سووتاندنی دارستانەكان،سووتاندنی سیەكانی گۆی زەویە !

وتار/ 21/08/2021 540 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

سووتاندنی دارستانەكان،سووتاندنی سیەكانی گۆی زەویە !

نەوزادی موهەندیس
•     یەكێكی تر لەو دیاردانەی كە مەترسیەكی گەورە دروستدەكەن بۆ سەر تەواوی گۆی زەوی و شارستانێتی مرۆڤایەتی بریتیە لە سووتاندنی دارستانەكان یان بڕینەوەیان یان كەمكردنەوەی سەوزاییە،بەداخەوە ئەم دیاردەیەش هێندەی دەستی مرۆڤەكان خۆیانن نیوهێندە كاریگەری سروشت نیە،جا ئەم دیاردەیەش وەكو هەموو دیاردە مەترسیدارەكانی تری سروشتی و دەستكردی بە بەردەوامی وەرزەكانی ساڵ لە دێر زەمانەوە هەبوون و ڕوویانداوە و بونەتە مایەی زەرەر و زیانی گەورە بە شارستانێتی و ئاوەدانی كۆمەڵگە مرۆڤایەتیەكان لەناوچە جیاوازەكانی جیهاندا. بۆ ئەم دیاردەیە و ئەوانی تریش هەموانیان پێكەوە هەڕەشەیەك و ئاڵنگاریەكی گەورە دروست دەكەن بۆ سەر گۆی زەوی.
•     ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان : بریتیە لە گڕگرتنی دارستانەكان و جەنگەڵەكان Wild fireو لە ئێستاشدا پێی دەوترێت گێژەڵوكە ئاگرینەكان.دارستانەكان بەهۆی ئەوەی كە ڕووبەرێكی گەورە و فراوانی گۆی زەوی دادەپۆشن و كاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر پاكڕاگرتنی كەشوهەوا و دەركردنی بڕی ئۆكسجین و هەڵمژینەوەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی زیانبەخش  كە هۆكاری سەرەكیە بۆ دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمای گۆی زەوی وەك سیە ڕاستەقینەكانی مرۆڤ ناسراون بۆ تەواوی گۆی زەوی و هەر لەبەرئەمەشە كە بوون و بەردەوامی و پارێزگاریكردنیان كارێكی گەلێك گرنگە چونكە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە مان و بوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرەكانەوە هەیە.
•     هۆكارەكانی ئەم دیاردەیە
1.     جا ئەم دیاردەیە هەندێك جار سروشتیانە ڕوودەدەن بەهۆی هەورەبروسكە و گڕكانەكان وبەرزبونەوەی پلەی گەرما و ڕەشەباش هێندەی تر ئاگركردنەوەكە بڵاودەكاتەوە.یان بەهۆی گلۆربونەوەی بەردە بریقەدارەكان و بەریەككەوتنیان و دروستبونی بزیسكەی ئاگر و یانیش خۆبەخۆ ئاگر دەكەوێتەوە.
2.     زۆر جارانیش هۆكارەكان دەستكردی مرۆڤەكان خۆیانن  بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ،بەشێوەیەك 95% لە ئاگركەوتنەوەكان لە هەڵەی مرۆڤەكانەوە ڕوودەدەن بەمەبەست بەهۆی بەجێهێشتنی ئاگرەكانی دوای سەیرانكردنەكان و فڕێدانی جگەرە بەدەستی ئەنقەست و ڕوودانی ڕووداوی ئۆتۆمبێلەكان لە دارستانەكان و یان بەهۆی شۆرتی كارەباوە یان بڕین و دزینی دارودەرختەكان  لەلایەن دزی دارەكانەوە بەنیەتی پێشوەختە ئاگریان تێبەردەدەن یان جووتیارەكان بۆ دروستكردن و فراوانكردنی زەویە كشتوكاڵیەكانیان ئاگر لە دارستانەكان بەردەدەن.یان بەهۆی جەنگ و هێرشە سەربازیەكانەوە ڕوو دەدەن.ئەم هۆكارانەش بە گوێرەی سروشتی زەوی و جۆری خاك و دۆخی كەشوهەوای ناوچەكەوە دەگۆڕێن.
•     جۆرەكانی ئاگرەكان
جۆری ئاگرەكان دەوەستنە سەر بوونی:
1.     جۆری پوش و پەڵاشە بڵاوبوەكان.
2.     بەرزیان لە زەویەوە.
3.     ڕێژەی شێ‌.
4.     شێوەی زەوی و كاریگەری لەسەر كەوتنەسەری تیشكی خۆر كە كاریگەری لەسەر بڕی ئاوی هەبوو هەیە لە زەویەكەدا.
1.     ئاگرە تاجیەكان  Crown Fires: مەترسیدارترین جۆری ئاگرەكانە بە تایبەتی ئەگەر درێژەی كێشا بۆ ناو شارەكان و بیناكانی دەوروبەر. ڕەنگە ئاگرە بەرزەكان ڕێگەی فڕۆكەوانیش بگرن بەسەر ناوچە كارەساتبارەكاندا.
2.     ئاگرە مام ناوەنجیەكان Ladder Fires: هەموو جۆرە ڕوەكە مامناوەنجی و نزمەكان دەسوتێنێت و ئەو ڕوەكانەی كە خۆیان هەڵدەواسن بە دارە بەرزەكانەوە دەبنە هۆی دروستبوونی ئاگری تاجی مەترسیدار.
3.     ئاگرە ڕووییەكان  Surface Fites: ئەم جۆرە ئاگرە بڵاودەبێتەوە لەناو پووشە كورتە باڵاكانی سەر ڕووی زەوی دارستانەكان.
4.     ئاگرە زەمینییەكان Ground Fires: ئەم جۆرە ئاگرە بڵاودەبێتەوە لەناو ڕەگی درەختەكان و لەناو توخمە ئۆرگانیەكانیشدا.ئەم جۆرە ڕەنگە چەند ڕۆژ و هەفتە بەردەوام بێت بەڵام مرۆڤ پێی نازانێت.
•     زیانەكانی ئاگركەتنەوەی دارستانەكان
گەورەیی و فراوانی ڕووبەرەكەی و توندی و خێرایی بڵاوبونەوەكەی و بەردەوامی و درێژخایەنی و چۆنێتی كۆنتڕۆڵكردنی، ڕێژە و ئاستی زیان و كاولكاریەكانی ئەم دیاردەیە دەردەخەن،زیانەكانیش وەك:
1.پیسبوونی خاك و هەوا.
2. تێكدانی سیستەمی ژینگەیی لەناو دارستانەكاندا بەتەواوەتی.
3.لەناوبردنی هەموو زیندەوارنی ناوی و كۆچكردنیان بۆ ناوچەكانی تر.
4. لەناوبردنی دارە بەتەمەنەكان كە نرخ و بایەخێكی گەورەیان هەیە كە تەمەنیان سەدان ساڵ دەبێت و ئەمەش زەرەروزیانێكی گەورەی ئابوریان لێدەكەوێتەوە بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەكەی كە دارو تەختەكان دەچنە زۆرێك لە پیشەسازیەكان.
5.دەبێتە هۆی هەڵكشانی دیاردەی بەبیابانبوونی كیشوەری،چونكە دارستانەكان ڕێگرن لە كشان و كۆبونەوەی گردۆڵكە لمیەكان.
6. دارستانەكان ژینگەیەك و سەرچاوەیەكی بە پیتی خاكن.
7.دەبێتە هۆی وێرانكردنی جێگەی نیشتەجێبونەكانی نزیك دارستانەكان.
8. لەناوبردنی ناوچە گەشتیارەكان.
9. ڕووتاندنەوەی زەوی و كەمبونەوەی سەوزایی.
10. زیادبوونی ڕێژەی گازی كوشندەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە هەوادا و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما و ڕوودانی پەنگخواردنەوەی بەرگە هەوای گۆی زەوی.
•     ئەرێ‌ بەڕاست ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانیش هەر زیانیان هەیە و هیچ سوودێكیان نیە؟
وەكو هەموو دیاردە و نەخۆشیەكان و ڕووداوەكان،ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانیش لایەنی باش و خراپیان هەیە و هیچ كات هیچ دیاردەیەك بەتەنها زیانی نیە،بەڵكو لەبەرامبەریشدا گەر بچوكیش بێت سوودێكیان هەر هەیە،یان دیاردەكان بەگشتی گەر بەلای هەندێكەوە زیان بەخش بن ئەوا بەدڵنیایی بۆ هەندێكی تر سوودبەخش دەبن،جا سوودەكانی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانیش بریتین لە:
1.     ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان دەبنە هۆی ڕزگاربوون لەهەندێك دارودرەختی چڕ كە ڕێدەگرن لە گەیشتنی تیشكی خۆر و ڕووناكی بۆ هەندێك ڕوەكی بن ئەو درختانە و دەبنە هۆی گەشەنەكردن و باڵانەكردنیان وەك ئەوەی ڕوودەدات لە دارستانەكانی ئامازۆن لە كیشوەری ئەمریكای لاتین و بە دیاركراویش لە وڵاتی بەڕازیل كە بەشی هەرە گەورەی دارستانەكانی ئامازۆنی تیادایە.
2.     ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان بە سوودن بۆ ئەو دارانەی كە بڵاوبونەوەی تۆوەكانیان پشت دەبەستێتە سەر پلەی گەرمی بەرز وەك هەندێك لە جۆرەكانی سنەوبەر كە ناكرێتەوە تەنها لە پلەیەكی گەرمی بەرزدا نەبێت،ئەم ئاگركەوتنەوە و بڵاوبونەوەی تۆوانەش هۆكارن بۆ دروستبوونی دارستانی نوێ‌ لەناوچەی نوێدا.
3.     ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان دەبنە هۆكاری لەناوبردنی ئەو مێروە زیانبەخش و مشەخۆرانەی كە لەسەر ڕەگی دارودرەختەكان دەژین و دەبنە هۆی بڵاوبونەوەی جۆرەها نەخۆشی.
هەربۆیە هەندێك جار ئاگركەوتنەوەی دەستكرد دروستدەكرێت بۆ ڕزگاربوون لەو كێشانە.
•     ڕێگاكانی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكان:
لە وڵاتە پێشكەوتوەكان ئامێر و ئامڕازی پیشكەوتویان هەیە و لە دواكەوتوەكانیشدا ئامڕازەكان سەرەتایین،بەڵام زۆرجاران بەهێزی و توندی و فراوانی ئاگرەكان وادەكەن كە وڵاتە پێشكەوتوەكانیش نەتوانن بەكاتی دیاریكراو كۆنتڕۆڵی ئاگرەكان بكەن.بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بەهۆی ئەم ئامڕازانەوە دەتوانرێت كۆنتڕۆڵی ئاگرەكان بكرێت:
1.     لەلایەن هێز و یەكە ئامادەكراوەكان بۆ ئاگركوژاندنەوەی دارستانەكان و بەكارهێنانی توخمی دژە ئاگر، وەك خوێ‌ ناژەهراویەكان بۆ بەرگری ئاگر لە پاڵ بەكارهێنانی ئاو لە ڕێگەی فڕۆكەوە.
2.     یان بەهۆكاری هەڵكەندنی خاك و دابڕینی ناوچەكان لە ئاگرەكان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ئاگرەكان.
3.     یان كردنەوەی چەند ئاگرێكی بچوك لەبەردەم ئاگرەكەدا بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەی.
•     خراپترین و پڕ زیانترین ئاگرەكان لە جیهاندا:
لە مێژوودا گەلێك جۆر ئاگركەوتنەوە ڕوویانداوە لەوانە:
1.     ئاگری پیشتیگۆ لە ئەمریكا لەساڵی 1871 كە تائێستاش لە مێژوودا بە بەهێزترین ئاگركەوتنەوە دادەنرێت بەهۆی كاریگەریە كاولكاریەكەیەوە كە 17 گوندی سوتاند و ژمارەی قوربانیانی كە بەتەواوەتی نەزانراوە بەڵام نزیكەی 1500-2500 قوربانی بوون.
2.     ئاگری گەورە Great Fire لەساڵی 1910 لە ئەمریكا كە 80 كەس بونە قوربانی كە زۆرینەیان پیاوانی ئاگركوژێنەوە بوون و هەر ئەم ئاگرەش بوو كە بوە هۆی دەركردنی یاسای پارێزگاریكردن لە دارستانەكان.
3.     ئاگری كالیفۆڕنیا لە ئەمریكا لە ساڵی 2017 بە بەهێزترین ئاگر دادەنرێت لەم ساڵانەی دواییدا كە بوە هۆی سووتاندنی 600خانوو،كۆچكردن و ئاوارەبوونی 100هەزار كەس و ڕووبەری 85هەزار هێكتار زەوی گرتەوە.
4.     ئاگركەوتنەوەكان لە سەدەی بیست لە دەیە ساڵەكانی 1910 و 1980 وسەدەی بیست و یەكیش لە دەیە سالاڵەكانی 2000 و 2010 و 2020دا ڕوویانداوە.
5.     لە زۆرێك وڵاتان و ناوچەكانی جیهان ئاگر لە دارستانەكان بەربۆتەوە وەك :
•     دارستانەكانی ئامازۆن لە بەڕازیل .لە كیشوەری ئەمریكای لاتین كە ساڵانە  چەندین جار دووبارە دەبێتەوە و لەساڵی 2020 بۆ ماوەی 3 هەفتە بەردەوام بوو.بەگەورەترین و مەترسیدارترین ئاگر دادەنرێت چونكە دارستانەكانی ئامازۆن لە 20% ئۆكسیجنی هەموو جیهان بەتەنها دابین دەكات.
•     ئەندەنوسیا لەساڵانی 1999-2005 زیانەكانی 95هەزار كم2 لەدارستانی سووتان.
•     ئوستوڕالیا  لە ساڵانی 1983 و 1995 و 1997 و2000 و 2014 و 240هەزار كم2 لەدارستانی سووتاندوە.
•     یۆنان : لە سەدەی نۆزدەهەمدا دوو ئاگری زۆر گەورە كەوتونەتەوە و دەیان كەس بونەتە قوربانی و هەزاران كم2 سووتاون.
•     ئەمریكا لەساڵانی 2007 زیاد لە 20 ئاگر كەوتۆتەوە لە ولایەتی كالیفۆڕنیا و 2004 لە ئۆكلاهۆما كە 500خانوی وێرانكرد و 200كم دارستانی سووتاند.و لە ئەریزۆناش 340كم دارستانی سووتاند.و پورتوگال و ئەرجەنتین و جەزائیر و بەریتانیا و توركیا و چیللی و باشوری ئەفریقیا و ڕوسیا و كەنداو ..هتد.لەو وڵاتانەن كە ئاگر لە دارستانەكانیان بەربوە.

•     نوێترین ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان:
1.     لە 28/7/2021دا ئاگرێكی گەورە لە دارستانەكانی توركیا و لەناوچەكانی سەر كەناری دەریای سپی ناوەڕاست و لە جێگە گەشتیاریەكانی ئەنتالیا و مەڕمەڕیسا كەوتنەوە و ژمارەیان گەیشتە 130-180 ئاگر و ڕووبەری 95هەزار هێكتار زەویان سووتاند و لە 10 ساڵی ڕابووردوودا ئەمە گەورەترین ئاگر بوە كە توركیا بەخۆیەوە بینیوە.و توركیا وەك وڵات نەیتوانی كۆنتڕۆڵی ئاگرەكە بكات و دەركەوت كە تائێستا توركیا فڕۆكەی ئاگر كوژێنەوەی نیە و لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە یاریمەتی درا و لەگەڵ وڵاتانی ڕوسیا و ئۆكرانیا و ئازەربایجان و ئێران و ..هتد.
2.     هەر لەهەمان ماوەدا لە كۆتایی مانگی 7/2021دا 1584 ئاگری گەورە لە یۆنان كەوتۆتەوە كە 100هەزار هێكتار دارستانی سووتاندوە و لەساڵی 2019شدا 953 ئاگر كەوتونەتەوە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە یان هەڕەشەی كەشوهەواوە و ئیتالیا و ئیسپانیاش ئاگریان لێكەوتونەتەوە.

لەكۆتایدا ، دیاردەی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان دیاردەیەكی مەترسیداری بەردەوام و زۆر كاریگەرە بۆ سەر ئێستا و ئایندەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و شارستانێتی مرۆڤ و تەواوی گۆی زەویش و بەهۆكاری سروشتی و دەستكردەكان كە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوندان و كاریگەری خراپیان لەسەر بەرزكردنەوەی پلەی گەرمای زەوی و چاوچنۆكی سەرمایەداران و پێشكەوتنی پیشەسازی و پێویستیان بە دار و تەختەی زیاتر ڕەنگە ئەم دیاردەیە لە زیادبوندا بێت و سەرتاپای دارستانەكان بكەونە بەر هەڕەشەی سووتان و لەناوچوون ،بۆیە گرنگە سیاسەتێكی جیهانی و نیشتیمانی توند هەبێت بۆ بەرەنگاربونەوەی سووتانی دارستانەكان بەدەستی ئەنقەست و ڕێگە لە بڕینەوەیان بگرن و هانی هاوڵاتیانیش بدرێت كە ساڵانە دار و درەختی نوێ‌ بڕوێنن و دەوڵەتانیش بۆخۆیان لەبەرنامەی ساڵانەیاندا كار بۆ ڕواندن و فراوانبوونی ناوچە و ڕووبەری سەوزاییەكان بكەن،بەپێچەوانەوە ئەوا تەواوی مرۆڤایەتی دەكەوێتە بەر هەڕەشەیەكی جدی بەهۆی كەمبونەوەی ئۆكسجین وزیادبوونی ڕێژەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و خنكاندن و وشكردنەوەی دارستانەكان كە وەك وشكبونەوە و پوكانەوەی سیەكانی مرۆڤە.لەكوردستانیشدا دیاردەی ئاگرتێبەردانی دارستانەكان ساڵانە دووبارە دەبێتەوە زۆرجاران بەدەستی ئەنقەست و زۆرجاران بەدەستی تیرۆریستان و بە بەردەوامیش كاری داگیركارانی كوردستان بوە لە كۆن و نوێدا و هەمیشە سیاسەتی سووتماككردنی خاك و سەوزایی كوردستانیان ئەنجامداوە و لە ئێستاشدا دەبینین كە ڕۆژانە لەلایەن هێز و سوپای توركیاوە ڕەز و باخ و دارستان و گوندەكانی كوردستان تۆپباران دەكەن و بە ئەنقەست ئاگر بەردەدەنە  دارستانەكانی كوردستانەوە.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌