‌ن كه‌ بچوكترین هه‌نگاو بنێت و بچێته‌ ناو خاكی‌ سوریا و به‌ئاره‌زووی‌ خۆی‌ ته‌راتێنی‌ سه‌ربازی‌ بكات و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ جدیان ئاماده‌یه‌ بۆی‌، له‌گه‌ڵ ڕوسیاشدا  و له‌ئه‌نجامی‌ خستنه‌خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌یه‌كی‌ ڕوسی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان تێكچوه‌ و ڕوسیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشتیوانی‌ توركیا و مه‌رامه‌كانی‌ ناكات دژ به‌ ڕژێمی‌ به‌شار ئه‌سه‌د و دژ به‌ كوردیش له‌ ڕۆژئاوا.
هه‌موو ئه‌م سیاسه‌ت و هه‌نگاوه‌ شكستخواردوانه‌ی‌ ئه‌ردۆگان توركیایان به‌ره‌و په‌راوێزخستنی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازی‌ بردوه‌ و هاوپه‌یمانێتیه‌ مێژوویه‌كانی‌ 80 ساڵه‌ی‌ خستۆته‌ به‌ر مه‌ترسی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌. هه‌مووشی‌ به‌هۆی‌ دژایه‌تیكردنی‌ كورده‌وه‌یه‌ له‌ باكور و ڕۆژئاوادا و گه‌ره‌كێتی‌ كورد هیچ كات نه‌گاته‌ خواست و مافه‌ ڕه‌واكانی‌ و له‌به‌رامبه‌ریشدا پشتیوانی‌ تیرۆریستان ده‌كات له‌ سوریا و عێراقدا و ده‌یه‌وێت خه‌ونه‌ زڕه‌ دێرینه‌كانی‌ له‌ بوژاندنه‌وه‌ی‌ خه‌لافه‌تی‌ عوسمانیدا بێنێته‌وه‌ دی‌.
به‌لاَم ئه‌ردۆگان و عه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی‌ له‌ زه‌مه‌نێكی‌ زۆر جیاوازدان،چونكه‌ هه‌موو هاوكێشه‌ و هاوسه‌نگیه‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و جیۆپۆله‌تیكیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا گۆڕاون و كاراكته‌ری‌ نوێ وه‌ك كورد و لایه‌نی‌ تر هاتونه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌ و ئه‌وانیش له‌هه‌وڵی‌ وه‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ و ئازادی‌ و دامه‌زراندنی‌ ده‌سه‌لاَتی‌ خۆیانن له‌ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندی‌ زلهێزه‌كانیش وه‌ك جاران نه‌ماون و گۆڕانیان به‌سه‌رداهاتوه‌ و ده‌گه‌ڕێن بۆ جێگه‌ و لایه‌نی‌ تر بۆ درێژه‌دان به‌ به‌رژوه‌ندیه‌كانیان و پاراستنیان له‌م ناوچه‌یه‌دا،و باشترین و به‌هێزترین كاراكته‌ریش بۆ بینینی‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا كورده‌ چ له‌ باشور بێت یان له‌ ڕۆژئاوا و باكور بێت.
له‌كۆتایدا ئه‌و كوده‌تا و ڕیفراندۆمه‌ ساخته‌ و دروستكراوه‌ی‌ ئه‌ردۆگان نه‌ك بوه‌ مایه‌ی‌ خۆشبه‌ختی‌ و زیاتر چه‌سپاندنی‌ ده‌سه‌لاَتی‌ ئه‌ردۆگان و توركیایه‌كی‌ هێمن و ئارام به‌ڵكو بوه‌  لێكترازانی‌ ناوخۆی‌ توركیا له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان و ته‌نانه‌ت له‌ناو حیزبی‌ ئاكپارتیشدا و له‌ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تیشدا توركیا و ئه‌ردۆگان له‌خراپترین پێگه‌ و كه‌ناردا گیریان خواردوه‌.و پێده‌چێت سه‌ركێشیه‌كانی‌ ئه‌ردۆگان نه‌ك سه‌ریبخات به‌ڵكو سه‌ری‌ بخوات.


نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌